توورەج ئەسڵانی خەڵاتی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی «ڕێگای ئاوریشم»ی چینی بەدەست هێنا
توورەج ئەسڵانی بە فیلمی سینەمایی «بێ نیشتمان» سێیەمین بەرهەمی بڵندی سینەمایی خۆی، خەڵاتی دەرهێنەری نوێخواز و تەندیسی ڕێگای ئاوریشمی زێڕینی لە هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی «ڕێگای ئاوریشم» لە وڵاتی چین بەدەست هێنا.
مەنسوور جیهانی
فیلمی سینەمایی «بێ نیشتمان» لە نووسین و دەرهێنان و بەرهەمهێنانی سینەماكاری كورد توورج ئەسڵانی، بەرهەمی كۆمپانیای سینەمایی ماد مووڤی و هەروەها بەرهەمی هاوبەشی ڕەز هەڵكەوت ڕەشیدە لە هەرێمی كوردستان، لە نوێترین و سێیەمین بەشداریی نێودەوڵەتیی خۆیدا، لە بەشی پێشبڕكێی سەرەكیی هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڕێگای ئاوریشم، كە لە شاری فۆژۆ لە وڵاتی چین نمایشكرا، لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەراییەوە خەڵاتی دەرهێنەری نوێخواز و هەروەها تەندیسی ڕێگەی ئاوریشمی زێڕین بە توورج ئەسڵانی، دەرهێنەری ئەم بەرهەمە كوردییە بەخشرا.
«توورج ئەسڵانی» لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا بۆ ڕێوڕەسمی كۆتایی هەشتەمین خولی فێستیڤاڵەكە گوتی: «سڵاو و سوپاس بۆ ئەندامانی بەڕێزی لێژنەی دادوەرایی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی (ڕێگای ئاوریشم)ی وڵاتی چین، بۆ گرینگیدان بە فیلمی سینەمایی بێنیشتمان، ناونیشانی ئەم خەڵاتە (دەرهێنەری نوێخواز) جێگەی باوەڕی هونەرە لە سینەمادا و، هەروەها بۆ من هۆكاریكە كە درێژەپێدانی تێڕوانینی دژەباوم هەدەبێت».