غەفوور مەخموورى لە رێوڕەسمێکدا نوێترين کتێبى خۆى (رسالتي من اجل كوردستان) دەناسێنێ و پێشکەشى خوێنەرانى دەکات
غەفوور مەخمووری : پێویستە هەموو لایەکمان کاربکەین بۆ سیستماتیکردنى دەزگاو دامەزراوەکانى کوردستان و، وابکەین حکومەتى کوردستان بکەینە حکومەتێکى بەهێزو مۆدێرن بۆ هەموو خەڵکى کوردستان
میدیا - هەولێر :
پاشنیوەڕۆى ڕۆژى 3 / 3 / 2022 لە شارى هەولێر، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی YNDK لەلایەن (کتێبخانەى ئاشتى) میوانداری كرا و, لە رێوڕەسمەکەدا نوێترین کتێبى چاپکراوى خۆى بەناوى (رسالتي من اجل كوردستان) ناساندو پێشكەشى ئامادەبووانى كرد.
پاشنیوەڕۆى ڕۆژى پێنجشەممە لە شارى هەولێر، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK لەلایەن (کتێبخانەى ئاشتى) میوانداری كراو, بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆری كەسایەتی سياسى و ئەكادیمی و نووسەرو رۆشنبیرو رۆژنامەڤان رێوڕەسمێکى بۆ ناساندن و خستنەڕوو و واژۆکردنى نوێترین کتێبى چاپکراوى خۆى بەناوى (رسالتي من اجل كوردستان) بۆ رێکخرا, لەسەرەتاى رێورەسمەکەدا نووسەرو شاعير بەڕێز قەهار شێخانى بەناوى کتێبخانەى ئاشتى بەخێرهاتنی ئامادەبووانی كردو, باسی لە گرنگی رۆڵى غەفوور مەخمووری لە بوارى نووسین و رۆشنبیرى کوردستان كرد, ئنجا مەخمووری وێڕای بەخێرهاتنكردنی میوانان خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەو میواندارییە و ئامادەبوونی میوانان دەربڕی و سوپاسی کتێبخانەى ئاشتى كرد بۆ رێكخستنی ئەو دیدارە لەگەڵ ئامادەبووان, دواتر کورتەیەکى سەبارەت بە ناساندن و ناوەڕۆکى کتێبەى پێشکەشکرد و، وتى : (ئەمڕۆ نوێترین کتێبى خۆم پێشکەشى ئێوەى بەڕێزى دەکەم، کتێبەکەم "رسالتي من اجل كوردستان" بریتییە لە گوڵبژێرێک لەو پەیام و وتارانەى کەوا لە چەند کۆنگرە و کۆنفرانس و کۆبوونەوەیەکى کوردستانى و ناوچەیى و نێودەوڵەتیدا پیشکەشمان کردووە، هەروەها لەم کتێبەدا چەند راپۆرتە هەواڵیک هەن کەوا تایبەتن بە بەشێک لە کۆڕو سمینارە تایبەتەکانمان کە لە کوردستان و دەرەوەدا ئەنجاممانداون، ئەو راپۆرتە هەواڵانە کورتەیەکى ئەو بابەتانەن کەوا پێشکەشمان کردوون، بە پێویستمان زانى ئەو وتار و راپۆرتە هەواڵانە لێرەدا بڵاوبکەینەوە بۆئەوەى خوێنەرى ئازیز زیاتر بە سیاسەت و بۆچوونەکانمان ئاشنا بکەین، لەهەمان کاتدا ئەم کارەمان هەوڵێکە بۆئەوەى کەوا ئەو پەیام و وتارو راپۆرتە هەواڵانە بە ئەرشیف بکەین و لە فەوتان رزگاریان بکەین، دەتوانم بڵێم ئەم کتێبەم خوێندنەوەیەکى سەردەمیانە بۆ واقیعى سیاسى کوردستان لە سى ساڵى رابردوودا، لەم کتێبەدا باسم لە کێشەو گرفتە سیاسییەکانى کوردستان کردووەو چارەسەرى گرفتەکانیشم خستۆتەڕوو.)، هەروەها باسى لەوە کرد کەوا کتێبى (رسالتي من اجل كوردستان) بە زمانى عەرەبییە و، کتێبەکە زیاتر ئاراستەیە بۆ ناوەندى عەرەبى بۆئەوەى زیاتر ئاشناى پرسى گەلى کوردستان بن، ئاماژەى بەوەشدا کەوا پێویستە ناوەندى عەرەبى ئەو راستییە بزانن کە چارەسەرى بنەڕەتى پرسى گەلى کوردستان تەنها سەربەخۆیى کوردستانە و، وتى: ( دەتوانم بڵێم لەم کتێبەدا هەوڵمداوە دوو پرسیار بوروژێنم کە ئێمە کێین ؟ و چیمان دەوێت ؟ بۆ ئەمەش وەڵاممان ئەوەیە کەوا ئێمە کوردین و ، وەکو هەر نەتەوەیەکى دیکە مافى نەتەوەیى خۆمان دەوێت .).
