دكتۆر عەبدولڕەزاق محەمەد بەڕێوەبەری گشتیی پەرەپێدانی مرۆیی لە وەزارەتی پلاندانان بۆ گوڵان: لەم كابینەیەدا گرنگییەكی تایبەتی بە پەرەپێدانی سەرچاوەی مرۆیی دەدرێت

دكتۆر عەبدولڕەزاق محەمەد  بەڕێوەبەری گشتیی پەرەپێدانی مرۆیی لە وەزارەتی پلاندانان بۆ گوڵان:  لەم كابینەیەدا گرنگییەكی تایبەتی بە پەرەپێدانی سەرچاوەی مرۆیی دەدرێت

 

 

 

پەرەپێدانی مرۆیی یەكێكە لە بنەماكانی سەركەوتنی پەرەپێدانی ئابووری و پرۆسەی چاكسازی، لەم ڕووەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان گرنگییەكی تایبەتی بە بەرزكردنەوەی توانای مرۆیی و بەهرەی فەرمانبەران داوە، لەم پێناوەشدا بۆ ئەمساڵ چەندین خولی مەشق و ڕاهێنان ئەنجام دەدات، بۆ قسەكردن لەسەر گرنگیی پەرەپێدانی مرۆیی ئەم دیدارەمان لەگەڵ دكتۆر عەبدولڕەزاق محەمەد بەڕێوەبەری گشتیی پەرەپێدانی مرۆیی لە وەزارەتی پلاندانان ساز دا؛ لێرەدا پوختەی وەڵامەكانی بڵاودەكەینەوە.

 

 

* زۆر باس لە كەموكورتیی هەیكەلی ئابووری لە هەرێمی كوردستان دەكرێت، كەچی لایەنێكی زۆر گرنگ لەم ڕووەوە گرنگیی پێ نادرێت، كە لایەنی بەرزكردنەوەی توانای مرۆیییە، دەكرێت پرۆسەی چاكسازی و پەرەپێدانی ئابووری بە بێ ئەم بوارە گرنگە سەركەوتن بەدەست بهێنێت؟

- چەمكی (پەرەپێدانی ئابووری) لە دوای جەنگی یەكەمی جیهانییەوە سەری هەڵدا، ئەو دەمەی وڵاتانی زیانمەند لە شەڕەكەدا پێویستیان بەوە هەبوو دووبارە وڵاتەكانیان بچێتەوە سەر ڕێچكەی ئاسایی خۆی و ژێرخانەكەیان بونیات بنێننەوە، ئەوە بوو لە پرۆسەیەكی فراواندا دەستیان بە پەرەپێدانی ئابووری كرد، هەر لە ناو پرۆسەكەدا دەركیان بەو ڕاستییە كرد كە ئەم پرۆسەیە بە تەنیا سەركەوتن بەدەست ناهێنێت، ئەگەر گرنگی بە لایەنی مرۆیی نەدرێت، ئەوە بوو هاوكێشەكە گۆڕدرا و ئەمجارە دەست كرا بە پرۆسەیەكی دیكە، كە بریتی بوو لە (پەرەپێدانی ئابووریی كۆمەڵایەتی) واتا بۆ ئەوەی كۆمەڵگە بەرەو پێشەوە ببرێت، پێویستە مرۆڤ بەشدارییەكی كارای هەبێت لە پرۆسەی بەرەوپێشبردنی ئابووری و فرەچەشنكردنی سەرچاوەكانی داهاتدا، دوای ماوەیەكی دیكە زاراوە و چەمكێكی پێشكەوتووتر دروست بوو، كە (پەرەپێدانی مرۆیی) بوو، چونكە دواجار مرۆڤە ئابووری و سیاسەت دروست دەكات و لە سێكتەرە جۆراوجۆرەكاندا پێشكەوتن و پەرەپێدان دروست دەكات و، سەرچاوە مرۆییەكان كلیلی پێشكەوتنەكانن. وڵاتانی زۆر هەن كە خاوەنی سەرچاوەیەكی سرووشتیی ئەوتۆ نین، كەچی لە ڕێگەی پەرەپێدان بە توانا مرۆییەكانیانەوە، بوونەتە وڵاتانی پێشكەوتوو و ناویان لە ڕیزبەندی وڵاتە پێشكەوتووەكانی دونیاشدا دێت، كۆریای باشوور و مالیزیا و سەنگافورا نموونەی ئەو وڵاتە پێشكەوتووانەی دنیان، كە توانیویانە لە ماوەیەكی كەمدا بە پشتبەستن بە سەرچاوەی مرۆیی، موعجیزەی ئابووری بخوڵقێنن. سەبارەت بە وەڵامی تەوەری دووەمی پرسیارەكەشتان؛ خۆ ئەگەر باسی هەرێمی كوردستان بكەین، ئەوا دەبێت سەرەتا باسی ئەو فاكتەرە جۆراوجۆرانە بكەین كە ڕێگر بوون لە بەردەم ئەم جۆرە پەرەپێدانە مرۆییەدا، كە بە بێ ئەم پەرەپێدانە ناكرێت سەرچاوەی ئابووری و داهاتمان فرەچەشن بكەین و پەرە بە سێكتەرە جیاجیاكان بدەین، هەرچەندە كابینە یەك لەدوای یەكەكان هەوڵێكی زۆریان داوە كە گرنگی بە پەرەپێدانی مرۆیی كارمەندەكانیان بدەن، بەڵام لەم كابینەیەدا بۆ پێشخستن و پێشكەوتن لە سێكتەرە جۆراوجۆرەكاندا سەرچاوە مرۆییەكان وەكو فاكتەر و هۆكارێك سەیر دەكرێن، ئەو ستراتیژییەی كە لە بواری پەرەپێدانی مرۆیی لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان پەیڕەو دەكرێت، ئومێدبەخشە بۆ ئەوەی فاكتەری لاوازی لایەنی مرۆیی چارەسەر بكرێت و بەرەو فرەچەشنكردنی ئابووری و فرەسەرچاوەكردنی داهاتەكانمان لە هەرێم و بووژانەوەی سێكتەرە جیاجیاكان هەنگاو بنێین.

