سەرۆك كۆمارێكی ئۆپۆزسیون
پرۆسەی سیاسی لەعێراقدا بەجۆرێك نامۆ بووە، ناسەقامگیری سیاسی و ئابووری لەلایەك ، ئەمە بێجگە لەناڕوونی تێگەیشتنی لایەنە سیاسیەكان لەدۆخی نەخوازراوی ئەم وولاتە و كەلەكەبوونی كێشە و قەیرانەكان عێراق بەرەو قۆناغێكی زۆر نامۆ بردووە كە ئەستەمە تێگەیشتن لەئاڵنگارییەكان هەبێ لەقۆناغەكانی داهاتوودا.
یەكێك لەو دیاردانەی ئێستا هەردوو دەستەلاتی یاسادانان و جێبەجێكردنی تووشی گرفتێكی تر كردووە، پەرەسەندنی جۆرێكی زۆر نامۆیە لەهیزی سیاسی كەم ئەزموونەكان كەخۆیان بەئۆپۆزسیۆنێكی نێو دەستەلات دەزانن، لەیەك كاتدا ئەم هێزانە دەیانەوێت ئۆپۆزسیۆنیش بن و لەدەستەلاتیش بن.
ئۆپۆزسیۆنێكی دەستەلاتدار
لەماوەی رابردوودا ، هەر لەسەرەتای بانگەشەی هەلبژاردنەوە، هەندێك هێزی سیاسی بانگەشەی ئۆپۆزسیۆنیان دەكرد، بەڵام خودی ئەو كەسانە لەمانایی ئۆپۆزسیۆن تێنەگەیشتوون، چونكە لەكاتێكدا كاندید بۆ پۆستە جیاوەزەكان دەستنیشان دەكەن.
یەكەمجارە لەجیهاندا ئۆپۆزسیۆن كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار هەبێت، لەكاتێكدا سەرۆك كۆمار بالاترین دەستەڵاتی سیاسیە لەدەوڵەتدا، وەك هەرەمی سەرەكی دەستەلات مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت، ئەگەر وابڕوات ئەو هێزانە پێیان ئاساییە كاندید بۆ پۆستە وەزارییەكانیش دیاری بكەن، لەهەمانكاتدا بانگەشەی ئۆپۆزسیۆن بكەن، ئەمەش پرسیارەكەیە ئایە ئەم كەسانە وەزیریش دەبن و هەم ئۆپۆزسیۆنیش.
كێ ئۆپۆزیسیۆنە؟
ئەمەش ئەو پرسیارە گرنگەیە دەبێت بكرێت ئایە لەم دۆخەدا كێ ئۆپۆزسیۆنە؟ ئایە ئۆپۆزسیۆنێكی ڕاستەقینە لەوڵاتی عێراقدا هەیە، یان هەر لەبنەڕەتدا لەرۆژهەلاتی ناوەڕاستدا هەیە، ئەمە ئەو پرسیارە زۆر لەچاودێرانی سیاسی سەرقاڵكردووە، ئۆپۆزسیۆنی راستەقینە ئەو هێزەیە چاودێرێكی باشی هەردوو دەستەڵاتی جێبەجێكردن و یاسادانان بێت، خاڵە لاوازەكان سەرجەم دەستەلاتەكان دیاری بكات و رەخنەی بونیادنەر ئامادە بكات، بەڵام ئەوەی ئەمرۆ ئێمە دەیبنین دیاردەیەكی نامۆیە لەجیهانی سیاسەتكردندا، چونكە ناشبێت تۆ ئۆپۆزسیون بیت، چەندین پۆستی جیاوازت هەبێت، بۆیە ئەگەر بەگوێرەی عورفی ئەو لایەنانە بێت، ماوەیەكی تر سەرۆك كۆمارێكی ئۆپۆزسیونمان دەبێت.
لەكۆتایەكەیدا ئەم مۆدێلە سیاسیە لەعێراقدا خۆی لەخۆیدا جێگەی سەرنجە خۆی لەخۆشیدا پرسیارە ئایە ئەم هەنگاوانە چ دۆخێك دەخولقێنێت و عێراق بەرەو كوێ دەبات، ولاتێك لەنێوان سەرۆك كۆمارێكی ئۆپوزسیۆن و حكومەتێكی پر لەكێشەدا.