كۆرۆنا مرۆڤایەتی تووشی شۆك كرد بەڵام نەیتوانی رەورەوەی ئابووری بوەستێنێت

كۆرۆنا مرۆڤایەتی تووشی شۆك كرد بەڵام نەیتوانی رەورەوەی ئابووری بوەستێنێت


شەماڵ نوری

لەگەڵ نزیكبوونەوەمان لە ساڵی 2022 هێشتا كۆرۆنا دوژمنی پلەیەكی مرۆڤایەتی یە و لەچەند ساڵی رابردوودا 5 ملیۆن و 300 هەزار كەسی كردە قوربانی و بەدەیان تریلیۆن دۆلاریش زیانی گەورەی بە ئابووری گەیاند، ئەوەتا لەساڵی نوێشدا كۆرۆنا بە سیمایەكی نوێی ئۆمیكرۆن هێشتا هەڕەشە لەبەشەریەت دەكات و زانایان و شارەزایانی تەندروستیش لە بەستنی دەمامك و دووركەوتنەوە لەقەرەباڵغی و هێشتنەوەی ماوەی دوو مەتر لەیەكتر و لێدانی ژەمی سێیەمی ڤاكسین زیاتر هیچ رێگایەكی دیكەیان لەبەردەستدا نی یە. هەموو پێشبینی و ئەگەرەكان بەرەو ئەوە دەچن جارێكی دیكە حكومەت و فەرمانڕەواكان رێگای كەرەنتینەو داخستنی سنوور و راگرتنی كاسبی و بژێوی خەڵك ناكەنە قوربانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسێك هەر ساڵە و بە جۆرێكی نوێ و كوشندە ترەوە خۆی نمایش دەكات. كۆمەڵگەی مرۆڤایەتیش بێزار بووە لەو هەموو رێكارو خۆپارێزییەی كە كارو بژێوی ژیانی مرۆڤەكانی كردە قوربانی و زیانی گەورەی نەك تەنیا بەلایەنی دارایی و ئابووری گەیاند بەڵكو زیانی بۆ سروشتی كلتوور و ژیانی گەیاند و چیتر ناچار نییە تەنانەت پابەندی دەمامك و خۆپارێزی بێت و خۆی تەسلیمی قەدەر كردووەو پێی وایە (مردن یەكەو نابێت بەدوو) بۆیە چیتر ئامادە نییە لەو دیوی دەرگا داخراوەكانی ماڵەكەیدا لەبەردەم شاشەی تیڤی یەكەیی و مۆبایلەكەیەوە خۆی زیندانی بكات و بەبرسێتی و هەژاری چاوەڕوانی مردن بكات. ئەوەتا لەسەری ساڵی 2022 دا زانایان و كەرتی تەندروستی هۆشداری بڵاوبوونەوەی خێرای ئۆمیكرۆنیان راگەیاندووە بەتایبەتی كە خێزانەكان لەماڵەكانیاندا و لەیانەو ئاهەنگەكاندا تێكەڵاویەكی زۆریان دەبێت و ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ بڵاوبوونەوەی خێرای ڤایرۆسەكە و زیانگەیاندن بەزۆرترین كەس.
بەمەش كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە 2022 دا لەكۆڤید 19 دەربازی نابێت و ئاسۆی رزگاربوونی لەم ڤایرۆسە مەترسیدارە روون و دیار نی یە، حكومەتەكانی دنیاش چیتر ئامادە نین تەحەمولی ئەو هەموو زیانە بكەن و لەبەر خاتری پاراسستنی گیانی هاونیشتمانیانیان رووبەرووی موزایەدەو رەخنەو نارەزایەتی توندیش ببنەوە. فەرمانڕەواكان جارێكی دیكە ناگەڕێنەوە بۆ سەردەمی داخستنی سنوور و داخرانی بازاڕەكان و سستبوونی جموجوڵی بازرگانی و راوەستانی جوڵەی ئابووری كە تێیدا بەملیۆنەها هاوڵاتی كارەكانیان لەدەستدا و گەشەی ئابووری جیهانی بەڕادەیەك راوەستاند بەهای بەرمیلێك نەوت بووە 1 دۆلار.
كەرەنتینەو داخستنی سنوورەكان و داخرانی بازاڕو راگرتنی جموجوڵی بازرگانی و تێكچوونی رەوشی ژیان و بژێوی خەڵك خزمەت بەدۆخەكە ناكات و ئەوەندەی دیكە شوێنەوارەكانی تەشەنەكردنی كۆرۆنا قورسترو ئاڵۆزتر دەكات.
كۆرۆنا بەهەموو شەپۆل و جۆرەكانیەوە بە كۆرۆنای گۆڕاوی لە جۆری ئۆمیكرۆنیشەوە مرۆڤایەتی تووشی شۆكێكی گەورە كردوو گەشەی ئابووری سست و لاواز كرد، بەڵام نەیتوانی رەورەوەی ئابووری وڵاتان بوەستێنێت، بەپێچەوانەوە گەشەی ئابووری جیهان و مێژووی نوێی مرۆڤایەتی چیتر راناوەستێت لەبەردەم شەپۆلە نوێیەكانی كۆرۆنا، ئۆمیكرۆنیش هەر وەكو هەموو پەتا و ئافات و شەڕو نەهامەتیەكانی دیكەی مرۆڤایەتی دێت و دەچێت و بەدەیان بەندو وانەمان فێردەكات. رەنگە لەهەمووی گرنگتر ئەوە بێت كۆرۆنا مرۆڤایەتی فێركرد كە هەمووان لەسەر ئەم هەسارەیە یەك چارەنووسیان هەیە و كۆرۆناش هەر بە خاڵێكی دیكەی وەرچەرخانی مرۆڤایەتی لەمێژوودا دەمێنێتەوەو وا بەئاسانی لەچەند ساڵی داهاتوودا لێی دەرباز نابین.

Top