هه‌موو گه‌نده‌ڵييه‌ك با بوه‌ستێ، به‌تايبه‌ت گه‌نده‌ڵيى سياسى!

هه‌موو گه‌نده‌ڵييه‌ك با بوه‌ستێ، به‌تايبه‌ت گه‌نده‌ڵيى سياسى!



ئه‌وه‌ى شيرى دايكى به‌ پاكى خواردبێ، دژى گه‌نده‌ڵييه‌ و خوازيارى هه‌موو چاكسازييه‌كه‌، به‌ڵام كاڵفامى، كينه‌، لووتبه‌رزى، گێلى، نه‌زانى و خۆبه‌زلزانين، واى كردووه‌، چه‌ندين كوردزمان دژى ده‌سه‌ڵاتى خۆماڵى له‌ باشوورى كوردستان، ده‌ست به‌ داوێنى نه‌ياران و دوژمنانى شۆڤێنيستى بن و، داواى هه‌ڵدێرانى ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌ستوورى و ياساييه‌كه‌ى خۆيان بكه‌ن! دياره‌ پاساوى گه‌وره‌يان ئه‌وه‌يه‌: "با دزى و گه‌نده‌ڵى بوه‌ستێ"! هاونيشتمانييانى خۆڕاگر و وڵاتپارێزيش هه‌ر داواى ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌ حكوومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتى حوكمڕانى خۆيان، له‌ كه‌موكووڕييه‌كانيشيان چاوپۆشى ناكه‌ن، په‌رله‌مان و حكومه‌تيش به‌و ئاقاره‌دا هه‌ندێك هه‌نگاوى به‌رچاويان هه‌ڵگرتووه‌.
ئه‌وانه‌ى به‌ كلك بادان بۆ دوژمنانى تينوو به‌ خوێنى كوردستانييان كه‌ هه‌رده‌م قه‌سته‌سه‌رى كورديان كردووه‌، پشتيوانى له‌ داد گاى به‌ ناو فيدڕاڵى و ميليشياكانى به‌كرێگرته‌ى عێراقى ده‌كه‌ن، با ئه‌رك نه‌بێ بۆيان، سه‌رنجێكى ناوه‌ڕاست و باشوورى عێراق و داهاته‌ نه‌وتييه‌كانى ئه‌و وڵاته‌ بده‌ن، دزى، چه‌ته‌يى، فه‌سادى ئيدارى، گه‌نده‌ڵيى سياسى و نائه‌منى و ڕفاندنى هاووڵاتى و نه‌بوونى خزمه‌تگوزاريى و زۆر ديارده‌ى نه‌رێنيى ديكه‌ له‌ به‌رچاو بگرن، له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان به‌راوردى بكه‌ن، ئه‌وكات ئه‌گه‌ر ويژدانيان نه‌جووڵا، ئه‌وه‌ دياره‌، ئاماده‌ن به‌ ناوى به‌رهه‌ڵستكاره‌وه‌، له‌ دژى به‌رژه‌وه‌نديى گشتى و ده‌ستكه‌وته‌ نه‌ته‌وه‌ييه‌كان، سه‌ر به‌ هه‌موو ئاخوڕێكى دژه‌ كورددا بكه‌ن!! ئۆپۆزيسيۆنى ئۆكڕاينى شانبه‌شانى حكومه‌تى وڵاته‌كه‌يان له‌ سه‌نگه‌رى به‌رگريدا خوێنيان لێ ده‌چۆڕێ، لاى ئێمه‌ش به‌رهه‌ڵستكاره‌ و له‌ حكومه‌تيش به‌شداره‌!! له‌ حكومه‌ته‌ و داواى داڕمانى حكومه‌تيش ده‌كا!! ده‌بێته‌ كه‌واسوورى به‌ر‌ له‌شكرى داگيركه‌ر و خاكى وڵاته‌كه‌ى هه‌رزانفرۆش ده‌كا!!! ئه‌گه‌ر سه‌رمه‌شق و په‌ندى باش وه‌ربگرين، يه‌ك به‌ يه‌كى ئه‌وانه‌ پێويسته‌ وه‌ك ئۆكڕاين له‌ داره‌كانى سه‌رقام شه‌ته‌ك بدرێن، هه‌تا له‌ خيانه‌ت شه‌كه‌ت بن و واز له ‌خۆفرشى بهێنن.
گشت كوردستانييه‌كى نيشتمانپه‌روه‌ر خوازيارن هه‌موو گه‌نده‌ڵييه‌ك بوه‌ستێ و بنبڕ بكرێ، به‌تايبه‌ت گه‌نده‌ڵيى سياسى كه‌ مه‌ترسييه‌كانى زۆر زياتره‌ و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ هه‌موو ده‌ستكه‌وته‌كانى نه‌ته‌وه‌يى ده‌كا.

 

Top