ستیڤن بلانك توێژەر و تایبەتمەندی پەیوەندییەكانی ڕووسیا و ئەمریكا بۆ گوڵان: بە هۆی قەیرانی ئۆكرانیاوە ڕووسیا دووچاری گۆشەگیری و سزای زیاتر دەبێت
ستیڤن بلانك توێژەری باڵایە لە پڕۆگرامی ئیرۆئاسیا لە ئەنستیتۆتی توێژینەوەی سیاسەتی دەرەكی، شارەزا و تایبەتمەند و توێژەری چەند بوارێكی گرنگە، وەك پەیوەندییەكانی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ڕووسیا، كاروبارە سیاسی و سەربازییەكانی ئاسیا و ئەوروپا و ئاسایشی نێودەوڵەتی و، لەم ڕووەوە چەندین كتێب و توێژینەوە و وتاری نووسیوە، هەروەها لەلایەن ئاژانسی ناوەندیی هەواڵگریی ئەمریكا و چەندین ناوەندی توێژینەوەوە ڕاوێژی پێ كراوە. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا شرۆڤە كرد، كە پتر پەیوەست بوون بە بارودۆخ، یان ئەو ئاڵۆزی و تەنگژەیەی كە حاڵی حازر لە ئۆكرانیادا هاتووەتەئاراوە، لەگەڵ تاوتوێكردنی ئەگەری پەرەسەندنی زیاتری هەلومەرجەكە.
* وەك دەزانن لە ئۆكرانیا بارودۆخێكی پڕ لە پشێوی و نیگەرانی لە ئارادایە، كە كار گەیشتە ئەوەی باس لە ساتەوەخت، یان ڕۆژی هێرش و داگیركاریی ڕووسیا بۆ ئەو وڵاتە بكرێت، بە تایبەتی كە ڕووسیا هێزێكی زۆری لە چواردەوری ئەم وڵاتە كۆكردووەتەوە، هەندێ جاریش باس لەوە دەكرێت كە ڕووسیا پاشگەز بووەتەوە لە بڕیاری هێرشكردنەكەی، ئێوە چۆن لەم بارودۆخە دەڕوانن؟
- لە ڕاستیدا ئەوەی تا ئێستا بەدی دەكرێت و ئەوەی لە هەڵوێست و جموجووڵەكان دەخوێندرێتەوە، ئەوەیە كە ئێمە لە سەروبەندی هەڵگیرسانی جەنگداین و بگرە دەتوانین بڵێین كە ئێستا ئێمە لە شەڕداین، ڕوونتر بڵێین ئێمە لە سەروەخت و سەروبەندی هێرش و پەلامارێكی دیكەی ڕووسیاداین. چونكە ئاشكرایە ئەوەی ڕووسیا گەمەیەكی لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەنجام دا و ئێستاش ئاشكرا بووە و ڕێگەی بەردەم ڕووسیا و سەرۆكی ئەو وڵاتەش (ڤلادمیر پوتین) یان كشانەوە و پاشەكشەیە، یانیش ئەنجامدانی هێرش و پەلامار و داگیركارییەكەیانە. بۆچوونی من ئەوەیە هەنگاو بەرەو جەنگ هەڵدەگرن، چونكە سەرۆك ڤلادمیر پوتین ناتوانێت پاشەكشە بكات و، ئەو پێویستی بەوە هەیە كە پیشانی جیهانی بدات كە هەڵوێستێكی سەختگیرانەی هەیە.
* كەواتە ئێوە باوەڕتان وایە كە دوائامانج، یان با بڵێین ئامانجی ڕاستەقینەی ڕووسیا بریتییە لە داگیركردنی تەواوی وڵات و خاكی ئۆكرانیا، یان مەسەلەكە تەنیا بۆ ناچاركردنی ڕۆژئاوا بە گشتی و ویلایەتە یەكگرتووەكانە بە تایبەتی، بۆ ئەوەی سازش بۆ ڕووسیا بكەن و نیگەرانییە ئەمنییەكانی لەبەرچاو بگرن؟
- لە ڕاستیدا من هیچ جیاوازی و دژیەكییەك نابینم لە نێوان هەوڵی داگیركردن و پەلاماردانی ئۆكرانیا و، كاركردن بۆ ناچاركردنی ڕۆژئاوا و ئەمریكا بە سازشكردن، چونكە هەر لە بنەڕەتدا هەڕەشەی داگیركردنی ئۆكرانیا، یان داگیركردنەكەی ئەگەر هاتوو جێبەجێی كرد، بۆ ئەوەیە كە گوشار و كاریگەری لەسەر ڕۆژئاوا دروست بكات، بۆ ئەوەی سازشی بۆ بكەن، بەڵام كێشەكە بۆ سەرۆك ڤلادمیر پوتین ئەوە بوو كە پێی وابوو تەنیا بە هەڕەشەكردن ئەم ئامانجەی بۆ دەچێتەسەر و بۆی جێبەجێ دەبێت، بەڵام ئەم هەوڵی هەڕەشەیەی سەری نەگرت، ئێستاش یان ئەوەتا دەبێت بارودۆخەكە بەرەو هەڵكشان و بارگرژی و بگرە پێكدادان و شەڕ ببات، یان بكشێتەوە، حاڵی حازر كشانەوەش بژارەیەك نییە كە بیری لێ بكرێتەوە.
