چیایی تەیمور عەبدال ئەندامی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان:   هەوڵ دەدەین وەك یەك تیم لە بەغدا كار بۆ بەرژەوەندییە نیشتمانییەكانی كوردستان بكەین

چیایی تەیمور عەبدال  ئەندامی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان:     هەوڵ دەدەین وەك یەك تیم  لە بەغدا كار بۆ بەرژەوەندییە نیشتمانییەكانی كوردستان بكەین

 

 

دوای ئەوەی دادگای ئیتیحادی تانەی پەیوەست بە نادەستووریبوونی دانیشتنەكەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان و هەردوو جێگرەكەی هەڵوەشاندەوە، ئەوا دەبێت پرۆسە دەستوورییەكە ڕێچكەی خۆی بگرێت بەرەو هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و، پاشان پێكهێنانی حكومەت، ئەم پرسانە و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار بوونە تەوەری سەرەكیی دیدارێكی گۆڵان لەگەڵ چیایی تەیمور عەبدال ئەندامی خوڵی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

 

 

* سەرەنجام دادگای فیدڕاڵی بڕیارە وەلائییەكەی هەڵوەشاندەوە و دانیشتنی یەكەمی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق و هەڵبژاردنی سەرۆك و دوو جێگرەكەی پەرلەمانی بە دەستووری و یاسایی لە قەڵەم دا، ئایا تا چەند ئەم بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی بۆ ئەكتیڤبوونی ئەم خولەی پەرلەمان گرنگە و، تا چەند ئەم بڕیارە هەنگاوەكانی دیكەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و پێكهێنانی حكومەت خێراتر دەكات؟

- لە ڕاستیدا هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری وەلائی لە لایان دادگای فیدڕاڵییەوە، لە شوێنی خۆیدا بوو و بڕیارێكی یاسایی و دادپەروەرانەش بوو، دانیشتنی یەكەمی پەرلەمانیش كە ئێمە تێیدا بەشداربووین، یاسایی و دەستووری بوو، چونكە لەو كاتەی دادگای فیدڕاڵی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكەی پەسند كرد، ئەوە كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن سێ ناوی لە بەتەمەنترین پەرلەمانتارەكان پێشكەش كرد، بۆ ئەوەی بەتەمەترینیان یەكەم دانیشتنی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوە ببات، دەرئەنجام مەحموود مەشهەدانی سەرۆكایەتیی دانیشتنەكەی كرد، بەڵام لەبەر خراپیی باری تەندروستی نەیتوانی دانیشتنەكە بەڕێوە ببات و، لەكاتی دانیشتنەكەدا لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە مەحموود مەشهەدانییەوە كرا، ئایا دانیشتنەكەی پێ بەڕێوەدەچێت، یان نا؟ دیاربوو وەڵامی ئەوە بوو كە ناتوانێت دانیشتنەكە بەڕێوە ببات. پاشان بەتەمەنترین ئەو پەرلەمانتارەی دوای ئەو بەپێی یاساو پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان سەرپەرشتیی دانیشتنەكەی كرد و، نیسابی دانیشتنەكە تەواو بوو و بەپێی یاسا دەنگدان لەسەر هەڵبژاردن و دەستنیشانكردنی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و هەردوو جێگرەكەی بەڕێوەچوو و، هیچ كێشە و گرفت و كەموكووڕییەك لە دانیشتنەكەدا نەبوو. هەر بۆیە ئەو تانە و داوكارییەی پێشكەشی دادگای فیدڕاڵییان كرد، ناهەقی بوو و لە شوێنی خۆی نەبوو، چونكە ئەگەر دادگای فیدڕاڵی دانیشتنەكە و هەڵبژاردنی سەرۆك و هەردوو جێگرەكەی پەرلەمانی پەسند نەكردایە، ئەوە گیروگرفتێكی گەورە بۆ پەرلەمان و هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانیش دروست دەبوو. بەڵام بەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی پەرلەمان ئەكتیڤ دەبێت و پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و پێكهێنانی حكومەت خێراتر دەبێت، لە لایەكی دیكەوە دەبینین پاش ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی 8/2/2022 هەڵبژاردن بۆ سەرۆك كۆمار ئەنجام دەدرێت، هەر یەكێك ببێتە سەرۆك كۆمار ئەوە لە ماوەی یەك مانگدا كوتلەی گەورەی پەرلەمان ڕادەسپێرێت بۆ پێكهێنانی حكومەت، بەڵام ئەگەر لەماوەی ئەو مانگەدا كوتلەی گەورە نەیتوانی حكومەت پێك بهێنێت، ئەوە كوتلەی دوای كوتلەی گەورە ڕادەسپێردرێت بۆ دەستنیشانكردنی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران.

