جەیمس لیبۆڤیج پڕۆفیسۆری زانستی سیاسی و كاروباری نێودەوڵەتی لە زانكۆی جۆرج واشنتۆن بۆ گوڵان: شەڕەكە مەترسیدارە و ئەگەری ئەوە هەیە بەرفراوانتر بێت
جەیمس لیبۆڤیج پڕۆفیسۆری زانستی سیاسی و كاروبارە نێودەوڵەتییەكانە لە سكوڵی ئیلیۆت بۆ كاروباری نێودەوڵەتی لە زانكۆی جۆرج واشنتۆن، وانەبێژی چەند بوارێكی گرنگە، وەك تیۆری سیاسەتی نێودەوڵەتی، داڕشتنی سیاسەتی ئاسایشی نەتەوەیی، ناكۆكییە نێودەوڵەتییەكان. لە توێژینەوەكانیدا جەخت لەسەر پرسەكانی پەیوەست بە خەرجییە سەربازییەكان و بەرپەرچدانەوە و كۆنتڕۆڵكردنی چەك و بازرگانیی چەك و ناكۆكییە نێودەوڵەتییەكان دەكاتەوە. گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجام دا، كە تەوەرە سەرەكییەكانی بریتی بوون لە شەڕی ئێستای ڕووسیا و ئۆكرانیا و شرۆڤەكردنی ڕەهەند و دەرهاویشتەكانی و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار.
* ئێستادا شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا سەرجەم جیهانی بە خۆیەوە سەرقاڵ كردووە، ئەمە پێشهاتێكی گەورەیە و دەرئەنجامەكانیش لە هەموو جیهاندا ڕەنگ دەداتەوە، تێڕوانین و خوێندنەوەی ئێوە بۆ دۆخەكە لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە چییە؟
- لە ڕاستیدا ئەوەی دروست بووە، دۆخێكی یەكجار مەترسیدارە، وەك كەسێك كە دیراسەتی ناكۆكییەكانم كردووە، ئەوا دەتوانم بڵێم ئەم مەترسیدارترین ناكۆكییە لە نێوان ڕووسیا و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئەندامانی ناتۆ لە دوای تەنگژەی مووشەكەكانی كوباوە كە لە ساڵی 1962دا سەریهەڵدا و هاتەئاراوە. مەترسیداربوونەكەشی لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە ڕەنگە بەرفراوانتر بێت و تەنانەت ئەگەری ئەوەش هەیە چەكی ناوكی تێدا بەكار بهێنرێت.
* پێشتر زۆر مشتومڕ لە بارەی ئەوەوە دەكرا ئایا ڕووسیا و سەرۆك ڤلادیمێر پوتین هەنگاوێك لەم چەشنە دەنێن، یان نا، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ڕۆژئاوا هەڵەی كرد لە پێشبینییەكانیدا بەوەی چاوەڕوانی ئەوەی نەدەكرد ڕووسیا ئەم هەڵمەتە سەربازییە گەورەیە دەست پێ بكات، یان ئەمە پێشهات و پەرەسەندنێكی چاوەڕوانكراو بوو؟
- لە ڕاستیدا هەندێ لە شارەزا و چاودێرە سەربازییەكان پێشبینییان دەكرد و من خۆم پێم وابوو زیاتر ئەگەری ڕوودانی لە ئارادایە، چونكە ئاماژەكان دیار بوون كە ڕووسیا دەستی كردبوو بە كۆكردنەوەی هێرشەكانی و تەنانەت هێزەكانی لە بەشی ڕۆژهەڵاتی ڕووسیاش بەرەو سنوورەكانی ئۆكرانیا جووڵەی پێ كردبوون و كەرەستە و چەكێكی سەربازی زۆری كۆكردبووەوە. هەروەها ڤلادیمێر پوتینیش هەڕەشەی لە ڕۆژئاوا دەكرد و، بانگەشەی ئەوەی دەكرد كە ڕۆژئاوا مەترسیی لەسەر بەرژەوەندییە نەتەوەییەكانی ڕووسیا دروست كردووە، لە هەمان كاتدا بانگەشەی