یەکێک لە خەونەکانی من ئاڵای پیرۆزی کوردستانە شان بە شانی وڵاتانی تر لە لوتکە بەرزەکانی جیهان بشەکێتەوە

یەکێک لە خەونەکانی من ئاڵای پیرۆزی کوردستانە شان بە شانی وڵاتانی تر لە لوتکە بەرزەکانی جیهان بشەکێتەوە

هه‌ردی باودین یاریزانى پارامۆته‌ری هه‌ڵبژارده‌ى عێراق
له‌ ئێستادا له‌ زۆره‌ى شاره‌كانى كوردستان گروپ و رێكخراوی جۆراوجۆرى شاخه‌وانى دروست بوونه‌ و هه‌فتانه‌ سه‌ردانى شاخه‌كانى كوردستان ده‌كه‌ن و به‌شێكیان سه‌ركێشى ده‌كه‌ن بۆ گه‌یشتن له‌ لوتكه‌ى چیاكانى كوردستان و هه‌ڵدانى ئاڵاى پیرۆزی كوردستان له‌ سه‌ر به‌رزترین لوتكه‌ به‌رزه‌كانى كوردستان و بگره‌ جیهانیش، یه‌كێك له‌م یاریزانانه‌ كه‌ خولیایه‌كى زۆرى بۆ یارییه‌كانى شاخه‌وانى و فرین به‌ ئاسمان و چه‌ندین وه‌رزشیی تایبه‌ت به‌ شاخه‌وانى هه‌یه‌ به‌رده‌وام سه‌رقاڵى ئه‌نجامدانى چاڵاكى جۆراوجۆری وه‌رزشیی شاخه‌وانى و رین و پاراگلایده‌ر چه‌ندین په‌رپرسیاریه‌تى جیاوازى هه‌بووه‌ له‌ شاخه‌وانى، ئه‌ویش هه‌ردی باودین-ه‌ له‌ دیك بووى ساڵی 1983ى شارى كه‌ركووكه‌، هه‌م وه‌رزشكار هه‌م پارێزه‌ری راوێژكاره‌ گۆڤاری گوڵان له‌ نزیكه‌وه‌ چه‌ند پرسیارێكى ئاراسته‌ كرد ئه‌ویش وه‌ڵامى پرسیاره‌كانى دایه‌وه‌.
* ئه‌گه‌ر چى له‌ نزیكه‌وه‌ ده‌زانین وه‌رزشوانێكى دیارى له‌ ناوچه‌كه‌، به‌ڵام ده‌مانه‌وێ بزانین له‌ چ بوارێم زیاتر چالاكییه‌كانت ئه‌نجام ده‌ده‌ی؟
-بەشێوەی گشتی ئارەزووی زۆربەی وەرزشەکانم کە بەشێکەن لە ژیانم، بەڵام زیاتر وەرزشەکانی تایبەت بە شاخ و سروشت وەکو شاخڕەوی ، شاخەوانی ، بەردەوانی ناو هۆڵ و سروشت ، پاسکیلی شاخ ، پاڕاگلایدەر ، پاڕامۆتر ، سەرکەوتن بە شاخەوانی و هاتنە خوارەوە بە پاڕاگلایدەر ، رەفتینگ ، سکی سەر بەفر ، راکردن لە سروشت.
