ئیدریس بارزانی ئه‌ندازیاری ئاشته‌وایی و هه‌ڵسانه‌وه‌ی شۆڕش بوو

ئیدریس بارزانی ئه‌ندازیاری ئاشته‌وایی و هه‌ڵسانه‌وه‌ی شۆڕش بوو

ئه‌مڕۆ ئێمه‌ ساڵیادی پیاوێكی شۆڕشگێڕ و دیاری ناو بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردستان ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر پێشخستنی خه‌بات و بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌لی كوردستاندا هه‌بووه‌، هه‌میشه له‌ سه‌نگه‌ری خه‌بات و سیاسه‌تدا رۆڵی گه‌وره‌ی گێڕاوه بۆ سه‌رخستنی گه‌له‌كه‌مان به‌سه‌ر نه‌یارانی كورد و شۆڕش‌، ئه‌ویش ئیدریس مسته‌فا بارزانی‌، كوڕی مه‌لا مسته‌فای رێبه‌ری رۆحی گه‌لی كوردستانه‌.
ئیدریسی هه‌میشه‌ زیندوو هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ و له‌ ته‌مه‌نی 17 ساڵیدا له‌ شۆڕشی ئه‌یلوولی مه‌زندا چه‌كی كوردایه‌تی و پێشمه‌رگایه‌تی ده‌كاته‌ شان و شانبه‌شانی مه‌لا مسته‌فای بارزانی، رێبه‌ری رۆحی گه‌لی كوردستان ده‌ست به‌ خه‌باتی پێشمه‌رگایه‌تی و چالاكی سیاسی ده‌كات و هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاكانیشه‌وه‌ كاك ئیدریس به‌وه‌ ناسرابوو كه‌ پیاوێكی هۆشیار و چالاكه‌ له‌ كاروباری سیاسییدا، له‌ پاڵ خه‌باتی پێشمه‌رگایه‌تی كه‌ بۆ ئه‌وكات زۆر پێویست بوو.
ئیدریسی هه‌میشه‌ زیندوو رۆڵێكی كارای هه‌بوو له‌ هه‌ڵسانه‌وه‌ی شۆڕشی گه‌لی كوردستان له‌ دوای نسكۆی 1975، كه‌ هه‌موو هه‌وڵێكی خسته‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی دیسانه‌وه‌ ریزه‌كانی شۆڕش رێكبخاته‌وه‌ و له‌مه‌شدا سه‌ركه‌وتوو بوو، به ‌جۆرێك ده‌ستی دیار بوو له‌ رێكخستنه‌وه‌ی دووباره‌ی ریزه‌كانی پارتی و شۆڕشی گه‌لی كوردستان. هه‌روه‌ها ئیدریس بارزانی به‌وه‌ ناسرابوو كه‌ زۆر به‌ دڵسۆزییه‌وه‌ رۆڵی خۆی ده‌گێڕا بۆ نزیككردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان و كه‌سایه‌تییه‌كانی ناو شۆڕش و دواجار ئاشتی و ته‌بایی.
ئیدریس بارزانی، له‌ ته‌ك بارزانیی نه‌مر، رۆڵی سه‌ره‌كی ده‌گێڕا له‌ سه‌ركردایه‌تیكردنی شۆڕش و له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌میشدا، توانی ببێت به‌ سه‌ركرده‌یه‌كی لێهاتوو، هه‌ر بۆیه‌ش له‌ ساڵی 1965، له‌نێو گه‌رمه‌ی شه‌ڕدا، به‌ فه‌رمی به‌ یاریده‌ده‌ری بارزانیی نه‌مر بۆ كاروباری سه‌ربازی و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ستنیشانكرا و له‌ سه‌رده‌مه‌ ناخۆش و جیاوازه‌كانی شۆڕشیشدا، هه‌میشه‌ هه‌وڵی داوه‌ كه‌ ریزه‌كانی گه‌لی كورد یه‌كبخاته‌وه‌ و به‌ره‌یه‌كی كوردستانی پێكبهێنێت كه‌ وه‌ك قوتابخانه‌ی بارزانیی نه‌مر، بڕوای به‌ گفتوگۆی دیموكراسی و ته‌بایی و یه‌كڕیزی هه‌بوو، هاوكات به‌ ئه‌ندازیاری ئاشتبوونه‌وه‌ی هێزه‌كانی كوردستان داده‌نرێت، كه‌ له‌ ئاكامدا، به‌ره‌ی كوردستانی له‌ دایك بوو، هه‌ر ئه‌م به‌ره‌یه‌ش بوو كه‌ سه‌ركردایه‌تی راپه‌رینه‌كانی خه‌ڵكی كوردستانی كرد له‌ ساڵی 1991دا.
ئێستاش خه‌باتی ئیدریس بارزانی به‌رده‌وامه‌ و پارتی دیموكراتی كوردستان و جه‌نابی سه‌رۆك به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن خه‌ونی نه‌ته‌وه‌یی بارزانیی نه‌مر و ئیدریس بارزانی به‌دی بهێنێت كه‌ سه‌ربه‌خۆیی و سه‌رخستنی پرسی گه‌لی كوردستانه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ و جیهاندا، ئیدریس بارزانی ئه‌و پیاوه‌ شۆڕشگێڕه‌ بوو كه‌ هه‌میشه‌ دوژمن لێی ده‌ترسان، بۆیه‌ زۆربه‌ی جاره‌كان له‌ شانده‌كانی به‌شداری ده‌كرد و سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌شی به‌ده‌ست ده‌هێنا له‌ پرسی دیالۆگ و چالاكی سیاسیدا. به‌ڵام مخابن دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌ كۆنگره‌ی ئۆپۆزسیۆنی عێراق له‌ تاران، له‌ رۆژی 31ی كانونی دووه‌می ساڵی 1987دا، دڵه‌ گه‌وره‌كه‌ی له‌ لێدان كه‌وت و به‌مه‌ش كورد سه‌ركرده‌یه‌كی گه‌وره‌ و پێشمه‌رگه‌یه‌كی ئازا و پیاوێكی زۆر بلیمه‌تی له‌ده‌ستدا، به‌ڵام رێگه‌ی ئیدریس بارزانی هه‌ر به‌رده‌وامه‌.

Top