مایكڵ بارنێت پڕۆفیسۆری زانستی سیاسی و كاروبارە نێودەوڵەتییەكان لە زانكۆی جۆرج واشنتۆن بۆ گوڵان: ئەمریكا وەك نیگەرانییەكی سەرەكی لە داعش دەڕوانێت
مایكڵ بارنێت پڕۆفیسۆری زانستی سیاسی و كاروبارە نێودەوڵەتییەكان لە سكووڵی ئیلیۆت بۆ كاروبارە نێودەوڵەتییەكان لە زانكۆی جۆرج واشنتۆن، لە توێژینەوەكانیدا بایەخ بە پرسەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و، حوكمڕانیی جیهانی و چەند پرسێكی پەیوەندیدار دەدات، پێشتر وانەبێژ بووە لە زانكۆكانی، مینێسۆتا، ویسكۆنسن، و تەل ئەبیب. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد كە پەیوەست بوون بە دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێشهاتەكان و سیاسەتی ئەمریكا لە ئاست ئەم ناوچەیەدا.
* لە نێو پێشهات و پەرەسەندنەكانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چ شتێك زیاتر مایەی نیگەرانیی ئێوەیە لەم ساتەوەختەدا؟
- لە ڕاستیدا ئەوەی زیاتر من نیگەران دەكات، بریتییە لە كێشە و ناكۆكیی بەردەوامی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و وڵاتی ئێران، من هەمیشە وتوومە كە ئەم گفتوگۆیانە بۆیان هەیە سەربكێشن بۆ بەدیهێنانی هاوكاری لە نێوان هەردوولادا، لە هەمان كاتدا ئەگەری ئەوەش هەیە مەودای ناكۆكییەكە بەرفراوان بكات، كە دەبینین هەردوولا هەڕەشە دەكەن بە ئامانجی نەرمكردنی هەڵوێستی لایەنی بەرامبەریان، هەروەها كاتێك دەبینین كە ئەگەری شكستهێنانی گفتوگۆكان دێنە ئاراوە، ئەوا لایەنەكان پەنا دەبەنە بەر پیشاندانی ئیرادە و ویستی سەختگیرانەیان، كەواتە ئەوەی مایەی نیگەرانییەكی قووڵە، ئەوەیە كە بۆی هەیە ئەم گفتوگۆیانە بە هەر ئاراستە و ئاقارێكدا بچن كە ئاماژەمان پێ كردن.
* بەڵام هەر وەك دەزانن بێ متمانەییەكی زۆر لە نێوان هەردوو وڵاتدا هەیە، بە تایبەتی كە ئیدارەی پێشوی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە سەرۆكایەتیی دۆناڵد ترەمپ تاكلایەنە لە ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكە كشایەوە، لێرەدا پرسیارەكە ئەوەیە، ئایا دەكرێت هیچ هەنگاو و ڕێكارێكی بنیاتنانی متمانە لە نێوان هەردوولادا بگیرێتەبەر، بۆ ئەوەی لانیكەم بگەنە تێگەیشتنێكی هاوبەش؟
- ئەگەر ڕاشكاو بین ئەمە پرسیارە ڕاستەقینەكەیە، مەبەستم ئەوەیە ناكرێت چاوەڕێی ئەوە بكەین كە هەردولا بە ئاسانی و بە ئاسایی بگەڕێنەوە بۆ ڕێككەوتنەكەی پێشوو، هەروەك ئەوەی پێشتر ئەمریكا- لە سایەی ئیدارەی ترەمپدا- لەم ڕێككەوتنە نەكشابێتەوە و هیچ ڕووی نەدابێت، واتە نابێت چاوەڕوانی ئەمە بكەین. لێرەدا پرسە ڕاستەقینەكە ئەوەیە كە هەروەك ئێوەش لە پرسیارەكەتاندا ئاماژەتان پێ كرد، ئایا دەكرێت هەنگاوی بنیاتنانی متمانە لە نێوان ئەم دوو وڵاتەدا هەڵبگیرێت، چونكە ئێمە دەزانین كشانەوەی تاكلایەنەی ئیدارەی ترەمپ لە ڕێككەوتنەكە بێ متمانەییەكی زۆری خوڵقاندووە و، لەم ڕوانگەیەوە ئاساییە ئێرانیش پرسیاری ئەوە بكات ئەگەر ڕێككەوتنیان لەگەڵ ئیدارەی بایدندا واژو كرد، ئایا دوای ئەم ئیدارەیە چارەنووسی ئەم ڕێككەوتنە چی دەبێت، بە تێڕوانینی من ئەمە پرسیارێكی لۆژیكییە كە بكرێت.
