په‌روه‌رده‌ و فێركردن شكۆمه‌ندترین و پیرۆزترین پرۆسه‌ن

په‌روه‌رده‌ و فێركردن شكۆمه‌ندترین و پیرۆزترین پرۆسه‌ن

دواى پارووه‌ نان یه‌كه‌مین پێدوایستى میلله‌تان په‌روه‌رده‌یه‌، ئه‌مه‌ ووته‌ى گه‌وره‌ شۆرشگێری فه‌ره‌نسى (جۆرج دانتون)ه‌ كه‌ له‌ هه‌مان كاتدا پارێزه‌ر و ووتاربێژى به‌تواناى فه‌ره‌نسى بوو.
گومانى تێدانییه‌ په‌روه‌رده‌ پڕۆسه‌یه‌كی هه‌ره‌ پێویسته‌ بۆ ژیانى تاكه‌كان و كۆمه‌ڵگه‌ به‌ گشتى كه‌ له‌ په‌روه‌رده‌وه‌ هه‌موو هه‌نگاوه‌كانى بیناتنانى تاك و كۆمه‌ڵگه‌ و ووڵات ده‌ست پێ ده‌كات.
كه‌ له‌ سه‌ره‌تادا چۆن بتوانین له‌ ناخى تاكه‌كان په‌روه‌رده‌یه‌كى ته‌ندروست و متوربه‌كراو به‌ خۆشه‌ویستى و متووبوون بۆ خۆشه‌ویستى خاك و نیشتمان و له‌ ناخى منداڵه‌كان و قوتابیان چه‌كه‌ره‌ بكه‌ین كه‌ له‌گه‌ڵ گه‌وره‌بوونیان ئه‌و هه‌سته‌ گه‌وره‌تر بێت و نه‌توانێ هه‌رگیز ده‌ست به‌رداری بێت، به‌ڵكو زیاتر و زیاتر له‌ ناخى له‌ هه‌ڵسوكه‌وتى و له‌ كردار و گوفتاری ڕه‌نگ بداته‌وه‌، له‌ هه‌مانكاتیشدا بیكاته‌ سه‌رمه‌شقی كاره‌كانى و نه‌وه‌ دوای نه‌وه‌ بتوانێ ئه‌و هه‌سته‌ به‌ جۆش و خرۆش و گه‌رم و گورییه‌وه‌ بیگوازێته‌وه‌ بۆ نه‌وه‌كانى تر، وه‌كو ئه‌مانه‌تێكى مرۆڤایه‌تى و پێداویستى ژیان و سه‌ره‌تای په‌روه‌رده‌یه‌كى ته‌ندروست، بۆیه‌ هه‌رده‌م په‌روه‌رده‌ و فێركردن چه‌كێكى به‌هێز بووه‌ بۆ بنیاتنان و دروست كردنى شارستانیه‌ت و نه‌ته‌وه‌كان و هه‌ڵسانه‌وه‌ى میلله‌تان، پاراستنیان له‌ هه‌موو ته‌نگژه‌یه‌ك و ته‌نگ و چه‌له‌مه‌ و ده‌ست درێژییه‌ك، هه‌ر ئه‌وه‌ش ووڵاتانى پێشكه‌توو جیا ده‌كاته‌وه‌ له‌ ووڵاتانى ترى به‌ جێماو، كه‌ هه‌رده‌م ووڵاته‌ پێشكه‌وتووه‌كان گرنگى و بایه‌خی زۆر به‌ په‌روه‌رده‌ و فێركردن ده‌ده‌ن له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ بوونه‌ته‌ سه‌رقافله‌ى ووڵاتانى جیهان له‌ زۆربه‌ى زۆرى لایه‌نه‌ دیاره‌كان، ئه‌وه‌ش له‌ ئه‌نجامى درك كردن و هه‌ست كردنى سه‌ركردایه‌تى ئه‌و ووڵاتانه‌ دێت كه‌ باوه‌ڕى قوول و ته‌واویان به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ په‌روه‌رده‌ و فێركردن هه‌رده‌م به‌ردی بناغه‌ن له‌ هه‌ستانه‌وه‌ و په‌ره‌و پێشبردنی ووڵاتانه‌كانیان، هه‌نگاوێكى