دەستپێشخەرییەک بۆ پرسی شکۆمەندیی زمانی کوردی لە هەرێمی کوردستان

دەستپێشخەرییەک بۆ پرسی شکۆمەندیی زمانی کوردی لە هەرێمی کوردستان



سیاسەت و پلاندانی زمان وەک یەکێک لە ژانرەکانی کۆمەڵناسی-زمانەوانی هەوڵدانە بۆ چۆنیەتی کارپێکردنی زمان لە ناو کۆمەڵگەدا، کە چەند تەوەرێکی جیاواز لە خۆدەگرێت؛ ناساندنی زمان (Status planning) کە پلان بۆ بە فەرمی ناساندن و پڕۆسەی ستاندارناسینی زمانەکان دەکات، گەنجینە و پێکهاتەی زمان (Corpus planning) کە لە پێکهاتەی رستەی زمانەوانی، وشە، هاوواتاو گرێ دەکۆڵێتەوە، وەرگرتن و فێربوونی زمان (Acquisition planning) لە چۆنیەتی پرۆسەی وەرگرتن و فێرکردنی زمان دەکۆڵێتەوە، دواتریش کەسایەتی/شکۆمەندیی زمان (Prestige planning) کە پلاندانە بۆ گۆڕینی تێڕوانینی تاک تا شانازی بەو زمانەوە بکات کە پێی دەدوێت و بەکاریدەهێنێت.
پرسی شکۆمەندیی زمان:
کەسایەتی زمان (پرستیژ، شکۆمەندیی)، بەلای زۆرێک لە زمانەوانان و لێکۆڵەرەوانی زمانەوە بریتییە لە پلاندانان بۆ ئەوەی خەڵک و ئاخێوەرانی زمان، شانازی بە بەکارهێنان و گرنگیپێدانی زمانەکەوە بکەن، یانی هەڵوێست و دید و تێڕوانینیان بەرامبەر بە قسەکردن و بەکارهێنانی ئەم زمانە ئەرێنی بێت، ئەمەش بە یەکێک لە فۆڕمە باوەکانی پلاندانی زمان دادەنرێت کە کاریگەری زۆری هەبووە لەسەر سیاسەتی زمانیی نەتەوە جیاوازەکان.
لێرەدا بە مەبەستی پێشکەشکرنی دەستپێشخەرییەک بۆ پرسی شکۆمەندیی زمانی کوردی لە داڕشتنی سیاسەت و پلاندانی زمان لە هەرێمی کوردستان، پێویستمان بەوەیە بە خوێندنەوەی واقیع هەنگاو هەڵبگرین.
هەنگاوی یەکەم، ئەوەیە کە حزبە سیاسییەکان بهێنرێنە سەرخەت، تا لە ناوخۆی حزب و رێکخراوەکان و فراکسیۆنەکان و میدیاکانیانەوە، کار بۆ "شکۆمەندیی زمانی کوردی" بکەن، لە پەیڕەوی ناوخۆی حزبەکاندا جێگای بۆ بکریتەوە، و فراکسیۆنەکان کاری لەسەر بکەن. دواتر پەرلەمانی کوردستان، لە رێگەی هەمواری یاسای زمان، و هەموارکردنی یاساکانی وەزارتی داد، خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، پەروەردە و رۆشنبیری کار بۆ پێشکەشکردنی پڕۆژە یاسایەکی گشتگیتر بکات. لە قۆناغی دواتردا حکومەتی هەرێم لە رێگەی وەزارەتە پەیوەندیدارەکانەوە بە کرداری کار بۆ ئەم پرسە بکات و یاسای زمان بخاتەکار کە پەرلەمانی کوردستان هەمواری دەکاتەوە و پەسەندی دەکات.
ڕەهەندەکانی پلاندانان بۆ شکۆمەندیی زمان
لە پلاندانان بۆ شکۆمەندیی زمان سێ ڕەهەندی جیاواز دەخەینەڕوو:
