شانۆی چوار پارچەی كوردستان لە كەركووك

شانۆی چوار پارچەی كوردستان لە كەركووك

ئێوارەی 4/بەفرانبار/2721ی كوردی (25/كانوونی یەكەم/2021ز) بە ئامادە بوون و بەشداریی شانۆكارنی هەر چوار پارچەی كوردستان، لە گەورە هۆڵی سەنتەری ڕۆشنبیریی كەركووك، كە سەرووی هەزار میوانیش ئامادە بوون، ڕێوڕەسمی دووەمین فیستیڤاڵی شانۆی كەركووك دەستی پێ كرد. بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیری و هونەری كەركووك سەر بە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هاوكاریی دەزگای فیستیڤاڵی شانۆی كەركووك، ئەم فیستیڤاڵەیان بۆ چەندین گرووپی شانۆی باكوور، ڕۆژهەڵات، باشوور و ڕۆژاڤای كوردستان ڕێك خست، فیستیڤاڵەكەش بۆ ماوەی شەش ڕۆژ (4 تا 9/بەفرانبار/2721ی كوردی) بەردەوام بوو.

ئا/ تاریق كارێزی

شانۆی چوار پارچەی كوردستان لە كەركووك

بەڕێوە چوونی فیستیڤاڵێكی وا گەورەی شانۆ لە كەركووك كارێكە لەگەڵ پێگەی شانۆ لەو شارەدا وێك دێتەوە. شانۆ یەكێكە لەو هونەرانەی زۆر ئامادە و كاریگەرە لە ناوەندی هونەر لە شارەكەدا. بە درێژایی ساڵ لەلایەن تیپ و گرووپی كۆن و تازەوە، نمایشی هەمەجۆر چ لە نێو هۆڵ چ لە شەقام و نێو بازاڕ و كووچە و گەڕەكدا، پێشكەش دەكرێن. زێدەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێین ئەمڕۆ كەركووك لە ڕووی هونەری شانۆوە ڕۆڵی پێشەنگی لە ئاستی كوردستاندا هەیە. هەڵبەت ڕیشەی شانۆش لەو شارەدا پاڵپشتە و مامۆستایانی نەوەی یەكەمی هونەری شانۆ لەم شارەدا، ئێستا كەسانی زۆر دیاری بوارەكەن لە ئاستی كوردستاندا، یەكەمین ئەكادیمیستانی بواری شانۆش كە بڕوانامەی باڵایان لە ئاستی باشووری كوردستان لە شانۆدا بەدەست هێناوە، شانۆكارانی كەركووكن. هەموو ئەمانە پاساوی بەهێزن ولە جێی خۆیدایە كە فیستیڤاڵێكی گەورەی شانۆ لە ئاستی كوردستانی مەزن، لە شاری كەركووكدا بەڕێوە بچێت، ژێرخانی شانۆ لەو شارەدا تۆكمە و دامەزراوە، ژمارەیەكی زۆر لە دەرهێنەر و نووسەر و ئەكتەر و هونەركاری شانۆ لە شارەكەدا هەن.

