ماجید شنگالی  كاندیدی دەرچووی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان:   دەبێت كورد لە حكومڕانیی عێراقدا شەریكی ڕاستەقینە بێت  

ماجید شنگالی   كاندیدی دەرچووی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان:     دەبێت كورد لە  حكومڕانیی عێراقدا شەریكی ڕاستەقینە بێت   

 

دوای پەسەندكردنی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان لە لایەن دادگای ئیتحادییەوە، ئیدی دەبێ بە گوێرەی میكانیزمە دەستورییەكان هەنگاو بۆ پێكهێنانی سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق بنرێت، كە بۆچوون و تێڕوانینی جیاواز هەیە بۆ جۆری ئەو حكومەتەی كە دەبێت پێك بهێندرێت، ئەم پرسانە و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار بوونە تەوەری دیدارێكی گوڵان لەگەڵ ماجید شنگالی كاندیدی دەرچووی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

 

* وەك كاندیدێكی دەرچووی شنگال بۆ پەرلەمانی داهاتووی عێراق كە لە كاتی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنیشدا ڕێگەتان پێ نەدرا لە ناو شنگالدا بانگەشە بكەن، ئێستا چۆن وەسفی بارودۆخی شنگال دەكەیت و، ئایا خەڵكی ناو شنگال بارودۆخیان بە دەست هێزەكانی ناو شنگالەوە چۆنە؟

- بە ڕاستی بارودۆخی ناو شنگال زۆر خراپە، چونكە كۆنتڕۆڵی شنگال لە دەستی چەكدارانی پەكەكە و حەشدی شەعبیدایە و خەڵكی شنگال زۆر نیگەرانن لەو بارودۆخەی ئێستای شنگال، خۆ ئەگەر بارودۆخی ناو شنگال باش بووایە، ئەوا 75% تا 80% ئاوارەی شنگال تا ئێستا دەگەڕانەوە سەرماڵ و حاڵی خۆیان، كە پێویستە كار بكرێت بۆ ئەوەی خەڵكی شنگال بگەڕێنەوە و بارودۆخی شنگال ئاسایی ببێتەوە، ئەویش بەوە دەبێت كە چەكدارانی پەكەكە و حەشدی شەعبی شنگال بەجێ بهێڵن.

* بە سەرپەرشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق گەیشتنە ڕێككەوتنێك بە ناوی «ڕێككەوتنی شنگال»، بە پێی ئەم ڕێككەوتنە دەبوو هەردوولا بارودۆخی شنگال ئاسایی بكەنەوە، ئەم ڕێككەوتنە بۆ نەكەوتە باری جێبەجێكردن؟ ئاستەنگەكانی چی بوون؟ ئایا دەكرێت بڵێین ئەو ڕێككەوتنە ماوە؟

- پێش هەموو شتێك ئەو ڕێككەوتنە ماوە، بەڵام ڕێككەوتنەكە تا ئێستا وەك عەرەب دەڵێن تەنیا مەركەبی سەر كاغەزە، چونكە وەك لە ڕووی هەلومەرجی واقیعییەوە نەهاتووەتە جێبەجێكردن، لە ڕووی ئەمنی و ئیداری و سیاسییشەوە هەر وایە، چونكە دەبوو تەنیا ئیدارە و قائیمقامیەتی ئەم شارە كاروبارەكانی بەڕێوە ببەن، دەبوو چەكدارانی پەكەكە لە شنگال نەمێنن، تا خەڵكی بگەڕێنەوە و شنگال ئاوەدان بكەنەوە، كە ئەمەش جێبەجێ نەكراوە، لە هەقیقەتدا ئاستەنگیش چەكدارانی پەكەكە و حەشدی شەعبی بوون، وڵاتێكی دراوسێ چەكدارانی پەكەكە وەك داردەستی خۆی لە شنگال بەكار دەهێنێت، وەك كارتێكی گوشار لەسەر توركیا و هەرێمی كوردستان و، بەتایبەت لەسەر پارتی دیموكراتی كوردستان. من وەك ئەندامێكی پارتی و كاندیدی خەڵكی شنگال، دەڵێم پێویستە لایەنی كوردستان، بەتایبەت پارتی، لە پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراقدا ئەو ڕێككەوتنەی شەنگال بكەنە خاڵێكی سەرەكی، هەرچەندە چارەسەری ڕاستەقینەی كێشەی شنگال بریتییە لە جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوور.