یەکەم: بازارسازیی زمان، گواستنەوەی زمان لە بابەتێکی ئەکادیمییەوە بۆ پیێویستییەکی بازار، یان باشتر واقیع بخوێنینەوە، وا بکەین زمانی کوردی لە بازاڕی کار و کایەی بازرگانی و بازارسازیدا گرنگی هەبێت، خەڵک بۆ پرکردنەوەی پێویستییە بازرگانییەکانیان پێویستە زمان-پاڵێو بەکاربهێنن، ئەمە دوولایەنە دەبێت، هەم پێویستە حکومەت لە رێگەی وەزارەتەکانەوە کۆمپانیاکان ئاڕاستە بکات و رۆڵیان پێبدات و هەم خەڵکیش، بەشداری ئەم پڕۆسەیە بن.
دووەم: گواستنەوەی پێداویستی بازاڕ بۆ ناو پەروەردەو خوێندن: پێویستە وا بکرێت خەڵکی بە وەرگرتنی بروانامەی بەشەکان لەزانکۆ و پەیمانگەکاندا بە زمانی کوردی بتوانن کار دەستبخەن، چونکە ئێستا ئەو کەسانەی کاریان دەستدەکەوێت ئەوانەن کە زمانی کوردی نازانن، ئەمەش کارکردنی جیددی دەوێت لە پڕۆسەی پەروەردە و خوێندنی باڵادا، بۆ نمونە لە بەشەکانی زانکۆ کە لە ئێستادا بازاری کار پێویستی پێیانە بەشەکانی ژمێریاری، یاسا، کارگێڕی، بەڕێوەبردن ... تاد، هەتا ئێستاش پرۆگرامی خوێندنی ئەم بەشانە بە زمانی عەرەبیە، گۆڕینی زمانی خوێندنی ئەم بەشانە بۆ کوردی رێگاکە نزیکتر دەکاتەوە.
سێیەم؛ زمانی کوردی ببێتە خاڵێکی بەهێز لە دەستخستنی کارو پێگەی بازرگانیی، بۆ نمونە هەتا ئێستاش زۆرینەی زۆری هەلی کار داوای زانینی زمانی ئینگلیزی و عەرەبی دەکریت، لە کاتێکدا زۆرێک لەو شوێنانە پێویستیان بە زمانی بیانی نیە، بەڵام لە جیاتی ئەوەی ئەو شانازییە بۆ زمانی کوردی بێت ئێستا کۆمپانیاکان زانینی زمانی ئینگلیزی و عەرەبی بە خاڵی بەهێز دادەنێن، و گەنجان ناچارن بێ کار بمێننەوە یان هەوڵی فێربوونی زمانی بیانی بدەن.
ئاڵەنگارییەکان
لە هەوڵدان بۆ پلاندانی شکۆمەندیی زمان، دوو ئاڵەنگاریی سەرەکی دێنە ڕێگامان:
یەکەم: جیهانگەرایی یان ئەوەی پێی دەوتری پرۆسەی ئەمێریکانایزەیشن و ماکدۆناڵیزەیشن، کە وایکردووە زمانی ئینگلیزی ببێتە زمانی هێز و بازاڕ و میدیا و سیاسەت، ئەگەرچی ناکرێت و ناتوانرێت هەرێمی کوردستان لە شەپۆلی زمانی ئینگلیزی بپارێزرێت، بەڵام گرنگە کە حکومەتی هەرێم بە دیدگایەکی زانستییەوە و بە داڕشتنی سیاسەت و پلاندانی زمان ژینگەی هەرێمی کوردستان لەبەرامبەر ئەم شەپولەدا بسازێنێت.
دووەم: کارلێکی کۆمەڵگە لەگەڵ هەژموونی زمانی عەرەبی، لەبەر ئەوەی کە زۆرینەی کۆمەڵگەی ئێمە موسڵمانن و زمانی قورئان و فەرمایشتەکانی پێغەمبەری ئیسلام (درودی خوای لەسەر بێت) عەرەبییە، هەروەها پاشماوەکانی پڕۆسەی تەعریبی رژێمی پێشوو لەسەر هەرێمی کوردستان هەتا ئێستاش کاریگەری گەورەیان هەیە، زمانی عەرەبی هەژموونێکی فراوانی لەسەر زمانی کوردی هەیە، بۆ نمونە لە وتارە ئاینییەکان زمانی عەرەبی کاریگەرترە، لە دادگا و ژینگەی یاساییدا هەژموونی زمانی عەرەبی بە روونی هەستی پێدەکرێت.
