مانگی پیرۆزی ڕەمەزان دەرفەتێك بۆ مرۆڤدۆستی و لێبوردەیی
ئەگەر وا دابنێین مانگی پڕ خێری ڕەمەزان، مەوسمی خواپەرستی و بەڕۆژووبوون و نزیكبوونەوەیە لە خوای گەورە، ئەوە لە هەمان كاتدا دەبێ ئەوەش بزانین ئەو مانگە وێستگەیەكی گرنگە بۆ بەخۆداچوونەوە و ڕێكخستنەوەی دڵ و دەروون لە لایەك و وەرگرتنی ڕەوشتە بەرز و ئاكارە جوانەكان لە لایەكی ترەوە. چونكە فەلسەفەی خواپەرستی خۆی لەوە دەبینێتەوە، كە كاریگەربی هەمەلایەنەی ئەرێنی چێ دەكات و تاكەكان لە فۆڕمێكی تازە و پاك و دروست و بەرزەوە دادەڕێژێتەوە و ئاراستەی كۆمەڵگەیان دەكاتەوە، مەبەستیش لەو ئاراستە ئەوەیە كە خودی ئەو تاكە ببێتە فاكتەری خێر بۆ خۆی و دەوروبەری و پاڵنەرێكی چاكەخوازیش بێت بۆ كۆمەڵگە و كیان و ئەو نیشتمانەی لێی دەژێت، دروستبوونی ئەو جۆرەی كەسایەتییش لە كەسێتیی هەر مرۆڤێكدا دەگەڕێتەوە بۆ دوو خاڵی سەرەكی:
یەكەم: وازهێنان لە هەڵە و كەموكووڕی و تاوان و هەموو ئەو دیاردە قێزەونانەی دەبنە هۆی تێكچوونی شیرازەی بنچینەیی و كەسایەتی مرۆڤەوە.
دووەم: خۆڕاهێنان لەسەر چەمكی لێبوردەیی و نەرمی و بەزەیی هاتنەوە و ویژدانێكی زیندووەوە.
بۆ ئەوەی وردتر بچینە كرۆكەی باسەكەوە و شیكارێكی تەعبیری و وێنایی بۆ حاڵەتی یەكەم بكەین، دەكرێ بڵێین ئەگەر مرۆڤ بۆ خۆی و لە پێناو وەدەستهێنانی ڕەزامەندیی خواوە هۆشیار نەبێ، ئەوە ڕێك سەرپێچی و تاوانەكان دەیخەنە پەرێزێكی ناتەندروستو سەرهەڵدانی چەندین نەخۆشیی دەروونی و كۆمەڵایەتییەوە، لەبەر ئەوەی گوناه و تاوان هەمیشە مرۆڤ بە شێوەیەكی ڕەشبینانە ئاراستە دەكەن و ژەنگ و ژاڵی زۆریش بە سەر دەروونیەوە جێدەهێڵێ.
هەر كات مرۆڤ خۆی وا ڕاهێنا، تاوانی گچكە ئەنجام نەدا، ئەوە دەبێتە هۆی دووركەوتنەوەی لە تاوانە گەورە و مەترسیدارەكان، هەركاتیش نەیتوانی بە سەریاندا زاڵ ببێ، ئەوە دەكەوێتە داوی هەڵە و كەموكووڕی و تاوانەوە، كە سەرەنجام كاریگەری و دەرهاوێشتەی سەلبی بە سەر كەسایەتییەوە لێ دەكەوێتەوە. چونكە تاوان و نەخۆشی دوو لای یەك دراون، وەك چۆن نەخۆشی هەیە سادەیە و بە خواردنی حەبێك چارەسەر دەبێ، بە هەمان شێوە تاوانیش هەیە بە سادەیی بنەبڕ دەبێ و نامێنێ، وەك چۆن نەخۆشی هەیە پێویستی بە چارەسەری درێژخایەن و داخیلبوون هەیە، بە هەمان شێوە تاوان و ڕەوشتی خراپی واش هەیە پێویستی بە كات و دەرفەرت و گرتنەبەری ئامرازی پێویست هەیە، تا لێی دەرباز دەبێ، وەك چۆن نەخۆشییش هەیە كوشندەیە و چارەسەری نییە و دەبێتە سەرەتان و بە ناخی مرۆڤدا دەچێتە خوارەوە و بەرۆكی دەگرێ و ژیانی دەخاتە مەترسییەوە، بە هەمان شێوە تاوان و گوناهیش هەیە دەبێتە دەردێكی بێ چارەسەر و سەرەنجام ئەگەر ئەو كەسە چارەسەری بۆ نەدۆزێتەوە، مەترسیی زۆر و گەورە لە سەر ژیان و كەسایەتییەكەی دەنێتەوە و ئەستەمە لە ژێر كاریگەرییە خراپەكانی دەرباز بێت.
