جوان سەعدوڵا ڕەشید بەڕێوەبەری بەشە ناوخۆییەكانی كچانی زانكۆی سەڵاحەدین بۆ گوڵان:   بە تەواوكردنی بەشە ناوخۆیی ناو كەمپی زانكۆ زۆربەی گرفتەكانی بەشە ناوخۆییەكانی زانكۆی سەڵاحەدین چارەسەر دەبێت

جوان سەعدوڵا ڕەشید  بەڕێوەبەری بەشە ناوخۆییەكانی كچانی زانكۆی سەڵاحەدین بۆ گوڵان:     بە تەواوكردنی بەشە ناوخۆیی ناو كەمپی زانكۆ زۆربەی گرفتەكانی بەشە ناوخۆییەكانی زانكۆی سەڵاحەدین چارەسەر دەبێت

 

 

لە قۆناخی زانكۆدا ژمارەیەكی زۆری قوتابیان ڕوو لە بەشە ناوخۆییەكان دەكەن؛ لە وەرزی زستانیشدا بە هۆی گرفتی كارەبا و نەبوونی ئاوی گەرم و پێداویستییەكانی دیكەوە، قوتابیان دوچاری گرفت دەبنەوە و، لە هەندێك زانكۆ قوتابیانی زانكۆ دەست بە خۆپیشاندان دەكەن، كەسانێك و گرووپی جیاجیاش بۆ بەرژەوەندیی خۆیان ئاراستەی خۆپیشاندانەكان دەگۆڕن و، هەندێك جار ئەجێندا و مەرامی تایبەتی و دوور لە ویست و خواستی ناڕەزایەتییەكانی قوتابیان تێكەڵی خۆپیشاندان دەكرێت.

 

گرفتی بەشە ناوخۆییەكان لەلایەن ئیدارەی زانكۆكانەوە چارەسەر ناكرێن و، زۆربەی جاریش لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستییەوە هەنگاوی خێرا نانرێت، لە كاتێكدا دەكرێت قەیرانی دارایی و پشتگوێخستنی گرفتە سادەكان لە وەرزی هاویندا چارەسەر بكرێت، نەوەك لە ناو دەوامی خوێندندا بیر لە چارەسەركردن بكرێتەوە، لەگەڵ ئەمەشدا مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ژمارەیەك لە نوێنەرانی قوتابیان كۆبووەوە و، لە نزیكەوە گوێبیستی گرفت و داواكارییەكانیان بوو، لە ناویشیاندا داواكاریی دابینكردنی پێداویستییەكانی بەشە ناوخۆییەكانی قوتابیان كە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری خەرجكردنی بودجەیەكی دا بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە، بەتایبەتی باشكردنی ژیان لە بەشە ناوخۆییەكاندا. بۆ قسەكردن لەسەر ئەم بابەتە، گۆڤاری گوڵان گفتوگۆیەكی لەگەڵ جوان سەعدوڵا ڕەشید بەڕێوەبەری بەشە ناوخۆییەكانی كچانی زانكۆی سەڵاحەدین سازكرد و، سەبارەت بە گرفت و كێشەكانی بەشە ناوخۆییەكانی قوتابیان گوتی: «گرفتی بەشە ناوخۆییەكانی قوتابیان، گرفتێكی كەڵەكە بووە و بۆ چەندین ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و، قەیرانی دارایی و بڕینی بودجە و خراپبوونی بارودۆخی بژێوی ژیان و ڕاوەستانی زۆربەی پڕۆژەكان بۆ چەندین ساڵ، كاریگەریی خراپی لەسەر ئاڵۆزبوونی گرفتەكە هەبووە، لە كاتێكدا تادێت ژمارەی قوتابیان ڕوو لە زیادبوونە و، لەگەڵ ئەم زیادبوونەشدا داواكاری و پێداویستییەكانیشیان زیاد دەبێت، هەر لە ڕووی بینایە و شوێن و پێداویستییەكانی قوتابیانەوە، تا نۆژەنكردنەوەی بەشە ناوخۆییەكان و دابینكردنی پێداویستییەكانی وەك كارەبا و ئاوی گەرم و گەرمكەرەوە. سەبارەت بە زیادبوونی ژمارەی قوتابیان كە تادێت ڕوو لە زیادبوون دەكات و، هەموو قوتابیەكیش لە توانایاندا نییە شوقە و خانوو بەكرێ بگرێت، لە كاتێكدا گرفتی نەبوونی خانووی كرێ خۆی لە شارەكاندا هەیە، بۆ نموونە: بەشە ناوخۆییەكانی 18 شوبات لە زانكۆی سەڵاحەدین لە هەولێر تەنیا توانای نیشتەجێبوونی 1100بۆ 1150 قوتابی هەیە، لە كاتێكدا تادێت ژمارەی قوتابیان ڕوو لەزیادبوونە، ئەمە وێڕای ئەوەی ئەم بەشە ناوخۆییەش پێویستی بە نۆژەنكردنەوە و فراوانكردن هەیە».

