سیروان محەمەد ڕاوێژكاری وەزارەتی پلاندانان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان: دیدگای 20-30 نەخشەڕێگا و ڕێنیشاندەرە بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان و پاڵپشتیكردنی ڕیفۆرمی ئابووریه
دیدگای 20-30 نەخشەڕێگا و ڕێنیشاندەرە بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان و پاڵپشتیكردنی ڕیفۆرمی ئابووری
یەكێك لە پێداویستییە سەرەكییەكانی ئەم سەردەمە، پلاندانانە بۆ جێبەجێكردنی ڕیفۆرمی ئابووری و ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەكان، كە ئەرك و بەرپرسیارێتیی گرنگی لە ئەستۆدایە، وەك داڕشتنەوە و دیاریكردنی پلانی ستراتیژی كە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دادەڕێژدرێت، ئەركی وەزارەتی پلاندانانیش لەم ڕووەوە سەرپەرشتیكردنی پڕۆژەكانی وەبەرهێنانی حكومەتە، كە لە چوارچێوەی بودجەی گشتیدا بڕە پارەیەك تەرخان بكرێت، بۆ ئەم جۆرە وەبەرهێنانە و، پلان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی و ئابووری دابڕێژدرێت، بەتایبەتی ئەوەی كە پێی دەگوترێت «بەرەنگاربوونەوەی ئەگەرەكانی قەیرانی دارایی»، لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانیشدا، هەوڵەكانی جێبەجێكردنی نەخشەڕێگای ڕیفۆرمی ئابووری زیاتر بوون، ئەوە بوو دیدگای هەرێمی كوردستان 20-20 ئامادە كرا، بەڵام ئەەمیش بە هۆی هاتنی ئەو هەموو قەیرانەوە تا ئێستا نەتوانرا جێبەجێ بكرێت، ئەمانە و چەندین پرسی دیكەی پەیوەندیدار بوونە تەوەری سەرەكیی دیدارێكی گوڵان لەگەڵ سیروان محەمەد ڕاوێژكاری وەزارەتی پلاندانان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان.
* پلاندانان بۆ جێبەجێكردنی ڕیفۆرمی ئابووری و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەكان بە یەكێك لە پێداویستییە سەرەكییەكانی ئەم سەردەمە دادەنرێت، سەرەتا دەكرێت بزانین ئێوە لە وەزارەتی پلاندانان چۆن هاوكاریی وەزارەت و دامەزراوە حكوومییەكان دەكەن بۆ ئەوەی بە پلان دیدگا و ئامانجەكانی دامەزراوەكەیان دەستنیشان بكەن و لەسەر ئەرزی واقیع جێبەجێی بكەن؟
- بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، سەرەتا دەبێت بزانین وەزارەتی پلاندانان كە بەپێی یاسای ژمارە 7ی ساڵی 2006 دامەزراوە، گرنگترین ئەركەكانی لەم ڕووەوە چییە؛ داڕشتنەوە و دیاریكردنی پلانی ستراتیژی بە یەكێك لە هەرە ئەركە گرنگەكانی وەزارەتی پلاندانان دادەنرێت كە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەم پلانە دادەڕێژدرێت، ئەمەش دوای ئەوەی دیدگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ وەزارەتەكان دەستنیشان دەكات، بۆ ئەوەی لە ژێر ڕۆشنایی ئەو دیدگایەدا كارەكانیان بكەن.
ئەركێكی دیكەی وەزارەتی پلاندانان سەرپەرشتیكردنی پڕۆژەكانی وەبەرهێنانی حكومەتە كە لە چوارچێوەی بودجەی گشتی، بڕە پارەیەك تەرخان دەكرێت بۆ ئەم جۆرە وەبەرهێنانە، دەستەی ئامار كارەكەی ئەوەیە ئامار و داتا و نیشاندەر بە دەست بهێنێت، تاوەكو حكومەت سوودی لێ وەربگرێت و، بتوانێت پلانەكانی خۆی لە ڕوانگەی ئەو داتا و زانیاری و نیشاندەرانەوە دابنێت. هەر خۆی لە خۆیدا وەزارەتی پلاندانان بەپێی ناوەكەی و پێناسەكەی ئەرك و كارەكەی ئەوەیە هاوكاریی وەزارەتەكان بكات، بۆ ئەوەی بتوانن پلانەكانیان جێبەجێ بكەن و، بەرچاو ڕوونییەك دیاری بكات بۆ ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمان تاوەكو ئەوانیش بتوانن بڕیار بدەن بە پشتبەستن بە پلانێكی دیاریكراوی زانستییانە كە ئامادە كراوە، ئیتر چ بتوانن خۆیان ئەو پلانە جێبەجێ بكەن لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانیانەوە بە هاوكاری ڕێكخراو و ئاژانسە نێودەوڵەتییەكان، بۆ ئەم پەیوەندی و لێكتێگەیشتنەش لە ناو وەزارەتی پلانداناندا بەڕێوەبەرایەتییەكی گشتی هەیە بۆ ڕێكخستنەوەی كار و چالاكییەكان لە سنووری هەرێمی كوردستانی عێراقدا.