ئەوەی دەكرد كە ئۆكرانیا بەشێكە لە ڕووسیا و باسی دووبارە دروستكردنەوەی یەكێتی سۆڤیەتی دەكرد لە ڕووی ئەو خاكەی لەژێر دەستیدا بوو پێش كۆتاییهاتنی شەڕی سارد. واتە ڕوون بوو كە پوتین دەستبەرداری هەوڵەكانی نەدەبوو بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی. هەروەها پوتین پێی وابوو ئەگەر پاشگەز ببێتەوە، ئەوا متمانە و میسداقییەت لەدەست دەدات، بەتایبەتی كە چەند داواكارییەكی دیاریكراوی لە ڕۆژئاوا كردبوو. لە ئێستاشدا منیش وەك چەندین چاودێر پرسیاری ئەوە دەكەم: ئایا لە ئێستادا پوتین لە ڕووی دەروونییەوە كەسێكی جێگیرە؟ چونكە لە ئێستادا ئەو لە هەموو كاتێكی زیاتر گۆشەگیرە و هیچ ڕاوێژكارێكی لە دەور نەماوە كە ڕاستییەكانی پێ بڵێت. هەروەها لە هەر كاتێكی دیكە زیاتر لە ئێستادا لە بارێكی دەروونیی هەڵچوودایە. هەموو ئەمانە ئاماژەی نیگەرانكارن. كەواتە ئەگەر وەڵامی پرسیارەكەشتان پوخت بكەمەوە، ئەوا ئەم هێرشەی بۆ سەر ئۆكرانیا بۆ من جێی سەرسوڕمان نەبوو. هەر چەندە ئەمە بڕیارێكی ئاسایی نەبوو، چونكە هێرشكردن بوو بۆ سەر وڵاتێكی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری، كە ئێمە لە دوای داگیركردنی كوەیتەوە لەلایەن سەددام حوسێنەوە لەساڵی 1990دا پەرەسەندنێكی دیكەی هاوشێوەمان نەبینیبوو، بەڵام ئەوەتا ئێستا ڕووسیا لە ئاست ئۆكرانیا دووبارەی دەكاتەوە. هەر بۆیە بۆ زۆر كەس ئەم پێشهاتە مایەی سەرسامی و سەرسوڕمان بوو.
* ئاشكرایە كە ڕۆژئاوا بەگشتی و ویلایەتە یەكگرتوووەكانی ئەمریكا بەتایبەتی هاوكاری و پشتیوانیی ئۆكرانیا دەكەن، ئەگەرچی بەشدارییەكی ڕاستەوخۆ شەڕەكە ناكەن، ئێوە چۆن لە ئەدای ئیدارەی سەرۆك بایدن دەڕوانن و پێتان وایە تا چەند كارا بووە و ئایا ئەم ئیدارەیەی دەیتوانی چ كارێكی دیكە بكات كە نەیكردووە؟
- ئەگەر بە ڕاشكاوی بدوێین، ئەوا سەرۆك جۆ بایدن شایستەی ستایشكردنە بۆ ئەو ئەدایەی هەیبووە لەم ڕووەوە، چونكە ئەم ئیدارەیە كارێكی زۆر باشی كرد كە هیچ هەنگاوێك، یان كردارێكی ئیستفزازی هەڵنەگرت لە دژی ڕووسیا و تەنانەت سزای سەختی بە سەردا نەسەپاند لە پێش شەڕەكەدا، چونكە ئەگەر ئەم كارەی بكردایە ئەوا ڕووبەڕووی ڕەخنەی هاوپەیمانەكانی دەبووەوە، بەتایبەتی لە ڕۆژئاوا. بەڵام لە دوای دەستێوەردانە سەربازییەكەی ڕووسیا ئەوا پێم وایە ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدن كارێكی زۆر باشی كردووە لە كۆكردنەوەی پشتیوانی بۆ سەپاندنی سزاكان بە سەر ڕووسیادا، و لەم ڕووەوە بە ڕاستی جێی سەرسامییە كە یەكگرتووییەكی بەرچاو هەیە لە هەوڵەكان، ئەوەتا وڵاتانی وەك سوید و فنلەندا باس لەوە دەكەن كە ببنە ئەندامی ناتۆ، هەروەها دەبینین سویسرا- سەرەڕای ئەوەی ڕۆژگارێكی دوور و درێژە بێلایەنی هەڵبژاردووە- ئێستا دەبێتە بەشێك لە هەوڵەكان بۆ سەپاندنی سزاكان.