 ڕێوڕەسمێكی شایستە

سەنتەری ڕۆشنبیریی كەركووك تەلارێكی زۆر گەورەی كولتوور و هونەرە، لە لایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ خزمەت كردنی هونەر و كولتوور لە شارەكەدا دروست كراوە. ڕووبەرەكەی دەیان هەزار مەترە، تەلارێكی زۆر مۆدێرن و فرە خزمەتی لەسەر دروست كراوە، چەندین هۆڵ و نمایشگە و ژوور و لاباڵ و شوێنی هەمەجۆری لە خۆ گرتووە، كتێبخانەی گشتیی باوە گوڕگوڕ سەر بە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان هەر لەو تەلارەدایە. لە گەورە هۆڵی تەلارەكەشدا ڕێوڕەسمی دەست پێ كردنی فیستیڤاڵ بەڕێوە چوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەكە بە ڕێڕۆیشتنی سەر فەرشی سوور بۆ ستافی فیستیڤاڵ و تیپەكانی بەشدار و میوانانی تایبەت، دەستی پێ كرد. پاشان لە نێو هۆڵەكەدا كە سەرووی 1200 كەس لە میوان و هۆگرانی شانۆی لە خۆ گرت بوو، چەندین وتە بەو بۆنەیەوە پێشكەش كران. دووەمین فیستیڤاڵی شانۆی كەركووك وەك (خولی عەلی كەریم) پێناسە كرا. عەلی كەریم ئەكتەرێكی زۆر دیار و بەرجەستەی بواری شانۆ و درامایە، نیو سەدە بەر لە ئێستا،كاروانی هونەری لە شاری كەركووك دەست پێ كرد، پاشان لە بن گوشاری بەعسی داگیركەر، كەركووكی جێ هێشت و لە سلێمانی گیرسایەوە. لەوێشدا لە بەشێكی زۆری دراما و زنجیرە فیلم و فیلم و نمایشەكانی شانۆی ئەو شارەدا وەك ئەكتەرێكی دیار و بە توانا و خاوەن ئەزموون، بەشداریی كرد. بۆ ڕێز گرتن لە پێگەی هونەری عەلی كەریم، پەردە لەسەر پەیكەرێكی ئەو هونەرمەندە هەر لە نێو گەورە هۆڵی سەنتەری ڕۆشنبیری لا درا. دوایین بڕگەی ڕێوڕەسمی دەست پێ كردنی فیستیڤاڵەكە، پێشكەش كردنی چەندین گۆرانی و پارچە مووزیك بوو.

 پرۆگرامێكی چڕ

لە ماوەی شەش ڕۆژی فیستیڤاڵەكەدا چواردە نمایشی شانۆیی لە لایەن تیپ و گرووپەكانی شانۆی باكوور، ڕۆژهەڵات، باشوور و ڕۆژاڤای كوردستانەوە پێشكەش كران، جگە لە پێشكەش كردنی چەندین كۆڕ و سیمیناری تایبەت بە شانۆ. نمایشەكان لە سێ هۆڵی سەنتەری ڕۆشنبیریی كەركووك، هۆڵی چالاكیی قوتابخانەكان، هۆڵی شەهید سیروان تاڵەبانی پێشكەش كران.

ڕۆژی یەكەم، بە ڕەچاو كردنی ئەوەی تیپ و گرووپەكانی پارچەكانی دیكەی كوردستان شەكەت و ماندووی ڕێ بوون، تایبەت كرا بە دوو نمایش (ناوی بنێین چی) و (دوا كۆپی لە ئێمە) لە باشووری كوردستانەوە. ڕۆژانی دواتر پرۆگرامەكە چڕتر بوو. لە دووەمین ڕۆژدا ڕەخنە كۆڕێكی شانۆ لە بارەی نمایشی (ناوی بنێین چی) لە لایەن یاسین قادر بەرزنجییەوە پێشكەش كرا. ڕێباز حەمە جەزاش ڕەخنە كۆڕێكی شانۆی لە بارەی نمایشی (دوا كۆپی لە ئێمە) پێشكەش كرد. هەر لە دووەمین ڕۆژدا شانۆییەكی باشوور بە ناوی (كێ دەردەچێت) پێشكەش كرا. شانۆیی (گیانا شەوتی) نمایشێكی هونەرمەندانی ڕ‌وژاڤای كوردستان بوو كە لەو ڕۆژەدا پێشكەش كرا، پاشان نمایشی (دونیا) وەك بەرهەمی باشوور پێشكەش كرا. دوایین چالاكیی ئەو ڕۆژەش سیمینارێك بوو بە ناونیشانی (شانۆ لە ئەدەبیات و هونەرەوە بۆ زانستی پێداگۆگیك و تێراپی) لە لایەن د. هاوڕێ زنگەنەوە، كە لە ئەڵمانیاوە هات بووەوە، پێشكەش كرا.

