ژینگە پێویستی بە پاراستن و چاككردن و گەشەپێدانی بەردەوامەر

ژینگە پێویستی بە پاراستن و چاككردن و گەشەپێدانی بەردەوامەر

 

ئەركی پاراستنی ژینگە و چاككردنی، ئەركێكی نیشتمانی و مرۆییە، لە هەمانكاتیشدا ئەركێكی ناوخۆیی و جیهانییە، هەروەك ئەركی تاك و كۆمەڵگەشە لە هەمان كاتدا، چونكە بە دەركەوتنی شوێنەوارە نەرێنییەكانی پێشكەوتنی مرۆڤ لە بواری پیشەسازی و بیناسازی و داهێنانی چەندین مەكینە و دروستكردنی زۆرێك لە كارگە و زیادبوونی لە ڕاددەبەدەری هۆكارەكانی گواستنەوە، زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان، بەكارهێنانی بێ سنووری پێكهاتەكانی ژینگە، گوێنەدان بە چارەنووسی نەوەكانی ئایندە، زیادبوونی زۆری ڕووبەری خانووبەرە، كەمبوونەوەی ڕووبەری سەوزایی، كشانی ئاسۆیی شارەكان، زیادبوونی دەنگ و ژاوەژاوی كارگە و هۆكارەكانی گواستنەوە، تێكئاڵانی دیمەنە ناهۆرمۆنییەكان و تێكدانی هەستی بینین، كەمیی هۆشیاریی ژینگەیی و بایەخنەدان بە شوێنەوارەكانی پڕۆژە ئەنجامدراوەكان و...هتد، هەموو ئەمانە پاڵی بە زۆرێك لە توێژەر و كاربەدەست و هاوڕێیانی ژینگەوە ناوە كە لە ئاست ئەم كێشە زۆرانەدا هەڵوەستەیەك بكەن، بۆیە دەنگی ناڕەزایی و هاواری ترسناكیی و ئاگاداركردنەوە لە زۆر لاوە بڵند بووەتەوە.

 بۆ بەرجەستەكردنی ئەم خەمخواردنە، تا دێت دەستە و كۆمەڵە و گرووپ و لێژنە و وەزارەتی تایبەت بە ژینگە لە وڵاتان دێنە ئاراوە، بە جۆرێك كە ڕۆژ نییە لە دەزگاكانی ڕاگەیاندن، یان گۆڤار و بڵاوكراوە تایبەتەكانەوە باس لە پیسبوونی ژینگە و مەترسییەكانی پیسبوونی نەكرێت.

وڵاتی ئێمە و هەرێمی ئێمەش لە سایەی دەستكردن بە پەرەپێدانی فراوان واچاوەڕوان دەكرێت، لە ماوەی ساڵانی داهاتوودا بە شێوەیەكی بەرچاو گرفتەكانی پیسبوونی تێدا دەربكەوێت، پاش گۆڕانی بەرەو ژینگەیەكی پیشەسازی و پڕبوونی شارەكانی بە دانیشتووان و شەقامەكانیش بە هۆكارەكانی گواستنەوە و زیادەڕەوی لە بەكارهێنانی سامانی سرووشتی و بەكاربردنی بێ پلانی زانستی و ئاستێكی بەرزی هۆشیاریی ژینگەیی و ژینگەی ڕۆشنبیریدا.

پسپۆڕان و كاربەدەستانی بواری ژینگە ئەمڕۆ لە جاران زیاتر ئەركی هۆشیاركردنەوە و ئامادەكردنی باس و لێكۆڵینەوە و ئەنجامدانی ئەو میكانیزمەیان دەكەوێتە ئەستۆ، كە دەتوانرێت بە هۆیانەوە شوێنەوارەكانی ماددە پیسكارەكانی ژینگە نەهێڵن، یان كەمیان بكەنەوە.

ئەمڕۆ پیسبوونی ژینگە بووەتە یەكێك لەو هۆكارانەی كە ئاسایشی گشت جیهانی خستووەتە بەر هەڕەشە و مەترسییەوە، چونكە پیسبوونی ژینگە سنوورە سیاسی و ئیدارییە دەستكردەكان ناناسێت و، پیسبوونی پێكهێنەرەكانیشی لە هەر شوێنێكی دونیادا بێت، كاریگەریی خراپی لەسەر شوێنەكانی دیكەش لە جیهاندا دەبێت.

ئێمەش كە بەشێكین لەم دونیایە و لەسەر یەك خاك دەژین و یەك چارەنووس لەگەڵ تەواوی جیهاندا كۆمان دەكاتەوە، ئەركی سەرشانی هەر یەكەمانە بەپێی توانا و لە سنووری زانیارییەكانی خۆمان و پێگەی بەرپرسیارێتی خۆماندا، هەنگاوێك بنێین لە ڕێگەی دوور و درێژی پاراستن و چاككردنی ژینگەدا. لەم پێناوەشدا حكومەتی هەرێمی كوردستان ساڵانێك لەمەوبەر وەزارەتی ژینگەی پێكهێنا و، دواتریش تا ئێستا لە ڕێگەی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەوە، بایەخپێدانێكی بەرچاوی بە ژینگە و پێكهێنەرەكانی بووە و هەیە، هەر لەبەر ئەمەشە كە لە كارنامەی كابینەی نۆیەمدا ئاماژەی بەوە كردووە كە: «ژینگەی كوردستان گەورەترین سەرمایەی هەرێمە».