* بەڵام هەمیشە ڕووسیا بانگەشەی ئەوە دەكات كە نیگەرانییە ئەمنییە ڕەواكانی لەلایەن ئەوروپا و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە لەبەرچاو نەگیراوە، بە تایبەتی لە پرسی پێداگری لەسەر ئەوەی كە ئۆكرانیا ببێتە ئەندامی ناتۆ، ئایا پێتان وایە تا چەند ئەم بانگەشەیانە پاساویان هەیە؟ ئایا نابێت ئەم نیگەرانییانەی ڕووسیا بە هەند وەربگیرێن؟
- من باوەڕم وایە كە پاساوەكانی ڕووسیا ناڕاست و نادروستن، چونكە ئەوەی ڕووسیا خوازیاری بەدیهێنانیەتی دروستكردنی ئیمپراتۆریەت و تێكدانی دۆخی دوای ڕۆژگاری شەڕی ساردە، هیچ لایەنێكیش لەم پرسەدا پشتیوانی ناكات، تاكە ڕێگایەكیش بۆ ئەوەی ڕووسیا بتوانێت ئەم خەونەی بەدی بهێنێت، بریتییە لە بەكارهێنانی هێز و دروستكردنی حاڵەتی شەڕێكی هەمیشەیی، بەڵام كەس نایەوێت ئەمە ڕووبدات، كەواتە هیچ هەڕەشە و مەترسییەك نییە لەلایەن ئۆكرانیاوە و ئەمە هەموو پاساوداتاشینە لەلایەن ڕووسیاوە.
* لەم ڕۆژانەدا وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوە كرد كە ڕووسیا دیپلۆماسیەتی سەروەختی شەڕی سارد پیادە دەكات، ئێوەش ئاماژەتان بەوە كرد كە ڕووسیا دەیەوێت بارودۆخەكە بگەڕێنێتەوە بۆ ئەو ڕۆژگارە، ئایا پێت وایە ئێستا لە نێو قۆناغێكی نوێی شەڕی ساردداین؟
- لە ڕاستیدا تاكە ڕێگە بۆ ئەوەی بڵێین ناتۆ هەڕەشەیە بۆ ڕووسیا، ئەوەیە كە بڵێین ڕووسیا لە شەڕدایە لەگەڵ ناتۆ، ئێمەش دەزانین 50 ساڵ پێش ئێستا ڕووسیا ناتۆی بە هەڕەشە دەزانی و پێی وابوو لە حاڵەتی شەڕدایە لەگەڵیدا، ئەوە بوو لە ساڵی 2014 ویستی ئۆكرانیا داگیر بكات و ئۆباڵی شكستەكەشی خستە ئەستۆی ڕۆژئاوا، دواتر گوتیان ئێمە لە حاڵەتی شەڕداین لەگەڵ ناتۆ، بەڵام ناتۆ هیچ هەڕەشەیەكی بۆ ڕووسیا دروست نەكردووە، چونكە سنوورەكانی ڕۆژئاوا لەگەڵ ڕووسیا مەترسییان لەسەر نییە و ناتۆش بەرفراوان نابێت و ئەوەی ڕووسیاش لەم ڕووەوە دەیكات، بانگەشەیەكی بەتاڵە و زادەی هیستیریا و خەیاڵی خۆیەتی.
* بە ڕای ئێوە ئەم قەیران و ئاڵۆزییانە چ كاریگەرییەكیان لەسەر پێگەی ڕووسیا لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی هەیە؟ ئایا پێت وایە دەبێتە هۆی بەهێزبوونی پێگەی ڕووسیا لەم لایەنەوە، یان ڕووسیا لەم ڕووەوە دوچاری زیان دەبێتەوە؟
- لە ڕاستیدا من نازانم چۆن ئەو بارودۆخە بە بەرژەوەندیی ڕووسیا دەشكێتەوە و كۆتایی دێت، مەبەستم ئەوەیە نازانم ڕووسیا چ دەستكەوتێك بەدی دەهێنێت لە دەرئەنجامی خوڵقاندنی ئەم بارودۆخە، جگە لەوەی ڕەنگە سەرۆك پوتین بتوانێت تا ڕاددەیەك ئاستی جەماوەریی خۆی لە ناوخۆدا زیاتر بكات، لەبەر ئەوەی باوەڕم وا نییە ئەمە دەستكەوتێكی بۆ ڕووسیا هەبێت، بەڵكو تەنیا دەبێتە هۆی زیاتر گۆشەگیركردنی ڕووسیا لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە و ڕووسیا دوچاری سزای زیاتر دەبێتەوە، بەبێ ئەوەی هیچ دەستكەوتێك بەدەست بهێنێت.
