عەلی كەریم هونەرمەندی بە ئەزموون بۆ گوڵان: شانۆكارانی باشوور دەبێ بەخۆیاندا بچنەوە و لە ئاستی سەد ساڵەی سەرهەڵدانی شانۆدا بن
هونەرمەند عەلی كەریم، ئەكتەر و شانۆكار، لە ساڵی ١٩٦٨-وە كاری نواندن دەكات و یەكێكە لە ئەستێرە دیارەكانی شانۆ، دراما و سینەمای كوردی، لە ئێستاشدا لەگەڵ كۆمەڵێك هونەرمەند سەرقاڵی تۆماركردنی درامایەكن.
عەلی كەریم لەدایكبووی ساڵی ١٩٥٨ی شاری كەركووكە و، خانەی مامۆستایانی لە كەركوك تەواوكردووە، یەكەم كاری شانۆیی ساڵی ١٩٦٨ بووە بە بەشدارییكردن لە شانۆگەرییەكی چالاكیی خوێندنگاكان لە كەركوك، بەناوی شانۆیی «فلوس الدواء» یان ‘پارەی دەرمانەكە.
لە ساڵی ١٩٩٧١-ەوە عەلی كەریم بەشداریی كارە هونەرییەكانی لقی كەركووكی كۆمەڵەی هونەر و وێژەی كوردیی كردووە، ئەو بە شێوەیەكی ئەكادیمیی نەچووەتە ناو هونەر، بەڵكو وەك خۆی دەڵێت: «زۆر هاتووچۆی هۆڵەكانی سینەمام دەكرد، لەگەڵ هاوڕێكانمدا لاسایی كوڕە ئازاكەم دەكردەوە، لەلایەن كەسوكارمەوە هەست بەوە كرا، كە ئارەزوویەكی قوڵم هەیە بۆ هونەر و، هانیان دەدام.
* گرنگیی سازكردنی فیستیڤاڵەكانی شانۆ لە چیدا دەبینیتەوە؟
- لەوەتەی هونەر و ئەدەب هەیە، دەبینین قسەیان لە سەر هەیە، لێرەوە دەڵێم بمانەوێت و نەمانەوێت هونەر و ئەدەب گرنگی و كاریگەریی زۆری هەیە، یەكەم: لە یەكگەیشتن، دووەم: دەستنیشانكردنی باشترین بەرهەم، سوودوەرگرتن لە ئەزموونەكان و تا ڕاددەیەك گەیشتن بە بۆچوونە گشتییەكان كە ڕەگە جۆرێك لە تەبایی بسازێنێت.
* ئایا ئەو فیستڤاڵانەی كە لە ساڵانی ڕابردوودا ئەنجام دراون، كاریگەرییان لەسەر بەرەو پێشبردنی ڕەوتی شانۆی كوردی هەبووە؟
-لە دوای ڕاپەرینەوە زۆرێك لە فیستیڤاڵ سازدراوە، بەڕای من تەنیا پارە خەرج كراوە، بەبێ پلان كار كراوە، بۆ نموونە كورد سینەمای نییە كەچی لێرە فیستڤاڵی نێودەوڵەتیی بۆ ساز دەدرێت، یان كورد لە باشوور شانۆیەكی چەقبەستووی هەیە، كەچی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆ ساز ئەدرێت، هەندێك كۆمپانیا هەیە لەبری ئەوەی فیلمسازی بكات و فیلمی سینەمایی بەرهەم بهێنێت، قاچاخچێتی بە فیستیڤاڵەوە دەكات، ئەوانەی بە دڵسۆزی و خەمخۆرییەوە فیستیڤاڵ دەسازێنن، تا ڕاددەیەك هەوڵی باشیان داوە، ئەوانیش كەمن و كەم ئەزموونن.
فیستیڤاڵەكانی سینەما و شانۆی كوردی هیچ كاریگەرییان نەبووە بە ئاراستەی گەشەپێكردنی سینەما و شانۆ، بەڵكو تەنیا بەتاڵانبردنی بودجەی فیستیڤاڵەكە بووە.