*ده‌ستێكى باڵات هه‌بووه‌ له‌ پێش خستن و به‌رده‌وامیدان له‌ چه‌ندین چالاكی و به‌ زانستى كردن و پێشخستنى ئه‌م یارییه‌ ، ئه‌گه‌ر بكرێت كورته‌یه‌ك له‌ سه‌ر به‌رپرسیاریه‌كانت تایبه‌ت به‌ ئۆرگانیه‌كان باس بكه‌ى؟
-من ماوەیەکی دوورو درێژە شەیدای سروشتم کە لە ناوەندی نەوەتەکانەوە سەری هەڵداوە ، بەڵام بە شێوەیەکی فەرمی زیاتر لە ١١ ساڵ دەبێت لە سەرەتای ٢٠٠٩ لە رێگای هاورێی ئەزیزم ئەڤین خان توانیم هەوڵەکانم لە خزمەتی شاخ دۆستان و شاخەوانی لە فیدریاسۆن شاخەوانی کوردستان بخەمەگڕ کە زۆریش هاوکارم بوو . بۆیە دوای ماوەیەک کارو چالاکێکانم بەرەو پێش چوو کە لە نزیکەوە هاوڕێیەکی ترم ناسی بەناوی د. انوەر کە سەرۆکی فیدریاسۆن شاخەوانی کوردستان بوو کە هاوسەری ئەڤین خان بوو وەکو برایەکی گەورەو مامۆستایەک بوو بۆ من لەو کاتەدا، بۆیە لە ماوەیەک کەم توانیم ببمە جێگای متمانە، جونکە هێزێکی هاوکاری و هەوڵدان و پلانەکانم بۆ پێشخستن وەرزشەکانی شاخەوانی زۆر بوو کە ئەو کاتە تەنها خۆی و خێزانی مابوون لە فیدراسیۆنى شاخەوانی کوردستان، بۆیە هەر لەو سەرەتاییەوە وەکو جێگری سەرۆکی فیدریاسۆن و بەرپرسی بەشی یاسایی و تەواوی بوارەکانی تەکنیکی و فێرکاریم کەوتبووە ئەستۆم لەسەر ئەوەشەوە تەواوی تەنسیق و بەیەک گەیاندنی هاورێیان و گروپەکانمان لە تەواوی کوردستان و تایبەت هەولێری پایتەخت لە ئەستۆمان بوو کە تەنها بووین ، بە راشکاوانە بڵێم بەپێی پەیرەو پڕۆگرام نەبوو واتا نایاسایی بوو هۆکارەکەشی ئەوەبوو کە دەستەی کارگێری و دامەزرێنەری فیدریاسۆن شاخەوانی کوردستان هەر لە سەرەتای دوو ساڵی یەکەم لە دامەزراندنی فیدریاسۆن شاخەوانی کوردستان لە ٢٠٠٦ دوورکەوتنەوەو نەگونجان کە زیاتر کارەکان تاکلایەنە جێ بەجێ دەکرا، هەروەها پەیرەو پڕۆگرام جێ بە جێ نەدەکرا ئێستاشی لەگەڵ دابێت کە هەمان هۆکارەی دەستەی دامەزرێنەری بوو ، بەکورتی تەنها من و د. انوەر بووین کە دوای ماوەیەک خاتوو ئەڤینیش دورکەوتەوە لەبەر چەندین هۆکار کە کارەکان زیاتر قورستر بوو لەسەر شانمان ، کە سەرەتا تەنها وەک گروپێک کارو چالاکێکان ئەنجام ئەدرا تاکو پێش ئەوەی بچمە فیدراسیۆنى شاخەوانی کوردستان ئەوەبوو دوای ئەوە بە پلان و هەوڵەکانم کە بۆ پێش خستنی ئەو وەرزشە لەگەڵ چەند کەسێک کە کەمتر بوون لە پەنجەکانی تەنها دەستێک ، سوپاس بۆ خودا جێگای دەستم زۆر بەروونی دیارە کە بەرهەمەکەی ئێستا دەبینرێت، هەروەها لەدوای ماوەیەک توانیمان بە دامەزراندین چەندین ناوەندو چالاکی وەرزی لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو ، لەسەر ئاستی پارێزگاکان کە سەرەتا ناوەندی سلێمانیمان دامەزران، هەروەها دواتر توانیمان ناوەندی هەولێر دامەرزێنین و پلانمان بۆ ناوەندەکانی دهۆک و کەرکووک و هەڵەبجەش دارشت ، کە ئەوکات بەزۆرینەی دەنگ بووم بە سەرۆکی ناوەندی هەولێر فیدراسیۆنى شاخەوانی کوردستان ئەگەر چی نارازی بووم چونکە هەر لەبوونی خۆم حەز بە بەرپرسیاریەتی ناکەم ، بەڵام دواتر قبوڵم کرد چونکە کەسانێکی وا نەبوو بۆ ئەو بوارە ، ئەوەبوو وەکو خزمەتکارێک کارەکانم لەو بوارە بەرو قورستر و زیاتر بوو چونکە هەوڵەکانم چڕتر بووەوە، بەڵام لە ساڵی رابردوو پێش تەواو بوونی کاتی یاساییم دەستم لە کار کێشایەوە وەکو سەرۆکی ناوەندی هەولێر هەروەها تەواوی پۆستەکانی تریشم لە فیدریاسۆن شاخەوانی کوردستان ، کەچەندین هۆکار هەبوو ئەوانەی نزیکن دەزانن ! لەئێستادا تەنهاراهێنان و کاری فێرکاری لەگەڵ چەندین هاورێ دەکەم بەبێ ئەوەی هیچ جۆرە بەرپرسیارێکم هەبێت، هەروەها لە ئێستاشدا تەنها هاوکاری بوارە یاساییەکانی یانەی هەولێری ئاسمانیم لەئەستۆ كرتووە هەروەها ئەندامی ئەو یانەیەم ئەندامی هەڵبژاردەی عێراقم لە پارامۆتەر .