* كەواتە پێت وایە سەرۆك پوتین دوچاری هەڵەی حیسابات بووە، یان با بڵێین هەنگاو و هەڵوێستەكانی دەرئەنجامی پێچەوانەیان لێ كەوتووەتەوە و، لە بری بەدیهێنانی ئامانجەكانی، ڕووسیا دووچاری دۆخێكی نالەبار كردووەتەوە؟
- بەڵێ، بە دڵنیاییەوە، و بگرە بە قووڵی دووچاری ئەم هەڵەیە بووەوە، بۆ نموونە پوتین بانگەشەی ئەوەی دەكرد كە خەڵكی ئۆكرانیا پێشوازییان لێ دەكەن، كە ئەمە قسەیەكی تەواو بێ بنەمایە، كەواتە ئەگەر وەڵامی پرسیارەكەی ئێوە بدەمەوە، ئەوا دووبارە دەڵێم بەڵێ دووچاری هەڵەیەكی گەورە بووە.
* باشە شرۆڤەكاری و خوێندنەوەت چییە بۆ هەڵوێست، یان ئەدای ئیدارەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە سەرۆكایەتیی جۆ بایدن؟ ئایا پێت وایە توانیویەتی ئیدارەیەكی سەركەوتووی بارودۆخەكە بكات، یان بە ڕای ئێوە دەبوو چ هەڵوێستێكی جیاوازتری بگرتایەتەبەر؟
- لە ڕاستیدا من پێم وایە ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدن لە ئاست ئەم قەیران و ئاڵۆزییەی ئۆكرانیادا ئەدایەكی باش و بەهێزی هەبووە، زۆریش كارایە و، من خۆم لەگەڵ ئەوەدام ویلایەتە یەكگرتوووەكانی ئەمریكا پاڵپشتی و هاوكاریی سەربازیی زیاتر بۆ ئۆكرانیا دەستەبەر بكات، و بە ڕاشكاوی دەیڵێم من بە پێویستی دەزانم چەكێكی زۆر بدرێتە ئۆكرانیا بۆ ئەوەی پەیامێكی ڕوون بە ڕووسیا بدرێت كە ڕێگە بە سەركەوتنی نادرێت، كەواتە پێم وایە بایدن ئەدایەكی زۆر زۆر باشی هەبووە.
* لە وەڵامەكانی پێشووتدا باسی پرسی سزادانی زیاتری ڕووسیات كرد لە ئەنجامی ئەم كردارەیدا، ئایا پێت وایە سزا و گوشارە ئابوورییەكان كاریگەریی پێویستیان دەبێت بۆ بەرپەرچدانەوە و بەرگرتن لە كار و كردەوەكانی ڕووسیا؟
- بە بۆچوونی من ئەو كاتە سزا و گوشارە ئابوورییەكان سەركەوتوو دەبن، ئەگەر هاتوو بەشێكن بن لە ستراتیژیەتێكی بەرفراوانتر و بەربڵاوتر بۆ گوشار دروستكردن لەسەر ڕووسیا، تا وەك پێویست بەرپەرچ بدرێتەوە، بەڵام تێڕوانینی من ئەوەیە، ئەگەر ڕووسیا دەست بە داگیركاری بكات، ئەوا دەبێت سزا و ڕێكارێكی ئابووریی هێندە گەورە و بەرفراوان لە دژی بگیرێتەبەر، كە تا ئێستا جێبەجێ نەكرابێت، ڕەنگە من نەتوانم بڵێم دەبێت دەقاودەق چۆن بن، بەڵام دەبێت سزایەك بن كە تا ئێستا ڕووسیا ڕووبەڕووی نەبووبێتەوە.
* ئەی هەڵسەنگاندنت چییە بۆ ئەدا، یان هەڵوێستی وڵاتانی ئەوروپا لە ئاست ئەم قەیران و تەنگژەیەدا، ئایا پێت وایە وەك پێویست بەهێز بوون، یان دەبوو هەڵوێستی سەختگیر و جددیتریان هەبووایە لە ئاست هەڕەشە و هێزكۆكردنەوەی ڕووسیادا؟
- گومان هەڵناگرێت كە دەتوانین بڵێین، ئەوروپا تەنیا لە ڕووی جوگرافیا قەوارەیەكی یەكگرتوووە و دەبێت باس لە هەڵوێستی وڵاتەكانی ئەوروپا بكەین، بۆ نموونە، ئەوەی پەیوەست بێت بە ئەڵمانیاوە، ئەوا ئەم وڵاتە ڕوونی كردووەتەوە ئەگەر ڕووسیا ئۆكرانیا داگیر بكات، ئەوا پڕۆژەی نۆردستریم2 كۆتایی پێ دێت، ئەوەی لە بەریتانیاش بەدی كراوە، ئەوەیە كە هەڵوێستێكی بەهێزی هەبووە و، ئامادە بووە بۆ گرتنەبەری كرداری زیاتر لە دژی ڕووسیا، لەوەش زیاتر من پێم وا نییە ڕووسیا هیچ دەستكەوتێك لە ئەوروپا بەدی بهێنێت، مەبەستم ئەوەیە ناتوانێت ڕیزی هاوپەیمانێتی لە ئەوروپا و هەروەها لە نێوان ئەوروپا و ئەمریكادا لەت بكات.