* سەبارەت بە هەڵبژاردنەكانی عێراق كە دادگای فیدڕاڵی بڕیاری خۆی دا، ئایا دوای بڕیاری دادگای فیدڕاڵی ڕەوتی پرۆسەكە بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق چ ئاراستەیەك وەردەگرێت؟

- دادگای فیدڕاڵی پڕۆسە و دەرئەنجامی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەسند كرد و، بەپێی دەستوور دەبێت لە ماوەی 15رۆژدا یەكەم كۆبوونەوەی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ببەسترێت و، پێویستە لایەنە سیاسییەكان پێشوەختە ڕێككەوتنێك بكەن لەسەر هەر سێ سەرۆكایەتی (پەرلەمان و سەرۆك وەزیران و سەرۆك كۆمار) لە ڕاستیدا كێشەیەكی توند لە نێوان لایەنی شیعەدا هەیە لەسەر سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، كە لایەنی سەدری دەیەوێت حكومەتێكی زۆرینە دروست بكات، وەك ئەو لایەنەی زۆرترین كورسیی بەدست هێناوە، لایەنی ئیتاری تەنسیقی شیعەش دەیەوێت حكومەتێكی تەوافوقی دروست بكات، وەك حكومەتی پێشوو.

* هەفتەی ڕابردوو شاندێكی ئیتاری تەنسیقی شیعە بە سەرۆكایەتیی نووری مالیكی سەردانی هەرێمی كوردستانیان كرد و، لەگەل سەرۆك بارزانی و سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە و، پاشانیش سەردانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتییان كرد، ئەوەی لەو سەردانەدا خوێندرایەوە، ئەوەبوو كە لایەنی كوردستانی لەگەڵ پڕۆسەی تەوافقی ئیتاری تەنسیقی شیعە كیشەی نییە، ئایا بە بۆچوونی ئێوە ئاراستەی دروستكردنی حكومەتی داهاتوو بەرەو زۆرینەی نیشتمانی، یان تەوافقی نیشمانی هەنگاو هەڵدەگرێت؟

- بە تێڕوانینی من سەردانی ئیتاری تەنسیقی شیعە و عەزم و تەقدومی سوننە بۆ هەولێر شتێكی زۆر ئاساییە و، پرۆسەی دیموكراتیی عێراق بە شێوەیەكی توافوقە لە نێوان حزب و لایەنە سیاسییەكاندا بۆ پێكهێنانی حكومەت، چونكە هیچ حزبێك لە عێراق نییە بتوانێت 166 كورسی بەدەست بێنێت و بە تەنیا حكومەت پێك بهێنێت. بە بۆچوونی من حكومەتێك لەلایەن كوتلەی سەدری لەگەڵ هەندێك لایەنی دیكەی وەك كورد و سوننە پێك دەهێندرێت و، ئەمجارە لە پەرلەمان لایەنێكی ئۆپۆزیسیۆنی بەهێز دروست دەبێت، كە ئەمەش زۆر ئیجابی دەبێت بۆ دیموكراتییەت و سیستەمی پەرلەمانی لە عێراقدا.