بنچینه‌یی تۆكمه‌یه‌ بۆ بنیاتنانى پاشه‌ رۆژێكى پڕشنگدار بۆ میلله‌ت و ووڵاته‌كانیان، چونكه‌ هه‌میشه‌ په‌روه‌رده‌ و فێركردن شكۆمه‌ندترین و پیرۆزترین پرۆسه‌ن له‌ سه‌ر گۆی زه‌وی و هه‌ر ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ پاڵنه‌ر و سه‌رخستنى كۆى پرۆسه‌كانى ترى ووڵات. بۆیه‌ له‌ بیرمان نه‌چێت گه‌ر بگه‌رێنه‌وه‌ دواوه‌ و بۆ چه‌نده‌ها ساڵ به‌ خێرایی ته‌ماشای مێژووی چه‌ند ووڵاتێك بكه‌ین كه‌ پێشتر وێران و كه‌لاوه‌ بوونه‌ له‌ هه‌ژاری و بێ كاری ده‌یان نالاند، چه‌ند سالێكه‌ ئه‌م ووڵاتانه‌ له‌ ووڵاته‌ هه‌ره‌ پێشكه‌وتووه‌كانى جیهانن له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌، ده‌بینین ئه‌زموونی ئه‌و ووڵاتانه‌ له‌ په‌روه‌رده‌وه‌ ده‌ستیان پێ پێكردوو و په‌روه‌رده‌ و فێركردن له‌ ئه‌ركه‌ هه‌ره‌ له‌ پێشینه‌كانیان بووه‌ و بۆته‌ سه‌رچاوه‌ی بنیاتنان و خاڵى وه‌رچه‌رخانى گه‌شه‌كردنى ووڵاته‌كانیان، نموونه‌ى ئه‌و ووڵاتانه‌ زۆرن كه‌ له‌ كیشوه‌ری ئاسیا كه‌ كوردستانیش ده‌كه‌وێته‌ هه‌مان كیشوه‌ر ووڵاتانى (سه‌نگاپوره‌ ، كۆریاى باشور،ژاپۆن، مالیزیا.....)، ووڵاتانى عه‌ره‌بی (ئیماراتی عه‌ره‌بی، قه‌ته‌ر، ئوردن، لوبنان...)، ووڵاتانى ئه‌وروپی(فنلدا، ئه‌ڵمانیا، به‌ریتانیا، هۆله‌ندا.....).
بۆیه‌ ئه‌زموونى ئه‌و ووڵاتانه‌ به‌ تاییه‌تى ووڵاتانى رۆژهه‌ڵاتى ئاسیا زۆر گرنگه‌ سوودیان لێ ببینرێ بۆ هه‌رێمى كوردستان، كه‌ چۆن ده‌ستیان پێكردووه‌ و به‌ پلانى دیراسه‌ت كراو بۆماوه‌ى چه‌نده‌ها ساڵ و روئیا و دیدگایان چۆن بووه‌ له‌ سه‌ر كۆی پڕۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ و فێركردن؟ به‌ هه‌موو وورده‌كارییه‌كانه‌وه‌ له‌ ڕووى پڕۆگرامه‌كان و ئه‌زموونه‌كان و مامۆستا و قوتابی و كارگێڕى قوتابخانه‌كان و كارگێڕى په‌روه‌رده‌یی و ڕاهێنان و مه‌شق به‌ گشتى و پسپۆڕیه‌تى له‌ ئه‌ركه‌كان و به‌رپرسیاریه‌تى دا له‌ كۆی به‌رپرسیاریه‌تیه‌كانى په‌روه‌رده‌ و فێركردن. له‌ ووتاره‌كانى داهاتوودا ووردتر باسى ده‌كه‌ین به‌ پاڵپشتى خواى گه‌وره‌.

بكركریم حسن
به‌رێوه‌به‌رى گشتى/ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌
ماسته‌ر له‌ كارگێڕى په‌روه‌رده‌یی

Top