سیپان شێروانی ئەندامی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان:   سەرۆك بارزانی داوای لێ كردین پرسە دەستوورییەكانی گەلی كوردستان ئەولەوییەتی كارەكانمان بێت

سیپان شێروانی  ئەندامی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان:     سەرۆك بارزانی داوای لێ كردین پرسە دەستوورییەكانی گەلی كوردستان ئەولەوییەتی كارەكانمان بێت

 

 

هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق مشتومڕ و ناكۆكیی سیاسی و تانەدانی یاسایی لێكەوتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا پرسی كوتلەی گەورە یەكلا نەكراوەتەوە و، ڕێككەوتنیش نەكراوە لەسەر كەسایەتییەكی دیاریكراو بۆ ئەوەی ببێتە كاندید بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار، ئەم پرسانە و چەند پرسێكی دیكە بوونە تەوەری دیدارێكی گوڵان لەگەڵ سیپان شێروانی ئەندامی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

 

* لەگەڵ ئەوەی لە دانیشتنی یەكەمی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق توانرا سەرۆكایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردرێت، بەڵام دواتر لە لایەن دادگای فیدڕاڵییەوە كارەكانی سەرۆكایەتیی پەرلەمان ڕاگیرا، ئایا هیچ ئیشكالیەتێك لە دانیشتنەكە هەبوو، هەتا دادگای فیدڕاڵی كاروبارەكان ڕابگرێت؟ ئایا ئاراستەی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بەرەو كام ئاراستە دەچێت؟

- لە9/1/2022 وەك فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان هەر 31 پەرلەمانتار بەشداری كۆبوونەوەی یەكەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بووین، بۆیە ئێمە شاهیدی دەدەین كە دانیشتنەكە بە پێی دەستوور و پەیڕەوەی ناوخۆی پەرلەمان هیچ ئیشكالیەتێكی تێدا نەبوو. ئەو كارەی كە ئەنجام درا، پێدەچێت سیناریۆیەك بێت، چونكە مەحموود مەشهەدانی كە سەرۆكی تەمەنی پەرلەمان بوو، سەرۆكایەتیی دانیشتنەكەی كرد، كە هەر خۆیشی یەكێك بوو لە كاندیدەكان، بۆیە هەوڵی ئەوەی دەدا كە بە هەر جۆرێك بێت، هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی دوابخرێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا دەرفەتی زیاتر بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی و لایەنەكانی دیكە بڕەخسێت، بەڵكو بگەن بە ڕێككەوتن، تاوەكو لە سێ سەرۆكایەتییەكە بەتایبەت لە جێگری دووەم چوارچێوەی هەماهەنگی پشكیان بەر بكەوێت. هەر بۆیە بەپێی ماددەی 54ی دەستوور كە دەڵێت لە دوای پەسندكردنی دەرئەنجامی هەڵبژاردن لەلای دادگای فیدڕاڵییەوە ئەوە سەرۆكی كۆمار داوای یەكەمین دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران دەكات كە نابێت ئەو دانیشتنە لە ڕۆژی پەسندكردنەكەوە لە 15 ڕۆژ تێپەڕێت، و دانیشتنەكە بەڕێوەدەچێت بە سەرۆكایەتیی بەتەمەنترین پەرلەمانتار و سەرۆك و هەر دوو جێگرەكەی تێدا هەڵدەبژێردرێن، ئەوەش تاكە كۆبوونەوەی پەرلەمانە كە لە دەستوور بەرنامەی بۆ دانراوە. هاوكات دەپرسین ئایا یاسایی و دەستووری بوو كە مەحموود مەشهەدانی بۆ نەخۆشخانە گوازرایەوە لەپاشان دووەم، یان سێیەم بەتەمەنترین ئەندام پەرلەمان دانیشتنەكەی بەڕێوەبرد؟ لە وەڵامدا دەڵێین بەڵێ، چونكە ماددەی پێنجی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: دانیشتنی یەكەم بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك و هەر دوو جێگرەكەی، پەرلەمان بە سەرۆكایەتی بەتەمەنترین پەرلەمانتار لە ئامادەبووەكان بەڕێوەدەچێت، واتە ئامادەنەبوونی مەحموود مەشهەدانی كێشە دروست ناكات، چونكە نیسابی یاسایی تەواو بوو، لە نێو ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە بەتەمەنترینیان سەرۆكایەتی كۆبوونەوەكە دەكات. بۆیە پێموایە هەموو ئەوەی دیكەن یاریەكی سیاسیە و دادگای ئیتیحادی و شارەزایانی یاسا باش دەزانن كە دانیشتنەكە یاسایی بووە. بەڵام پێدەچێت سڕكردنی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و دواجاریش درێژكردنەوەی سڕكردنەكە لە19تا 25/1/2022 بڕیارێكی سیاسی بێت، واتە دادگای ئیتیحادی هەست بە بەرپرسیاریەتی دەكات لەو بارودۆخەی كە خەریكە لە عێراق دروست بێت، كە دەیانەوێت كارێك بكەن دانیشتنەكانی پەرلەمان هەندێك دوابخەن تاوەكو لایەنە شیعەكان لەناو ماڵی خۆیان ڕێكدەكەون. دادگای ئیتیحادی دەسەڵاتی هەیە و ئەركی یەكلاكردنەوەی دەستووریبوونی پرسەكانی هەیە، دەشزانێت ئەو دانیشتنەی پەرلەمان دەستوورییانە بووە، بۆیە هەر بڕیارێكی دیكە بدات، یان ئەگەر دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە، ئەوا باوەڕ ناكەم ئەم بڕیارە دادگەرانە و دەستووری بێت.  