چی بکەین؟
بە مەبەستی پلاندانان بۆ شکۆمەندیی زمان و داڕشتنی سیاسەتی زمان بۆ هەرێمی کوردستان چەند پێشنیارێک دەخەینەڕوو:
یەکەم: میکانیزمێک دابنێرت کە منداڵ تا قۆناغی سەرەتایی تەواو نەکات ناچار نەکرێت تەنها بە زمانی بیانی بخوێنێت، چونکە زمانی دایک وەک شیری دایک بۆ منداڵ پێویستە.
دووەم: وەزارەتی پەروەردە گرنگی زیاتر بە زمانی کوردی بدات بۆ منداڵان، لە نێوان قۆناغی شەشەم بۆ حەوتەمی بنەرەتی " هەڵسەنگاندنی توانستی زمانی کوردی" دابنرێت بۆ هەموو قوتابییەک، بەوانەشەوە کە لە قوتابخانە نێودەوڵەتییەکانن، یان ئەو قوتابیانەی لە وڵاتانیترەوە دێنەوە هەرێمی کوردستان.
سێیەم: هەر کاڵایەک کە دیتە ناو کوردستانەوە پێویستە بە کوردی لەسەر بنوسریت و رینمایی لەسەر بەکارهینانی بدرێت، ئەمە وادەکات هەموو تاکێکی کورد شانازیی بە زمانەکەیەوە بکات کاتێک دەتوانێت بە ئاسانترین شێوە رێنمایی و پێکهاتەی سەر کاڵاکان بخوێنێتەوە.
چوارەم: کۆمپانیای فرۆکەوانی و فرۆکەخانەکان ناچار بکرێن بە کوردی رێنمایی سەلامەتی ناو فرۆکە پیشکەش بکەن، بۆ ئەوەی گەشتیاران هەستی شانازیکردنیان بە زمانەکەیان لا تۆختر ببێتەوە.
پێنجەم: تابلۆی بازار و شوێنە گشتییەکان نوێ بکرێنەوە و پێویستە ناوی شوێنەکە بە کوردی بنوسرێت، ئەگەریش پێویست بوو وەرگێڕدراوی زمانەکانیتری بۆ دابنرێت.
شەشەم: کۆمپانیا و وەبەرهێنەران ناچار بکرێن بەشێک لەو باجەی لێیان وەردەگرێت تەرخان بکرێت بۆ (پرسی شکۆمەندیی زمانی کوردی).. بە لایەنی کەمەوە هەر کۆمپانیایەک ساڵانە لە ١-٥ فیلمی کوردی، چاپکردنی ژمارەیەک کتێبی کوردی، چالاکی فەرهەنگیی سپۆنسەر بکات کە لە ژێر چاودیری وەزارەتی رۆشنبیری حکومەتدا ئاڕاستە بکرێن.
حەوتەم: وەزارەتی خوێندنی بالا وانەی کوردۆلۆجی/کوردناسی لە قۆناغی یەکەمی زانکۆ و پەیمانگەکاندا لا بدات، چونکە بە تەواوەتی بووەتە وانەیەکی پەراوێزخراو، لە بەرامبەردا سەنتەری زمانی زانکۆکان بۆ هەموو دەرچوویەکی زانکۆ وپەیمانگە "تاقیکردنەوەی نیشتیمانی توانستی زمانی کوردی" دابنرێت و هەموو دەرچوویەکی زانکۆ و پەیمانگە پێویستە لەو تاقیکردنەوەیە دەربچێت جا بڕوانامەکەی تەواو بکرێت.