* پلاندانان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی و ئابووری گرنگی خۆی هەیە، بەتایبەتی ئەوەی كە پێی دەوترێت بەرەنگاربوونەوەی ئەگەرەكانی قەیرانی دارایی واتا پێش ڕوودانی قەیرانەكە، پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا لەم بارەیەوە وەزارەتی پلاندانان تا چەند كاری كردووە؟
- لە سەرەتاكانی 2015 ئەو كاتەی حكومەتی مەركەزیی عێراق قەیرانی دارایی دەرهەق بە هەرێمی كوردستان سەپاندبوو، بەوەی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستانی بڕی كە هاوكات بوو لەگەڵ دەستپێكردنی شەڕی تیرۆریستانی داعش و دابەزینی كتوپڕی بەهای نەوتی خاو، ئەمانە هەمووی كۆمەڵە هۆكارێكی سەخت و دژوار بوو بۆ تێكچوونی ڕەوشی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان، هەڵبەتە قەیرانە چاوەڕواننەكراوەكان كاریگەریی و شوێنەوارەكانی زۆر سەختترە لەو قەیرانانەی كە پێشوەختە خۆت بۆ ئامادە كردووە. ئێمە لە وەزارەتی پلاندانان بە هاوكاریی ڕێكخراوە پەیوەندیدارەكان بە تایبەتی لە ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەوانەی لە هەرێمی كوردستان بوون، لەگەڵ ئەو ڕێكخراوانەی لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان بوون كە دەمانتوانی سوودیان لێ وەربگرین، ئەوە بوو لە كۆتایی مانگی 5ی ساڵی 2016دا یەكەم نەخشەڕێگای ڕیفۆرمی ئابووری ئامادە كرا و دواتر ڕاگەیەندرا، كە بەداخەوە دەبوایە ئەو دەمە كاری لە سەر بكرایە، بەڵام بە هۆی سەختیی بواری دارایی و قەیرانەكان و چەند هۆكارێكی دیكەوە كاركردن لەسەر ئەم نەخشەڕێگایەی ڕیفۆرمی ئابووری دواكەوت، ئەو كات دەبوایە زۆربەی خاڵ و بڕگەكانی ئەو نەخشەڕێگایە تاوەكو ساڵی 2020 جێبەجێ بكرایە.
لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەوڵەكانی جێبەجێكردنی نەخشەڕێگای ڕیفۆرمی ئابووری زیاتر بوون، ئەوە بوو دیدگای هەرێمی كوردستان 20-20 ئامادە كرا، ئەمیش بە هۆی هاتنی ئەو هەموو قەیرانە نەتوانرا جێبەجێ بكرێت.
* كەواتە دەكرێت بوترێت خاڵی لاواز و لەمپەڕ لە بەردەم ڕیفۆرمی ئابووری لە هەرێمی كوردستان هەیە، بۆیە ئەو نەخشەڕێگا و دیدگا ئابوورییانەی دادەنرێن، لە ئەرزی واقیع جێبەجێ ناكرێن؟
- وەكو ئاماژەم پێ دا، قەیرانە دارایی و ئابوورییەكانی هەرێمی كوردستان ئەوەندە سەخت بوون، زەحمەتە هەموو بڕگە و خاڵەكانی نەخشەڕێگا و دیدگاكان جێبەجێ بكرێن، لەگەڵ ئەمەشدا لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵێكی زۆر دراوە بۆ ئەوەی ئەو خاڵانە دیاری بكەین كە لاوازن لەو پلانانە و پتەوتری بكەین. بۆیە وەزارەتی پلاندانان ئەركێكی زۆرتری لە سەرە و كاری لەسەر خاڵە لاوازەكان كردووە و ئێستا دیدگای هەرێمی كوردستان20-30 ئامادە دەكرێت و، چاوخشاندنەوە بە نەخشەڕێگای ڕیفۆرمی ئابووری دەكرێت. بە خۆشحاڵییەوە ئێستا دەرفەتێكی زیاتر هەیە بۆ ئەوەی لەگەڵ وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بە هاوكاری لایەنی نێودەوڵەتی و تێگەیشتنێكی باشتر لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی عێراق بۆ جێبەجێكردنی نەخشەڕێگای ڕیفۆرمی ئابووری و دیدگای 2030 تاوەكو بتوانین ئەو چاكسازییانەی لە هەرێمی كوردستان پێویستن، لە ڕێگەی وەزارەتی پلاندانانەوە دیاری بكرێن و كاریان لەسەر بكرێت، بەتایبەتی زیادكردنی هەلی كار بۆ گەنجەكان.