* هەروەك دەزانن كە ئیدارەی پێشوو و ئیدارەی ئێستای ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پەنایان بردووەتە بەر سزا و ئابڵوقەی ئابووری و دارایی لە دژی ئێران، بۆ ناچاركردنی بە سازش و هەڵوێستگۆڕین، هەڵسەنگاندنی ئێوە بۆ كارایی ئەم ڕێگاچارەیە چییە و، ئایا بووەتە هۆی بەدیهێنانی ئامانجەكانی؟
- ئەوەی تا ئێستا ئێمە بەدیمان كردووە سەبارەت بە ڕێككەوتنی ئەتۆمی ئەوەیە كە گۆڕانكارییەكی گەورە بە سەر هەڵوێستی ئێراندا نەهاتووە، ئەوروپییەكان و لایەنەكانی دیكەی ڕێككەوتنەكەی پێشووش هێندە پەرۆش نین بۆ ئەوەی دووبارە سزاكانی پێشوو بە سەر ئێراندا بسەپێننەوە، كەواتە هەمیشە سنووربەندییەك هەیە بۆ ئەوەی سزا ئابوورییەكان بتوانن بەدەستی بهێنن، دواتر ئێمە دەزانین ئێران توانیویەتی زۆرێك لە ئازار و سەختییە ئابوورییەكان لەخۆ بگرێت، زیاتر لەوەی زۆرێك لە شارەزایان پێشبینییان دەكرد، چونكە گریمانەكە ئەوە بوو كە ئەم سزایانە هێندە كاریگەرییان دەبێت كە ئێران ناچار بە سازش دەكەن، ئێستاش دڵنیاییەك نییە لەوەی سزا ئابوورییەكانی سەر ئێران ئامانجەكانی خۆیان بەدی بهێنن و بیپێكن، هەر لەبەر ئەمەشە ئیسرائیل هەڕەشەی بەكارهێنانی هێزی سەربازی دەكات، هەروەها لە ئێستادا شەڕێكی ئەلیكترۆنیش لە هەڵكشاندایە لە نێوان ئیسرائیل و ئێراندا.
* جگە لە پڕۆگرامە ئەتۆمییەكە، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئێران تۆمەتبار دەكات بەوەی كە ڕۆڵێكی نەرێنیی هەیە لە ناوچەكەدا، لەم ڕووەوە باس لەوە دەكرێت كە پێویستە ڕێككەوتن لەگەڵ ئێراندا تەنیا پەیوەست نەبێت بە ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكەوە، بەڵكو لایەنەكانی دیكەی ڕۆڵی ئێرانیش لەم ناوچەیەدا بگرێتەوە، تێڕوانینی ئێوە لەم ڕووەوە چییە؟
- سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین كە ئامانجی ڕێككەوتنەكە چارەسەری ئەو كێشانەی دیكە نەبوو كە ئاماژەیان پێ دەكرێت لە پەیوەندی بە ئێرانەوە، ڕاستە هەندێ لەو نیگەرانییانەی ئاماژەیان پێ دەكرێت، نیگەرانیی ڕەوان، بەڵام ناكرێت ئەمە وەك ڕەخنەیەك لە ڕێككەوتنەكە بگیرێت، چونكە ئەم ڕێككەوتنە تەنیا و تەنیا تایبەت بوو بە پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەوە، دواتر ئەو لایەنانەی دیكەی ڕۆڵی ئێران تەنیا مایەی نیگەرانیی ئەمریكا نییە، بەڵكو مایەی نیگەرانییەكی زۆری وڵاتانی كەنداوە، بە هەمان شێوە بۆ ئەردەن و بۆ میسریش، هەر ئەمەش هۆكاری ئەوە بوو كە زۆر خۆشحاڵ بوون كاتێك ئیدارەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە سەرۆكایەتیی دۆناڵد ترەمپ لەم ڕێككەوتنە كشایەوە، ئەویش نەك لەبەر ئەوەی پێیان وابوو ناكرێت متمانە بە ئێران بكرێت، بەڵكو بە هۆی نیگەرانییەكانیان لە بارەی ڕۆڵی ئێران بوو لە ناوچەكەدا.
* ئایا پێت وایە ئەم نیگەرانییە هاوبەشەی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی، هۆكارێكی سەرەكی بووبێت بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوانیان و ئەنجامدانی ڕێككەوتنی ئاشتی و، ئایا پێت وایە ئەم ڕێككەوتنانە درێژە دەكشێن و دەبنە هۆی كەمكردنەوەی بارگرژی و ناسەقامگیری لە ناوچەكەدا؟
- من پێم وایە یەكێك لە هۆكارەكانی ئەنجامدانی ڕێككەوتنەكان پەیوەست بوون بە دەستەبەركردنی ئاسایشی ئیسرائیلەوە، هەر لەم ڕووەشەوە كێشەی فەڵەستین كرایە قوربانی و زۆرێك لە وڵاتە عەرەبییەكان چیتر بایەخێكی زۆر بە كێشەی فەلەستین نادەن، هەروەها بۆ من مایەی سەرسووڕمان نەبوو كە ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدن ڕایگەیاند كە دەیەوێت پارێزگاری لەم ڕێككەوتنانە بكات. هەرچۆنێك بێت من پێم وایە كاریگەریی گەورەی ئەم ڕێككەوتنانە كاریگەرییەكی ڕەمزی بووە، واتە ئاماژەیەك بوو بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەك لە بەرامبەر ئێراندا بۆ سەقامگیركردنی بارودۆخ و هەلومەرجی نێوان ئەو وڵاتانەی ڕێككەوتنەكانیان واژوو كردووە.
