هه‌رێمی كوردستان ئومێدى ئێستا و سبه‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورده
گه‌لی كوردستان له ماوه‌ی رابردوودا و تا ئێستاش قوربانییه‌كی زۆری داوه، به هه‌زاران له رۆڵه‌كانی گه‌لی كوردستان له‌پێناو خاك و خه‌ڵكی كوردستان گیانی خۆیان به‌خشیوه، ئه‌و قوربانییانه بۆ ئه‌وه نه‌بووه، لایه‌نه سیاسییه‌كان له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان پشت له‌و گه‌له وڵاتپارێزه بكه‌ن و رووبه‌ڕووی ئه‌و هه‌موو قه‌یران و كۆسپ وپیلانانه بكه‌نه‌وه، گه‌لی كوردستان به ته‌واوی پێكهاته نه‌ته‌وه‌یی و ئاینییه‌كانه‌وه شایانی رێزگرتن و خزمه‌تكردنی زیاتره، له‌سه‌ر هه‌موو لایه‌كمانه به‌و ئاراسته‌یه كاربكه‌ین و خزمه‌تی زیاتری گه‌له‌كه‌مان بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی گیانی شه‌هیدان و ویژدانی خۆمان ئاسووده بكه‌ین.
پارێزگاریكردن له ده‌ستكه‌وته‌كانی هه‌رێم كوردستان ئه‌ڕكی نه‌ته‌وه‌یی ونیشتمانی هه‌موو لایه‌نه حیزب و لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستانه چونكه ئه‌م قه‌واره‌یه به‌رهه‌می سه‌د ساڵ خه‌بات وخوێن به‌خشینی گه‌لێكی ستهملێكراویی وه‌ك گه‌لی كورده و ئێستاكه كه جێی ئومێدی هه‌موو كوردستانییانه له نێوخۆیی وكوردستان و ده‌ره‌وه‌ش ، له‌دوای راپه‌ڕینی به‌هاری 1991 ههورازو نشێویی زۆری بڕییووه تا به ئێستا ، وه‌كو ئه‌زموونی حوكمڕانی گه‌له‌كه‌مان هه‌ڵبه‌ته وه‌ك هه‌موو وڵاتان و حكوومه‌ته‌كانی ناوه‌چه‌كه وجیهان بێ كێشه‌و بێ گرفت نه‌بووه، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئاسته‌نگه‌كان توانیویه‌تی له‌سه‌ر پێی خۆی بوه‌ستێ، بێگومان له ته‌واوی جیهاندا حكومه‌ت نیه بێ گرفت و بێ كێشه بێت، به‌ڵام كێشه‌و گرفته‌كان له كۆمه‌ڵگایه‌كه‌وه بۆ كۆمه‌ڵگایه‌كی دیكه جیان، ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئاستی تێگه‌شتن له سیسته‌می حوكمداری له هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌كدا.
سه‌ره‌ڕای هه‌موو كیشه و گرفته‌كان پێشڤه‌چوونه‌كانی باشوور به‌رده‌وامن، له زۆر لاوه هه‌وڵده‌درێت گرفت و كێشه‌ی زیاتر بۆ باشوور دروستبكرێت، له‌لایه‌ك هه‌ڕه‌شه‌و هه‌ڵوێسته‌كانی حكومه‌تی عێراق كه‌وا رۆژانه هه‌وڵده‌دات خواستی خۆی بسه‌پێنێته سه‌ر حكومه‌تی كوردستان، دوا دژایه‌تی ده‌سه‌ڵاتداره شۆڤێنی و مه‌زهه‌بییه دیكتاتۆرییه‌كان بۆ گه‌لی كوردستان سیناریۆ و شانۆگه‌رییه‌كه‌ی دادگای فیدراڵی چ له باره‌ی به‌ربژێری كوردستان بۆ پۆستی سهرۆككومَار و دواتر ده‌ركردنی بریاری له سه‌ر نه‌وت و غازی كوردستان و ئینجا مووشه‌كبارانكردنی هه‌ولێری پایته‌خت و ، هه‌ره‌شه‌و پاڵه‌په‌ستۆی وڵاتانی ناوچه‌كه و ناكۆكی ناوخۆیی نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كان ئه‌مانه هه‌موو وایانكردووه كه هه‌رێمی كوردستان رووبه‌ڕووی كۆسپ ببێته‌وه، بۆ ده‌ربازكردنی ئه‌م ره‌وشه‌ی هه‌رێم پێویسته هه‌موو هێزو لایه‌نه‌كان هاوكاربن و به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی ره‌چاوبكه‌ن و له‌ڕێی دیالۆگ و لهیهكترگهیشتنهوه چاره‌سه‌ری ئه‌و گرفتانه بكه‌ن كه دێنه پێشه‌وه، بێگومان بۆئه‌مه‌ش راوێژێكی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی راشكاوانه پێویسته.
هه‌رێمی كوردستان ؛ سه‌ره‌ڕای قه‌یران و گرفته‌كان بۆته ماڵێك بۆ كوردستانییان و، له‌هه‌مان كاتدا بۆته په‌ناگه‌یه‌كی ئارام بۆ ته‌واوی تێكۆشه‌ران و ئازادیخوازان و لایه‌نه سیاسییه‌كانی پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان، ئه‌مه‌ش واده‌كات كه بهرهڤانیكردن و پاراستنی باشووری كوردستان ببێته ئه‌ركێكی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی و ئه‌خلاقی ته‌واوی هێزو لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان و ته‌واوی كوردستانییان، له‌سه‌ر هه‌موو لایه‌كمانه له‌سه‌ر ئاستی كوردستانی مه‌زن هه‌وڵبده‌ین پارێزگاری له‌م قه‌واره‌یه بكه‌ین و هاوكارو پشتیوانی بین.
هه‌رێمی كوردستان ده‌سه‌ڵاتێكی هه‌یه و هه‌موو كورد به‌چاوی ئومێده‌وه لێیده‌ڕوانن، بۆیه پێویسته له‌سه‌ر ئاستی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی هه‌موو لایه‌ك هاوكار و پشتیوان بین و خه‌بات بكه‌ین بۆ پاراستن و چه‌سپاندن و پێشڤه‌بردن و سیستماتیككردنی ده‌زگاو دامه‌زراوه‌كانی باشووری كوردستان، لێره‌وه بانگ له هه‌موو لایه‌نه كوردستانییه‌كان ده‌كه‌ین، كه‌وا هاوكاربن و ره‌چاوی هه‌ستیاری بارودۆخی كوردستان بكه‌ن و، وه‌كو ریزگرتن له خوێنی پاكی شه‌هیدان و قاره‌مانێتی پێشمه‌رگه و خۆڕاگری گه‌لی كوردستان.بۆیه، ده‌بێت هه‌موومان بۆ شێوه‌یه بیربكه‌ینه‌وه كهباخهمخۆریمان بۆ خاك و گه‌له‌كه‌مان بێت نه‌ك به‌رژوه‌ندی شه‌خسی وحیزبی ..