* باسی خاڵێكی گرنگت كرد كە ئێستا گەنجەكانی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لەشكرێك لە دەرچووانی زانكۆكانی كوردستان بە دەستیەوە دەناڵێنن، ئەویش دەستنەكەوتنی هەلی كاری گونجاو و شیاوە، ئایا ئێوە لە وەزارەتی پلاندانان چ پلان و بەرنامەیەكتان بەدەستەوەیە بۆ چارەسەركردنی ئەم گرفتە ئاڵۆز و هەستیارە؟
- دۆزینەوە و زیادكردنی هەلی كار بۆ گەنجەكان بەتایبەتی بۆ دەرچووانی زانكۆ بە یەكێك لە ستراتیژیەت و بەرنامەی كاری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دادەنرێت و، لە چوارچێوەی هێڵە گشتییەكانی كابینەی نۆیەم دادەنرێت، ئەمەش لە ڕێگەی ڕیفۆرمی ئابووری و چاكسازییەوە دەكرێت، كە دەبێت هێنانی كرێكاری بیانی كەم بكرێتەوە و توانای كرێكار و كارمەندان و دەرچووانی زانكۆكانی كوردستان بەرز بكرێنەوە و لەگەڵ پێشكەوتنەكانی سەردەمدا بگونجێت و بەپێی خواست و ویستی بازاڕ ئامادە بكرێن، ئەمە ڕێنمایی و واقیعبینانەی دەوێت، واتا خۆ ناكرێت چاكسازی كە پرۆسەیەكی بەردەوام و درێژە پەلەی تێدا بكرێت و بە بێ داتا و نیشاندەری ئابووری، هەروا بەپێی ویست و خواستی ناواقیعبینانە و نازانستییانە جێبەجێ بكرێت، ئەوەی باشی و كەموكورتییەكان دیاری دەكات، داتا و ئامار و نیشاندەرەكانە كە نیشانمان دەدات ئێمە لە چ قۆناغێكداین و بەپێی ئەم كێرڤ و زانیارییانە دەكرێت باشەكان باشتر بكرێن و كەموكورتییەكانیش ڕێگا چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە.
ئێمە لە دەستەی ئاماری وەزارەتی پلاندانان لە ساڵی 2012وە ساڵانە ڕووپێوێكی تایبەت جێبەجێ دەكەین كە تایبەتە بە ( هێزی كار – كار- بێكاری) كە ڕێژەكانی بێكاری و كاركردن و ئەو سێكتەرە ئابوورییانەی خەڵكی زیاتر كاری تێدا دەكەن و كاری تێدا دەدۆزرێتەوە، لەپاڵ چەندین نیشاندەری دیكەی گرنگ لەخۆ دەگرێت، ئەمەش دەبەسترێتەوە بە سیستەمی خوێندن لە وڵاتەكە بەتایبەتی لە هەر دوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا، بۆ ئەوەی زیاتر كار لەسەر ئەو پسپۆڕایەتییانە بكرێت، كە بازاڕی كار پێویستیەتی، هەروەها وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی بەرپرسیارە بەوەی ئەوەی بێكارن چ توێژ و چینێكن و چ ڕەگەز و تەمەن و پسپۆڕایەتییەكە، ئەمە وێڕای ئەوەی ئەركی ڕێكخستن و بەیاساكردن و دابینكردنی بیمە و زەمانەتی كاركردن لە كەرتی تایبەت بەرز بكاتەوە، بۆ ئەوەی چیتر ئەوەندە دەرچووانی زانكۆ و گەنجەكان لە چاوەڕوانی كاركردن نەبن لە كەرتی گشتی. لە دەستەی ئامار لە ساڵی 2021 نوێترین ڕووپێومان ئەنجام داوە و لەگەڵ ئەو خاڵە یەك دەگرێتەوە كە لە هێڵە گشتییەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان هاتووە و باس لە زیادكردن و پەیداكردنی هەلی كار دەكات بۆ سەرمایەی مرۆیی ناوخۆ و دەركردنی ڕێنمایی پێویست بۆ كەمكردنەوەی هێنانی كرێكاری بیانی و باشكردنی بازاڕی كاری هەرێمی كوردستان، ئەمەش دەرفەت بۆ گەنجەكان و خەڵكی هەرێمی كوردستان