ئافره‌ت و سیاسه‌ت، به‌شداركردن یان به‌شداری پێكردن؟
كاتێك باسی مافی ئافره‌تان ده‌كرێت خێرا قسه دێته سه‌ر ئه‌وه‌ی ئاخۆ ڕێژه‌ی ئافره‌تان له فڵان ده‌زگا و دامه‌زراوه چه‌نده؟ چه‌ند وه‌زیر ئافره‌ته و چه‌ند پۆسی باڵا به ده‌ست ئافره‌ته‌وه‌یه؟ ئه‌مه‌یش ئه‌كرێته پێوه‌رێك و ئاستی به‌شداری ئافره‌تی پێ ده‌پێورێت كه تا ڕاده‌یه‌ك له مافه سیاسییه‌كانی به‌هره‌مه‌ند بووه!
له ڕاستیدا مافی سیاسی یه‌كێكه له‌و مافه بنه‌ڕه‌تییانه‌ی كه نابێ ئافره‌تان فه‌رامۆشی بكه‌ن، چونكه بنه‌مایه‌كی زۆر گرنگه بۆ گه‌یشتن به مافه‌كانی تر و كایه‌ی سیاسی كاریگه‌ری له‌سه‌ر كۆی كایه‌كانی تری كۆمه‌ڵگه ده‌بێت و نه‌خشه‌ی گشتی ژیانی وڵات له ڕێگه‌ی مه‌یدانه سیاسییه‌كه‌وه ده‌كێشرێت، بۆیه ئه‌م بواره بۆ ئافره‌تان پڕ بایه‌خه، به‌ڵام ئه‌وه‌یش گرنگه كه كامه ئافره‌ت و به‌كام پێوه‌ر ده‌چێته نێو جومگه سیاسییه‌كان و چه‌ند ده‌توانێ خزمه‌تی دۆزی ئافره‌تان بكات؟
بۆیه به‌بڕوای من گرنگی سه‌ره‌كی به‌شداری سیاسی ئافره‌تان له وێوه ده‌رده‌كه‌وێت كه به‌هۆشیارییه‌وه به‌شداری كایه‌ی سیاسی بكات و خۆی بسه‌لمێنێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت له كایه سیاسییه‌كه و داموده‌زگا سیاسیه‌كاندا ڕۆڵ بگێڕێت، نه‌وه‌ك له بری به‌شداریكردنی خۆی و به توانای خۆی به‌شداری پێ بكرێت و له بری ئه‌وه‌ی ببێته سه‌لێمێنه‌ری تواناكانی ئافره‌ت و ببنه كۆسپ له ڕێگه‌ی ده‌ركه‌وتنی ئافره‌تانی به‌توانا و لێهاتوو.
لێره‌دا مه‌به‌سته‌كه ڕوونه، كاتێك ده‌وترێ به‌شداری سیاسی ئافره‌ت واتا بێبه‌ش نه‌بوونی ئافره‌ت له مافه‌سیاسییه‌كانی، ئه‌مه‌ش به‌واتای گێڕانه‌وه‌ی هاوسه‌نگی بۆ كایه‌ی سیاسی و پێدانی سیمایه‌كی وه‌ها به‌و كایه گرنگه كه ته‌نها موڵكی یه‌ك ڕه‌گه‌ز نییه، ئیتر ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ی ئافره‌ت كه دێت و له‌م كایه‌یه‌دا چالاكی ده‌كات ده‌بێت ده‌ربڕی خواسته‌كانی ئافره‌تان بێت نه‌ك جێگه‌ی ڕه‌زامه‌ندی ڕه‌گه‌زی به‌رانبه‌ر بێت!، هه‌ركات ئافره‌تی چالاك له كایه‌ی سیاسی‌دا به‌ئاگا و هۆشیار بوو ده‌رباره‌ی كێشه و گرفته‌كانی ئافره‌تان، ئه‌وا ده‌توانێت ببێته په‌یژه‌ی سه‌ركه‌وتنی ئافره‌تانی تر به‌ره‌و سه‌ركه‌وتن، ده‌توانێت توانا جۆراوجۆره‌كان لێره و له‌وێ بدۆزێته‌وه و په‌ره‌یان پێ بدات و كارئاسانی سه‌ركه‌وتنیان بۆ بكات، ئه‌وه‌ش ده‌بێته سایه بۆ ئه‌و توانا بچووكانه‌یشی كه هه‌یه و گه‌شه‌یان پێ ده‌دات و دواجار بواری به‌شداریكردنه‌كه به شێوه‌یه‌كی ئه‌كتیڤ و ڕاسته‌قینه فراوان ده‌كات، هیچ كاتیش نابێته به‌ربه‌ست و جیاكاری ناكات له‌سه‌ر بنه‌مای بیروهزر و بۆچوونی جیاواز، به‌ڵكو بنه‌مای سه‌ره‌كی له‌لای ده‌بێته توانا و لێهاتوویی و ڕه‌گه‌زی مێینه، خه‌می سه‌ره‌كیشی ئه‌وه ده‌بێت چۆن بتوانێت زۆرترین ده‌رفه‌رت بۆ زۆرترین ژماره له ئافره‌تان فه‌راهه‌م بكات.
