هونەری شانۆ لە هەولێر

هونەری شانۆ لە هەولێر

موحسین محەمەد

پەیدابوونی هونەری شانۆ بە شێوازی ئەورووپی لە كوردستان دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای بیستەكانی سەدەی ڕابردوو، كە شانۆگەریی سەڵاحەدینی ئەیووبی لە نووسینی نەجیب حەداد لەلایەن قوتابیان و مامۆستایانی قوتابخانەی (ئەربیل ئولا) لە پاییزی ساڵی 1921 بە زمانی عەرەبی نمایش كراوە. ئەم شانۆگەرییە لە ژێر كاریگەریی وەرگرتن لە شانۆی موسڵ وەرگیراوە، كە هەمان ساڵ لە دەرهێنانی ئەندازیار ئەرشەدەفەندی ئەلعەمەری لەو شارە نمایش كراوە. ئەوانەی كە لە هەولێر بەشداریی نمایشەكەیان كردووە، بریتی بوون لە (عەبدوڵا عەزیز كارگەچی، غەریب سەلیم، حیسامەدین یەحیا، عەبدولموتەلیب سەید جەمیل، ئەدیب عەلی). شیاوی گوتنە ئەدیب عەلی ڕۆڵی ئافرەتی لە شانۆگەرییەكەدا بینیوە، لە كاتی نمایشەكەدا شەربەت بەسەر بینەران و ئەهلی بازاڕدا دابەش كراوە، بە بۆچوونی من نمایشكە بەبۆنەی دووەمین ساڵی بوونی هەولێر بە لیوایەكی سەربەخۆ بووە، كە لە 1/11/1919 بڕیاری لەسەر دراوە، ئەوسا پێیان دەگووت موتەسەڕیفیە. بەر لەو نمایشە خۆماڵییە كە ئەمساڵ یادی سەت ساڵەی پەیدابوونی هونەری شانۆ لە هەولێر كرایەوە، پێشتر نمایشی شانۆی عەربی و توركی هاتووەتە شارەكە، وەكو شانۆگەریی میری دیل وەرگێڕانی نەعوم فەتحوڵا سەحار كە لەلایەن قوتابخانەی ئایینی دۆمەنیكانی موسڵ لە ساڵی 1905 لە هەولێر لە كەنیسە نمایش كراوە. هەر لەسەردەمی هاتنی ئینگلیز بۆ هەولێر نمایشی شانۆیی عەرەبی و توركی هاتووەتە هەولێر .