هەشتەم: وەزارەتی پەروەردە لە رێگەی زنجیرە کۆنفرانسێکی تایبەتەوە هەموو مامۆستایانی زمانی کوردی لە قوتابخانەکانی کوردستاندا کۆبکاتەوە و سالانە لەسەر ئاستی بەڕێوەبەرایەتییەکان پێشبرکێی زانستی لەسەر توێژینەوە و بڵاوکراوەیان بۆ دابنرێت و ناچاریان بکات بە ئەنجامدانی توێژینەوەو بەشداریکردن لە پێشکەوتە زانستییەکاندا.
نۆیەم: وانەی کوردی ببێتە وانەی سەرەکی لە قوتابخانەدا و هەڵسەنگاندنی وردی بۆ بکرێت بە مەبەستی پێشخستنی و مەرجی حەزی قوتابی بۆ هەژمارکردن/ نەکردنی بۆ پۆلی دوانزە لەسەر وانەی کوردی لابدرێت.
دەیەم: خانەی وەرگێران و موڵەتی چاپ لە وەزارەتی رۆشنبیری لیژنەی پێداچوونەوە دابنێت لە کەسانێک کە بە لایەنی کەمەوە سێ شێوەزاری زمانی کوردی بزانن، بۆ ئەوەی کەمترین وشەی بیانی لە تێکست و کتێبەکاندا بەکاربهێنرێت، چونکە زمانی کوردی بە دیالێکتە جیاوازەکانییەوە زمانێکی زۆر دەوڵەمەندە و دەتوانرێت ڕۆڵی زانستی و ئەکادیمی پێ بدرێت.
یانزەیەم: وەزارەتی پەروەردە مافی خوێندن بە زمان/شێوەزاری دایکیی بۆ منداڵانی کوردستان برەخسێنێت لە تەواوی ناوچەکانی هەریمی کوردستاندا، ئەمەش جگەلەوەی مافێکی یاساییە دەبێتە هۆی ئەوەی ئاخێوەرانی زمان شانازیی بە زمانەکەیانەوە بکەن.
دوانزەیەم: میدیا ئاراستە بکرێت بە بەکارهێنانی زمانی کوردی لە نوسین و گفتوگۆ و ناوی پرۆگرامەکان و فیلمە وەرگێردراوەکان و ریکلام و تەواوی بابەتە پەخشکراوەکان، هەموو میدیایەک پێویستە وەک چۆن بەشی بەرنامەکانی هەیە بەشی پێداچوونەوەی زمانەوانیی هەبێت و لە ژێر چاودێری وەزارەتی رۆشنبیری دا ئاڕاستە بکرێت.
سیانزەیەم: لە دادگاکاندا هیچ گرێبەست بریار و داخوازییەک بە زمانەکانیتر ریگەی پی نەدرێت جگە لە زمانی کوردی، و زمانی کوردی سەرچاوەی سەرەکی یاسا ورێساکان بێت نەک زمانێکیتر.
چواردەیەم: جگە لەو وانانەی کە زمانی فەرمییان بیانییە، قوتابی مافی ئەوەی هەبێت لە قۆناغە جیاوازەکانی خوێندنی بە زمانی کوردی وەڵام بداتەوە، ئەمەش دەبێتە پاڵنەرێکی بەهێز بۆ ئەوەی قوتابی کورد گرنگی بە زمانی دایکیی بدات.
پانزەیەم: لە بواری پزیشیکی و تەندروستیدا گرنگی زیاتر بە نوسینی رێنماییە پزیشکی و تەندروستییەکان بدرێت و رەچەتە پزیشکییەکان بە زمانی کوردی بنوسرێن.
* ئەم بابەتە رۆژی ٢٠ی فێبریوەریی ٢٠٢٢، لە دیداری (شوێن و پێگەی زمانی کوردی لای حکومەتی هەەێمی کوردستان: لە زمانێکی بەهێزەوە بۆ کورستانێکی بەهێز)، کە بەشەکانی زمانی کوردی لە فاکەڵتییەکانی ئاداب و پەروەردە لە زانکۆی سۆران ڕێکیانخستبوو، پێشکەش کرا.

 

 

(*)

پسپۆڕی سیاسەتی زمان و پەروەردە

Top