دابینكردنی پێداویستییەكانی بەشەناوخۆییەكانی قوتابیان لەلایەن زانكۆكان و وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستییەوە گرنگییەكی تایبەتی هەیە، لەم بارەیەوە بەڕێوەبەری بەشی ناوخۆیی قوتابیانی 18ی شوبات گوتی: «بەشە ناوخۆیی قوتابیان پێداویستی زۆرە، هەر لە ئیشپێكردنی موەلیدەوە بۆ دابینكردنی كارەبا كە (موەلیدەكانی كۆن بوون) تا دابینكردنی گازوایل و چاككردنەوەی ئامێرەكانی جلشۆر و نۆژەنكردنەوەی تانكییەكانی ئاو، هەڵبەت بە سوپاسەوە سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی زانكۆی سەڵاحەدین گازوایلی بۆ دابین كردووین، بەڵام تەمەنی بەكارهێنانی موەلیدەكان تەواو بووە و بەردەوام دەشكێن و پێویستیان بە چاككردنەوە هەیە، ئەمە وێڕای ئەوەی دەنگیشیان زۆر گەورەیە، لە لایەكی دیكەوە ژمارەیەك لە تانكییەكانی ئاوی خواردنەوە خراپ بوون و پێویستیان بە گۆڕینە، ئەمە وێڕای كۆنی و بێكەڵكیی جلشۆرەكان».

بەڕێوەبەری بەشە ناوخۆییەكانی كچانی زانكۆی سەڵاحەدین سەبارەت بە سەردانەكەی مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەشە ناوخۆییەكان و، لە نزیكەوە گفتوگۆی لەگەڵ قوتابیان، ڕایگەیاند: «سوپاسی ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین، كە خەمخۆری دابینكردنی پێداویستی و خواستی قوتابیان بوو و، بەشە ناوخۆییەكانی 18 شوباتی بە سەر كردەوە و لە نزیكەوە بە وردی باسی كێشەكان و ڕێگەچارەكان كرا، ئەوەی جێگای خۆشحاڵیی نوێنەری قوتابیان بوو، ئەو پشوودرێژییەی ڕێزدار سەرۆكی حكومەت بوو لەگەڵ قوتابیاندا، كە وەكو باوكێك خەمخۆری چارەسەركردنی كێشەكانیان بوو، تا ڕاددەیەكی باش لە چارەسەركردنی زۆربەی كێشەكاندا بەڵێنی پێ داین و، زۆر لە وەزارەتە پەیوەندیدارەكانیشی ڕاسپارد بۆ بەدەنگەوە هاتنی كێشە و گرفتەكانمان».

سەبارەت بە ڕۆڵی ڕێكخراوە خێرخوازییەكان و وەبەرهێنەران و سەرمایەداران، بە تایبەتی لە شاری هەولێر، جوان سەعدوڵا گوتی: «دەزگای خێرخوازیی بارزانی چەندین ساڵە هاوكاری و پاڵپشتی كردووین، بەتایبەتی لە دابینكردنی سەبەتەی خۆراك و دابینكردنی دۆشەك و بەتانی و پێداویستییەكانی دیكە، ئەمە وێڕای ئەوەی زۆر لە سەرمایەدارانیش لە ڕێگەی ئێمەوە ڕاستەوخۆ خۆیان كۆمەك و هاوكاریی قوتابیانیان كردووە لە بەشە ناوخۆییەكان، بەڵام بە هۆی كۆرۆناوە ئەم هاوكاریی و پاڵپشتییە كەم بووەتەوە، لە دوو ساڵی ڕابردوودا بەردەوام لە ڕێگەی كۆمپانیای كارەوە هاوكاری و پاڵپشتی سەبەتەی خۆراكی هەبووە، زۆر لە دەوڵەمەندەكانی شاری هەولێریش ناوبەناو ڕاستەوخۆ هاوكاریی قوتابیان دەكەن».

لە بارەی پێویستیی بەشە ناوخۆییەكان بە نۆژەنكردنەوە و فراوانبوونیان، جوان سەعدوڵا گوتی: «ژمارەی قوتابی هەموو ساڵێك ڕوو لە زیادبوونە، ئێمەش ساڵانە ڕێژەیەكی زیاتر لە قوتابیان وەردەگرین، بۆیە بە دڵنیاییەوە پێویستمان بە فراوانكردنی بەشە ناوخۆییەكان هەیە، لە شوێنی كەمپی زانكۆی سەڵاحەدین پڕۆژەیەكی بەشە ناوخۆیی هەیە كە 99%ی تەواو بووە، بەڵام بە هۆی قەیرانی داراییەوە پارەی پێویست نەدراوە بە بەڵێندەرەكە، خۆ ئەگەر ئەو پڕۆژەیە تەواو ببێت و كەلوپەلەكانی بكڕدرێت، ئەوا دوور دەكەوینەوە لە بەكرێگرنتی باڵەخانەكان، چونكە ئێمە هەشت باڵەخانە بۆ كچان و پێنج باڵەخانەمان بۆ كوڕان بە كرێ گرتووە، ئەمەش تێچووەكەی زۆر لەسەر حكومەت دەكەوێت، بەڕای من هەموو زانكۆیەك پێویستە بەشە ناوخۆیی خۆی هەبێت».

Top