هونەری شانۆ لە هەولێر

لە مانگی دوازدەی 1928 ئۆرتۆغراڵ سەعدوڵا و قەرەتوخانم كە دوو ئەكتەری دارولبەدائیعی هونەر بوون، لە ئەستەنبوڵ هاتوونەتە هەولێر و نمایشی شانۆییان كردووە، لە سەرەتای ساڵی 1929 مامۆستایان و قوتابیانی سانەویەی هەولێر بەسەرپەرشتیی مامۆستا فوئاد ڕەشید بەكر شانۆگەرییەكیان لەبارەی دابوڕەوشت بە زمانی كوردی نمایش كردووە و، 212 ڕوپییەیان بۆ قوتابخانەكە كۆكردووەتەوە، بەپێی گۆڤاری زاری كرمانجی ناوی نمایشەكە (وێنەتی) بووە، لە ساڵی 1930 مامۆستا عەبدولمەجید حەسەن لە قوتابخانەی سانەویەی هەولێر بۆ جاری دووەم شانۆگەریی سەڵاحەدینی ئەیوبیی نمایش دەكات، كە یەكەمین شانۆگەرییە كە وێنەی هەیە، هەر لە سنووری پارێزگای هەولێر لە ساڵی 1931 مامۆستا فوئاد ڕەشید بەكر شانۆگەریی (نیرۆن) لە نووسینی محەمەد لوتفی جومعە لە ڕواندز نمایش دەكات، لەو بەرهەمەدا بەهرەی مامۆستا جەواد ڕەسوڵ ناجی بەدیار دەكەوێت، لە شانۆگەریەكەدا سەری بە نووكی شمشێر زامدار دەبێت، بەڵام ئەو شانۆگەرییەكە ڕا ناگرێت. شانۆگەریی كچی كوردستان وەكو یەكەمین دەقی كوردی لە ساڵی 1931 لە كۆیە نمایش كراوە، پاشان لە هەولێر دووبارە كروەتەوە، شانۆگەریی سەڵاحەدینی ئەیوبیش لە ساڵی 1935 لە كۆیە نمایش كراوە. قوتابخانەكانی پارێزگای هەولێر چ ئەوانەی ناوشار، یان شارۆچەكەكان ڕۆڵێكی گرنگیان لە بزاڤی شانۆی شارەكەدا هەبووە، قوتابخانەی شەوانی هەولێر لە 1933 شانۆگەریی (بەزەیی تاوانبار)ی نمایش كردووە و قوتابخانەی ناوەندیی كوڕانیش بۆ یەكەم جار لە 1934 شانۆگەریی (بازرگانی ڤینیسیا)ی شێكسپیری نمایش كردووە، لە ساڵی 1939 بۆجاری سێیەم شانۆگەریی سەڵاحەدینی ئەیوبی بە زمانی كوردی نمایش كراوە و، دووەمین شانۆگەرییە كە وێنەی چەند ئەكتەرێكی هەیە، كە نیگاركێش و دەرهێنەر مامۆستا دانیال عوزێر قەساب كاری دەرهێنانی بۆ شانۆگەریەكە كردووە و، دواتر ڕۆڵێكی گرنگی لە بزاڤی شانۆی شارەكەدا بینیوە، تا دواتر هەر لە سەر دەستی ئەویش (مامۆستا جواد ڕەسول ناجی) وەك ئەكتەر و دەرهێنەر گەشە دەكات، كە لە پەنجاكانی سەدەی ڕابردوو ڕۆلێكی گرنگ دەبینێت و هونەری شانۆش باشتر گەشە دەكات. مامۆستا سەفوەت جەڕاح كە لە ساڵی 1952 بەشداریی لە شانۆگەریی ئۆتێلۆ كردووە، ئیتر ئەو هونەرە كاری لێ كردووە و وەكو یەكەمین قوتابیی هەولێر چووەتە پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی بەغدا و لەوێ بڕوانامەی دبلۆمی لە هونەری شانۆ وەرگرتووە، كە گەڕاوەتەوە شارەكەش، برەوی بە هونەری شانۆ داوە و كاریگەریی لەسەر قوتابیان داناوە، لەوانەش مامۆستا سەباح عبدڕەحمان، دواتر چووەتە پەیمانگەی هونەرە جوانەكان و لەساڵی 1967 بڕوانامەی دبلۆمی لە هونەری شانۆ وەرگرتووە، لە پاڵ مامۆستا سەفوەت ڕۆلێكی كاریگەریان بینیوە لە دامەزراندنی شانۆی ئەكادیمی لە هەولێر. لە ساڵی 1966 نووسەر و هونەرمەند مامۆستا تەڵعەت سامان و فەرهاد شەریف چوونەتە ئەكادمیای هونەرە جوانەكانی بەغدا، دواتر زوهێر عەبدلمەسیح چووەتە ئەو كۆلێژە، ئەو هونەرمەندانە كاتێ كە دەگەڕێنەوە شاری هەولێر ڕۆلێكی كاریگەر دەبینن لە دامەزراندی شانۆی ئەكادیمی لە شارەكەدا و ڕوخساری هونەری شانۆ بەرەو ئاستێكی هونەریی بەرز دەبەن. هونەرمەندان (سەعدون یونس و فەتاح خەتاب) وەك دوو دەرهێنەر و (پەیمان بەگۆك و ساڵح عومەر) وەك دوو ئەكتەر پەیمانگەی هونەرە جوانەكانیان تەواو كردووە كە ڕۆڵی كاریگەریان لە شانۆی شارەكەدا بینیوە. هونەرمەند هاشم زەینەڵ لە سەرەتای حەفتاكان لە كەركووك گوازروەتەوە هەولێر و بەشداریی لە دامەزراندنی شانۆی ئەكادیمی هەولێر كردووە، لە ناوەڕاستی هەشتاكان جارێكی دیكە گەڕوەتەوە كەركووك. سەباح عەبدڕەحمان بە هاوكاریی ژمارەیەك لە هونەرمەندانی مۆسیقی تیپی هونەریی هەولێر یان دامەزراندووە، تەڵعەت سامانیش كۆمەڵەی هونەروێژەی كوردی و دواتر تیپی هونەریی نوێی دامەزاندووە. لە حەفتاكانی سەدەی ڕابردوو تیپی شانۆی لادێ و لە هەشتاكان تیپی شانۆی ڕۆشنبیری و تیپی نواندنی هەولێری دامەزراندووە كە سەر بە دەزگەی سینەماو شانۆی بەغدا بوو، ڕۆڵێكی گرنگیان بینی لە بەرزكردنەوەی هونەری شانۆدا گێڕاوە.

