ئافراندن له‌ په‌روه‌رده‌ كۆمه‌ڵگه‌ به‌هێز ده‌كات

ئافراندن له‌ په‌روه‌رده‌ كۆمه‌ڵگه‌ به‌هێز ده‌كات


گه‌وره‌ وتاربێژ و مامۆستاى ئه‌مریكی ئیدوارد ئیفریت ده‌لێ" فێركردن پاسه‌وانى ووڵات ده‌كات، باشتره‌ له‌ سوپایه‌كى ڕێك خراو".
شك له‌وه‌ دانییه‌ بۆ پارێزگاری كردن و پێشكه‌وتنى هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ و ووڵاتێك ئه‌وا په‌روه‌رده‌ و فێركردن به‌ نمره‌ى یه‌كه‌م دێن و بزوێنه‌ر و جولێنه‌ری بنچینه‌یین له‌ گه‌شه‌ كردن و پێشكه‌وتنى هه‌ر نه‌ته‌وه‌ و ووڵاتێك، له‌ بیرمان نه‌چێت په‌روه‌رده‌ و فێركردن كرۆك و هه‌وێنى بنچینه‌یین له‌ چه‌سپاندنی ئاشتى و كۆمه‌ڵایه‌تى له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا، كه‌ هه‌رده‌م په‌یوه‌ندی و یه‌كتر به‌ستنه‌وه‌ى توند و به‌هێز له‌ نێوان ئه‌ندامانى كۆمه‌ڵگه‌ دروست و پته‌و ده‌كات بێ جیاوازی ئاست و ته‌مه‌ن و بیركردنه‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش ڕه‌نگدانه‌وه‌ى ئه‌رێنى و باشى هه‌یه‌ له‌ سه‌ر به‌هێزبوونى زیاتری كۆمه‌ڵگه‌ به‌ یه‌كتر و به‌رده‌وامى و گه‌شه‌سه‌ندنى زیاتر به‌ره‌و باشتر. بۆیه‌ له‌و سه‌رده‌كه‌ى ئێستاى تێیدا ده‌ژین پێویستمان به‌ په‌ره‌پێدان و گه‌شه‌پێدانى زیاتری په‌روه‌رده‌ و فێركردن هه‌یه‌، گرنگیدانى به‌رده‌وام له‌ سه‌ر چۆنیه‌تى هه‌نگاوه‌كانى به‌ره‌و پێشبردنی په‌روه‌رده‌ و فێركردن له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌، بۆیه‌ گه‌ر بیر له‌ په‌ره‌پێدانى فێركردن بكه‌ینه‌وه‌ سه‌ره‌تا ده‌بێ له‌ قوتابخانه‌وه‌ ده‌ست پێ بكه‌ین، چونكه‌ هه‌رده‌م گوتومانه‌ و ده‌یلێنه‌وه‌ قوتابخانه‌ خاڵى هه‌ره‌ سه‌ره‌كی و پێشه‌وه‌ى پڕۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ و فێركردنه‌، بۆیه‌ هه‌ر گرنگیدانێك به‌ په‌روه‌رده‌ و فێركردن، ده‌بێ گرنگیدان بێت به‌ قوتابخانه‌ چۆن گه‌شه‌ى پێ بده‌ین كه‌وا هه‌رده‌م باڵه‌خانه‌یه‌كى جوان بێت له‌ ڕوواله‌ت و ڕووكه‌ش دا، وه‌ خاوێن بێت و قوتابی و مامۆستایان هه‌ست به‌ ئاسوده‌یی و ئارامی بكه‌ن، چونكه‌ منداڵ كه‌ له‌سه‌ره‌تا دا ده‌چێته‌ قوتابخانه‌ هه‌ست به‌ بێزاری نه‌كات، باڵه‌خانه‌یه‌كى دڵگیر و خاوێن و جوان بێت و پێداویستییه‌كانى قوتابی تێدا فه‌راهه‌م كرا بێت، وا له‌ قوتابی بكات متوو و په‌یوه‌ست و ده‌سته‌مۆی قوتابخانه‌ بێت و لێی دوورنه‌كه‌وێته‌وه‌، له‌ هه‌مان كاتیشدا مامۆستاكان به‌وپه‌رى گوفتار و ره‌فتار و كرداری په‌روه‌رده‌یی و شیرین پێشوازی له‌ قوتابیان بكه‌ن و له‌ پێش هه‌موویاندا به‌رێوه‌به‌ر كه‌سایه‌تییه‌كى په‌روه‌رده‌یی و ڕۆشنبیری و جێگیری هه‌بێت، هه‌موو كات وه‌ك باوك و دایكی قوتابیان ڕه‌فتار بكات، قوتابی كه‌ له‌ قوتابخانه‌ ده‌بێت هه‌ست به‌ نامۆیی و دووره‌ په‌رێزى