حكومه‌تی ئیمارات، حكومه‌تێك له‌ دیجتاڵ میدیا​

حكومه‌تی ئیمارات، حكومه‌تێك له‌ دیجتاڵ میدیا​

به‌هۆی پێشكه‌وتنی خێرایی ته‌كنه‌لۆژیاوه‌‌، فاكته‌ری پێشكه‌وتن و كاریگه‌ربوونی هه‌ر وڵاتێك به‌نده‌ به‌چۆنیه‌تی سودوه‌رگرتن له‌ دیجتاڵ مییدیا و به‌كارهێنانی وه‌ك هێزێك بۆ باڵاده‌ستبوونی له‌ناوچه و جیهاندا. یه‌كێك له‌و وڵاتانه‌ی كه‌به‌شێوه‌یه‌كی به‌رنامه‌رێژی ده‌یه‌وێت سود له‌میدیا و دیجتاڵ میدیا وه‌ربگرێت ئیماراته‌، به‌تایبه‌تی له‌دوای کانوونی دووەمی 2021 كه‌ کابینەی ئیمارات چوارچێوەی گشتی ستراتیژی ڕاگەیاندنی ئیماراتی پەسەند کرد كه‌ لەلایەن ڕاگەیاندنی حکومەتی ئیماراتەوە راسته‌وخۆی سەرپەرشتی دەکرێت، ئەو پرۆژه‌ ئامانجی بۆ بەهێزکردنی پێگەو ناوبانگی ئیماراته‌ لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و جیهانی.
ستراتیژیەکەش زیاتر پێداگیری بوو له‌سه‌ر دامەزراندن و هاوبەشیكردن لەگەڵ قەوارە جیهانیەکانی میدیا، فراوانكردنی ڕووماڵکردنی میدیای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی تایبه‌ت به‌ده‌ستكه‌وت و كاره‌كانی حكومه‌تی ئیمارات، دروستکردنی ژینگەی میدیای دیجیتاڵی کە بتوانێت لەگەڵ گۆڕانکارییە خێراکان و په‌یوه‌ندیكردن لەگەڵ جیهاندا بەردەوام بێت.
هەروەها جەخت ده‌كاته‌وه‌ لەسەر پته‌وكردنی لایه‌نی نه‌ته‌وه‌یی و زه‌روورییه‌تی ماركێتین كردن بۆ نه‌ته‌وه‌ له‌رێگه‌ی پشت بەستن بە ئامادەبوونی کاریگەر و کارای حکومەت لە هەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندن به‌و مانایه‌ی حكومه‌ت و میدیا دوانه‌یه‌كی لێكدانه‌براون، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ بەرزکردنەوەی کلتور و ناسنامەی نەتەوەیی لە ڕێگەی هەموو کەناڵەكانی راگه‌یاندنه‌وه‌، سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆجیای مۆدێرن و میدیای دیجیتاڵ بۆ به‌رده‌وامیدان به‌ په‌یوه‌ندی لەگەڵ جەماوەردا، ئاشكرایه‌ له‌ئێستادا میدیا به‌تایبه‌ت سۆشیال میدیا ده‌توانێت رۆڵیكی كاریگه‌ری هه‌بێت له‌ئاراسته‌كردنی سیاسه‌ت و ستراتیژییه‌تی هه‌رحكومه‌ت و حزبێك ئه‌گه‌ر جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی بیانه‌وێت ته‌نها له‌رێگه‌ی هاشتاگێكه‌وه‌ بیگۆرن یان كاریگه‌ربن له‌دروستكردنی هه‌ر رایه‌ك كه‌ ببێته‌ رای گشتی.