* موقتەدا سەدر تا ئیستاش جەخت لەسەر زۆرینەی نیشتمانی دەكاتەوە و دەیەوێت كوتلەی گەورە لە زۆرینەی نیشتمانی «كورد و سوننە و شیعە» پێك بهێنێت، پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئەگەر ئەم هەنگاوەی سەدر سەركەوتوو بوو، تا چەند پێشبینی دەكرێت حكومەتی داهاتووی عێراق حكومەتێكی ئەكتیڤ و بەهێز بێت؟

- لە ساڵی 2005ـەوە تا ئێستا حكومەتی عێراق حكومەتێكی تەوافوقی بووە، لە حكومەتی تەوافوقیشدا سەرۆك وەزیران ناتوانێت وەزیرێك هەڵبژێرێت بەپێی ئەو ئەو ئیمكانییاتەی پێویستە بۆ حكومەتەكە، نە پەرلەمان و نە گەلیش ناتوانێت لێپێچینەوە لەگەڵ سەرۆك وەزیراندا بكات، چونكە دەڵێت وەزیر و پلە و پۆستەكان هەر هەموو حزبەكان دایان ناون. بەڵام ئەوەی سەدر دەیڵێت ڕاستە، بەتایبەتی لەو كاتەی كە خۆی 73 كورسیی زۆرینەی شیعەی هەیە لەگەڵ پارتی كە زۆرینەی كورسیی كوردی لایە، لەگەڵ زۆرینەی سوننە كە تەقەدوم و عەزمە و دەتوانێت كوتلەی گەورە پێك بهێنێت، لەو كاتەدا دەتوانێت حكومەتێكی نیشتمانی پێك بهێنرێت كە ئەو حكومەتە زۆر باشترە لە تەوافوقی، چونكە لەو كاتەدا ئەوەی دەبێتە سەرۆك وەزیران دەتوانێت هەندێك پێوەر بۆ وەزیر و بریكار و پۆستە باڵاكان و حكومەتەكەی دابنێت و، سەرۆك وەزیران دەتوانێت لێپێچینەوەش لە ناو حكومەت ئەنجام بدات، كە ئەمەش یەكێكە لەو كار و پرۆسانەی كە حكومەتەكە ئەكتیڤ دەكات.

* بە حوكمی ئەوەی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانی بایكۆتی دانیشتنی یەكەمی پەرلەمانی كرد و پاشانیش لە شاندە هاوبەشەكە هاتنە دەرەوە، پێدەچێ وەك فراكسیۆنیش هاوكاری فراكسیۆنی پارتی نەبێت لە پەرلەماندا، ئێوە و فراكسیۆنی یەكێتی پەیوەندیتان چۆنە و ئایا هیچ كاری هاوبەشتان پێكەوە ماوە؟