* دەبێ پەرەپێدانی مرۆیی بۆ فرەچەشنكردنی ئابووری و فرەسەرچاوەكردنی داهاتەكان لە كوێوە دەست پێ بكرێت و، ئایا ئێوە لە وەزارەتی پلاندانان لەم ڕووەوە چیتان كردووە؟

- هەرچی ئەو سیاسەت و بەرنامە ئابوورییە هەیە كە لەم كابینەیەدا دەست پێ كراوە، تا هەیكەلی ئابووریی هەرێمی كوردستان گۆڕانكاریی نەوعیی بەسەردا بێت و، ڕوو لە كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری بكەین، ئەوا بەبێ گرنگیدان بە ئامادەكردنی دەستی كاری بەتوانا و كارامە ناكرێت هەموو ئەم سێكتەرە ئابوورییانە بەرەو پێشەوە ببەین، ئەمە پێویستی بە چاكسازیی كارگێڕی و ئامادەكاری بۆ بەرزكردنەوەی كارامەیی مرۆیی هەیە، تا بتوانین ئەو ستراتیژییەی لە كارنامەی ئەم كابینەیەدا دانراوە، بە جوانترین شێوە لە ڕووی پراكتیكییەوە جێبەجێ بكەین. لێژنەی بڕیاری ژمارە 33ی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران كە من ئەندامم لەو لێژنەیە و بۆ دووبارە پێداچوونەوە بە هەیكەلی وەزارەت و دامەزراوەكانی حكومەت دانراوە، هەنگاوی گرنگی ناوە تا دواجار بتوانین دامەزراوەكانی حكومەت بە ستانداردی نێودەوڵەتی و بە یەك ستاندارد و میكانیزمێك كار بكەن و وەسفی وەزیفی پێناسە بكەینەوە، چونكە دامەزراوەكان گرنگن بۆ پەرەپێدانی لایەنی مرۆیی و، لە ئێستادا سەرقاڵی داڕشتنەوەی دیراسەتێكین بۆ ئەم مەبەستە و لەگەڵ سەرجەم وەزارەتەكان لە پەیوەندیی باشداین.

* لایەنێكی گرنگی پەرەپێدانی مرۆیی خولەكانی مەشق و ڕاهێنانە، بەتایبەتی خولە خێراكان و دامەزراندنی پەیمانگاكانی پیشەییە، كەچی لە ئێستادا هەموو قوتابیان ڕوویان لە زانكۆ كردووە و دوای بەدەستهێنانی بڕوانامەش بازاڕی كار و پێشكەوتنەكانی سەردەم، سوودیان لێ وەرناگیرێت و بازاڕ بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییەكانیان ڕوو لە دەستی كاری بیانی دەكەن، ئەم گرفتە ئاڵۆزە چۆن چارەسەر دەكرێت؟

