كردنەوەی زانكۆیەكی ئیسلامی لە كوردستان هەنگاوێكی گرنگە
ماوەیەكی زۆر خواستی زۆربەی زانایانی ئایینی ئەوە بوو كە بە شێوەیەكی هاوچەرخ و میكانیزمێكی گونجاو، پەرە بە بواری مەعریفەی ئایینی و خوێندنی ئیسلامیی ئەكادیمی لە كوردستان بدرێت، بۆ ئەم مەبەستە لە زۆربەی كۆڕ و كۆنفرانس و بۆنە ئایینییەكاندا وەك پێشنیار و پێویستی و چارەسەر، ئەم پرسە دەخرایە ڕوو.
لە ڕوانگەی هەستی بەرپرسیارێتی و كاركردن بۆ هێنانەدیی ئامانجە ستراتیژییەكان، یەكێتیی زانایان بە ئاراستەی هەرسێ ڕەهەندی ئایینی و نەتەوەیی و پیشەیی، بەردەوام هەوڵ و هەنگاوی پێویستی ناوە و كاری كردووە بۆ پارێزگاری و بە زیندوویی هێشتنەوەی ڕێڕەوی ڕەسەنی گەورە زانایانی كورد، كە هەمیشە هەڵگری ڕێچكە و ڕێبازی ئایینپەروەری و نیشتمانپەروەری بوون لەلایەك و، دانەبڕان لە ڕەوڕەوەی جیهانی ئێستا و بایەخدان و پێشخستنی دۆخی زانستی و گوتاری ئایینی لەلایەكی دیكەوە، لەو پێناوەدا هەر چییەك بۆ چارەسەری كێشەی كورد و بەرەوپێشچوونی ڕەوشەكە لە كوردستان پێویست و گونجاو بێت، كاریان بۆ كردووە و بۆی تێكۆشاون، لەم پێناوەشدا چ لە ڕابردوو، چ لە ئێستادا ڕێگەی خزمەت و تێكۆشان و تەنانەت خەبات و شۆڕش و بەرگری لە خاك و خەڵكیان گرتووەتە بەر و، خاوەن قوربانیی زۆر و دەستكەوتی گەورەشن لەم مەیدانە.
نكۆڵی لەوە ناكرێ كە زانایانی كورد و مزگەوت و حوجرە و مەدرەسە زانستی و ئایینییەكانی كوردستان، لەسەر ئاستی ئایینی و نەتەوەیی، ڕۆڵێكی شەڕەفمەندانە و گرنگیان لە خزمەتكردنی گەل و وڵاتدا هەبووە، كە وەك شانازییەكی گەورە لە مێژوودا تۆمار كراوە، ئەمەش لە ناچاری و بەزۆر نەبووە، بەڵكو خەمخۆرییان بۆ كیان و كۆمەڵگە و هەستی نەتەوایەتی و، زادەی تێگەیشتنی دروست و پەیامی میانڕەوی و قەناعەتی دینداری بووە، كە بووەتە وزەبەخش و پاڵپشتێكی گەورەی سەركەوتنەكان و پەروەردەكردنی تاكی كورد، لەسەر نەهجێكی پاك و ئاوێتە بە هەر دوو هەستی ئایینپەروەری و نیشتماندۆستیدا.
ئاساییە ئەگەر بڵێین لە ئەنجامی كزبوون و لاوازیی ئەم ناوەندە مەعریفی و هەستە بەرزە، لە ئەنجامی هەموو ئەم ئالنگاری و گۆڕانكارییانەی بە هۆكاری جیا جیا هاتنە پێشەوە، دۆخێكی نەخوازراو ڕووی لە كۆمەڵگەی ئێمە كرد، كە خۆی لە ڕەخساندنی دەرفەت بۆ خەڵكی دیكە و لێكەوتەی توندڕەوی و پەرتەوازەیی و نالەباریدا زەمینەی بەهێزبوونی ڕەوت و ڕێڕەوی پەیڕەوانی ئایینیدا بینییەوە، كە وای كرد ناوەندی پێگەیاندنی كادری ئایینی لاواز و كەم بەرهەم بن و بۆشاییەكی گەورە لەو بوارە دروست ببێت.