* لەدوای ئەم دانیشتنەی پەرلەمان، ئێوە گەڕانەوە كوردستان و لەگەڵ سەرۆك بارزانی كۆبوونەوە. ئایا ئامانج لەوكۆبوونەوەیە چی بوو؟ هەروەها ڕاسپاردەی سەرۆك بۆ ئێوەی پەرلەمانتار چی بوو؟

- ئێمەی كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە سایەی سیاسەتی جەنابی سەرۆك بارزانی دەنگمان هێناوە، بۆیە زۆر ئاساییە و مافی جەنابی سەرۆكیشە كە چۆنی دەوێت، بەو شێوازە ئاراستە و ڕێنوێنیمان بكات لەسەر ئەو كارەی بیكەین و ئەو كارانەی كە نابێت بیكەین. لەو كۆبوونەوەیەدا جەنابی سەرۆك بارزانی زۆر بە ڕوونی هەروەك ئەوەی لە ڕێككەوتی 11ی سێپتێمبەری 2021یش لە سەرەتای دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن كە جەنابیان فەرمووی كەم قسە بكەن و زۆر كار بكەن- لەم كۆبوونەوەیەشدا ئەو پەیامەی بە ئێمە گەیاندەوە كە كەم قسە بكەن و كار زۆر بكەن، و ڕایسپاردین كە هەموومان وەك یەك تیم لەبەغدا هەوڵ بدەین ناوماڵی كوردی ڕێكبخەین و هەوڵ بدەین لەوێ وەك نوێنەری نەتەوەیەك پرسە دەستوورییەكانی گەلی كوردستان ئەولەوییەتی كارەكانمان بێت. هەروەها جەنابیان بە ئێمەیان ڕاسپارد كە ئێمە پەرلەمانتارانی پارتی دیموكراتی كوردستان نوێنەرایەتیی تەواوی گەلی عێراق هەر لە زاخۆ تا فاو بكەین، هەتا ئەگەر پرسەكان پەیوەندی بە هەرێمی كوردستانیش نەبێت، ئەوە ئێمە بەوپەڕی جددییەت و ئەمانەتەوە كار بكەین بۆ دابینكردنی ماف و ژیانێكی شایستە بۆ گشت خەڵكی عێراق. 

* لە دوای هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، لایەنە سیاسییەكانی شیعە هەوڵەكانی خۆیان چڕكردووەتەوە بۆ ئەوەی بزانن كێ دەتوانێت كوتلەی گەورە دروست بكات، كە بێگومان تا ئێستا موقتەدا سەدر لە پێش ئیتاری تەنسیقی شیعەوەیە، ئایا تا چەند مەزندەی ئەوە دەكرێت، لایەنە شیعەكان بە زوویی ڕێكبكەون و كوتلەی گەورە ڕابگەیەنن و كاندیدی خۆیان بۆ سەرۆك وەزیران پێشكەش بكەن؟

