سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، حکوومەتەکەی ڕێز لەو گرێبەستانە دەگرێت كە ”لەگەڵ هاوڕێكانمان واژۆمان كردووە“.
ئەمڕۆ سێشەممە 29-3-2022، لوتکەی جیهانیی حکوومەتەکان لە دوبەی بەڕێوە چوو و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بەشداریی لە پانێڵێکدا دەکات.
مەسرور بارزانی لە پانێڵەکەدا رایگەیاند: دەستوەردانی زۆر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە و ”مەترسی لەسەر بوونی هەموان هەیە“.
مەسرور بارزانی هەروەها رایگەیاند: حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی لە هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر، کردووە.
پرسیاری ئیدارەدەری پانێڵەكە: ئێوەش قوربانیی هێرشەكانن، ئایا نیگەرانی كە ئەمریكا بە خێرایی بە ئاراستەی ڕێككەوتنێكی ناوەكی دەڕوات لەگەڵ ئێران، دواتر كە وردتر سەیری ئابووریی خۆتان دەكەن، پێتانوایە ئەو دوژمنكارییەی ئێران چەند هەڕەشەیە لەسەر ئاسایشی وزەتان؟
مەسرور بارزانی: ئێمە قوربانی بووین بۆ زۆر هێرش لە لایەن یاریكەری جیاواز. ئەمجارەیان ئەو مووشەكانەی كە ئاراستە كران هیچ بنەمایەكیان نەبوو. ئەو شتەی ئاماژەیان بۆ دەكرد لە ڕووی بنچنەوە شوێنی مانەوەی هاووڵاتییەكی ئێمەیان كردە ئامانج. بۆ پاساو دەیانگوت گوایە ئیسرائیلییەكانیان كردۆتە ئامانج.
ئەو هێرشانەی كران لەو ماوە كەمەدا دەیانویست پاساو بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێننەوە. داوای لێكۆڵینەوەی نێودەوڵەتی و حكومەت و پەرلەمانی عێراق و خودی ئێرانییەكانیش كردووە خۆیان بێن و ببینن بزانن تۆمەتەكان راستە؟ بەڵام بە دڵنیاییەوە هیچ بنەمایان نییە. لەوە تێدەگەین كە ئەمە فشار بۆ سەر ئێمە، ئێمە بۆ داهاتوو دەڕوانین و دەمانەوێ حكوومەتێكی نوێ لە عێراق دروست بكەین. پێكهێنانی حكوومەتی نوێ بەو شێوازە نەبووە كە ئەوان دەیانەوێ. بۆیە ئەوانە فشاری سیاسین بۆ سەر ئەندامانی ئەو هاوپەیمانێتییەی هەیە تاوەكوو بكشێنەوە. بۆ ئەوەشی بتوانن كاریگەریی خۆیان بە لایەنی كەم زیاتر بكەن لەمساڵدا لە عێراق. لە ڕووی بنچینەییەوە هۆكارێكی ئەو هێرشانە ئەوەیە كە هۆشداریمان پێ بدەن.
وێڕای ئەوەش، بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە سەر پرسی وزە، ئێمە لە هەریمەكەمان یەكێكین لەو هەرێمانەی وزە هەر بۆ ناوچەكە نا، بەڵكوو بۆ ئەورووپا و هەموو جیهان دابین دەكەن. ئێمە زیاتر نەوت و گازی سرووشتی دەدۆزینەوە و هەوڵی گەشەپێدانیان دەدەین، رەنگە لە بەرژەوەندیی ئێرانییەكان نەبێت لەم چوارچێوەیە، بەڵام باشترین هەوڵمان خستۆتە گەڕ بۆ ئەوەی هەندێك لەو بۆشاییانە پڕ بكەینەوە كە ئەو جەنگە دروستی كردووە.
ئێمە هەوڵدەدەین لانی كەم هەندێك لەو كورتهێنانەی وزە پڕ بكەینەوە كە لە جیهان هەیە. ئایا ڕێ پێدراوە ئێمە ئەوە بكەین؟ چونكە دەبینین هەر مووشەكەكان نین، بەڵكوو دامەزراوەش هەن كە خراپ بەكار دەهێندرێن. باسی حكوومەتە بەڵێ، هەوڵدەدەن رێگریمان لێ بكەن لە ئەنجامدانی ئەو كارەی پێمانوایە لە بەرژەوەندیی تەواوی هەرێمەكە و عێراق و جیهانیشدایە.
ئێمە لە دانوستانداین لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی، لەگەڵ وەزیری نەوت دانوستان دەكەین. دەمانەوێ مافە دەستوورییەكانمان بپارێزین و دەستوور ڕوونی كردۆتەوە كە مافەكانمان چین و چۆن دەبێت ئێمە مامەڵە بكەین، حكوومەتی عێراقیش ئەوە دەزانێت. ئەمە شتێكە هیچ پەیوەندی بە یاساییبونی پرۆسەكە نییە، بەڵكوو بڕیارێكی سیاسی دراوە لە لایەن كەسانێكەوە دەركراوە كە بە سیاسی هەڵبژێردراون.
دەبێت زۆر بە وریاییەوە مامەڵە بكەین كە ئێمە بە نایاسایی مامەڵە ناكەین، بەڵكوو بەپێی دەستوور مافەكان بە زەق و ڕوونی دیارن و دەزانین دەتوانین چی بكەین و چی نەكەین، یاساشمان هەیە لە لایەن پەرلەمانی ئێمەوە لە ٢٠٠٧ دەنگی لەسەر دراوە. تا ئێستاش ئەو یاسایانەی هەن لە عێراق، تەواوكاری یاساكانی رژێمی پێشوون لە حەفتاكان، سەرەڕای گۆڕانی دەستوور هێشتا هەندێك یاساكان نەگۆڕاون، ئێمە هەوڵمانداوە لە ئاستی فیدرالی ئەو یاسایە هەموار بكەینەوە، بەڵام نەتواندراوە تێپەڕێندرێت.
كەواتە دامەزراوەیەكی نایاسایی كە دەستوور وەلا دەنێت، لە بەرامبەریشدا دامەزراوەیەك هەیە بەپێی دەستوور مامەڵەی كردووە، كەواتە كێ بەرپرسیارە؟ ئەوان بڕیارمان بەسەردا دەدەن. ئێمە ئەو لێكدانەوەمان بۆ پارێزەر و دادگا نێودەوڵەتییەكان بردووە و ئەوان لە دەستپێكەوە ئاماژەیان پێكردووە كە ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەیكات هیچ بنچینەیەكی نایاسایی نییە. ئێمە دڵنیاییمان داوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕێز لەو گرێبەستانە دەگرێت كە لەگەڵ هاوڕێكانمان واژۆمان كردووە.
پرسیاری ئیدارەدەری پانێڵەکە: دەتەوێ چی لە ئەمریكا ببینیت؟
مەسرور بارزانی: ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هاوەڵی زۆر باشن، لە چەند ساڵی رابردوو زۆر هاوكارییان كردووین، ئێمە هیواخوازین كە بەردەوام بن. بە دڵنیاییەوە ئێمە پاڵپشتیی هەر هەڵمەتێكی ئاشتی دەكەین، بەڵام نامانەوێ ئاشتی لەگەڵ لایەنێك لەسەر بەرژەوەندیی ئاسایش و سەقامگیریی لایەنێكی دیكە بێت.
هیوادارین وڵاتانی ڕۆژئاوا پەیوەندییەكانیان لەسەر بنەمای ڕێزی بەرامبەر بێت، لە هەمان كات ڕێز لە بەها و بەرژەوەندیی هەردوولایەن بێت.