* ئێوە باسی ئەوەتان كرد كە لەم ڕێككەوتنانەدا كێشەی فەڵەستین كراوەتە قوربانی، ئایا پێتان وایە ئایندەی ئەم كێشەیە چی دەبێت؟
- ئەوەی لە ئێستادا بەدی دەكرێت، ئەوەیە كە دروستبوونی دەوڵەتی فەلەستینی ئەگەرێكی دوورە و، لە ئایندەیەكی نزیكدا پێشبینی ئەوە ناكرێت گۆڕانكاری بەسەر دۆخەكەدا بێت، هەروەها ڕوونە كە ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدن بایەخ و گرنگییەكی ئەوتۆ بە چارەسەركردنی كێشە و ناكۆكیی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل نادات و، دەیەوێت دۆخەكە وەك خۆی درێژە پێ بدات، خۆشحاڵیشە كە بنیامین نەتنیاهۆ لە دەسەڵاتدا نەماوە، هەرچۆنێك بێت من دووپاتی دەكەمەوە كە فەڵەستینییەكان جێهێڵدراون بۆ چارەنووسی خۆیان و، لە ئێستادا كەس باسی ئاشتی و باسی دروستبوونی دەوڵەتی فەلەستینی لە پاڵ دەوڵەتی ئیسرائیلدا ناكات.
* بە تێڕوانینی ئێوە چۆن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەتوانێت مامەڵەیەكی بنیاتنەرانە لەگەڵ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بكات؟
- من پێم وایە تێكڕای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بارێكدایە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دووبارە هەڵسەنگاندنەوە بكات بۆ مامەڵەكردن و ڕێگاچارەكانی لەگەڵ ئەم ناوچەیەدا، دواتر ئێمە دەزانین كە لە ماوەی ڕابردوودا ئیدارەكانی ئەمریكا پێیان وابوو پێویستە تەركیزی زیاتر لەسەر بەرەنگارییەكان لەگەڵ چیندا بكرێت نەك لەسەر تەحەددییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام لێرەدا پرسیارەكە ئەوەیە، ئایا كەمكردنەوەی بایەخ و تەركیزی ئەمریكا لەسەر ئەم ناوچەیە بە چ مانایەك دێت؟ ئایا بە مانای دووبارە هەڵسەنگاندنەوەی پەیوەندییەكان دێت لەگەڵ سعودیە؟ كە حاڵی حازر ئەمریكا سەرقاڵی ئەم كارەیە و، ئایا بە مانای ئەوە دێت كە چیتر ئیسرائیل ئەركە ستراتیژییەكەی ڕابردوو جێبەجێ ناكات؟ كە پێم وایە ئەمە بەشێكە لە واقیع و هەلومەرجەكە، ئایا بە مانای ئەوە دێت ئەمریكا هاوكارییەكی دارایی كەمتر بۆ لوبنان دەستەبەر دەكات؟ كە پێم وایە ئەمە ڕاستە و، ئایا بە واتای ئەوە دێت كە ئەمریكا بەشدارییەكی تەواو دەكات لە ئاوەدانكردنەوەی سوریای دوا شەڕ؟ نەخێر، ئەویش لەبەر چەندین هۆكاری جیاواز. ڕاستە داعش وەك نیگەرانییەكی سەرەكی دەمێنێتەوە و، ئەمریكاش دەیەوێت لەم ڕووەوە هاوكاریی لەناوبردنی بكات، بەڵام بینیمان چی لە ئەفغانستان ڕووی دا، كە لە ئێستادا ئەمریكییەكان نایانەوێت باسی بكەن، لە ڕاستیدا بۆ ماوەیەكی زۆر بوو ئەمریكا دەیویست لەو وڵاتە بكشێتەوە و ئێستاش پێشبینی ناكرێت جارێكی دیكە بۆی بگەڕێتەوە. لە پەیوەندی بە ئێرانەوە لەو باوەڕەدا نیم كە ئەمریكا شەڕ لەگەڵ ئێراندا بەرپا بكات، بە تایبەتی دوای ئەو بارودۆخەی لە دەرئەنجامی شەڕی ئەفغانستان و عێراقەوە هاتنەئاراوە