دەستەی ژینگە كە دەستەیەكی چاودێری و هەماهەنگیی ژینگەییە و كار دەكات لەسەر (هەڵسەنگاندنی كاریگەرییە ژینگەییەكان و پرسی ڕەزامەندیدان و چاودێریكردن) و (هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەت و دەستە جێبەجێكارەكان) و (بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی ژینگەیی)، كار دەكات بۆ ئامانجەكانی لە هەر سێ چەمكی (پاراستن، چاككردن، گەشەپێدانی بەردەوام) و بە ئامرازەكانی وەك (هۆشیاری، یاسا، تەكنۆلۆژیای نوێ)، هەماهەنگیی زۆر و بەردەوامی لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەكان هەیە، وەك:

1. سەرۆكایەتیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران.

2. لێژنەی تەندروستی و ژینگەی پەرلەمانی كوردستان.

3. وەزارەت و دەستە جێبەجێكارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

4. كونسوڵ و شاندی وڵاتان.

5. میدیا و ڕاگەیاندن و هۆشیاریی ژینگەیی.

6. وەزارەتی ژینگەی عێراق.

بە شێوازێكی وردتریش دەستەی ژینگە لە ماوەی ڕابردوودا هەنگاوی جۆریی زۆری ناوە، وەك:

1. پێكهێنانی یۆردی ڕێكخراوە ژینگەییەكان لەسەر ئاستی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان.

2. كاراكردنەوەی ئەنجومەنی پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێم كە لە سەرۆكی دەستەی ژینگە و دوو شارەزا و نوێنەرانی ژینگەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان و بەڕێوەبەرە گشتییەكان لە 14 وەزارەتی حكومەتی هەرێم پێك دێت.

3. كاراكردنی پەیڕەوی پارێزراوە سرووشتییەكان. ئەنجومەنی وەزیران لە 14/9/2021 سەرۆك و ئەندانی لێژنەی باڵای بۆ دیار كرد، بەپێی ماددەی 3 لە پەیڕەوی ژمارە 9ی ساڵی 2011ی پەیڕەوی پارێزراوە سرووشتییەكان.

4. دیاركردنی ڕۆژی ژینگە لە هەر پارێزگا و ئیدارەیەكی سەربەخۆدا بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان.

5. قەدەغەكردنی بەكارهێنانی دەبەی پلاستیكیی ئاو و جگەرەكێشان لە نێو بینای دەستە و فەرمانگەكانی ژینگەدا و، تەنیا بەكارهێنانی ئاوی خاوێنی نێو ساردكەرەوە و پەرداخی لە كارتۆن دروستكراو بۆ ئاو و چا و قاوە، كە بە ئاسانی شی دەبنەوە.

6. بەخشینی دەسەڵات بە بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان لە پڕۆژەكانی وەبەرهێنان، ئەوانەی كە دەكەونە پۆلێنی (أ)ـەوە لە ڕێنمایی ژمارە 1ی ساڵی 2013 بەپێی یاسا و ڕێنماییەكان.

7. ئامادەكردنی پەیامنێری ژینگەیی لە كەناڵە دیارەكانی میدیا لە ڕێگەی خولی ڕاهێنانەوە.

8. تەرخانكردنی ئەمساڵ بۆ چالاكییەكانی هۆشیاركردنەوەی ژینگەیی لە ناوەندەكانی خوێندندا.

9. بەردەوامیی پڕۆژەی پشكنینی هەوا و پێداچوونەوە بە یاسا ژینگەییەكان لە ڕێگەی پڕۆژەیەكی ڕێكخراوی (جی ئای زێد)ی ئەڵمانییەوە.

10. داواكردن لە وەزارەتی داد بۆ پێكهێنانی دادگای ژینگەیی، یان هەبوونی دادوەری ژینگەیی لە هەر دادگایەكدا.

11. پڕۆژەی بەتایبەتكردنی سەیرانگا و شوێنە گەشتییارییەكان بۆ خاوێنیی بەردەوام و زیادكردنی داهات و دابینكردنی هەلی كار.

12. دابینكردنی هەلی كار بۆ دەرچووانی بەشی ژینگە لە پڕۆژەكانی كەرتی تایبەت.

13. زیادكردنی داهاتی حكومەت لە ڕێگەی هێنانەوەی ئامادەكردنی ڕاپۆرتی هەڵسەنگاندنی كاریگەریی ژینگەیی بۆ فەرمانگەكانی دەستەی ژینگە.

14. پێكهێنانی ئەنجومەنی ژینگە لەسەر ئاستی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان.

 

Top