قەیرانی روسیا و پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو
د. مەیادە نەجار
قەیرانی رووسیا و ئۆكرانیا لێكەوتەی لەسەر بەشێكی زۆری پرسە سیاسی و هەنوكەیەكانی جیهان بەجێهێشتووە، لەبەر ئەوەی وەك جەنگێكی سادە مامەڵەی لەگەڵ ناكرێت، تارمایەكی ترسناكی لەسەرهەڵدانی قەیرانی ووزە دروستكردووە، ئەمە سەرەرایی سەرهەڵدانی قەیرانی خۆراكیش.
رووسیا بەشی زۆری ووزەی كیشوەری ئەوروپا لەرێگەی بۆری نۆرد ستریم دابین دەكات، سەرجەم ووڵاتانی ئەوروپی بەتایبەتی وڵاتی ئەلمانیا لەم قەیرانەدا گەورەترین زەرەرمەند دەبن، چونكە لەئێستادا رووسیا بری غازی سروشتی هەناردەكراوی زۆر كەمكردۆتەوە نرخەكەشی بەرزكردۆتەوە.
غازی سروشتی
لەكاتێكدا وەبەرهێنان لە غازی سروشتی تارادەیەكی زۆر لە برەودایە، جەنگی رووسیا و ئۆكرانیا زیاتر ئەم بابەتە بخاتە نێو پرسە گرنگەكانەوە، چونكە بەشی هەرە زۆری غازی سروشتی جیهان دەكەوێتە ووڵاتەكانی رووسیا و ئێران و پۆلیڤیا و قەتەر و جەزائیر ، ئەمەش وادەكات لەم كاتەدا هەریەك لەم ووڵاتانە زیاتر بتوانن قورسایی خۆیان لەسەر سیاسەتی جیهانی وێنە بكەن، بەتایبەتی ئەوروپیەكان لە دوای ئەم بابەتەوە دەیانەوێت هەرچۆنێك بێت جێگرەوەیەك بۆ غازی سروشتی رووسی دروست بكەن، بەهەر نرخێك بێت.
حكومەتی نوێی عێراق و قەیرانی ووزە
پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق یەكێكە لەو گرێكوێرانەی کە زۆربەی چاودێرانی سیاسی سەرقاڵكردووە، بەتایبەتی بەشێكی زۆر لەهێزە هەرێمی و نێودەوڵەتیەكان چاویان لەبەرژەوەندییەكانی خۆیانە ئەمریكا و رووسیا لەململانیی بەهێزدان هەریەكێكیان دەیانەوێت حكومەتی داهاتوو گوێڕایەڵی بەردەوامیان بێت، بەتایبەتی لەدوای جەنگی ئۆكرانیا ئەمریكیەكان زیاتر پێگەی خۆیان لەعێراق قایمكردووە، لەلایەكی تریشەوە ململانێی نێوان توركیا و ئێران و سعودیە و ئیمارات لەلایەكی ترەوە كاریگەری خۆی هەیە و هەریەكێكیان دەیەوێت شوێن پێ بەنەیارەكانی ئەوی تر لەق بكات، ئەمەش وایكردووە پێكهێنانی حكومەتی عێراقی زۆر دوابكەوێت، بگرە هیچ ئاسۆیەك بۆ پێكهێنانی ئەم حكومەتە دەرنەكەوتووە، ئەمە بێجگە لەوەی ئەوروپیەكان ناچارن بۆ دابینكردنی ووزە چاویان لەسەر رۆژهەلاتی ناوەراست بێت، لەم نێوەندەدا بۆ دابینكردنی پێداویستیەكانیان لەووزە هەوڵدەدەن پەنا بۆ ئێران و قەتەر ببەن.
ڕەنگە ئەمەش كاریگەریەكی تر بێت، چونكە چیتر ئێران بەو نرخەی ئێستا غازی سروشتی بۆ عێراق دابین نەكات، لەكاتێكدا بەشی هەرە زۆری وێستگەكانی كارەبا لەعێراق بەغازی سروشتی كاردەكەن، هێشتا عێراق جێگرەوەی بۆ غازی سروشی ئێران دابین نەكردووە.
هەرێمی كوردستان
بەگوێرەی بەدواداچوونەكان و گەران و پشكنینەكان هەرێمی كوردستان زیاتر لە ٢٠٠ ترلیۆن پێ سێ جا غازی سروشتی (سەلمێنراوو نەسەلمێنراو)ی هەیە، ئەم رێژەیە نزیكەی ٣% ی هەموو یەدەكی غازی جیهانە و كوردستانی خستۆتە پلەی هەشتەمی گەورەترین یەدەكە غازیەكانی جیهان، لەلایەكی ترەوە پێگەی هەرێمی كوردستان كە بەئاسانی دەكرێت لەرێگەی بۆریەوە بگاتە دەریایی سپی ناوەراست لەوێشەوە بەرەو ئەوروپا، لەم ڕوانگەیەوە دەكرێت بوترێت غازی سروشتی كوردستان بۆ پركردنەوەی پێویستی وزەی ئەوروپا سەرچاوەیەكی وزەی ئاسان وهەرزانە، ئەمەش خۆی لەخۆیدا گرنگی زیاتری هەرێمی كوردستان بۆ ئەوروپیەكان دەردەخات، ئەمەش وادەكات ئەوروپیەكان بەگرنگتر لەهەرێمی كوردستان بڕوانن و بیانەوێت پەیوەندیی ئابوورییەكانیان لەگەل هەرێم بەهێز بكەن، هەرێمی كوردستانیش لەسەر نەخشەی جیۆوزەی جیهان زیاتر گرنگیەكانی دەربكەوێت.
لەكۆتایدا ئەگەر تەواوی هێز و لایەنە سیاسیەكان پشتگیری هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێم بكەن، بەتایبەتی هەنگاوەكانی سەرۆكی هەرێم بۆ بەگەرخستنی كەرتی غازی سروشتی ئەوا هەرێمی كوردستان دەبێتە یەكێك لەكارەكتەرە سەرەكیەكانی ووزە لەجیهاندا دەتوانێت ووزەی بەشێكی ئەوروپا و رۆژهەلاتی ناوەراست دابین بكات.