* ئاستى ئه‌م یارییه‌ چۆن ده‌بینى به‌ شێوه‌یه‌كى گشتى؟
-ئەگەر چی لەسەر ئاستی وڵاتان زۆر زۆر سەرەتایین بگرە هیچمان نەکردووە و نازانین، بەڵام لەچاو ئاستی چەندین ساڵی رابردوو کە رۆژ بە رۆژ باشتر دەبێت ئەگەر بەرژەوەندییە کەسێیەکان رێگرێکانیان کەم بکەنەوە و ئەو نەخۆشیە کوشوندەیە دوور بخەینەوە بەداخەوە ئەستەمە . زۆر زۆر بە داخەوە ئۆرگانێک و لایەنێکی دوور لە رەنگ و حزب نیە هەمووی لایەک کۆبکاتەوە و پەرەی پێ بدات، ئەگەر چی کەسانێک هەن هەوڵی بە زانستی کردنی ئەم جۆرە وەرزشانە ئەدەن و رێگریشیان لێ دەکرێت تەنها لەبەر جیاوازی بیرۆکە و راست کردنەوەی جێ بەجێ کردنی پەیڕەو پڕۆگرامە فەرمییەکان و بە یاسایی کردن ، ئەگەرچی خۆبەخشیشن، چونکە ئارەزوومەندانی ئەم وەرزشانە لە هەڵکشانەو بەرەو زیادبوون دەروات لە داهاتوو کۆنتڕۆڵ کردنی زۆر ئەستەم دەبێت ، هەروەها زۆریش گرینگە لایەنەکان لەرووی حزبی و حکومی ئاگاداری ئەم جۆرە وەرزشانە بن بۆ پێشخستن و کاری ئەمنی و بۆ پەرەپێدانی زیاترو ئاشنابوونیان، بەڵام بەداخەوە لەرێگای چەند کەسێکەوە ناوی لایەنەکان و حزبەکانیش خراپ بووە چونکە بە ناوی ئەوان کاردەكەن .
پ: زانیاریت هه‌یه‌ له‌ سه‌ر هه‌ر هاوكارییه‌ك كه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ كرابێت بۆ فیدراسیۆنى شاخه‌وانى كوردستان؟
-نازانم، چۆن بڵێم بە چ شێوەیەک ئەو باسە بکەم، چونکە من بە هیچ شێوەیەک هیچ کەسێک ئاگاداری ئەو بابەتە نییە لە فیدراسیۆنى شاخەوانی کوردستان، چونکە ماوەیەکی زۆرە تەنها سەرۆکی فیدراسیۆن ماوە کە د. انوەرە، بەڵام بەپێ ئەو زانیاریانەی من هەمە پێشووتر ئەڤین خان بەرپرسی دارایی و کارگێری بوو کە بە راستی بە لێهاتوانە کارەکانی جێ بەجێ دەکرد، کە ئەویش دەستی لە کار کێشایەوە ئاڵۆزییەکان زیاتر بوون ، بەڵام ئەوەی من بزانم تاکو پێش هاتنی داعش پارەیان لە حکومەت وەردەگرت کە بڕیاردرا پارەی تەواوی رێكخراوە ناحکومییەکان ببڕدرێت کە ئەوکات پارەی فیدراسیۆنى شاخەوانی کوردستان سەر بە ئەوان بوو ، نازانم بڕەکەی چەند بوو وە تا ئێستاش بەردەوامە یاخود نا، بەڵکو سەرەتای چوونم بۆ فیدراسیۆنى شاخەوانی کوردستان پارەی پاس و گەشت و خواردنیش دەدرا بە ئارەزوومەندێک ئەگەر بهاتایە لەگەڵمان، چونکە زۆر کەم کەس دەهات بۆ شاخ ، هەروەها خاوەنی کەرەستەی تەکنیکی و شاخەوانیەکی زۆربوو فیدراسیۆن کە چەندین ساڵە لە ژێر زەمین و کۆگاکان ماوەتەوە هیچ کەسێک سوودی لێ نەبینیوە، بەڵکو هەمووی ئیکسپایەر بووە بە داخەوە نادرێت بە هیچ کەس بۆ ئەوەی سوودی لێ ببینرێت.
