لە ڕێوڕەسمێكدا هەر دوو قائیمقامی عەنکاوە و پیرمام بە فەرمی دەست بەكار بوون

لە ڕێوڕەسمێكدا هەر دوو قائیمقامی عەنکاوە و پیرمام بە فەرمی دەست بەكار بوون

 

ماوەیەك لەمەوبەر بە بڕیاری سەرۆكی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەردوو ناحیەى عەنکاوە و پیرمام بەفەرمى بوون بە قەزا، لەم ڕووەوە  قائیمقامی هەردوو قەزاکە بە وەکالەت دەست بەکاربوون.

 

بۆ ئەم مەبەستە ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر فەرمانى کارگێرى و دەست بەکاربوونى وەک قائیمقام بەوەکالەت لە عەنکاوە و پیرمام ڕادەستى رامی نوری عۆدیش وەک قائیمقامى قەزای عەنکاوە  و حامید ئیسماعیل حەمەدەمین، وەک قائیمقامى قەزای پیرمام  کرد.

 

لە كۆبوونەوەیەكدا بەم بۆنەوە پارێزگارى هەولێر ڕووی لە هەردوو قائیمقامی تازە كردو پێی گوتن: وەک پارێزگاى هەولێر بەهەموو شێوەیەک پاڵپشت و هاوکارتانین لەپێناو سەرخستنى کارەکانتان و خزمەتکردنى زیاترى دانیشتوانى قەزاکانتان، بێ گومان ئەمە بەرپرسیاریێتی زیاتر دەخاتە ئەستۆى ئێوە و بەرپرسانی دیکە قەزاکانى عەنکاوە و پیرمام، بۆیە دەبێت لە هەمو روویەکەوە هەوڵی زیاتر بدەن بۆ ئەوەى خزمەتی پترى دانیشتوان بكەن.

 

جێی وەبیرهێنانەوەیە لە ڕۆژی 18ی مانگی ڕابردوو مسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، فەرمانی بەقەزابوونی بۆ ناحیەکانی عەنکاوە و پیرمام لە سنوری پارێزگای هەولێر و  ناحیەی بازیان لە پارێزگای سلێمانی دەرکرد.

Top