سه‌رۆكى حكوومه‌ت به‌ بۆنه‌ى 52ه‌مین ساڵیادی ڕێككەوتننامەی 11ى ئادار په‌یامێك بڵاو ده‌كاته‌وه‌

سه‌رۆكى حكوومه‌ت به‌ بۆنه‌ى 52ه‌مین ساڵیادی ڕێككەوتننامەی 11ى ئادار په‌یامێك بڵاو ده‌كاته‌وه‌

سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، به‌ بۆنه‌ى 52ه‌مین ساڵیادی ڕێككەوتننامەی 11ى ئادار، په‌یامى بڵاو كرده‌وه‌ و ڕایده‌گه‌یه‌نێت: "ڕێککەوتننامەی یازدەی ئادار، ئەنجامی خۆڕاگری و قوربانیدانەکانی پێشمەرگە قارەمانەکان و خەڵکی کوردستان بوو".

ئه‌مڕۆ هه‌ینى 11/3/2022، مه‌سرور بارزانى، سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، به‌ بۆنه‌ى 52ه‌مین ساڵیادی ڕێككەوتننامەی 11ى ئادار، په‌یامى بڵاو كرده‌وه‌ و ده‌ڵێت: "ئه‌مڕۆ 52 ساڵ به‌سه‌ر ڕێككه‌وتننامه‌ی یازده‌ی ئاداری 1970 تێده‌په‌ڕێت، كاتێک شۆڕشی گەلی کوردستان بە سەرکردایەتیی ڕێبەری نیشتمانی مستەفا بارزانیی نەمر، حکوومەتی ئەوکاتەی عێراقی ناچار کرد، دان بە بەشێک لە ماف و داخوازییەکانی گەلی کوردستاندا بنێت".

سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان باسى له‌وه‌ش كردووه‌: "ڕێککەوتننامەی یازدەی ئادار، ئەنجامی خۆڕاگری و قوربانیدانەکانی پێشمەرگە قارەمانەکان و خەڵکی کوردستان بوو لە شۆرشی مەزنی ئه‌یلوول کە خاوەنی چەندین داستان و دەسکەوتی گه‌وره‌ و مێژووییە، ئەم ڕێککەوتننامەیە، پەیامێکی ڕوونی گەلی کوردستان بوو کە هەمیشە باوەڕی بە دانوستان و گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان هەیە".

مه‌سرور بارزانى ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ ڕوو: "ئەمڕۆ لەكاتێكدا ئەو یادە دەكەینەوە، بەداخەوە هێشتاش خەڵکانێک هەن دەیانەوێ نکۆڵی لە مافەكانی خەڵکی کوردستان و مافە دەستوورییەکانی بکەن، بەڵام ئێمە بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری مافەکانمان نابین و هەموو كاتێكیش ئامادەین لەسەر بنەمای دەستوور، گفتوگۆیەکی به‌رهه‌مدار بکەین به‌ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی سه‌رجه‌م كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان".

Top