*به‌و شێوه‌یه‌ ناوت ده‌هێنن كه‌ ده‌لێن جۆكه‌ری وه‌رزشه‌كانى شاخ و سه‌ركێشیه‌كانت به‌ شێوه‌یه‌كى زانستى ئه‌نجام ده‌ده‌ى كه‌ زۆر كارى زه‌حمه‌تن، به‌ڵام تۆ پارێزه‌رى ئه‌م دوو كاره‌ بۆچى ده‌گه‌رێنیته‌وه‌؟
- بەدڵنیایەو خولیاو ئارەزوو جیاوازە لە کاری تایبەت و پیشەکەت ، بۆیە لەکاتی پشووەکانم کاتە بۆشەکانم هەوڵ دەدەم بەو ئارەزووانە پڕی بکەمەوە، لەگەڵ ئەوەش واتای ئەوە نییە سەربەخۆ ئەو کارانە دەکەم، بەڵکو چەندین خولی تایبەت بە فرۆکەوانی وەرزشەکانی شاخ کردووە لە ناوەوەو لە دەروە ، حەز ئەکەم هاورێیانم سوودمەند بن لەو فێرکاریانەی کە کردوومە لەدەروەو وڵات ئەگەر توانیبێتم بەزۆر یان بە کەم ئەو یاسایە بەکار دەهێنن کە دەڵێت ( die ampty) واتا بە خاڵی بوونەوە بمرە کە تا دەمریت هەر ببەخشە .
* به‌رده‌وام له‌م یارییه‌ به‌دیار ده‌كه‌وی و چه‌ندین ریكۆردت هه‌یه‌ له‌ سه‌ر ئاستى كوردستان و عێراق، زیاتر له‌ كوردستان هه‌ندێك جاریش له‌ وولاتانى ده‌ره‌وه‌ش هۆكارى چیه‌ ؟
-لەسەر وه‌ڵامی بەشی یەکەمی پرسیارەکەت لەسەر ئاستی کوردستان و عیراق چەندین دەسکەوتی تاک لایەنەو یەکەمم هەیە کە تاکو ئێستا ئەنجام نەدراوە ئەویش سوپاس بۆ خودا کە ئەو توانایەی پێداوم کە یەکەم کەسم لە لوتکەکانی هەڵکورد و حسن بەگ و پیرەمەگرون و هەربۆ چەندین لوتکەی تر فرینم ئەنجام داوە کە سەرکەوتنەکان بە شاخەوانی بووە ، هەروەها تاکە کەسم بە پاسکیلی شاخ چەندین لوتکەم بڕیوەو هاتوومەتە خوارەوە یەکێک لەوانە بەرزترین لوتکەی ناوچەکە ئەویش هەڵگوردە، بەڵام سوپاس بۆ خودا لە ئێستادا هاورێ و لێزانی ئەو بوارانە زۆر بوونە جێگای خۆشحالیمە هیوای سەلامەتیان بۆ ئەخوازم. سەبارەت بە ئەنجام دانی ئەو چالاکیانە لەکاتی گەشتەکانم بۆ دەرەوەی وڵات بۆ ئەوە ئەگەرێنمەوە کە تەواوی ئەو حەزوو ئارەزوانەی کە هەمەو کە خولیای منن تێکەهەڵکێشن لەگەڵ سروشت و جوانی و هەوای پاک و گەورەی دەسەڵاتی تاک و تەنیای پەروەرێن هەروەها کارکردن لەگەڵ سروشت دوور لە جەنجالی ناوشار، بەڵام لەگەڵ ئەوەش کارکردن لەگەڵ سروشت کە دەسەڵاتێکی بێ هاوتا و مەزنی هەیە لەگەڵ زانست و زانیارییەکانت دەبێت کەرەستەو وردەکاری بەکارهێنانی بزانیت بەداخەوە زۆر کەمە لە وڵاتی ئێمە ئەگەرنا توشی کارەساتی دڵتەزێنت ئەکات .