یەكێتی زانایان وەك پەرۆشی دۆخەكە و تامەزرۆی بەهێزكردنی ناوەندی پێگەیاندنی زانای ئایینی و، بڵاوكردنەوەی تێگەیشتن و هۆشیاریی زانستی لەمەڕ چەمكە شەرعی و بابەتە هزرییەكان، هەمیشە بە دوای دەرفەتەوە بووە، لەو سۆنگەوە ڕۆژی 29ی9ی2021 مەكتەبی تەنفیزیی یەكێتی زانایان لە دیدارێكی تایبەتدا لەگەڵ ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، چەند پرسێكی تاوتوێ كرد و، یەكێ لەوانە بابەتی كردنەوەی زانكۆیەكی ئیسلامی بوو، كە وەك پێشنیار خرایە بەر دەستی بەڕێزیان، بە خۆشحاڵییەوە ڕایگەیاند «هەر چییەك بۆ خزمەتی زانایان و ڕەوشی ئایینی پێویست بێت، دیراسەی دەكەین و ئەوەی مومكین بێت بڕیاری بۆ دەدەین».
خۆشبەختانە لە بەرواری 7ی12ی2021 لە نووسراوێكی فەرمیدا سەرۆكی حكومەتی هەرێم، وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیی ڕاسپارد، كە كاری پێویست بە هەماهەنگی لەگەڵ یەكێتی زانایان و وەزارەتی پلاندانان و وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی ئەنجام بدات، بە مەبەستی دیراسەتكردنی ئەم بابەتە و، دیاریكردنی ڕاسپاردە و میكانیزمی پێویست بۆ جێبەجێكردنی داواكاریی یەكێتی زانایان، كە كردنەوەی زانكۆیەكی ئیسلامییە لە كوردستان.
دوای ئەم هەنگاوە یەكێتی زانایان لە كۆبوونەوەی سەركردایەتیی خۆیدا لە 15ی12ی2021 وێڕای گەنگەشەكردنی بابەتەكە، سوپاس و پێزانینی یەكێتی زانایانی ئاراستەی سەرۆكی حكومەت كرد، كە پێشنیارەكەی یەكێتی زانایانی بە هەند وەرگرتووە و، لایەنی مەعنیی بۆ دیاریكردنی میكانیزمی پەیوەست ڕاسپاردووە.
وێڕای ئەمەش ئەم هەنگاوە دەنگدانەوەیەكی ئەرێنیی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و، بووە مایەی خۆشحاڵییەكی زۆری سەرجەم زانایانی ئایینی و هەموو ئەوانەی تامەزرۆی ڕەوتی مەعریفە و زانستی ئیسلامی و پێگەیاندنی نەوەیەكی هۆشیارن لە كوردستان، كردنەوەی وەها زانكۆیەك ئومێد و ئاسۆیەكی گەورە بۆ ڕۆڵەكانی كورد بینا دەكا، كە كاریگەریی زۆری دەبێت لە پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییەی لەو نێوەندە هەبووە، لە هەمان كاتدا ڕۆڵی دەبێت لە سەرپەرشتیكردنی بواری زانستی ئیسلامی و پێگەیاندنی كادری ئایینی بە شێواز و بناغەیەكی ئەكادیمیی خۆماڵی و كوردپەروەرانە.