هونەری شانۆ لە هەولێر

لەسەرەتای حەفتاكان ئافرەت لە شانۆی هەولێر بە ئاستێكی هونەریی بەرز چوونەتە سەر تەختەی شانۆ، لەوانە (شەقییە شەوكەت، قانیعە، سوهام، ئاشتی عەبدولكەریم و ئازادە جەلال و دواتر ئاواز مەحمود، رۆژهەڵات مەحمود، سەمیرە عەبدۆك) كە ڕۆڵێكی مەزن دەبین لە برەودانی شانۆی شارەكە. لە حەفاكان چەندین ئەكتەری بەتوانا پەیدادەبوون لەوانە (چەتۆ حەسەن، مەحموود بێوەی، فەیسەڵ محەمەد ساڵح، خەلیل یابە، عەبدولڕەزاق شەمسەدین، واحید مەرجان، سەلام كۆیی، سوبحی كۆیی، هۆشیار سەید ئەحمەد، سابیر عەبدولڕەحمان، شوكروڵا شێخانی، شێرزاد پۆلیس. زاهیر عەبدوڵا، موئەیەد فەقێ، ئەنوەر شێخانی، ئیبراهیم حەكیم).  لە هەولێر سێ هۆڵی شانۆی هەیە، هۆڵی گەل دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای شەستەكان، ئێستا لەژێر نۆژەنكردنەوەدایە. هۆڵی ڕۆشنبیری بۆ حەفتاكان و هۆڵی میدیا بۆ هەشتاكان كە دوو هۆڵی شایستەن بۆ نمایشی شانۆیی گەر كەموكوڕییەكان چارەسەربكرێن. لە بواری نووسینی شانۆیی وەكو دەق و ڕەخنەو بەدواداچوون، نوسەران (حەمە كەریم هەورامی، تەڵعەت سامان و، ڕەخنەگران حەیدەر عەبدولڕەحمان و كەمال غەمبار و سەباح هورمز و موحسین محەمەد، رۆژنامەنووس مەغدید حاجی) لە قۆناغی بەر لە ڕاپەڕین ڕۆڵیان لە برەودانی هونەری شانۆی شارەكەدا كاریگەر بووە. لە دوای ڕاپەڕین و لە سەردەمی دامەزراندنی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی هەولێر دامەزرا، دواتر كۆلێژی هونەر، كە ژمارەیەكی زۆر لە قوتابیان لەو دوو خوێندنگەیەدا بڕوانامەی شانۆییان بەدەست هێناوە، هاوكات بەڕێوبەرایەتیی هونەری شانۆ دامەزرا، كە چەندین تیپی هونەریی شانۆیی دیكە دامەزران وەكو، گرووپی گەنج بۆ شانۆ، تیپی شانۆی ڕۆژ، تیپی نواندنی هەولێر، تیپی شانۆڤانی كورد. ساڵانە لە هەولێر ڤیستیڤاڵی شانۆیی نێودەوڵەتی سازدەكرێت و تیپە شانۆییەكان بەشداری لە ڤیستیڤاڵە شانۆییەكانی كوردستان و دەرەوە دەكەن، بەگشتی هونەری شانۆ لە هەولێر لە ڕووی چەندایەتییەوە گەشەی كردووە، بەڵام لە ڕووی چۆنایەتییەوە ئاستی هونەری و پیشەیی دابەزیوە، ئێستا بەدەگمەن شانۆگەری بە پلیت نمایش دەكرێت، ڕۆژانی نمایش لە حەوت ڕۆژی حەفتاكان و هەشتاكانی سەدەی ڕابردووەوە بووە بە سێ ڕۆژ و بە خۆڕایی نمایش دەكرێت.

هونەری شانۆ لە هەولێر
Top