* گرفتان چیه‌ له‌م یارییه‌؟
-بەداخەوە لەم زەمانەدا کەسێک بیەوێت بۆ کاری گشتی بۆ بەرژەوەندی گشتی کار بکات و کار لە بەرژەوەندییەکانی تایبەتی چەند کەسێک بکات هەوڵی دژایەتیت دەدەن کە دڵنیام و هەموو کەس دەزانێت کە رەنگ و کاری حزبی زۆر ئەستەنگی درووست کردووە وەکو وەرزش، بەڵام وەک کارکردن لەگەڵ لایەنەکان لەسەر ئاستی تێگەشتن و خزمەت کردن و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و کۆنتاک کردن لەگەڵ یەکتر زۆریش باشە کە خۆم بۆ ئەو بەرژەوەندیانە زۆر کارم بۆکردووە لە ماوەی ڕابردوو، بەڵام زۆر بە نەزانی کاری لەسەر دەکرێت کە بەرپرسانی تایبەت و باڵاکانی حزبەکان لەوانەیە ئاگاداریش نەبن، چونکە تەنها پەیوەندى شەخسیە جێ بەجێ دەکرێت بەبێ ئاگایی و بۆ بەرژەوەنی خۆیان ، لەوە زۆر خراپتر تاکی گەنج و بیرۆکەکانی ئەندامی ئەم لایەنانەی کە تەماشای داهاتوو ناکەن و لە دوارۆژ ناڕوانن زۆر کەم دووربینن تەنها پێشی خۆیان دەبینن بە دوو ووتەی لوس و بریقەدار ئەکەونە هەڵەوە چیان پێ دەڵێن جێ بە جێی دەکەن بەداخەوە ، هەروەها کەسانی شارەزاو لێهاتویان ناوێت ئەگەر هەڵەو نایاساییەکان دەست نیشان بکات .
*ئێستا زیاتر به‌ شێوه‌یه‌كى سه‌رپه‌رشتیار ده‌رده‌كه‌وی له‌گه‌ڵ هاورێیه‌كانت؟
-تەنها لە نێو هاورێیان رێزێکی زۆر هەیە کە زۆر لەگەڵ یەکتر کۆکین کە وەکو برایەکی گەورە لەژێر گوێرایەڵی من دەرناچن لێرەوە سوپاسیان دەکەم نەک سەرپەریشتیار کە لەچەندین گروپ و رێكخراو و لایەنی جیاواز کاردەکەم لەگەڵیان بەبێ جیاوازی تەنها ئەوکەسانە لە گروپەکانی من جێگای نابێتەوە کە رێزی خۆیان و هاورێکانیان ناگرن.
* بڕیارتان نه‌داوه‌ رێكخراوێك یان ناوه‌ندێك دابمه‌زرێنن بۆ ئه‌وه‌ى زیاتر تواناكانت خه‌ڵكى تر سوودی لێ ببینن؟
-راستی زۆرێک لە گروپەکان ئەو بێزارکارییانەی کە ئۆرگانەکانی سەر بەو حزبانە وەکو فیدراسیۆنى شاخەوانی کوردستان و یەکێتیی شاخەوانی کوردستان کە لە ئێستادا هەن تایبەت لە شاری هەولێر کە بە علاقاتی شخسی ئاستەنگ دروست دەکەن بۆیان بە تایبەت رۆتیناتی دوور لە یاسا و پەیڕەوپڕۆگرام لە بازگەکان کە هیچێکیان حساب بۆ لایەنەکەی تر ناکات هەوڵ دەدەن رێكخراو و سەنتەر دامەزرێنن بۆ ئەوەی سەربەخۆبن راستەوخۆ سەر بە ئاسایشی گشتی و پارێزگاکان بن... سەبارەت بە من لە ئێستادا نەخێر راستی کاتی ئەوەم نییە بەدوای ئەو کارانە بکەوم، بەڵام ئامادەم هاوکاری هەر لایەنێک بێت بیکەم بەبێ جیاوازی تەنها وەکو هەردی.
*له‌ وه‌رزشه‌كانى ئاسمان چه‌ند پێوانه‌یه‌كت هه‌یه‌ ده‌توانى باسى بكه‌ى؟
- لە ئێستادا یەکێکم لە یاریزانەکانی هەڵبژاردەی عێراق لە پارامۆتەر ئەم وەرزشەش لە زیادبووندایە کە فڕۆکەوان و پایلۆتی زۆر بە توانا لە وڵاتەکەماندا هەیە ئەوانیش تا رادەیەک نەتوانراوە هاوکارییەکی جدی بکرێن لەلایەن حکومەتەوە، بەڵام هەندێک جار لە لایەن حکومەتی ناوەندیەوە کارمان لەگەڵ دەکەن وەکو یاریزانی هەڵبژاردە زۆربەشی لەسەر گیرفانی خۆمانە. هیوای سەلامەتیان بۆ ئەخوازم هیوادارم ئەم وەرزشەش یاسایەکی بۆ دابڕێژرێت بۆ ئەوەی هاوشێوەی وەرزشەکانی شاخەوانی لێ بەسەر نەیەت ..