 ڕۆژی سێیەم

بە ڕەخنە كۆڕێك لە بارەی شانۆیی (كێ دەردەچێت) لە لایەن كرمانج مستەفاوە، سێیەمین ڕۆژی فیستیڤاڵەكە دەستی پێ كرد. پاشان عادیل حەسەن ڕەخنە كۆڕێكی لە بارەی شانۆیی (گیانا شەوتی) پێشكەش كرد. هەر لە سێیەمین ڕۆژدا سێیەمین ڕەخنە كۆڕی ئەو ڕۆژە لە لایەن هەڵوێست نەریمانەوە لە بارەی شانۆیی (دونیا) پێشكەش كرا.

هەر لەو ڕۆژەدا سێ شانۆیی پێشكەش كران. شانۆیی (گێژەن) لە باشوورەوە، شانۆیی (دوورترین شاری جیهان) لە ڕۆژهەڵاتەوە، شانۆیی (تەڕتووف) لە باكوورەوە. دوایین چالاكیی ئەو ڕۆژەش بە ناونیشانی (شانۆیی نێوان كولتووری و ئایینی) لە لایەن ئیبراهیم ئیبراهیمییەوە پێشكەش كرا.

 ڕۆژی چوارەم

دوای ئەوەی هەردوو ڕۆژی دووەم و سێیەمی فیستیڤاڵ تەژی بوون لە كۆڕ و نمایشی شانۆیی، چوارەمین ڕۆژی فیستیڤاڵ هەمەڕەنگ و تایبەت بوو. سەرەتا سێ ڕەخنە كۆڕی شانۆیی پێشكەش كران. سەردار مەحموود لە بارەی شانۆیی (گێژەن)، سابیر دڵبینا لە بارەی شانۆیی (دوورترین شاری جیهان)، حەمە سوار عەزیز لە بارەی شانۆیی (تەڕتووف) قسەیان كرد و سەرنج و ڕوون كرنەوەیان خستە ڕوو. پاشان لە لایەن تیپێكی ڕۆژاڤای كوردستانەوە شانۆیی (پینە) پێشكەش كرا. دواتر تێكڕای میوان و بەشدارانی فیستیڤاڵ سەردانی ماڵ و ئارامگەی پاشای مەقام عەلی مەردانیان لە گەڕەكی بەرتەكیەدا كرد، پاشان سەردانی چاوگی نەوتی باوە گوڕگوڕیان كرد، لە دوایین بڕگەی بەسەر كردنەوەی شاردا، میوان و بەشدارانی فیستیڤاڵ چوونە سەر قەڵای كەركووك، دوای دیدەنی كردنی قەڵا و ئەو بینا و شوێنەوارانەی لە چنگی بەعس و سەدام ڕزگاریان بووە، گوێیان لە دانیشتنێكی مەقام خوێندن بوو. دوایین بڕگەی ئەو ڕۆژەش كۆڕی واژۆ كردنی كتێبی (دونیای عەلی عەبدولنەبی) بوو، لە وەرگێڕانی بۆ سەر زمانی كوردی مەریوان زەنگەنە.

 پێنجەمین ڕۆژی فیستیڤاڵ

لەم ڕۆژەشدا هەم كۆڕ و هەم نمایشی شانۆ پێشكەش كران. سەرەتا ڕەخنە كۆڕێك لە بارەی شانۆیی (پینە) وەك نمایشێكی ڕۆژاڤای كوردستان پێشكەش كرا، ئنجا شانۆیی (شەوگار گۆرانییەكانی دەڵێ) بە ناوی باشوورەوە پێشكەش كرا، دواتر شانۆیی (تەنێ ئەز) لە لایەن هونەرمەندانی باكوورەوە پێشكەش كرا، پاشان شانۆیی (بنەماڵەی چێن چی) لە لایەن هونەرمەندانی ڕۆژهەڵاتەوە پێشكەش كرا. دوایین بڕگەی ئەو ڕۆژەش، پێشكەش كردنی سیمینارێك بوو بە ناونیشانی (ئیپسن لەسەر شانۆكانی جیهان و كوردستان) لە لایەن د. ڕێزان ساڵحەوە پێشكەش كرا.