زیاتر دەخوڵقێنێت، تاوەكو كاری گونجاو و شیاویان دەست بكەوێت. دەستكاریكردنی ئەو یاسا و ڕێنماییانەی كە ڕێگرن لە بەردەم هاتنی بە لێشاوی گەنجەكانی دەرەوەی هەرێم و لە دەستدانی هەلی كار بۆ گەنجەكانی ناوخۆی هەرێم، كارێكی پێویستە بەتایبەتی سنوورداركردنی هێنانی ئەو كرێكارانە و كارمەندانەی پێویست نین و پسپۆڕایەتی و شارەزاییەكی بەرزیان نییە. ڕەنگە ئێوە بپرسن ئەمە كاتێكی زۆری دەوێت، بەڵێ ڕاستە، بەڵام خۆ دەبێت دەست پێ بكەین و كاری لەسەر بكەین، بۆ ئەوەی لە ساڵانی داهاتوودا قەبارەی گرفتەكە گەورەتر نەبێت و، بێكاری لەناو گەنجانماندا زیاتر نەبێت و، هەلی كاری پێویست بۆ گەنجەكانمان بدۆزینەوە. بە پشتبەستن بە داتا و نیشاندەرە ئامارییەكان كە دەستەی ئامار بەرپرسە لە دیاریكردنی پلانەكان و واقیعبینانە و باشتر و لە كاتێكی كەمتردا دەتوانرێت كاری جددی لە سەر بكرێت، بەتایبەتی لە ناو وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا.
* پلاندانان لەناو حكومەتێكی ناوەندیی پڕ لە كێشە و گرفت كارێكی ئاسان نییە، بە تایبەتی لەگەڵ بوونی زۆر لە دەسەڵاتە سیادی، ئایا لاوازی و ناسەقامگیریی ئەم پەیوەندییانە كاریگەرییەكانی لەسەر هەرێم چۆنە و چۆن دەكرێت خۆمانی لێ ڕزگار بكەین؟
- ئەو پەیوەندییەی لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵدا هەیە، بێ كەموكووڕی نییە و پتەویش نییە، بەڵام هەوڵەكان بۆ لێكتێگەیشتنی زیاتر لە نێوان ناوەند و هەرێمدا بەردەوامە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆر گرنگە هەرێم بەهێز بكەین، بەبێ پشتبەستن بە حكومەتی ناوەندی، دەرفەتێكی باشیشمان لە بەردەستدایە تاوەكو ئەوەندە لە ڕووی ئابوورییەوە پشت بە عێراق نەبەستین. بۆ نموونە دیدگای بیست سی 30-20 چوارچێوەیەكی فراوانە و خاڵە گشتییەكان دیاری دەكات، كە دەمانەوێت بگەینە كوێ، بە تایبەتی لە بوارەكانی تەندروستی و سەرمایەی مرۆیی و پیشەسازی و كشتوكاڵ و تەندروستی و . تادوایی. بە ڕای زۆربەمان لە وەزارەت و سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران وا دانراوە، لە ناو كارەكاندا ون نەبین و بزانین تا 2030 بگەینە كوێ، ئەمە وەكو ئامانجەكانی پەرەپێدانی بەردەوامە 30-20 ئەویش دیدگایەكە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دیاری كردووە بۆ ئەوەی وڵاتان كار بكەن بۆ باشتركردنی ڕەوشی هاووڵاتیان و پەیوەندییەكان لە نێوان وڵاتان. بە شێوەیەكی گشتی دەبێت دیدگای 2030 لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوو جێبەجێ بكەین، بۆ ئەوەی چیتر ئەوەندە پشت بە داهاتی نەوت و فرۆشتنی نەوت نەبەستین، چونكە دوای 10 ساڵی دیكە نرخەكانی نەوت وەكو ئێستا نابێت و جیهان بە دوای بەدیلی نەوتدا دەگەڕێت و ڕەنگە عێراق دووچاری قەیرانێكی زۆر سەخت ببێتەوە، ئەو كات ئێمە لە ڕووی ڕیفۆرمی ئابووری و بەهێزكردنی ژێرخان و ئابووریی هەرێمەوە شوێنەوارەكانی ئەو قەیرانە وا نەكات بارودۆخەكەمان تێك بچێت.