ئایا میدیا لەم هەرێمە ڕێک دەخرێت؟
لەماوەی ساڵانی رابردودا بەردەوام پرسی رێکخستن و گرفتەکانی میدیاو شپرزی وپەرتەوازەیی ژینگەی میدیامان تا ئاستی ئەوەی بە پاشاگەردانی باسی دەکرێت باسی گەرم بووە،رەنگە سەدان سیمینارو سیمپۆزیم و کۆنفرانسی لەوبارەوە بۆ رێکخرابێت،هەوڵێکی زۆری پچڕپچڕی پسپۆڕان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی وزانکۆو پەیمانگاکان وسەندیکای رۆژنامەنوسان هەبوبێت، لەگەڵ هەزاران بەرنامە و دیبەیتی رادیۆووتەلەفزیۆنی و وتار بۆ رۆژنامەکان .هەریەکەش بە جۆرێک و بەشێوازێک ڕێگا چارەی پێشنیار کردبێت. جگە لەوەی کە چەند یاسایەک بەرهەم هاتوون هەرلەیاسای رۆژنامەگەری ژمارە ٣٥ و یاسای بەدەست هێنانی زانیاری و یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێری ئەلەکترۆنی ویاسای رێکخستنی ریکلام. و بەردەوامیش پرۆژە یاسا لەم لایەن و لەو رێکخراو پێشنیاردەکرێت و دەنێردرێتە پەرلەمان.بەڵام بۆ تائێستا نەگەشتوینەتە ئەنجامێک کە ژینگەی میدیایو کاری رۆژنامەنوسی بەشێوەیک کاربکات خزمەت بە نیشتمان و هاوڵاتی و پرسەکانیان بکات. گەرچی لەبەهای ئەم مجۆرە هەوڵ وکارانە کەم ناکەینەوە بەڵام بەم جۆرە هەوڵ وکارانە بۆ ناگەینە ئەنجام؟ لەراستیدا بگەڕێینەوە بۆ راستی بابەتەکە ،میدیا ئۆرگانێکە،سێکتەرێکە وەک هەر ئۆرگان و سێکتەرێکی تری نیشتمان ،کە دەبێت هاوشێوەو هاوتەریب وهەماهەنگ لەگەڵ سیستمەکانی تری پەروەردە، کۆمەڵایەتی ،حوکمڕانی کاربکات و ئیش بکات.پرسێکە هی کۆمەڵێک یان چینێک یان تاکێک یان هاوڵاتیەک نیە تاکوو چینێک یان لایەن وکۆمەڵێک بەتەنها بتوانن رێکی بخەن،هەرگیز بووە هیچ حکومەتێک سێکتەرەکانی وەک پەروەردە و خوێندن و ژینگە...هتد بداتە دەست خەڵک ورێکخراو بڵیت بۆم رێک خەن،دەی میدیاش زیاتر رۆڵی نەبێت لەوڵاتدا لەم سێکتەرانە کەمی نیە،ئیتر بۆ دەبێت ئاوڕی لێنەدرێتەوە و بەنیشتمانی رێک نەخرێت؟ وە باس کردن لەژینگەی میدییاش باسکردن نیە تەنها لەوەی دەزگا راگەیاندنەکانمان چۆن ئیش بکەن.بەڵکو باسکردنە لەوەی سیستمی میدیایمان چۆن بێت؟ نیشتمانی بێت،حیزبی بێت، هاوڵاتی بێت و خزمەتگوزرای گشتی بێت؟ چ مۆدیلێک پەێڕەوکەین ،حکومی، بازرگانی ،میدیای خەڵک؟ کێ ئیدارەی میدیا بکات،حکومەت، پەڕلەمان،خەڵک؟کێ مافی خاوەنداریەتی میدییا هەبێت ؟ کێ دارایی بکات؟ بەرهەمەکانمان چی بێت، خەیاڵی بێت، ڕیاڵیتی بێت؟ بەرهەمان خۆماڵی بێت ؟خۆمان بەگوێرەی پێداویستی کۆمەڵگەکەمان بەرهەمی بهێنین یان لەدەرەوە هاوردەی بکەین؟ لەکوێ کامە وڵات هاوردەی بکەین؟ چی هاوردە بکەین؟ کەئەمانە تائێستا بی بەرنامە بوون هەرچی هاوردە کراوە هاوردەکراوە؟ چ سیستمێک پەێڕەوبکەین ،لیبراڵی،دەسەڵات یان بەرپرسیاریەتی کۆمەڵایەتی؟ ئەمانە هەموو باسن. رۆژنامەنوس بە چ یاسا وئیتیک و بەڵێنامەیەکی شەرەف کار بکات. ماف و ئیمتیازو رێکخستنی پیشەی رۆژنامەنوس چۆن بێت،بە چ سیستمێک کاربکات؟ ئەمرۆش سۆشیاڵ میدییای بۆ ئیزافە بووە ،ئەمەش رێکخستنی دەوێت،چۆن رێکی بخەین بەتەکنیک یان ئیتیک،یان یاسا؟. هەموو ئەمانە دەسەڵاتی نیشتمان و حوکمڕانین دەبێت لەوێوە رێک بخرێت.میدیا پرسێکی نیشتمانیە،پرسی نیشتمانیش بە نیشتمان وهەوڵ وهاوکاری هەمە لایەنە دەکرێت.نەک رێکخراوێک یان حیزبێک یان گروپ و تاقمێک پرۆژەیەک دانێن و لایەنی ترو رێکخراوی ترو حیزبی ترو گروپ و تاقمی تر دژی بوەستنەوە. کەواتە ئەم خەمە دەبێت نیشتمان لەئەستۆی بگرێت لەسیستمەوە پیایدا بچینەوە بناغەی بۆ دانێین لەچوارچێوەی سیستمە حوکمڕانیەکە بیری لێبکەینەوە نەک بیخەینە دەرەوەی سیستمی حوکمڕانی و چاوەڕێش بین میدیا ئیشمان بۆ بکات و بەرپرسیاریەتی نەتەوەیی و نیشتمانیمان بۆ هەڵگرێت و لەخەمی کەلتورو فەرهەنگ و ناسنامەمان بێت. تا ئەو خەمە نیشتمانیە دروست نەبێت و داوای هەوڵی هەمەلایەنی نیشتمانی نەکات ئەستەمە رێکبخرێت.