ئه‌وه‌ی ئێستا له كوردستان هه‌یه له بواری یاسایی وئیداری زه‌مینه‌یه‌كی باش و له‌بار هه‌یه بۆ به‌شداری سیاسی ئافره‌تان و كاركردنیان له‌و بواره‌دا، یاسا ڕێژه‌ی كۆتای بۆ ئافره‌تان داناوه له په‌رله‌مان و پارێزگاكاندا، هاوكات حیزب و لایه‌نه‌كانی ناچاركردووه نوێنه‌ری ئافره‌تیان هه‌بێت، هه‌روه‌ها حیزبه‌كان له ناو خۆیشیاندا بۆ ئۆرگانه‌كانی خۆیان له كۆنفرانسه‌كانیان بۆ ئافره‌تان ڕێژه‌ی كۆتا داده‌نێن، ئه‌مانه ده‌بنه زه‌مینه‌ی له باری گه‌یشتنی ئافره‌ت به ناوه‌ندی بڕیار له حكومه‌ت و له حیزبه‌كانیش، به‌ڵام تێبینی ئه‌وه ده‌كرێت زۆر جار بابه‌ته‌كه ئه‌وه‌نده‌ی ژماره‌یه ئه‌وه‌نده نوێنه‌رایه‌تییه‌كی ڕاسته‌قینه‌ی ڕه‌گه‌زی ئافره‌ت نییه، چونكه هه‌میشه جۆرێك له پاشكۆیه‌تی ئافره‌تان له‌و ده‌زگایانه بۆ پیاوان هه‌یه جا ڕاسته‌وخۆ بێت یان ناڕاسته‌وخۆ، ئافره‌تان له‌و پله باڵایانه‌یشدا ناتوانن یان نه‌یانتوانیوه سه‌ربه‌خۆیانه مامه‌ڵه بكه‌ن، كه به بڕوای من ئه‌مه‌ش به‌شی هه‌ره زۆری ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ خودی ئافره‌ته‌كان كه متمانه‌یان وه‌ك پێویست به‌خۆیان نیه یان ناتوانن به‌شێوه‌یه‌كی دروست كه‌ڵك له‌و ده‌رفه‌تانه وه‌رگرن، بۆیه له‌كۆتاییشدا ته‌نها ده‌بێته به‌شدارییه‌كی ڕواڵه‌تی ئافره‌تان و ته‌نانه‌ت ده‌بێته به‌شداری پێكردنیان له سایه‌ی ئیراده‌یه‌كی باڵاتردا، نه‌ك به‌شداری ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان.
چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م بابه‌ته پێویستی به‌تێگه‌یشتنی قوڵی ئافره‌تان هه‌یه له تواناكانی خۆیان و په‌ره‌دان به‌هزری خۆیان خۆ ڕۆشنبیركردنیان به مه‌عریفه‌یه‌كی وه‌ها بتوانن له كایه‌ی سیاسی‌دا ڕۆڵی سه‌ربه‌خۆ و خاوه‌ن خزمه‌ت به‌ئافره‌تان بگێڕن، بۆیه ئه‌و هه‌ڵمه‌ت و چالاكییانه‌ی كتێب خوێندنه‌وه كه ڕێكخراوه‌كانی ئافره‌تان ده‌یكه‌ن ده‌روازه‌یه‌كی باشن بۆ گه‌شه‌پێدانی زیاتری تواناكانی ئافره‌ت و هاندانی بۆ به‌شداری سیاسی ڕاسته‌قینه.
نووسینی/ بێریڤان حه‌مید قادر