بازاڕی تورکیا بە گەشتیارانی بیانی ناوبانگی پەیدا كرد

بازاڕی تورکیا بە گەشتیارانی بیانی ناوبانگی پەیدا كرد

 

 

گەشتیارانی بولگاریا و یۆنانی لەم ڕۆژانەدا بە پاس و ئوتومبێلی تایبەت بەرەو نزیکترین بازاڕەکانی تورکیا لە سنوورەکەدا بەڕێدەکەون بۆ سوود وەرگرتن لە دابەزینی لیرە و بۆ کڕینی هەرزانترین شت ومەك .

شوێنی زۆربەی گەشتیارانی بولگاریا شارۆچکەی ئەدرینایە لە باکووری ڕۆژئاوای تورکیا و لە نزیک سنووری بولغاریا سەرەتا دەچنە شوێنی ئاڵوگۆرەکانی دراوی شارەکە و 6.6 لیرەی تورکی بۆ هەر دراوێكی بولگاریا وەردەگرن، ساڵی ڕابردوو ئەو ڕێژەیە 4.73 بوو و لەسەدا 39.5 گەشەی کرد، سەرەڕای ڕێژەی هەڵئاوسانی 21 لە تورکیا، توانای کڕینی هاووڵاتییانی بولگاریا بەرەو پێش چووە جگە لە دیارییەکانی کریسمەس و سەری ساڵ.

هاووڵاتییانی بولگاریا دوكان و فرۆشگاكانی ئەدرینا لە دەست نادەن و بە ئەندازەی  پارە و شوێنی سندووقی ئۆتۆمبێلەكانیان لە ئەدرینا خواردن و کەلوپەل و پێداویستی دەکڕن.  

بولێنت ڕیس ئۆغڵو سەرۆکی هاوبەشی یەکێک لە بازاڕەکانی چالاكی  ئەدرینا بە ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتدپرێسی ڕاگەیاند: ژمارەی گەشتیارانی بیانی لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بەلایەنی کەمەوە چوار ئەوەندە زیادی کردووە.

گوتیشی: پارکینگەکانی شارەکە پڕن لە ئۆتۆمبێلی بولگاریا، بە دەگمەن ئۆتۆمبێلی ئەدرینا  یان تابلۆی ئەستەنبۆڵ لە شارەکە دەبینرێن. ئەوان وەک ئەوەی شێت بووبن شت و مەك دەکڕن  و لە هەر كاڵایەك پێنج  یان 10 بە زیادەوە دەکڕن، ڕەنگە بۆ فرۆشتن لە بولگاریا زیاتر بکڕن یان پێیان وایە چیتر بەم نرخانە  ناتوانن شتەكان بكڕن.

گەشتیارانیش یۆنانی بە هەمان شێوە هەڵسوکەوت دەکەن هەروەها هەر یۆرۆیەک بە ١٢.٨٨ لیرە ئاڵوگۆڕ دەکەن، ڕێژەکە ساڵێك لەمەوپێش  ٩.٢٥ بوو  و لە سەدا ٣٩ %کەمتر بوو.

دابەزینی لەسەدا 40 ی بەهای لیرەی توركیا بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکا بووەتە هۆی ئەوەی هاووڵاتییانی تورکیا ڕووبەڕووی باروودۆخێكی قورس ببنەوە و توانای كڕین و خۆشگوزەرانییان بەشێوەیەكێ بەرچاو كەم ببێتەوە هەرچەندە ڕەجەبی تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا، داوای لەو کۆمپانیایانە کردووە کە لەو وڵاتەدا کاردەکەن بۆ کەمکردنەوەی نرخی بەرهەمەکانیان بەڵام پێدەچێت بە لێشاو هاتنی گەشتیارانی بیانی بۆ تورکیا بە ئەستەم  نرخەکان کەم بکەنەوە .

 

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

بازاڕی تورکیا بە گەشتیارانی بیانی ناوبانگی پەیدا كرد
Top