ڕۆڵی كەرتی كشتوكاڵ لە پاراستن و چاككردنی ژینگەدا
چونكە ئەركە ژینگەییەكان زۆر گەورەترن لە تواناكانی دەستەی ژینگە و دەستەی ژینگەش وەك ژینگەی حكومەتی پێویستی بەوەیە لە ڕێگەی ئەم ئەنجومەنی پاراستن و چاككردنی ژینگەوە ببێتە حكومەتێكی ژینگەیی، بۆیە دەستەی ژینگە دەستەیەكی چاودێریی و هەماهەنگییە و كار دەكات لەسەر هەڵسەنگاندنی كاریگەرییە ژینگەییەكان و، هەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەت و دەستە جێبەجێكارەكان و بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی ژینگەیی و، ئامانجەكانی دەستەش بریتین لە: پاراستنی ژینگەی خاوێن و چاككردنی ژینگەی پیسكراو و كاركردن بە چەمكی گەشەپێدانی بەردەوام، ئامرازەكانی دەستەش بریتین لە: بایەخدان بە بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی ژینگەیی و كاراكردنی یاسا و ڕێنماییە ژینگەییەكان و گواستنەوەی تەكنۆلۆژیای نوێ.
لێرەوە كاری ڕۆژانە و ئاسایی دەستەی ژینگە بەم شێوەیەی لای خوارەوەیە:
1. ڕەزامەندیدان، یان ڕەزامەندیی نەدان بە پڕۆژەكان لە جۆری پیشەسازی، پیشەسازیی خۆراك، خزمەتگوزاری، نیشتەجێكردن، بازرگانی، كشتوكاڵی، تەندروستی، مۆڵەتی ڕاو، ماددەی تیشكاوەر.
2. كەیسەكانی دادگا وەك سكاڵا، سزا، پێبژاردن، بەڵێننامە.
3. بەدواداچوون و پشكنین بۆ پڕۆژەكان.
4. پشكنینی تاقیگەیی.
5. سەپاندنی ڕووبەری سەوزایی.
6. هۆشیاركردنەوەی ژینگەیی لە بوارەكانی: كۆڕ و سیمینار و وۆڕكشۆپ و بەرنامە و دیداری میدیایی و پەروەردەی ژینگەیی لە ناوەندەكانی خوێندندا و، كۆكردنەوەی ئارەزوومەندانەی ڕێكخراوە ژینگەییەكان لە بۆردی ڕێكخراوەكاندا و، پێشوازیكردن لە خاوەن دەستپێشخەرییە ژینگەییەكان.
دەستەی ژینگە لە ڕێگەی ئەنجومەنی پاراستن و چاككردنی ژینگەوە هەماهەنگیی باشی لەگەڵ تەواوی وەزارەتەكان هەیە و، لە بواری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاویشەوە نوێنەری وەزارەت ڕۆڵی سەرەكیی هەیە لە خستنەڕووی ڕێكارە ژینگەییەكان و ئەركە ژینگەییەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ لە بواری دارستانەكان، نەمامگەكان، پاشماوە كشتوكاڵییەكان، پەینی كیمیاوی، بەنداوەكان، بیرەكان، كانەكان، بە ئاراستەی جێبەجێكردنی ئەم ڕاسپاردانە و زۆری دیكەش وەك ئەمانەی لای خوارەوە:
1. كاراكردن و كاركردن بە ماددە و بڕگەكانی یاسای ژمارە 10ی ساڵی 2012ی تایبەت بە پاراستنی دارستان.
2. پاراستنی زەوییە كشتوكاڵییەكان لە كشانی ئاسۆیی شار و شارۆچكەكان و بایەخدان بە بینای ستوونی.
3. نەمامگەكان پۆڵێن بكرێن و زانیاریی وردیان لە بارەوە بدرێت لە ڕووی ژمارەیان، سوودمەندان لێیان، گرفتی فەرمانبەر و كارمەندەكانیان، پێدانیان بە كەرتی تایبەت بە مەرجی دیاریكراو.
4. چارەسەركردنی پاشماوە كشتوكاڵییەكان بە سوودوەرگرتن لە تەكنۆلۆژیای سەردەم پاش دیاركردنی بڕی پاشماوەكان، زیانەكانیان، ڕێگەكانی چارەسەركردنیان.
5. چاودێریكردنی وردی پڕۆسەی بەرهەمهێنان و هاوردەكردنی پەینی كیمیاوی لە ڕووی زانینی جۆرەكانیان، شوێنی هاوردەكردنیان، چۆنیەتی كۆگاكردنیان، جۆری زیانەكانیان، شێوازی بەكارهێنانیان.
6. هەوڵدان بۆ تەواوكردنی ئەو بەنداوانەی كە زۆر پێویستن، هەروەها هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی بەنداوە كۆنەكان و دەستكردن بە دیزاینكردنی بەنداوە پێشنیاركراوەكان.
7.هەوڵدان بۆ كەمكردنەوەی پڕۆسەی هەڵكەندنی بیری نوێ و پاراستنی ئاوی ژێر زەوی.
8. هەماهەنگیكردن لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان بۆ چاودێریكردنی خاوەن كانەكان و كاركردنیان بەپێی یاسا بەركارەكان بێت و، پێداچوونەوەش بە ڕێپێدانەكانی پێشووتر بكرێتەوە بە هۆی زۆریی سەرپێچییەكانەوە.
9.لە ڕووی ڤێتینێرییەوە هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی دیاردەی سەگی بێلانە، بەتایبەت پاش زیادبوونی ژمارەیان و زۆربوونی زیانەكانیان، كە ئەمەش كردنەوەی شێڵتەری تایبەت دەخوازێت بۆیان لە لایەكەوە و، نەزۆككردنیشیان لەلایەكی دیكەوە.
10-كاركردن بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەی بەردەوامی هەماهەنگی لە نێوان وەزارەتی كشتوكاڵ و دەستەی ژینگە بۆ یەكخستنی ئەو ڕێنماییانەی كە هەردوو لا پەیوەست دەكەن بە پاراستنی زەوییە كشتوكاڵییەكان.