چاكسازی هه‌میشه‌ له‌ پێش شه‌ڕ و خه‌بات كردن دایه‌

چاكسازی هه‌میشه‌ له‌ پێش شه‌ڕ و خه‌بات كردن دایه‌

توێژه‌ر و نوسه‌ر و ڕاهێنه‌رى بوارى كارگێڕى و سه‌ركردایه‌تى كوه‌ێتى دكتۆر تاریق سویدان ده‌لێ" چاكسازی هه‌میشه‌ له‌ پێش شه‌ڕ و خه‌بات كردن دایه‌".
شك له‌وه‌ دانییه‌ گه‌ر بمانه‌وێ هه‌ر میلله‌ت و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك بناسین ده‌بێ سه‌ره‌تا بزانین په‌روه‌رده‌ و فێركردنى له‌ چه‌ ئاستێكدایه‌ و تا چه‌ند گرنگى به‌و بواره‌ ده‌ده‌ن، چونكه‌ هه‌میشه‌ په‌روه‌رده‌ و فێركردن بزوێنه‌ر و جولێنه‌رى سه‌ره‌كین له‌ په‌ره‌پێدان و پێشكه‌وتنى هه‌ر میلله‌ت و نه‌ته‌وه‌ و كۆمه‌ڵگه‌ و وولاتێك، بۆیه‌ ده‌بێ به‌ گرنگییه‌وه‌ بڕوانینته‌ بایه‌خ پێدانى هه‌ر حكومه‌ت و وولاتێك به‌ بوارى په‌روه‌رده‌ و فێركردن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ناوه‌ ناوه‌ یان چه‌ند سالێك جار یان له‌ كاتى هه‌بوونى كێشه‌و ته‌نگژه‌ و ته‌نگ و چه‌له‌مه‌ پێویسته‌ چاكسازی له‌ په‌روه‌رده‌ و فێركردن بكرێ به‌ره‌وباشتركردنى و سوودگه‌یاندنى زیاتر به‌ كۆمه‌ڵگه‌ و وولات.
گه‌ر بیر له‌ پێشكه‌وتنى وولات بكه‌ینه‌وه‌ به‌ هه‌موو وورده‌كارییه‌كانى ده‌بێ له‌ په‌روه‌رده‌ و فێركردن بێ دوو دڵى و ترس ده‌ست به‌ چاكسازی بكه‌ین له‌و بواره‌ دا، چاوخشاندنێكى كورت به‌ چه‌ند وولاتێك كه‌ چۆن چاكسازییان كردوه‌ له‌ په‌روه‌رده‌ و فێركردن.
1-وولاتى مالیزیا له‌ كۆتایی سه‌ده‌ی بیسته‌م ده‌ستى كرد به‌ چاكسازی په‌روه‌رده‌یی كه‌ دیدگایه‌كى نوێی داهێنا بۆ پڕۆگرامه‌كانى خوێندن له‌ قۆناغه‌كانى بنه‌ڕه‌تى و دواناوه‌ندى، چۆن قوتابیانیان فێری كارامه‌ییه‌كانى بنه‌ڕه‌تى بكه‌ن له‌ زمان و بیركاری و پڕه‌نسیپه‌ گرنگه‌كان، كه‌ چۆن تاكێكى به‌رهه‌م هێن دروست بكه‌ن، تاكێك پڕ له‌ ته‌كنه‌لۆژیا و ئابوری و داهێنه‌ر و باوه‌ڕ به‌ خۆ بوو و خاوه‌ن متمانه‌ى به‌رز، جودا له‌مه‌ش هه‌رده‌م ڕۆشنبیرى گشتى بداته‌ قوتابیان و جه‌خت كردنه‌وه‌ له‌ پڕه‌نسیپه‌كانى ڕه‌وشتى جوان و دورست به‌كارهێنانى زانیاری.
2- وولاتى ژاپۆن له‌ ساڵى 1985 سه‌ره‌تایه‌كى بێ وێنه‌ بوو له‌ كۆمه‌لێ چاكسازی په‌روه‌رده‌یی، سه‌ره‌تا ئه‌نجومه‌نى نیشتمانى بۆ چاكسازی په‌روه‌رده‌ییان دامه‌زراند كه‌ گرنگترین چاكسازییه‌كانى بریتى بوون له‌ ..
*وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ كارى كرد له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى دام و ده‌زگاكانى فێركردنی وولات ببنه‌ مه‌ڵبه‌ندی فێركردنى دانیشتوانى ژاپۆن.
*وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ كارى كرد بۆ قول كردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ خێزان و كۆمه‌ڵگه‌.
*وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ كارى كرد بۆ دامه‌زراندنی نوسینگه‌یه‌ك بۆ په‌روه‌رده‌ى به‌رده‌وام له‌ ناوه‌ وه‌زاره‌ت به‌ ئامانجى گه‌شه‌كردن و په‌ره‌پێدانى به‌رده‌وامى تواناكانى مامۆستایان.
*دانانى به‌رنامه‌ بۆ یارمه‌تیدانى قوتابیان.