- ئەمە پرسیارێكی زۆر مەنتیقی و گونجاوە؛ پێش ئەوەی باسی ئەو واقیعەی توانای مرۆیی دەستی كار لە هەرێمی كوردستان بكەین، ڕاستییەك هەیە دەبێت هەموومان بیزانین، گۆڕانكارییە ماددییەكان خێراتر و فراوانترن لە گۆڕانكارییە عەقڵییەكان، دەكرێت ئێمە لە ماوەی چەند ڕۆژێكدا دەستمان بگاتە پێشكەوتووترین تەكنەلۆژیا، بەڵام مەرج نییە ئەم تەكنەلۆژیا پێشكەوتووە وا بە خێرایی بگاتە زۆرترین عەقڵی بەكارهێنانی تەكنەلۆژیایەكی وا پێشكەوتوو، یان بزانین چۆن بەكاری دەهێنین، بۆیە پێشكەوتنە عەقڵی و فكرییەكان بەتایبەتی لە جیهانی سێدا هێواشترن و پشوودرێژیی دەوێت، هەر خۆی لە خۆیدا لە یاسای خزمەتی مەدەنیی عێراقیدا زاراوەیەك نییە بە ناوی سەرچاوەی توانای مرۆیییەوە، ئێمە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەرەپێدانی مرۆیی لە وەزارەتی پلاندانان، یەكێك لە ئەركە هەرە سەرەكییەكانمان بریتییە لە كردنەوەی خولی مەشقی بەردەوام، كە تەنیا لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا 20 تا 21 هەزار فەرمانبەر مەشقیان پێ كراوە لە بوارەكانی كارگێڕی و ژمێریاری و ئای تی و زمان و بواری دیكەی وەكو ئیدارەی سەرچاوەی مرۆیی و.. تادوایی، لە دامەزراوەی ئەنیستیۆتی كوردستان بۆ كارگێڕیی گشتی KIPA ساڵانە نزیكەی 1500 – 1800 فەرمانبەر ڕاهێنان وەردەگرن، لەساڵی 2013وە ڕێككەوتنێكی ستراتیژیمان لەگەڵ وڵاتی كۆریای باشوور هەیە و، بڕی شەش ملیۆن دۆلار تەرخان كراوە بۆ ئەوەی زۆرترین خولی مەشق و ڕاهێنان بۆ فەرمانبەرانمان بكەنەوە، بۆ بەرزكردنەوەی توانای مرۆیی و دامەزراوەیی، بەتایبەتی لە بوارەكانی: كارگێڕیی گشتی و ئامادەكردنی بودجە و كارگێڕیی ئەلەكترۆنی و بەڕێوەبردنی زانیاری و گرێبەستە گشتییەكان و بەڕێوەبردنی تیم و پەیوەندییەكان و سیاسەتی گشتی و هۆشیاریی یاسایی و یەكسانیی جێندەر و بەڕێوەبردنی مەترسییەكان و قەیرانەكان و بەڕێوەبردنی پرۆژە و بیركردنەوەی ستراتیژی و دڵنیایی جۆری و ئامادەكردن و نووسینی پرۆپۆزەڵ و بەڕێوەبردنی كات و پلاندانان و بەڕێوەبردن و بەرنامە سەرەكییەكانی كۆمپیوتەر و...هتد) چەند فەرمانبەرێكی دیكەی شارەزامان بۆ كۆریای باشوور ناردووە بۆ شارەزابوون لە بەڕێوەبردنی خولەكان و ئیدارەدانی سەرچاوە مرۆییەكان. ئەم وڵاتە یەكێكە لە هەرە وڵاتە پێشكەوتووەكان، كە توانیویەتی لە ماوەیەكی كەمدا ببێتە خاوەنی سەرچاوەیەكی مرۆیی گەورە، لەم وڵاتەدا هیچ فەرمانبەرێك ناتوانێت پلەی بەرز بكرێتەوە، یان پۆست وەربگرێت تا ساڵانە خۆی نوێ نەكاتەوە لە بەشداریكردن لە خولی 100 كاتژمێریی جۆراوجۆری تایبەت بە كارەكەی خۆی، ئێمە ئەم یاسایەمان داڕشتووەتەوە و ئێستا لە ئەنجومەنی وەزیرانە، بۆ ئەوەی بتوانین ئێمەش لە هەرێمی كوردستان ئەو بڕگەیە جێبەجێ بكەین و، ڕوویەكی یاسایی پێ ببخەشین، بۆ ئەوەی هەموو فەرمانبەرانی حكومەت بەشداریی خولەكان بكەن و توانای مرۆیی خۆیان بەرز بكەنەوە. هەرچەندە ئێستا ساڵانە بە شێوەیەكی بەردەوام نزیكەی 70 خول دەكەینەوە و هەماهەنگیی تەواومان لەگەڵ وڵاتانی كۆریا و ژاپۆن و هەروەها ئاژانس و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی وەكو ڕێكخراوی USAID هەیە و لەمەشدا هەماهەنگیمان لەگەڵ وەزارەتەكان هەیە و، لەم ساڵدا زیاتری دەكەین بۆ ئەوەی پێداویستیی وەزارەتەكان بزانین و بەپێی پێداویستیی ئەوان خولەكانیان بۆ بكەینەوە، خۆشبەختانە حكومەتی هەرێمی كوردستان ساڵانە بودجەیەكی تایبەتی بۆ پەرەپێدانی مرۆیی و ئەنجامدانی خولەكانی مەشق و ڕاهێنان تەرخان كردووە.

 

Top