* فیستیڤاڵی شانۆیی كەركوك چ تایبەتمەندییەكی هەیە؟
- فیستیڤاڵی شانۆی كەركوك تایبەتمەندیی خۆی هەیە و هەبوو، یەكەم: تایبەتبوونی بۆ كوردستانی گەورە، ئەو بەرهەمانەی پارچەكانی دیكەی كوردستان، بەتایبەتی باكوور، كە نمایشە شانۆییەكانیان لە ڕادەبەدەر و جوان و بێ هاوتا بوون، ئەمەش كاریگەریی خۆی هەبوو، زۆربەی خەڵاتەكانیش بەر ئەوان كەوتن، دووەم: شانۆكارانی باشوور دەبێ بەخۆیاندا بچنەوە و لە ئاستی سەد ساڵەی سەرهەڵدانی شانۆدا بن، دەبێ هەڵوەستە بكەن و لەگەڵ دەرهاویشتە و میتۆدەكانی شانۆی دنیادا هەماهەنگ بن، بۆ نموونە، نمایشی (تەرتوف) كە بەرهەمێكی شانۆیی باكوور بوو، هیچ كەمتر نەبوو لە نمایشێكی فەرەنسی، یا بەریتانی، یان ئەڵمانی، جوانیی ئەو نمایشە و نمایشەكانی دیكەی باكوور لە ئاستێكدا بوون، من وەك شانۆكارێك هەستم بە كەمی و بێ توانایی خۆم دەكرد، لێرەوە بۆم دەركەوت كە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی كە كورد ئەنجامی دەدات بە بەشداریی یەك دوو دەوڵەت، فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی نییە، بەڵكو هەڵبژاردنی فیلمە و نمایشەكانیش لە ڕێگەی فلتەرەوە نییە، جارجار حەزی بەرپرسە سیاسییەكانیشی تێ دەكەوێت، فیستیڤاڵچییە بازرگانەكان ئەوەندەی چاو دەبڕنە ئەوەی لە بودجەكە چییان بۆ دەمینێتەوە، ئەوەندە مەبەستیان بەدیهێنانی ئامانجەكانی فیستیڤاڵەكە نییە.
* سازكردنی فیستیڤاڵی شانۆیی كەركوك و ناونانی بە فیستیڤاڵی عەلی كەریم، بۆ جەنابت چی دەگەیەنێت؟
- من بۆ خۆم خۆشحاڵم كە فیستیڤاڵەكە بە ناوی منەوە بوو، بەڵام خۆشحاڵیم لەوەدایە كە بە شایەدیی هەموو میوانان، فیستڤاڵەكە لە هەموو ڕوویەكەوە زۆر سەركەوتوو بوو، یەكەمیان: بەشداریكردنی هەموو پارچەكانی كوردستان، كە ئەمەش مەخزای خۆی هەیە: دووەمیان بەڕێوەچوونی بەرنامەكانی فستیڤاڵەكە، كە زۆر بە وردەكارییەوە بوو.
* سازكردنی فیستیڤاڵی شانۆیی كەركوك چ مانایەكی هەیە؟
- دەتوانم بڵێم سازدانی ئەم فستیڤاڵە لەم بارودۆخەی شاری كەركوكدا، زەرورەتێكی حەتمی بوو، مەخزایەكی زۆریشی هەبوو، چونكە بە قەد هەوڵ و تەقەلای هونەرمەندانی كورد، هونەرمەندە توركمان و عەرەبەكانیش لە بەڕێوەچوونی پرۆسەكەدا ڕۆڵی ئیجابییان هەبوو، هەموویان خەمخۆری سەركەوتنی فیستیڤاڵەكە بوون.
* ئامادەبوونی بینەران و كارەكانی لێژنەی ناوبژیكاریی فیستیڤاڵەكە چۆن بوون؟
- بەردەوام لە هەموو نمایشەكاندا بینەر زۆر بوو، هۆڵەكان جمەیان دەهات، تەنانەت هەندێ نمایش كە لە سەنتەری ڕۆشنبیریی كەركوك ساز دەكران، سەرباری گەورەیی هۆڵەكە، بەڵام زۆر جار بینەر بەپێوە دەوەستان، ئەمەش سیفەتێكی بینەری شانۆیە لە كەركوك، كە هەر لە دێرزەمانەوە لە دوای ڕێكەوتننامەی (11)ی ئادار و دوای سەرهەڵدان و بوژانەوەی ڕۆشنبیری لە كەركوك، شانۆ و بینەر هەبووە، هۆكارەكەیشی بۆ فرەنەتەوەیی كەركوك دەگەڕێتەوە، شاری فرە نەتەوەش لە هەموو جیهاند فرەكولتوورە، فرەكولتوورییش دەوڵەمەندیی كولتوور دەگەیەنێت.
* جەماوەری نمایشەكان لە چ ئاستێكدا بوون؟
- تەنها لە گفتوگۆ كردن لەسەر نمایشەكان خەڵكی هونەرمەند و تایبەت بە شانۆ بوون، بەڵام بینەری نمایشەكان زۆربوون.
دەمەوێ ئاماژە بەوەش بكەم فیستیڤاڵی شانۆیی كەركوك لە دوای ڕاپەرینەوە لە هیچ فیستیڤاڵێك ناچێت، زۆر جیاوازە، بێ ساختەیە، زۆر بە دڵسۆزی بەڕێوەچوو زۆریش سەركەوتوو بوو.