- لە كۆبوونەوەی 9/1/2022 كە سوێندی یاساییمان خوارد و سەرۆكایەتیی پەرلەمانمان هەڵبژارد، لە سەرەتا لایەنی چوارچێوەی هەماهەنگی لە كاتی هەبوونی بەتەمەنترین ئەندام سەرۆكایەتیی پەرلەمانی دەكرد، كوتلەی گەورەیان پێشكەش كرد، بەڵام ئەمە یاسایی و پەیڕەوی نەبوو، چونكە ئەو لیستە دەبێت بدرێت بە سەرۆكی هەمیشەیی پەرلەمان. ئەوە بوو دوای ئەوەی حەلبووسی هەڵبژێردرا بە سەرۆكی پەرلەمان لایەنی سەدر كوتلەی گەورەیان پێشكەش بە سەرۆكی پەرلەمان كرد. ئەگەرچی تا ئێستا نەك تەنیا هەوڵەكان، بەڵكو دەستتێوەردانی نێودەوڵەتیش هەیە كە موقتەدا سەدر ناچار بكەن، لە پێكهێنانی حكومەتدا بەشداری بە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە بكات. بەڵام ئەگەر سەدر لەسەر ئەو بڕیار و بیروبۆچوونەی بەردەوام بێت بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی زۆرینەی نیشتمانی، ئەوا هەر كاتێك سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرا، ئەوا كوتلەی سەدر ئامادەیە بۆ پێشكەشكردنی كاندیدەكەی بۆ سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و پێشكەشكردنی وەرەقەی پێكهێنانی كابینەی حكومەت، بەڵام ئەگەر دەستێوەردان بەردەوام بێت و هەوڵ بدرێت، هەندێك لایەنی دیكەی شیعە لە چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە لە حكومەت بەشدار بێت، ئەوە پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق كاتی زیاتر پێویستە تاوەكو قەناعەت بە سەدر بكرێت. هەروەها وەك دەبیندرێت دەستوەردان لە پرۆسەكە هەیە و سڕكردنی پەرلەمانیش هەر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە تاوەكو ماڵی شیعە بەشی هەرە زۆریان لە كوتلەی گەورە بەشدار بن.  

* سەبارەت بە پۆستی سەرۆك كۆمار كە پشكی كوردە، دیارە یەكێتی و پارتی كاندیدی خۆیان بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان كردووە، پێناچێت لە سەر كاندیدێكی هاوبەش ڕێك بكەون ئایا پێتوایە هەمان سیناریۆی 2018 دووبارە دەبێتەوە؟

- تاوەكو ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی بۆ سەرۆك كۆمار بە دوو كاندیدی جیاواز بەشدارن، ئەوەی لەم پرۆسەیە پێویستە هەموو خەڵكی كوردستان بیزانێت، ئەوەیە كە سەرۆك كۆمار پشكی كوردە، نەك پشكی یەكێتی و یەكێتی هیچ بەڵگە و دۆكیۆمێنت و ڕێككەوتن و ئیمزایەكی نییە كە بڵێت بەڵی پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتییە، ئەگەرچی یەكێتی لەو بارەوە فەرهەنگێكیان بۆ خۆیان دروست كردوەو وایان لە خەڵكی گەیاندووە كە پۆستی سەرۆك كۆمار پشكی یەكێتییە و دەبێت تەنیا بۆ یەكێتی بێت، هەر بۆیە دەبێت ئەو پرسە یەكلا ببێتەوە، خۆ ئێمە وەك پارتی نەمانگوتووە بە هیچ شێوەیەك نابێت سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی بێت، بەڵام ئەو پۆستە مادام پشكی كوردە، ئەوە ئێمەش وەك پارتی كە خاوەنی 31 كورسیی پەرلەمانین لە كۆی 63كورسیی كوردستان هەر بۆیە مافی خۆمانە كە گفتوگۆ لەسەر بابەتە بكەین و بەشدار بین لە بڕیاردان كە كێ دەبێت بە سەرۆك كۆمار، نابێت لایەنێكی دیكە ئەو پۆستە بە مافی خۆی بزانێت كە نیوەی كورسییەكانی پارتی بە دەست نەهێناوە. هەر چۆنێك بێت تا 8/2/2022 دەرفەت لە بەردەمی یەكێتی ماوە كە گفتوگۆ و دانوساندن لەگەڵ پارتی بكات بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو پرسە و كاندیدی هاوبەش دەستنیشان بكەن بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق و لە كاتێكدا كاندیدی هاوبەش نەبوو، هەر وەك ساڵی 2018 ئەوە پارتی و یەكێتی بە دوو كاندیدی جیا دەچنە ڕكابەری بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك كۆمار، بەڵام ئەوەی ئێستا كە جیاوازە لەگەڵ ساڵی 2018 ئەوە حەتمەن دەرئەنجامەكە پێچەوانە دەبێت و ئەمجارە زۆر ئەستەمە یەكێتی بتوانێت كاندیدەكەی خۆی زۆرینەی دەنگی لە پەرلەمان بۆ بەدەست بێنێت، هەر بە تەئكید لە كاتێكدا بە دوو كاندیدی جیا بەشداریی پرۆسەكە بكەین، ئەوە كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان براوەی پۆستی سەرۆك كۆمار دەبێت.      