- بێگومان ڕاستە برادەرانی یەكێتی لە دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان چوونە دەرەوە، كە لەو دانیشتنەدا جێگری دووەمی پەرلەمان كە بەشی كوردە و بەشی ئەو لایەنەیە كە زۆرترین كورسیی هێناوە (واتە بەشی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو) بەشدارییان نەكرد، كە دیار بوو فراكسیۆنی یەكێتی بە بڕیاری سەرووی خۆیان لە دانیشتنەكە بەشدار نەبوون، ئەگەرچی ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان بەیانیی ڕۆژی دانیشتنی پەرلەمان چووینە لای هەموو فراكسیۆنە كوردەكان، بەتایبەت لای برادەرانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بۆ ئەوەی بە هاوبەشی و بە یەكەوە بین، بەڵام بەداخەوە ئەوەی ڕووی دا، چاوەڕوانمان نەدەكرد، بەڵام ئێستاكەش ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان بە بیروباوەڕی نەتەوەیی لە بەغداین، بۆیە هەوڵدەدەین لەگەڵ هەموو لایەنەكانی كورد و برادەرانی یەكێتیش كاری هاوبەش و پێكەوە بكەین بۆ بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كورد و كوردستان، بەتایبەتی جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوور، كە تایبەتە بە چارەسەركردنی كێشەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم و هەموو مافە یاسایی و دەستوورییەكانی گەلی كوردستان، چونكە ئێمە وەك پارتی كە نوێنەری گەلی كورد و كوردستانین لە بەغدا، هەموو كات هەوڵ دەدین بە هاوبەشی لەگەڵ هەموو لایەنەكانی كورد وەك یەك تیم كار بۆ بەرژەوەندیی نەتەوەیی و نیشتمانیی كورد و كوردستان بكەین، دوور لە كاری حزبی، ئەمەش پەیام و بڕیاری سەركردایەتیی سیاسیمانە، هاوكات پێویستە ئاماژە بەوەش بكەم كە باوەڕ ناكەم لێكترازانی یەكجارەكی لەگەڵ یەكێتی هەبێت.

* ئەگەر دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان بە پێوەر وەربگرین، كە سەرۆك و دوو جێگرەكەی پەرلەمان هەڵبژێردران، بێگومان پەرلەمان نیسابی یاسایی هەیە بۆ ئەوەی نیساب تەواو بكات و دانیشتن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بكرێت، ئێمە دەزانین كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان هۆشیار زێبارییە، ئایا بە بەهێزیی ئەم هاوپەیمانییەی «سەدر و حەلبوسی و پارتی» كاندیدەكەی پارتی دەبێتە سەرۆك كۆمار؟ ئایا لەسەر ئەم پرسە وەك فراكسیۆن پارتی تاچەند لۆبیتان كردووە بۆ ئەوەی سیناریۆی 2018 دووبارە نەبێتەوە؟

- ئەوەی لە نێوان سەدر و پارتی و سوننە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك و هەر دوو جێگری ئەنجومەنی نوێنەران لە دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان كرا، دەكرێت ئاماژە بێت بۆ ئەوەی ئەگەر دەنگ بۆ كاندیدی سەرۆك كۆمار بدرێت لە پەرلەمان، ئەوا بە هەمان شێوەی 9/1/2022 بەپێی دەنگەكانی زۆرینەی شیعە و پارتی و سوننە، كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان دەبێتە سەرۆك كۆماری عێراق، ئەگەرچی لایەنی دیكەش بە ئاسانی دەستبەرداری ئەو پۆستە نابێت، چونكە ئەوانیش هەوڵ و هاوپەیمانیی خۆیان هەیە، بەڵام ئەوەی ئێمە لێی دەترسین ئەوەیە كە پارەی سیاسی بێتەگۆڕێ و هەندێ دەنگ لەوانەی بێلایەنن بكڕدرێت، هەر بۆیە ئێمە وەك پارتی لە هەوڵی ئەوەداین كە كارێك بكرێت تەجروبەی ساڵی 2018 دووبارە نەبێتەوە و، دەبێت پارتی جگە لەو شاندەی بۆ لۆبیكردن لە بەغدان، لەگەڵ ڕێزم بۆیان، هەوڵی گەورەتر و بەهێزتر بدات تا بتوانین پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار زیاتر مسۆگەر بكات، هاوكات تەئكید دەكەمەوە كە هەر سێ لایەنی سەدر و پارتی و سوننە لە ناو پەرلەمان هاوپەیمانین، چ لە هەڵبژاردنی سەرۆك و دوو جێگرەكەی پەرلەمان كە بەڕێوەچوو، چ بۆ سەرۆك كۆمار و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بێت. لەلایەكی دیكەوە چونكە هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیران لە هەنگاوی سێیەمدایە، بۆیە كوتلەی سەدری ناچارە دەنگ بە كاندیدی پارتی بدات بۆ سەرۆك كۆمار، بەڵام سوننەكان بەو جۆرە نییە، لەبەرئەوەی سەرۆكی پەرلەمانیان بە دەست هێناوە و دەبێت كار و هەوڵ لەگەڵ ئەوان زیاتر بێت، تاوەكو دەنگەكانیان مسۆگەر بكەین.