له‌رووی ئاسایشی سایبه‌ره‌وه‌ حکومەت ستراتیژی ئاسایشی سایبەری دەستپێکرد، کە پێنج بواری سەرەکی لەخۆ دەگرێت: بوون بە نەتەوەیەکی زیرەکی سایبەر (لە ڕێگەی هۆشیاری گشتی)، نوێکاری و پێشكه‌وتن لە ڕێگەی توێژینەوەكانه‌وه‌، ئاسایشی سایبەر (نهێنی و تایبەتمەندی)، پته‌ویی (به‌هێز) سایبەر (نەوه‌ستانی سیستەمەکانی ئای تی) هەروەها هەموو بواره‌كانی پەرەپێدانی ئیمارات داوای ئاسایشی سایبەر دەکەن کە ئەمەش دەرفەتێکی زۆر بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان دابین دەکات و ده‌بێته‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ به‌گه‌رخستنی توانا وكاره‌كانیان له ئیمارات.
هه‌روه‌ها حكومه‌تی ئیمارات بۆ دوورکەوتنەوە لە پشتبەستن بە نەوت، ئیمارات وەبەرهێنانێكی گرنگی خستۆته‌گه‌ڕ بۆ پرۆژەی شارە زیرەکەکان. ئه‌مه‌ش بە ئامانجی دروستکردنی شارە زیرەکەکان و هه‌وڵدان بۆ باشترکردنی ژێرخانی ئابووری لە شارەکانیان لە مانگی 10ی ساڵی 2013ەوە، دەسەڵاتدارانی دوبەی ئەرکێکیان لە ئەستۆ گرت بۆ ئەوەی دوبەی بگۆڕن بۆ شارێکی زیرەک كه‌ لە شەش بواری سەرەکی داهێنانیان كرد وه‌ك گواستنەوە، پەیوەندییەکان، ژێرخانی ئابووری، کارەبا، خزمەتگوزاری ئابووری، و پلاندانانی شار، بۆ سه‌ركه‌وتنی ئه‌م پرۆژه‌یه‌ دەسەڵاتی دیجیتاڵی دوبەییان دامەزراند بۆ پشتگیری کردن لە فراوانی شارەکە بۆ گۆڕینی دوبەی بۆ زیرەکترین و خۆشترین شاری جیهان.
هه‌روه‌ها ئیمارات ڕایگەیاند كه‌ له‌ تشرینی دووه‌می ئه‌مساڵدا کۆنگرەییه‌كی جیهانی میدیا لە ئەبوزەبی بەڕێوەدەچێت و ده‌ڵێت له‌به‌رئه‌وه‌ی ئیمارات به‌هۆی ژێرخانێكی پته‌وی دیجیتاڵی رێكخراوه‌ ده‌مانه‌وێت ئه‌م كۆنگره‌یه‌ ببێته‌ پلاتفۆرمێكی كارا بۆ ته‌واوی به‌شه‌كانی راگه‌یاندن.
بۆ ئه‌م چالاكییه‌ جگە لە ئەکادیمیستەکان و گرووپە جیاوازه‌كان، کۆمەڵێک میدیا و میدیاكاری کاریگەری جیهانیش بەشدار دەبن. کۆنگرەکە ئامانجی ئەوەیە کە رێکخراوەکان و كۆمپانیاكانی ڕاگەیاندن بتوانن گفتوگۆی هاوبەش و ڕێککەوتنی هاوبەش بکەن به‌مه‌به‌ستی پەرەپێدانی توانا و گه‌یاندنی مه‌سجه‌كانیان بۆ پشتگیریکردنی کۆمەڵگه‌جیاوازه‌كانیان، هاوكات چەند بابەتێکی سەرەکی تاوتوێ دەکات، کە دیارترینیان پەیوەندی دیجیتاڵ، زیرەکی دەستکرد، تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو و داهێنانەكانه‌ لە کەرتی میدیادا. دانیشتن و چالاكیه‌كان بۆ كه‌سه‌ پسپۆڕەکان رێك ده‌خه‌ن کە کاری ڕۆژنامەوانی و ڕادیۆ و تەلەڤزیۆن و ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کاریگەرە نێودەوڵەتییەکان ده‌كه‌ن بۆئه‌وه‌ی بتوانن زیاتر سود له‌میدیا و به‌تایبه‌ت دیجتاڵ میدیا وه‌ربگرن بۆ پێشخستن و گه‌شه‌پێدانی ژێرخانی ئابووری ئیمارات و دیجتاڵ میدیا سه‌نته‌ری گۆرانكاری و پێشكه‌وتنه‌كانیان بێت.

*ماسته‌ر له‌دیجتاڵ میدیا و كلتور

Top