بۆیە باشترین وێستگە و چارەسەری هۆشیاربوونە لە بەهای مانگی ڕەمەزان، كە زێڕینترین دەرفەتە بۆ مرۆڤ بۆ ئەوەی بتوانێ تێیدا خۆی پاك بكاتەوە و كەسایەتیی خۆی دابڕێژێتەوە، ئەوەش بە گەڕانەوەو وازهێنان لە هەڵە و تاوان دروست دەبێ و بەو هۆیەشەوە دەروون و جەستە دەكەونەوە حاڵەتی تەندروستییەكی باش و ئەخلاقێكی بەرز و جوانی كۆمەڵایەتییەوە.
سەروەری مرۆڤایەتی حەزرەتی محەمەد (درودی خوای لەسەر بێت) لە چەندین فەرموودە، هێمای بۆ ئەوە كردووە، كە لە مانگی ڕەمەزان خوای گەورە لێبوردەیی خۆی دەكاتە خەڵاتی ئەو بەندانەی تەوبە دەكەن و ڕێگەی چاكەكاری دەگرنەبەر و خۆیان لە پەرێزی خراپە و تاوان و سەرپێچییەكان دوور دەخەنەوە. هەر بۆیەش یەكێ لە ناوەكانی خوای گەورە (عفو _ لێبوردە)یە، لەگەڵ ئەوەش زۆرترین نزای پێغەمبەر (درودی خوای لە سەر بێت) لە مانگی ڕەمەزان ئەوە بوو، كە دەیفەرموو: (خوایە تۆ لێبوردەی و حەزیش بە لێبوردن دەكەیت، دەسا لێمان ببوورە)، كەواتە بە بەڵگەوە مانگی ڕەمەزان دەرفەتێكی گرنگە بۆ هەموو ئەوانەی بە دوای لێبوردەیی تامەزرۆن و دەیانەوێ خوای گەورە تەوبەیان لێ قەبووڵ بكات.
كە وایە با ئێمە بەخۆداچوونەوەیەك لە كردار و ڕەفتار و گوفتارەكانمان بكەین، سا بە ئومێدی لێبوردەیی پەروەردگارەوە هەڵەكانمان ڕەش ببنەوە و بكەوینە حاڵەتێكی باشتری دەروونی و كۆمەڵایەتییەوە. لە هەمان كات ئەركە ئەو وانەش لە نێوەرۆكی چەمكی لێبوردەیی پەروەردگارەوە فێر ببین، كە بریتییە لەوەی: مادام خوای گەورە لێبوردەیە بە هەمان شێوە كەسانی لێبوردەشی خۆش دەوێت.
دەی با لەو دەرفەتە و لە ناو خۆماندا لێبوردن بكەینە هەوێنی تەبایی و برایەتی و بەهای كۆمەڵایەتییەوە و، هەر یەكێكمان با لە ئاست هەموو ئەو كەسانە لێبوردە بین، كە هەڵەیان بەرامبەر ئەنجام داوین، با لە هەموو ئەو دراوسێ و دەوروبەر و خەڵكانە ببوورێین، بۆ ئەوەی لاپەڕەیەكی تازە لە جۆری پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانمان دروست بێ و تەبایی و ئاشتبوونەوە و برایەتی و یەكڕیزی بگەڕێتەوە نێو كۆمەڵگە و، لە سایەی كاریگەریی ئەو تەباییەش هەموو لایەك لە بەختەوەری دەروونی و ویژدانی و ژیانەوە نزیك ببینەوە.
بەتایبەت لەو مانگە پیرۆزە ئەركە هەر تاكێك چەمكی لێبوردەیی لە خۆیدا بەرجەستە بكات و ئاشت بێتەوە لەگەڵ ئەوانەی كێشەی لەگەڵیان هەیە و، لە هەمان كاتیش بۆ دەربازبوون لە قەیرانە دەروونی و نەخۆشییە كۆمەڵایەتییەكان پێویستە گیانی لێبوردەیی ببێتە چارەسەر و خەڵكیش بە هۆیەوە بكەونە شادومانی و ئاسوودەیی و ناخێكی پاك و دوور لە ڕق و كینەوە.