سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و شاندێکی یاوەری کرد

سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و شاندێکی یاوەری کرد

ڕۆژی دووشەممە 14/3/2022 لە سەلاحەدین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و شاندێکی یاوەری کرد کە پێک ھاتبوون لە فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و جومعە عیناد، وەزیری بەرگری و عوسمان غانمی، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی فیدراڵ و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ئەمنی و سیاسیی حکوومەتی عێراقی فیدراڵ.

لە دیدارەکەدا کە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، سەرۆک وەزیرانی عێراق ھاوخەمی و ھاوسۆزیی خۆی بۆ خەڵکی ھەرێمی کوردستان و شاری ھەولێر بە سەرۆک بارزانی گەیاند بۆ ئەو ھێرشە مووشەکییەی کرایە سەر شاری ھەولێر و بە کارێکی تێکدەرانە و دەستدرێژی بۆ سەر تەواوی عێراقی وەسف کرد.

سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لیژنەیەکی تایبەت بۆ دەرخستنی ڕاستییەکانی ئەو ڕووداوە و ڕەواندنەوەی چەواشەکارییەکان پێک ھێنراوە.

ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا ھەردوولا بیروڕایان لەبارەی ھۆکار و دەرھاویشتەکانی پەلاماری مووشەکیی سەر ھەولێر ئاڵوگۆر کرد و جەخت لە ھەماھەنگی و کاری ھاوبەشی ھەردوولا بۆ پاراستنی سەقامگیری ھەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ کرایەوە.

پڕۆسەی سیاسیی عێراق و تەحەددیات و دەرفەتەکانی ناو پڕۆسەی سیاسیی عێراق تەوەرێکی تری ئەو دیدارە بوون.

Top