 دوایین ڕۆژی فیستیڤاڵ

شەشەم و دوایین ڕۆژی فیستیڤاڵ بە ڕەخنە كۆڕێك لە بارەی شانۆیی (شەوگار گۆرانییەكانی دەڵێ) لە لایەن گۆران محەمەدەوە، دەستی پێ كرد، ئنجا مەریوان هەڵەبجەیی ڕەخنە كۆڕێكی لە بارەی شانۆیی لە بارەی شانۆیی (بنەماڵەی چێن چی) پێشكەش كرد، پاشان سێیەمین ڕەخنە كۆڕی ئەو ڕۆژە لە لایەن هەرمان هاشمەوە لە بارەی شانۆیی (تەنێ ئەز) پێشكەش كرا.

دوایین دوو چالاكیی فیستیڤاڵ دوو نمایشی شانۆیی بوون، یەكەمیان شانۆیی (دۆن كیشۆت) لە لایەن هونەرمەندانی باكوورەوە، دووەمیشیان شانۆیی (یەس گۆدۆ) لە لایەن هونەرمەندانی بەغداوە، پێشكەش كران.

باكوور زۆربەی خەڵاتەكانی بردەوە

ئاهەنگی كۆتایی هاتنی فیستیڤاڵ لە هۆڵی گۆڵدن تایم لە باكووری شاری كەركووك بەرانبەر بە پەیكەری پێشمەرگە بەڕێوە چوو. بە بڕیاری لیژنەی دادوەر، كە بریتی بوو لە هونەرمەندان (د. قوتبەدین سادقی، جەلال موردەنیز، گەزیزە عومەر، مەریوان زەنگەنە، حەیدەر منەعسەر)، لە كۆی پێنج خەڵاتی فیستیڤاڵەكە، شانۆكارانی باكووری كوردستان چوار خەڵاتیان بەم جۆرەی دادێ بردەوە:

یەك: خەڵاتی باشترین ئەكتەری كوڕ بۆ هونەرمەند یاوز ئاكۆز لە شانۆیی (تەڕتووف).

دوو: خەڵاتی باشترین دەرهێنەر بۆ هونەرمەند روكنەدین گون هەر لە شانۆیی (تەڕتووف).

سێ: خەڵاتی باشترین بەرهەم بۆ شانۆیی (تەنێ ئەز).

چوار: خەڵاتی باشترین سینۆگرافیا هەر بۆ شانۆیی (تەنێ ئەز).

پێنج: خەڵاتی باشترین ئەكتەری كچیش بۆ چاوان خەلیل لە شانۆیی (شەوگار گۆرانییەكانی دەڵێ).

بەم جۆرە هەر چوار خەڵاتی یەكەم شانۆكارانی باكوور بردیانەوە، پێنجەمین خەڵاتیش شانۆكارێكی هەولێر لە باشوور بردییەوە.

بە دەم ڕێوڕەسمی كۆتایی هاتنی فیستیڤاڵ، ئاهەنگێكی گۆرانی و مووزیك پێشكەش كرا، قەلغان و بڕوانامەی بەشداری كردن پێشكەش بە تیپەكانی بەشداری فیستیڤاڵ و لیژنەی دادوەری فیستیڤاڵەكە كرا.

 ڕۆژانە «شانۆكار»

ڕۆژانە ڕۆژنامەی (شانۆكار) بە كوردی (هەردوو شێوە ستانداردی سۆرانی و كرمانجی) و عەرەبی وەك ئۆرگانی فیستیڤاڵەكە دەردەچوو. شەش ژمارەی شانۆكار بۆ هەر شەش ڕۆژی فیستیڤاڵەكە چاپ و بڵاو كرانەوە.

شانۆی چوار پارچەی كوردستان لە كەركووك
شانۆی چوار پارچەی كوردستان لە كەركووك
شانۆی چوار پارچەی كوردستان لە كەركووك
شانۆی چوار پارچەی كوردستان لە كەركووك
شانۆی چوار پارچەی كوردستان لە كەركووك
شانۆی چوار پارچەی كوردستان لە كەركووك
شانۆی چوار پارچەی كوردستان لە كەركووك
Top