سەرۆكی حكومەت قات و قەرەویتەی گۆڕی بۆ جزمە و بارانگیر (مطری)
كاتێك خەڵكی كوردستان سەرۆكی حكومەتەكەی بە جزمەوە لە ناو قوڕ و لیتەی پاشماوەی لافاودا دەبینێت و ڕاستەوخۆ گوێیان لە خۆی دەبێت كە پێیان دەڵێت: «من خزمەتكاری ئێوەم و نەك هەر خۆم وەزیرەكانیش خزمەتكاری ئێوەن»، دەبێت چ هەستێكی گەورەیان لا دروست ببێت؟ یان كاتێك دوای هێرشی تیرۆریستانی داعش و شەهیدبوونی چەندین پێشمەرگە و برینداربوونی چەندینی دیكە، سەرۆكی حكومەتەكەیان بە جلی خاكیی پیشمەرگانەوە لە ناو خۆیاندا دەبینن و باوەش بە برای شەهیددا دەكات و، دەستی دایكی شەهید ماچ دەكات، دەبێت چ هەست و ئیرادەیەكی گەورەیان لا دروست ببێت؟؟
رۆژی هەینیی ڕابردووش كاتێك بینییان سەرۆكی حكومەت كۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی بردە تەلاری پارێزگای هەولێر و، پاشانیش سەردانی مەیدانیی ئەو شوێنانەی كرد كە لافاوەكە زیانی پێ گەیاندبوون، دیمەنی سەرنجڕاكێش ئەوە بوو كە سەرۆكی حكومەت و پارێزگار و وەزیرەكانیش، هەموویان لە بری قات و قەرەویتە، قەمسەڵە و كابۆیان لەبەردا بوو، ئەمەش وەك پیشاندانێك بوو كە خزمەتكاریی تەنیا بە قات و قەرەویتەوە ناكرێت.
گۆڕینی قات و قەرەویتە بۆ جزمە و مەتەڕی لە كاتی كارەساتی لافاو و بارانباریندا، تەنیا بۆ نمایش و وێنەگرتنی بەردەمی كامێراكان نییە، بەڵكو ئەمە میتۆدی تەرجەمەكردنی بە كردەیی «خزمەتكاری خەڵكە» كە مسرور بارزانی كردوویەتی بە ستراتیژیی سیاسەتی هەڵسووڕانی دامەزراوەكان لە كابینەی نۆیەمدا و، گواستنەوەی كاری مەكتەبییە بۆ كاری مەیدانی لە كاتی كارەسات و پێوستیی خەڵك بە گەیاندنی ڕاستەوخۆی خزمەتگوزارییەكانی حكومەت، بۆ تێپەڕاندنی قەیران و كارەساتەكان.
مسرور بارزانی كاتێك ڕاشكاوانە بە خەڵكی كوردستان دەڵێت: «من خزمەتكاری ئێوەم» ئەمە مانای ئەوەیە هەوڵەكانی ئەو لە شێوازی ئاراستەكردنی سیاسەتی كابینەی نۆیەمدا فەرمانڕەوا و فەرمانپێكراو (حاكم و محكوم) تێدەپەڕێنێت و، هەوڵ دەدات كە تۆڕێكی ڕاستەوخۆی هاوبەش لە نێوان حكومەت و خەڵكدا دروست بكات و، جووڵەی خەڵك، حكومەت بجووڵێنێت و، بە هەمان شێوە جووڵەی حكومەتیش خەڵك بجووڵێنێت، ئەم جووڵە كارتێكراوەی خەڵك بۆ حكومەت و جوڵەی كارتێكراوی حكومەت بۆ خەڵك، لە لایەك هاووڵاتی حكومەت بە حكومەتی خۆی دەزانێت، لە هەمانكاتیشدا خۆیان بە پشتیوانی حكومەتی خۆیان دەزانن، بەڵام پەیوەندییە دیالیكتیكییەكەی نێوان خەڵك و حكومەت ئەو كاتە دروست دەبێت، كە ئەگەر پێویست بێت، خەڵك گوێ لە بڕیار و یاساكانی حكومەت بگرێت و بە دڵفراوانییەوە یاسا و بڕیارەكانی جێبەجێ بكات، ئەوا دەبێت لە كاتێكدا حكومەت پێویستە گوێ لە خەڵك بگرێت و خواست و داواكاریی خەڵك جێبەجێ بكات، بە كردەیی ئەو هەڵوێست و ڕەفتارانە لە حكومەتی خۆیان ببینن.
لەوانەیە لە ژینگەی ناسەقامگیری سیاسیی ئێستای كوردستاندا كە هەندێك لە حزبە سیاسییەكان زۆر بێویژدانانە كارەساتەكان وەك موزایەدەی سیاسی بۆ بەرژەوەندیی حزبیی خۆیان بەكار بهێنن، بەڵام هەنگاوە سەرنجڕاكێشەكانی سەرۆكی حكومەت بە چوونە مەیدان و ڕاستەوخۆ مامەڵەكردنی لەگەڵ كێشەكان، تا ڕاددەیەكی زۆر بەهای ئەو موزایەدە سیاسییانەی پووچەڵ كردووەتەوە و، خەڵكی كوردستان خەریكە بە تەواوەتی دەگەنە ئەو قەناعەتەی كە ئەوەی لە حكومەتی خۆیانەوە گوێیان لێ دەبێت و، ئەوەی كە هەست دەكەن حكومەتی خۆیان گوێیان بۆ دەگرێت، ڕێگە ڕاستەكەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، نەك ئەو موزایەدەچییە سیاسییانەی بارزگانی بە ئازار و نەهامەتییەكانی خەڵك و هاووڵاتییانەوە دەكەن.
كارەساتی لافاوەكەی هەولێر لەگەڵ ئەوەی كارەساتێكی سرووشتییە و هیچ كەس و لایەنێك دەسەڵاتی سرووشتی نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا كەناڵێكی دیكەی پەیوەندیی لە نێوان حكومەت و هاووڵاتیاندا كردەوە، بۆ ئەوەی ئەو كەس و لایەنانەش ڕێوشوێنی یاساییان لەگەڵدا بگیرێتەبەر، كە بوونە هۆكاری زیادبوونی زیانەكانی ئەم لافاوە، ئەم لێكتێگەیشتن و هەماهەنگییەی نێوان حكومەت و خەڵكیش، جیا لەوەی قەبارەی زیانەكان كەم دەكەنەوە و، هەوڵیش هەیە بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووان، لە هەمان كاتدا ئامادەباشیی خەڵكیش زیاتر دەكات، بۆ ئەوەی پشتیوانی لە حكومەتی خۆیان بكەن.