مەخموورى ئەوەشى وت : (بەشداریکردنى ئێمە لە کۆنگرەو کۆنفرانس و کۆبوونەوە گشتییەکاندا بۆ ئەوە بووە کە سیاسەت و دڕندەیى داگیرکەرانى کوردستان (تورکیا و ئێران و عێراق و سوریا) دژ بە گەلى کوردستان ریسواو شەرمەزاربکەین و، مەزلوومییەتى گەلەکەمان بە هەموو لایەک بگەیەنین و، لەهەمان کاتدا هەوڵمانداوە پەیام و خواستى گەلى کوردستان بۆ سەربەخۆیى و دامەزراندنى دەوڵەتى کوردستان بە هەموو لایەک رابگەیەنین، ئێمە خاوەنى پەیامێکى نەتەوەیى و نیشتمانین هەوڵمانداوە بەپێى کات و شوێنەکان ئەو پەیامە نوێبکەینەوەو بیگەیەنین.).
لە درێژەى قسەکانیدا مەخموورى وتى : ( ئەو راستییەمان خستۆتەڕوو کەوا ئەزموونی نزیكەی سەد ساڵ بەیەكەوە ژیانمان لەگەڵ عەرەبی عێراق ئەوەی بۆ هەموو لایەك سەلماند كەوا گەلی كوردستان چیتر ناتوانێت لە چوارچێوەی نەخشەی تاشراوی عێراقدا بمێنێتەوە، لەبەرئەوەی دەسەڵاتی عەرەبی سوننەی عێراق لەماوەی نزیكەی هەشتا ساڵی حوكمی خۆیدا ئەوەی توانی لە دژی كورد ئەنجامیدا، لەدوای رووخانی رژێمی بەعسيش لە بەهاری 2003 دا، كە عەرەبی شیعەی عێراق دەسەڵاتیان گرتە دەست، دیارە دەسەڵاتی شیعەش ئەوەی توانیان لە دژایەتی گەلی كوردستان ئەنجامیاندا و بەردەوامن، بۆیە ئەو مێژووە پێماندەڵێت کەوا چارەسەرى بنەڕەتى پرسى گەلى کوردستان تەنها سەربەخۆیى کوردستانە، نەک مانەوە لەگەڵ عێراق.).
مەخموورى لە درێژەى بابەتەکەیدا؛ تیشکى خستە سەر رەوشى سیاسى کوردستان و، وتى: (کوردستان لە رەوشێکى زۆر ناسک و هەستیاردایە و پێویستە هەموو لایەکمان بەرژەوەندى نەتەوەیى و نیشتمانى لەبەرچاو بگرین و کار بکەین بۆ پاراستن و بەهێزکردن و سیستماتیکردنى دەزگاو دامەزراوەکانى کوردستان و، وابکەین حکومەتى کوردستان بکەینە حکومەتێکى بەهێزو مۆدێرن بۆ هەموو خەڵکى کوردستان، بۆ ئەمەش پێویستە شوێنەوارى دوو ئیدارەیى لە کوردستان نەمێنێت و هێزى پێشمەرگەو دەزگاکانى ئاسایش و پۆلیس و هەواڵگرى یەکبخرێن و بکرێن بە دەزگاى نیشتمانى، ئەمەش وادەکات کەوا حکومەتى کوردستان زیاتر بەهێز بێت.)
مەخموورى لە درێژەى بابەتەکەیدا جەختى کردەوە سەر یەکڕیزى و یەکدەنگى گەلى کوردستانى وەک دەرمانى هەموو دەردەکان وەسفیکرد و، وتى: (تەنهاو تەنها یەکڕیزى و یەکدەنگیمان دەردەکانمان دەرمان دەکەن و لە سەرکەوتن نزیکمان دەکەنەوە، بۆیە لەسەر هەموو لایەکمان پێویستە وەک چۆن دوژمن و داگیرکەرانى کوردستان بە جیاوازى ئایدۆلۆژى و بەرژەوەندییەکانییان لەدژى ئێمە یەکیان گرتووە، پێویستە ئێمەش بۆ پاراستنى خۆمان و بەرگرتن لە هەڕەشەکان یەکبگرین و رەچاوى بەرژەوەندى باڵاى نەتەوەییمان بکەین و جلى تەنگى حزبایەتى فڕێبدەین، پێویستە شاندى کوردستان بە یەکگرتوویى بچێتە بەغداو شوێنانى دیکە، نەک هەر حزبەو بەجیا، پرسى ئێمە پرسێکى نەتەوەیى و نیشتمانییە پرسى خاک و خەڵکە نەک پرسى ئەم حزب و ئەو حزب. ).
شایانی باسە دوای تەواوبوونی كۆڕەكە رێوڕەسمێك بۆ ئیمزاكردنی كتێبى (رسالتي من اجل كوردستان) لە نووسینى غەفوور مەخمووری سازكرا, مەخمووری كتێبەكەی پێشكەش بە ئامادەبووان كردو بۆی ئیمزاكردن, ئەمەو كۆڕەكە بووە جێی خۆشحاڵی ئامادەبووان.