* زۆربەی چاودێران باس لەوە دەكەن كە سەرۆك بارزانی بۆ پێكهێنانی حكومەتی ئەمجارەی عێراق خاڵبەندی پیتەكانی كردووە و، گەرەنتی ئەوەی وەرگرتووە ئەو هاوپەیمانییەی كە حكومەتی داهاتوو پێك دەهێنێت، دەبێت تەواوی دەستووری عێراق جێبەجێ بكات، ئەوجا لەبەر ئەوەی ئەو هاوپەیمانییەی حكومەت پێك دەهێنێت لە پەرلەمانیش زۆرینەیە، ئەوا كاریكی قورس نابێت بۆ ئەوەی دەستوور جێبەجێ بكرێت، ئایا وەك مامەڵەی ڕۆژانەتان لەگەڵ پەرلەمانتارانی «عەزم و تەقەدوم و تەیار» هەست دەكەن نییەتێكی ئەوتۆ هەبێت كە ئەمجارە دەستوور جێبەجێ بكرێت و كێشە بۆ مافە دەستوورییەكانی كورد دروست نەكرێت؟

- تەنیا یەك دانیشتن بەڕێوە چووە لە پەرلەمان، بۆیە زۆر زەحمەتە بتوانین هەڵسەنگاندن بۆ ئەوانە بكەین كە پابەند دەبن بە هاوپەیمانییەكە، یان پابەند نابن، هەرچەندە ئێمە دڵنیاین كە لایەنی سەدر100% پابەندن بە ڕێككەوتن و هاوپەیمانییەكە و، ئەوەی سەدر بیڵێت ئەوە جێبەجێ دەكەن، بەڵام ئەندام پەرلەمانەكانی عەزم و تەقەدوم بەرژەوەندیی تایبەت و شەخسییان هەیە، ئەگەرچی بە پێی ئەو هاوپەیمانییەی كراوە، ئەوانیش دەبێت پابەند بن بۆ سەركەوتنی هاوپەیمانییەكە لە هەموو پرۆسەكاندا. من بە پێویستی دەزانم ئەو هاوپەیمانییەی لە نێوان ئێمە سوننە و سەدر هەیە بۆ یەك قۆناخ نەبێت، بەڵكو بەردەوام بێت بۆ ماوەیەكی درێژتر، تا هەندێك لە كێشەكانی عێراق چارەسەر بكرێت، چونكە ئێمە لە كاتێكدا هەموو یەك بین، تەنیا 63 كورسیمان هەیە كە ناكاتە زیاتر لە15-16% لە ڕێژە و ژمارەی كورسییەكانی ناو ئەنجومەنی نوێنەران، هەر بۆیە بەرانبەر لایەن و فراكسیۆنەكانی دیكەی ناو پەرلەمان، ناتوانین هیچ بڕیار و یاسایەك لە بەرژەوەندیی خۆمان یەكلا بكەینەوە، بۆیە هاوپەیمانی و پێكهاتنەكان لە دەرەوەی پەرلەمان پێویستە و دەبێت سەركردە سیاسییەكان ڕێككەوتن و هاوپەیمانی لەگەڵ حزب و لایەنەكان ئەنجام بدەن، بۆ ئەو مەبەستەش جەنابی سەرۆك بارزانی دەتوانێت ئەو ڕۆڵە ببینێت، لە پێكهێنانی حكومەتیشدا چەندین ماف و خاڵی گرنگە هەیە لە لایەن كوردەوە، بەتایبەت ئێمەی پارتی، كە لەگەڵ لایەنەكان بۆ پێكهێنانی حكومەت بكرێتە مەرج تا جێبەجێی بكەن و لە كاتێكدا ئەوان پابەند نەبوون بە جێبجێكردنی، ئەوا ئێمەش لەگەڵ ئەوان نابین.

Top