* ئەی چۆن لە دەرئەنجام و دەرهاویشتەكانی شەڕەكە دەڕوانیت و ئایا پێت وایە ڕووسیا بتوانێت سەركەوتنێكی سەربازی گەورە تۆمار بكات، یان ئەوەتا ناچار دەبێت دەست بە دانوستاندن بكات و بە جۆرێك لە جۆرەكان شەڕەكە كۆتایی پێ بهێنێت؟
- من تەمەننام دەكرد بمزانیاییە، لە ڕاستیدا دۆخەكە زۆر مەترسیدارە. بەڵام ئەوەی بەدی كراوە ئەوەیە كە هاوپەیمانەكانی نێو ناتۆ بە ڕاشكاوی ڕایانگەیاندووە كە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ ناكەن وەك پشتیوانییەكی سەربازی بۆ ئۆكرانیا، ئەمەش بە گوێرەی لێدوانەكانی خۆیان، واتە ناكرێت چاوەڕوانی ئەوە بكەین ناتۆ ناوچەی دژە فڕین دروست بكات، بە چەشنی ئەوەی لە لیبیادا دروستی كرد، چونكە ئەمە بەو مانایە دێت كە فڕۆكەكانی ناتۆ هێرش بكەنە سەر فڕۆكەكانی ڕووسیا بۆ سەپاندنی ئەو ناوچەی دژەفڕینە. هەرچۆنێك بێت ڕەنگە چاوەڕوانی كاردانەوەیەك بكرێت لە ڕووسیا لە دژی ناتۆ، ئەگەر هاوكارییەكی سەربازییەكان و بگرە زانیارییە هەواڵگرییەكانی ئەمریكا و ناتۆ ببنە هۆی ئەوەی دۆخێكی سەربازیی خراپ بۆ ڕووسیا دروست ببێت لە ئۆكرانیا. لەلایەكی دیكەوە ئەگەر ڕووسیاش بتوانێت پێگەیەك لە نێو ئۆكرانیا جێگیر بكات و ببێتە هێزی داگیركاری، ئەوا ڕووبەڕووی دۆخێكی خراپ دەبێتەوە لەو ڕوانگەیەوە كە گەلی ئۆكرانیا ئەم داگیركارییە قبووڵ ناكات. هەروەها ئەگەری ئەوە هەیە لەو كاتە ڕووسیا جووڵە بكات بەرە مۆڵدۆڤا و ناوچەی بەڵتیك. بە هەر حاڵ لە ئێستادا دەتوانین بڵێین ڕووسیا خۆی خزاندووتەوە نێو گۆشەیەكەوە و سزاكانیش كاریگەرییان هەبووە و دەبێت لەسەر ڕووسیا. كەواتە بە چاوپۆشین لەوەی ڕووسیا لە ئۆكرانیادا ئەنجامی دەدات، ئەوا خۆی لە دۆخێكی زۆر لاوازدا دەبینێتەوە.
* ئەی چۆن لە ڕۆڵی چین دەڕوانن لەم شەڕەدا؟ بە گوزارشتێكی دیكە پێتان وایە ئەم سەرقاڵبوونەی ڕووسیا و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە یەكترییەوە دەرفەتێك بێت بۆ چین بۆ برەودان بە دەستڕۆیشتوویی خۆی و ئایا دەكرێت بڵێین چین سوودمەندی سەرەكییە لەم دۆخەی هاتووەتەئاراوە؟
- لە ڕاستیدا چین لە دۆخێكی دژواردایە، چونكە چین هەوڵیداوە -هۆكارەكانیشی زۆرن- بۆ ئەوەی پەیوەندیی باشی لەگەڵ ڕووسیادا هەبێت، چونكە چین پێویستی بە پاڵپشتیی نێودەوڵەتی هەیە بۆ ئەوەی پارسەنگ بێت لە بەرامبەر هێزی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، جێی سەرسوڕمانیش نەبوو كە چین خۆی بە دوور گرت لە دەنگدان بە بڕیاری ئیدانەكردنی ڕووسیا. بەڵام لەم بارودۆخەدا ئاماژەی ئەوە بەدی ناكرێت كە چین هاوكاریی ڕووسیای كردبێت، دواتر تێگەیشتنێك هەبوو لە نێوان ڕووسیا و چین كە ڕووسیا ئۆكرانیا داگیر نەكات، لە میانەی بەڕێوەچوونی ئۆڵەمپیادا و ئەم كەرنەڤاڵە گەورەیە لە چین و جیهان تێكنەچێت. هەرچۆنێك بێت چین حەز بە ناسەقامگیری ناكات، ڕاستە چین هێزێكی سەربازیی ئیقلیمی گەورەیە، بەڵام لە هەمان كاتدا بەرژەوەندییەكی زۆریشی هەیە لە ئابووریی جیهاندا و لەم ڕوانگەیەوە نایەوێت ناسەقامگیری دروست بێت و ڕەنگە بگەینە خاڵێك كە چین پێی وابێت پێویستە خۆی لە ڕووسیا بەدوور بگرێت. واتە ڕاستە چین پەیوەندیی ئابووری لەگەڵ ڕووسیادا هەیە، بەڵام نابێت ئەوەشمان لە یاد بچێت، كە چین وەبەرهێنانێكی گەورەی لە جیهاندا كردووە، لە نێویاندا لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كە هاوبەشی سەرەكی بازرگانییە بۆ چین.