فەرەنسا بەنیازە لە ساڵی ٢٠٢٧دا چی دیكە پێویستی بە وزەی ڕووسیا نەبێت
بە گوتەی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا بەم نزیکانە شەڕی نێوان ڕووسیاو ئۆکرانیا کێشە و پشێوی لە گەیاندنی غاز لە ڕووسیاوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا و ئەفریقادا دێنێتە ئاراوە.
ناوبراو لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا ئەم قسەیەی كردو گوتی: چەندین بژاردەی دیکەمان لەبەردەمدایە لەبارەی شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیاوە، لەوانەش ئەوەیە كە فەرەنسا بەنیازە پلانێک دابنێت لە ساڵی ٢٠٢٧دا كە چی دیكە پێویستی بە وزەی ڕووسیا نەبێت و وەک سەرچاوەی دابینکردنی وزە پشت بەو وڵاتە نەبەستێت.
ئیمانوێل ماکرۆن ئاماژەشی بەوە كرد كە لە ئێستادا هەوڵی جیددی دەدات كە شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیا ڕابگرێت و ڕووسیاش هێزەکانی بکشێنێتەوە،ناوبراو هۆشداری ئەوەشی دا لە سەرهەڵدانی برسێتی لە کیشوەری ئەفریقادا بەهۆکاری ئەو شەڕەی نێوان روسیا و ئۆکرانیادا.
لە لایەكی دیكەوە گەورە بانكێكی ئەڵمانی(دوێچە) ڕایگەیاند كە لە ڕووسیا دەكشێتەو هاوشێوەی دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکان و بانکەکانی دیکەی وڵاتان.
شایانی باسە لە ڕۆژی ٢٣ی ٢ی ٢٠٢٢ ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی ڕووسیا فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کرد بە ئامانجی پاراستنی بەرژەوەندییەکان و ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەی ئۆپراسیۆنەکانیان بۆسەر ئۆکرانیا دەست پێ بكەن. لە ئێستاشدا شەڕو كوشتار لە نێوان سوپای هەردوو وڵات درێژەی هەیە.