3-وولاته‌ یه‌كگرتوونه‌وه‌كانى ئه‌مریكا به‌وه‌ ناسراوه‌ كه‌ گرنگترین بزووتنه‌وه‌ى چاكسازی په‌روه‌رده‌یی ئه‌نجامدا له‌ ساڵى 1989 كه‌ لوتكه‌ى سه‌رۆكایه‌تى به‌ست ده‌رباره‌ى بارودۆخی په‌روه‌رده‌ و فێركردن كه‌ سه‌رۆكى ئه‌و كاته‌ى وولات جۆرج بۆشى باوك سه‌رۆكایه‌تى به‌ستنى لوتكه‌كه‌ى كرد له‌ 28ى ئه‌یلول له‌ شارى تشارلوتزفیل له‌ ویلایه‌تى فیرجینیا، كه‌ ناوى لوتكه‌كه‌ نرا لوتكه‌ى سه‌رۆك و حاكمی ویلایه‌ته‌كان بۆ په‌روه‌رده‌، دواتریش له‌ سه‌ر بنه‌مای ئه‌و لوتكه‌یه‌ به‌یانێكى راگه‌یاندنیان بڵاوكرده‌وه‌ به‌ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك به‌ ناونیشانی ئه‌مریكا ساڵى 2000 ستراتیژیه‌تى بۆ په‌روه‌رده‌، كه‌ كۆمه‌لێ سیما و ئه‌دكاری بزووتنه‌وه‌ى چاكسازی په‌روه‌رده‌یی گشتگیر و هه‌مه‌گیر ده‌گرێته‌ خۆ ك ئه‌مریكا ده‌گه‌رێنێته‌وه‌ بۆ سه‌ركردایه‌تى گشتى له‌ سه‌ده‌ى بیست و یه‌ك ، كه‌ ئێستا له‌ سه‌ر زه‌وی وا ده‌یبینین.
گه‌ر سه‌رنجی خێرا له‌ نموونه‌ى ئه‌و (3)سێ وولاته‌ بده‌ین كه‌ باسمان كرد به‌ كورتى كاتی بڕیارى چاكسازییان داوه‌ له‌ په‌روه‌رده‌ و فێركردن له‌ چ قۆناغێك بوون و دوایی چاكسازیه‌كه‌ ئێستا له‌ چ قۆناغێك دان هه‌موومان هه‌ست به‌و گۆڕانكاری زۆر باش و چوونه‌پێشى گرنگ ده‌كه‌ین و ده‌یبینین.
گه‌ر ته‌ماشای بارودۆخی هه‌رێمى كوردستان به‌ گشتى و په‌روه‌رده‌ و فێركردن به‌ تایبه‌تى بكه‌ین ده‌بینین له‌و قۆناغه‌دا چاكسازی كردن له‌ بوارى په‌روه‌رده‌ و فێركردن له‌ پێویستییه‌ هه‌ره‌ گرنگه‌كان ده‌بینم، بۆیه‌ گرنگه‌ حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ به‌ دیراسه‌ و توێژینه‌وه‌ى مه‌یدانى و زانستى و پاڵپشت به‌ به‌ڵگه‌ و ڕای پسپۆرٍِان و شاره‌زایان و خه‌ڵكى ساده‌ له‌ هه‌موو چین و توێژه‌كانه‌وه‌ به‌ سوود وه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونی هه‌ندێ وولات بێ ترس و ڕاڕا و دوو دڵى و تاكه‌ ئامانج لێی مرۆڤ و كۆمه‌ڵگه‌ و خاك و نیشتمان بێت، هه‌نگاوى جدی بنرێ له‌و قۆناغه‌ بۆ ئه‌نجامدانى چاكسازی له‌ په‌روه‌رده‌ و فێركردن له‌ هه‌رێمى كوردستان، كه‌ زۆر له‌ مێژه‌ چاكسازی له‌و بواره‌ ئه‌نام نه‌دراوه‌، چاكسازی له‌ زۆربه‌ى زۆری بڕگه‌ و جومگه‌ و بواره‌ان ئه‌نجام بدرێت به‌ پێى پلانێكى ووردی دیراسه‌ت كراو بۆ ئه‌وه‌ى چاكسازییه‌كى باش و ئه‌رێنى و سوودبه‌خش بێت و ئه‌نجامی زۆر باشى هه‌بێت، جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ دیراسه‌ و توێژینه‌وه‌ى قول هه‌بێت له‌سه‌ر كۆی ڕاستى و دروستى و كه‌توار و بوپه‌ری پڕۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ و فێركردن، له‌گه‌ڵ چاودێری كردنى هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك كه‌ دێته‌ ئه‌نجامدان. به‌ پاڵپشتى خواى گه‌وره‌ له‌ ووتاره‌كانى داهاتوو وورده‌كاری زیاتر له‌ سه‌ر چاكسازی كردن له‌ په‌روه‌رده‌ و فێركردن له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌یخه‌مه‌ به‌ردیدی خوێنه‌رانى ئازیز.

 

 


به‌رێوه‌به‌رى گشتى/ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌
ماسته‌ر له‌ كارگێڕى په‌روه‌رده‌یی

Top