* لەگەڵ ئەوەی هەتا ئێستا بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق تەنیا باسی كوتلەی گەورە دەكرێت و، كەم تا زۆر باسی بەرنامەی حكومەت ناكرێت، ئایا لایەنی كوردی تا چەند بایەخ بە پڕۆگرامی حكومەت دەدات و دەیەوێت كارنامەی حكومەتی داهاتووی عێراق چۆن بێت؟

- تاوەكو ئێستاكە لایەنە كوردییەكان شاندی هاوبەشیان نییە و مەرجی هاوبەشیشیان نییە. لە 9/1/2022 لایەنی یەكێتی بەشداری لە هەڵبژاردنی سەرۆك پەرلەمان و دوو جێگرەكەی نەكرد. واتە یەكێتی بووە لایەنی هاوبەش لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە و تا ئێستاكە بەشێك نییە لە كوتلەی گەورەی سەدرییەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی عێراق. بەڵام ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان لە گفتوگۆیەكانی پێكهێنانی كوتلەی گەورە و پێكهێنانی حكومەتدا لەگەڵ لایەنی شیعە و سوننەدا داواكاری و مەرجەكانی پارتی كە هەر هەمووی پەیوەستن بە پرسە نەتەوەییەكانی كورد و هەرێمی كوردستانەوە كە هیچی پەیوەست نییە بە حزب و بە هیچ پۆستێكیشەوە، بەڵكو تەواوی مەرجەكانی پارتی پەیوەستە بە پرسە دەستووری و یاساییەكانی هەرێمی كوردستان.

* چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە باس لەوە دەكەن، ئەگەر نەتوانن حكومەتی تەوافقی نیشتمانی دروست بكەن، ئەوا ئەوان بایكۆتی پرۆسە سیاسییەكە دەكەن، ئایا ئەگەر وابكەن، پرۆسەی سیاسیی عێراق چۆن دەبێت؟ ئایا ئەو حكومەتەی دادەمەزرێت، تەمەنی درێژ دەبێت؟

- چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە هەموو هەوڵێكی دەدات و پشتگیریی نێوەدەوڵەتیشی هێناوەتە ناو پرسەكەوە بۆ ئەوەی دەرگایەك بكاتەوە تا لە حكومەتی داهاتووی عێراق بەشدار بێت، بەڵام سەدر تا ئێستاكە سوورە لە سەر پێكهێنانی حكومەتێكی زۆرینەی نیشتمانی. هەروەها وەكو بینیمان هەموو ئەو شتانەی دەكرێت وەك سڕكردنی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و پێشكەشكردنی تانە بە دادگا و پشێوی و پەلاماردانی بارەگاكان، هەر هەمووی بۆ ئەوەیە كارتێكی فشار لەسەر سەدر دروست بكەن، تاوەكو جێگایان لە حكومەت بكاتەوە. لە لایەكی دیكەوە من پێموایە ئەگەر ئەو لایەنانە لە پرۆسەی سیاسیی عێراق بكشێنەوە، ئەوا ئایندەیەكی مەترسیدار چاوەڕوانی عێراق دەكات، چونكە ئەو لایەنانە خاوەنی هێزی میلیشیان. هەر بۆیە ئەگەر بەشدار نەبن لە پرۆسەی سیاسی و پێكهێنانی حكومەتدا، ئەوە بە دڵنیایەوە ئەو لایەنانە هێزە ملیشیاكانیان بەكاردەهێنن بۆ بەرژەوەندیی حزبەكانیان و مەترسی دەكەوێتە سەر ئاسایشی عێراق و بۆی هەیە شەڕی نێوخۆی ماڵی شیعە ڕووبدات.

 

Top