هێمن هەورامی: چوار سەرۆکایەتییەکەی هەرێم کۆکن كە دادگای فیدڕاڵی هەڵبوەشێنرێتەوە

هێمن هەورامی: چوار سەرۆکایەتییەکەی هەرێم کۆکن كە دادگای فیدڕاڵی هەڵبوەشێنرێتەوە

 

 

لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند كە دەیانەوێت بە یاسایەکی نوێ دادگای فیدڕاڵی عێراق هەڵبوەشێنرێتەوەو چوار سەرۆکایەتییەکەی هەرێمیش لەسەر ئەمە کۆکن.

 

هەروەها ئاماژەی بەوە كرد كە هۆکاری ئەم داواکارییەش بۆ پێکهاتەی ئێستای ئەندامانی دادگاکە دەگەڕێتەوە، هەر لە درێژەی قسەكانیدا هەورامی گوتی: پێمان وایە شێوازی هەڵبژادنی ئەندامەکانی دادگاکە نادەستووریە، چونکە بەپێی دەستوور دامەزراندنی دادگای فیدڕاڵیی عێراق پێویستی بەدەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق هەیە.

 

هاوكات ئەوەشی خستەڕوو كە  دادگای فیدڕاڵی لە ماوەی ٤٥ رۆژدا زیاتر لە حەوت بڕیاری دەرکردووە کە زۆربەیانی پەیوەندیی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە. هەورامی جەختی لەوە كردەوە كە ئەمەش هیچ گومانێکی نەهێشتووەتەوە بۆ ئەوەی کە بڵێین ئەو دادگایە دادگایەکی سیاسییە.

 

لە بەشێكی دیكەی كۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەكە داوای لە وەزارەتی نەوت و دارایی فیدڕاڵی و دیوانی چاودێریی دارایی فیدڕاڵی کرد، چاودێریی گرێبەستەکانی فرۆشتنی نەوت و غازی هەرێم و پرۆسەی فرۆشتنی نەوت و غازبکەن و لەبەرامبەریشدا پێویستە هەرێم پابەندی بڕیارەکەبێت.

 

شایانی بیرهێنانەوەیە كە  لەدوای هەشت ساڵ دادگای فیدراڵیی عێراق دۆسیەی فرۆشتنی نەوت و غازی هەرێمی یەکلاکردەوە و جەختی لەوە كردەوە كە فرۆشتنی نەوت و غاز لەلایەن هەرێمەوە پێچەوانەی دەستوورە.

Top