ئەم زانكۆیە وەك ناوەندێكی ئەكادیمیی ئیسلامی، بە ئاست و تێگەیشتنێكی دروست و پێویستەوە ڕۆڵێكی گەورەی دەبێت لە بووژانەوەی كولتوور و ڕۆشنبیریی ئیسلامیدا، هەروەها ئیعتیبار و ڕوویەكی جوانتر لە سەر ئاستی جیهانی ئیسلامی بۆ كورد وێنا دەكات و، دەبێتە فاكتەری خێر لە ڕووی ئەكادیمی و پیشاندانی واقیعی كۆمەڵگە لە رووی پاراستن و پەیڕەوكردن و خزمەتكردنی ڕێبازی شەریعەت، هاوكات بەرەو پێشبردنی فەرهەنگ و توراسی ئیسلامی و تەوزیفكردنی چەمكە ئایینییەكان لە سەر ئەو ڕێڕەوەی گەورەزانایانی كورد چوارچێوەیان بۆ داڕشتووە، دواجار دەبێتە پردێكی بەهێز لە نێوان باڵاكردنی زانیاری و مەعریفەی ئیسلامی و بەخشینەوەی لە خزمەتی كۆمەڵگەدا، كە وەك دامەزراوەیەكی باڵای توێژینەوە و زانستە شەرعی و ئیسلامییەكان، مەودای دەرفەتی خوێندنی ئیسلامی فراوان و زەمینەی لەباوەشگرتنی سەرجەم لق و پۆی پەیمانگە و كۆلێژ و بەشە ئیسلامییەكانی نێو زانكۆكانی كوردستان خۆش دەكات، بەشێوەیەك كە بە كامڵبوون و هەڵكشانی ئەزموونی ئەكادیمی، قوتابیانی دەرەوەش بتوانن ڕووی تێ بكەن و، وەك زانكۆكانی دیكەی جیهانی ئیسلامی جێگەی دیار بێت.
هەروەها هۆكار دەبێت بۆ ڕەخساندنی زەمینەی خوێندن بۆ هەموو ئەوانەی تامەزرۆی خوێندنن لە بواری زانستە ئیسلامییەكاندا، بە هەموو پسپۆڕی و ئاستەكانیەوە، لە هەمانكاتیشدا سەرچاوەیەكی گرنگیش دەبێت بۆ زیادكردنی داهاتی هەرێم و گێڕانەوەی خەرجیی ئەو قوتابییانەی ڕوو دەكەنە دەرەوە، لە ڕووی دابینكردنی كورسیی خوێندنی باڵا و كردنەوەی پسپۆڕییە تازەكان كە تا ئێستا زۆرێك لە قوتابیانی كورد بە خەرجییەكی زۆر بۆ پسپۆڕیی بابەتە ئایینیەكان ڕوویان لە وڵاتانی دەرەوە كردووە و، بەشێكی ئەوانەش كاریگەر بوون بە ژینگەی ئەو وڵاتانە و، هەندێ جاریش لە جیاتی خزمەت ئیحتیكاك لە گەڵ ئەزموون و ئیدارەی ئەم وڵاتانە دروست بووە.
ماوەتەوە بڵێم لەدایكبوونی ئەم زانكۆیە دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ هەموو كوردستان، دڵنیام زۆر شتی گەورەش پێشكەش بە كوردستان دەكات، بەو هیوایەی كە بەسوودوەرگرتن لە ئەزموونی زانكۆ سەركەوتووەكانی جیهانی ئیسلامی و دانانی ستراتیژێكی هاوچەرخی ئەكادیمی، بكەوێتە سەر پێ و لە بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی و توانای مرۆیی و دامەزراوەیی و پێكەوەگرێدانی هەردوو ئاستی توراسی ئیسلامی و ئینسانیدا، بە پێشهاتە زانستیە نوێیەكان و دروستكردنی كێبڕكێی ئەكادیمی و پێشكەشكردنی توێژینەوەی هاوچەرخ و، كۆكردنەوەی بەرهەمی زانایان و بەكارهێنانی لە خزمەتی نیشتمانیدا، جێ پەنجەی خۆی لە گۆڕەپانی كوردستاندا دیاری بكات، تا دواجار ببێتە ناوەندێكی كارا و هاریكار لە دانان و پتەوكردن و بەرەوپێشبردنی بواری زانستی و بانگەوازی ئایینی و سەرپەرشتیكردنی ناوەندە ئایینیەكان و بواری پەروەردەی ئیسلامی و پێشكەشكردنی خزمەتی شایستە، لە بەرەوپێشبردنی كیان و كۆمەڵگە و بڵاوكردنەوەی لێبوردەیی و میانڕەوی و نەهێشتنی بیری نامۆ و شپرزەیی و بیری توندڕەوی.