*پلانى داهاتووت چیه‌ وه‌كو كوردێكی شاخه‌وانى؟
- ئەگەر وڵامی پرسیارەکەت بدەمەوە تێکهەڵکێشی بکەم لەگەڵ ئەو خەونەی من هەمەو کەچەندین ساڵە هەوڵی بۆ ئەدەم هیوادارم بتوانم و بتوانین پێکەوە بەردەوام بین کە یەکێک لە خەونەکانی من ئاڵای پیرۆزی کوردستانە شان بە شانی وڵاتانی تر لە لوتکە بەرزەکانی جیهان بشەکێتەوە بەدەستی شاخەوانە بەتواناکانمان ئەگەر بتوانم یەکێک بم لەو کەسانە ئەوە بەدیهاتنی خەونێکی گەورەی منە ، ئەگەر هەر کەسێکی تریش بیکات و کرابێت جیاوازی نییە وەکو ئەوەیە من ئەنجامم دابێت کە خۆشحاڵم دەکات دەستی ماندووبوون دەستخۆشی دەکوشم ،کە ئەمەش بەبێ پشتگیری حکومەت مادی و مەعنەوی تۆزێک ئەستەمە ، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەرێتەوە ئەو ئۆڕگانانەی تاکو ئێستا خۆیان بەوشێوەیە ناساندووە کە ئەو کارە ئەنجام بدەن کە چەندین جار پارەی زۆر زەبلاح داواکراوە و وەرگیراوە بۆ ئەو بوارانە کە هیچ ئەنجامێکی نەبووە، بەڵکو تەنها پارەکە خوراوە بۆیە حکومەتیش متمانەی بەو جۆرە چالاکی و بیرۆکانە نەماوە لەو نێوانەش خەونی زۆر کەس دەچێتە ژێر گڵەوە بەداخەوە!
*ئامانجت چیه‌ له‌م یارییه‌؟
- ئەگەر باسی ئامانج بکەیت لەوانەیە چەن شتێک بێتە مێشکمان ، هەروەها لە کەسێکەوە بۆ کەسێک دەگۆرێت ، هەروەها بە زارو دەمی خۆمان دەتوانین زۆر شت بڵێن بەڵام وەڵامم بۆ ئەم پرسیارە ئەهێڵمەوە بۆ خوێنەرانی ئەم بوارانە کە تەنها بۆ پێش خستن و بە زانستی کردن هیچ ئامانجێکی ترم نەبووە، بەڵکو وەکو خودی خۆم زۆر زەرە مەند بووم لە لایەنی مادی و پێشکەوتنی خۆم ، بەڵام لایەنی مەعنەوی ئەو هەموو هاورێ و دۆستانەی کە هەوڵم داوە لەگەڵیان دڵخۆشم ئەکات و پەشیمان نیم لێی و هاوێیەتێکەیان هەموو دونیایە بۆ من دەهێنێت لێرەوە دەڵێم هەمووتانم خۆش ئەوێت بەبێ جیاوازی .
* ئه‌گه‌ر شتێكت ماوه‌ له‌ كۆتایدا؟
- لە پێش هەموویانەوە دەست خۆشی لە ئێوەی ئازیز دەکەم ، هەروەها هیوادارم لە داهاتوو بتوانین لەژێر ئاڵای کوردستان بە ناوی کوردستان بە شێوەیەکی زانستیانەو دوور لە رەنگ و لایەن کارەکان رێکبخرێنەوە لایەنێک دابمەزرێت سەر بە حکومەت بێت و مڵکی هیچ کەسێک نەبێت، هەروەها هیوادارم کەسانی شارەزاو بە ئەزموون بهێنرێتەوە پێشەوە کاریان لەگەڵ بکرێت بۆ ئەوەی لە نزیکەوە خزمەتی دەورووبەریان بکەن یان ئاڵای کوردستانیان پێ بسپێرن سەرمان بەرز بکەن لە لوتکە بەرزەکانی جیهان کە زۆر کەسیان دڵیان رەنجاوە بەهۆی ئەوەی تەنها رەخنەیان گرتووە کە رەخنەگرەکان زۆر زیاترن لە دەست خۆشییەکان.

 

Top