نه‌كات، به‌ڵكو قوتابخانه‌ بتوانێ كارامه‌ییه‌كانى گه‌شه‌كردنى كه‌سایه‌تى سه‌ركرده‌ له‌ ناخى قوتابی به‌رجه‌سته‌ بكات و قوتابیان تامه‌زرۆبن بۆ ڕۆژی دوایی زوو بگه‌رێنه‌وه‌ قوتابخانه‌ و نه‌توانن ده‌ستبه‌رداری قوتابخانه‌ ببن و لێی دووركه‌نه‌وه‌، كه‌ بێگومان رێژه‌ى هه‌ره‌ زۆری ئه‌و په‌یوه‌ست بوونه‌ به‌ قوتابخانه‌ بۆ ڕۆڵی به‌رێوه‌به‌ر و مامۆستاكان ده‌گه‌رێته‌وه‌، بابه‌تێكى تری گرنگ بۆ گه‌شه‌كردنى فێركردن و په‌روه‌رده‌ بێگومان پرۆگرامه‌كانى خوێندنه‌، بۆیه‌ گرنگه‌ به‌رپرسانى په‌یوه‌ندیدار به‌ پرۆگرامه‌كان هه‌رده‌م له‌ هه‌وڵى ئه‌وه‌ دابن چۆن بتوانین كه‌سایه‌تیه‌كى به‌هێز و خۆشه‌ویست و دانه‌بڕاو و ڕۆشنبیر به‌ نه‌ته‌وه‌ و نیشتمان و ووڵات دروست بكه‌ین، ئه‌ویش ده‌بێ پرۆگرامێكى وا بخوێنرێ له‌ قۆناغه‌كانى بنه‌ڕه‌تى كه‌وا قوتابی فێری ڕه‌وشتى باش و كه‌سایه‌تى به‌هێز و كردار و ڕه‌فتاری به‌ سوود و ئاكاری جوان بێت، هه‌ر وه‌كو له‌ ووڵاتانى ژاپۆن و كۆریا و ووڵاتانى تر ده‌خوێندرێ، لێره‌ش پێویسته‌ بابه‌تێكى سه‌ره‌كى ڕۆژانه‌ بێت و گرنگى زۆرى پێ بدرێت، چونكه‌ بنیاتنانى تاك بنیاتنانى كۆمه‌ڵگه‌ و ووڵاته‌. تاكیش له‌ په‌روه‌رده‌ و فێركردن و قوتابخانه‌ و پڕۆگرامه‌وه‌ بنیات ده‌نرێ له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ چۆنیه‌تى قسه‌ كردن و دانیشتن و ڕۆیشتن و پاك و خاوێنى و سه‌رجه‌م كارامه‌ییه‌كانى ژیان و به‌ها په‌روه‌رده‌یی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانى تێدا بخوێنرێ.
جودا له‌وه‌ش گرنگه‌ له‌ قوتابخانه‌ به‌ تایبه‌تى له‌لایه‌ن مامۆستایانی قۆناغی بنه‌ڕه‌تى هه‌وڵ بدرێ بۆ ئه‌وه‌ى جۆش و خرۆشى قوتابی بۆ بابه‌ته‌كه‌ زیاتر بێت، وانه‌كان به‌ هۆیه‌كانى فێركردن و یاری و نموونه‌ و چیرۆك و ئه‌ندێشه‌ و خه‌یال و بیركردنه‌وه‌ تێكه‌ل بكه‌ن، ئه‌وه‌ش زیاتر قوتابی ڕاده‌كێشێته‌ ناو بابه‌ته‌كه‌ و له‌ بێزاری و وه‌ڕس بوون دوورى ده‌خاته‌وه‌، كه‌ بێگومان زۆرێك له‌ مامۆستایان له‌و شێوازه‌ى وانه‌ ووتنه‌وه‌ زۆر سه‌ركه‌وتوو بوونه‌ و توانیویانه‌ خۆشه‌ویستى زیاتری قوتابیان به‌ده‌ست بێنن بۆ بابه‌ته‌كه‌ و قوتابخانه‌كه‌ش، ماوه‌ته‌وه‌ بلێم هه‌ر گه‌شه‌ كردن و ئافراندنێك له‌ په‌روه‌رده‌ و فێركردن ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ری ئه‌رێنى به‌ سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ و ووڵات جێ ده‌هێلی كه‌ جێ به‌جێكاری ئه‌و كاریگه‌رییه‌ قوتابخانه‌ و كارگێڕى ده‌سته‌ى مامۆستایانن و له‌ ئه‌نجامدا نه‌وه‌یه‌كى ووشیار و كاریگه‌ر و ده‌سته‌بژێر دێته‌ به‌رهه‌م و ووڵات و كۆمه‌ڵگه‌ى تۆكمه‌ دروست ده‌بێت.
به‌رێوه‌به‌رى گشتى/ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌
ماسته‌ر له‌ كارگێڕى په‌روه‌رده‌یی

Top