* ئەوەی لە لێدوانە ڕۆژنامەوانییەكاندا باس دەكرێت، دەڵین: سەرۆك بارزانی بە شاندی ئیتاری تەنسیقی شیعەی گوتووە، كە پڕۆسەی حوكمڕانی لە عێراقدا پێویستی بە ڕاستكردنەوە هەیە، مەبەستی سەرۆك بارزانی لە پڕۆسەی ڕاستكردنەوەی حوكم لە عێراقدا چییە؟

-  ئیتاری تەنسیقی شیعە دەیەوێت سیستەمی پەرلەمانی ببێتە سیستەمی سەرۆكایەتی و، پارتی دیموكراتی كوردستانیش لەگەڵ سیستەمی پەرلەمانی و سەرۆكایەتیدایە، بەڵام جەنابی سەرۆك بارزانی هەموو كات دەڵێت پێویستە واقیعی سیاسیی عێراق ڕاست بكرێتەوە، مەبەستی ئەوەیە كە كورد و سوننە ببەن بە شەریكی ڕاستەقینە لە ئیدارە و حوكمڕانیی عێراقدا، نەك هاوبەشییان پێ بكرێت لە ئیدارە و حوكمدا، واتە پێویستە ببین بە شەریك وەك ئیدارە و دامەزراوەكان، بۆ نموونە لە هەموو دامودەزگاكانی حكومەتدا تەنیا وەزیری بەرگری لە دەستی سوننەدایە، بەڵام وەزیری بەرگرییش دەسەڵاتی نییە، بەڵكو دەسەڵات لە دەستی سەرۆك ئەركاندایە، پێشتر سەرۆك ئەركان لە دەست كورددا بوو، ئێستا لە دەستی كوردیشدا نەماوە، لە ئێستادا هیچ دەستەیەكی سەربەخۆ لە حكومەتی عێراقدا لە دەست كورددا نییە، بەڵكو هەموو دامودەزگا و دەستەكانی حوكم لە عێراق لە دەستی شیعەدایە، لەبەر ئەوە پێویستە جۆرێك لە ڕاستكردنەوە بكرێت كە ئیدارەكردنی دەوڵەت و شەراكەتی ڕاستەقینەیی دروست ببێت، ئەوەیە مەبەستی پارتی دیموكراتی كوردستان و جەنابی سەرۆك بارزانی لە ڕاستكردنەوەی حوكمڕانی لە عێراقدا.

* ئەوەی جێگەی گەشبینییە لەسەر ئاستی كوردستان، ئەوەیەكە پارتی و یەكێتی بە نیازن بە شاندێك بێنە ناو پڕۆسەی دانوستاندن بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق، لەسەر ئاستی پێكهاتەی عەرەبی سوننەش، پەیوەندییەكی زۆر باش لە نێوان سەرۆك بارزانی و هەردوو هاوپەیمانیی تەقدوم و عەزم هەیە، لەگەڵ هەردوو بەرەی شیعەش (سەدر و ئیتاری تەنسیقی) پەیوەندییەكی باشمان هەیە، پرسیار ئەوەیە ئایا ئەم ژینگە سیاسییە بۆ پێگەی كورد لەبارە تا ئەم جارە بەرنامەیەكی باش بۆ حكومەتی داهاتووی عێراق دابڕێژدرێت؟

- لە ڕاستیدا پێویستە باشترین بەرنامەی حكومەت هەبێت كە ماف و هەقی خەڵكی كوردستان لە لایەنی دەستووری و یاسایی تێدا ڕەچاو بكرێت و، چەندین كاری مەزن هەیە، لەوانە جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوور بكرێتە خاڵێكی سەرەكی لە پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراقدا و، مەسەلەی جێگیركردنی بودجەی هەرێمی كوردستان لە میزانییەی عێراقدا بكرێتە خاڵی گرنگ و سەرەكی لە گفتوگۆ و، جێبەجێكردنی لە خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، هەروەها گرنگ ئەوەیە ئەو كەسانەی كە لە دامودەزگا و دامەزراوەیەكدا دادەنرێن، بۆ كورد كار بكەن، نەك تەنیا بۆ ئەوە بێت، پۆست وەربگیرێت، زۆر گرنگە هەر كەسێك لە هەر پۆستێكی حكوومی، یان پەڕلەمانیدا دادەنرێت، بۆ ئەوە بێت بە جددی كار بۆ كوردان بكات.

 

Top