داعش كارتێكه به‌ده‌ست میلیشیای له یاسا دهرچووو به‌شێك له وڵاتانی ده‌وروبه‌ر
له دوای ڕووخاندنی ڕژێمی به‌عس له عێراقدا هه‌موو لایه‌ك چاوه‌ڕوانی ئه‌وه بووین، كه‌وا سیسته‌مێكی مۆدێرن و باوه‌ڕ به بنه‌ماكانی دیموكراسی حوكمی عێراق بكات و، هەڵه‌كانی ڕژێمه‌كانی پێشوو به‌رامبه‌ر گه‌لانی عێراق دووباره نه‌كاته‌وه، به‌ڵام به‌داخه‌وه ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق له دوای ڕووخانی ڕژێمی به‌عس به هه‌مان عه‌قڵییه‌تی پێشوو بیریان كرده‌وه و بیر ده‌كه‌نه‌وه و، هه‌وڵده‌ده‌ن هه‌مان سیاسه‌تی ڕژێمه‌كانی پێشوو به‌رامبه‌ر گه‌لانی عێراق پراكتیك بكه‌ن، ئه‌م شێوازه‌ی حوكم له عێراقدا زیانی به هه‌موو لایه‌ك گه‌یاند و ده‌گه‌یه‌نێت و، بووه‌ته هۆكار بۆ چه‌ندین كێشه و گرفت و له داهاتووشدا ده‌بێته هۆی دووباره‌بوونه‌وه‌ی كاره‌ساته‌كانی ڕابردوو، بۆیه له‌سه‌ر هه‌موو لایه‌كمان پێویسته دژی ئه‌و شێوازه‌ی حوكمی ئێستا بوه‌ستینه‌وه و ڕه‌تیبكه‌ینه‌وه.
حوكمڕانیی عێراق به‌و هه‌ڵسوكه‌وتانه‌ی به‌ره‌و تاكڕه‌وی و دیكتاتۆریه‌ت هه‌نگاوی نا و، وه‌كو ڕژێمه‌كانی پێشووی عێراق له دژی كورد و خواسته‌كانی وه‌ستایه‌وه، له هه‌مان كاتدا دژی عه‌ره‌بی سوننه‌ی عێراق كه‌وته جووڵه و سه‌ره‌ڕای دژایه‌تیكردن و ڕاوه‌دوونان و ده‌ربه‌ده‌ركردن و كوشتن‌یان له پرۆسه‌ی سیاسیش‌دا بێكاریگه‌ری كردن و په‌راوێزی خستن، سیاسه‌تی هه‌ڵه و دژایه‌تیی حكومه‌تی عێراق بۆ نه‌ته‌وه و پێكهاته‌كانی ناو نه‌خشه‌ی داتاشراوی عێراق، ئه‌و وڵاته‌ی ڕووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵێ كێشه‌ی سیاسی و ئه‌منی و ئابووری و ئیداری كردووه‌ته‌وه.
ئه‌م ڕه‌وشه‌ی عێراق وای كرد، كه‌وا زه‌مینه بسازێت بۆ دروستبوونی ده‌یان میلیشیای سه‌ربازی و ڕێكخراوی تیرۆریستی، ئه‌وانه‌ش بوونه هۆی ئه‌وه‌ی كه‌وا ڕه‌وشی ئاسایش و سه‌ربازی عێراق ئاڵۆز بێت و، وڵاتانی ناوچه‌كه‌ش به‌پێی ئه‌جێندای خۆیان له عێراق جووڵه بكه‌ن و ده‌ست بخه‌نه كاروباری عێراق، ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی كه‌وا عێراق نه‌توانێ پارێزگاری له سه‌روه‌ریی خۆی بكات. ئه‌گه‌ر سه‌یر بكه‌ین ڕۆژانه زه‌وی و ئاسمان و ئاوی عێراق پێشێل ده‌كرێن و وڵاتانی ناوچه‌كه ته‌راتێنی تێدا ده‌كه‌ن و ئۆپه‌راسیۆنی جیا جیای تێدا ئه‌نجام ده‌ده‌ن و، عێراقیش ناتوانێ ڕێگرییان لێ بكات.
«داعش» یه‌كێكه له‌و ڕێكخراوه تیرۆریستییانه‌ی كه‌وا به سوودوه‌رگرتن له ڕه‌وشی ئاڵۆزی عێراق دروست بووه و به‌رده‌وامه له كاری تیرۆریستی و كاری تێكده‌رانه، هه‌موو لایه‌كمان بینیمان كه‌وا له 2014 جوگرافیایه‌كی فراوانی عێراقی داگیركرد و ده‌یان كاره‌ساتی به‌سه‌ر هاووڵاتیانی سڤیل هێنا و زیانێكی زۆریشی به سه‌رخان و ژێرخانی عێراق گه‌یاند. ئه‌گه‌ر سه‌یری پێكهاته‌ی داعش بكه‌ین، ده‌توانین بڵێین: (داعش) بریتییه له پێكهاته‌یه‌ك له شۆڤینییه‌تی نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌بی و په‌ڕگیریی ئایینی، ئه‌و دووانه یه‌كیان گرتووه و داعشی لێ دروست بووه، له هه‌مانكاتدا داعش بووه‌ته كۆمپانیایه‌ك كه زۆربه‌ی وڵاتانی ده‌وروبه‌ر و به‌شێك له وڵاتانی عه‌ره‌بی و زلهێزه‌كان پشكیان تێیدا هه‌یه، ئه‌وان له ڕێگه‌ی داعشه‌وه ده‌یانه‌وێ ئه‌جێندای خۆیان له ناوچه‌كه‌دا جێبه‌جێ بكه‌ن.
داعش هیچ دیدگایه‌كی ڕوونی مرۆڤدۆستانه‌ی نییه، جگه له وێرانكاری و تاڵان و كوشتن و سه‌ربڕین و بڵاوكردنه‌وه‌ی ترس و تۆقاندن و كاركردن بۆ هێنانه‌دی خواستی فراوانخوازانه‌ی شۆڤێنییه‌تی عه‌ره‌بی، به‌ده‌ر له‌مه هیچ ئامانجێكی دیكه‌یان نییه، دروستبوونی داعش یه‌كێك بوو له ده‌ره‌ئه‌نجامه‌كانی سیاسه‌تی هه‌ڵه و فاشیلانه و تاكڕه‌وانه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی به‌غدا له‌و كاته‌دا، حكومه‌تی دوای ئه‌ویش درێژه‌ی به هه‌مان سیاسه‌تی فاشیلانه‌دا، زوڵم و سته‌م وای كرد، كه‌وا به‌شێك له سوننه‌ش به دوای داعش بكه‌ون، بۆیه كۆنتڕۆڵكردنی ئه‌م ڕه‌وشه هه‌روا سانا نییه و تا ماوه‌یه‌ك به‌رده‌وام ده‌بێت، ئه‌وه‌ش باجی سیاسه‌تی هه‌ڵه و تائیفییانه و تاكڕه‌وانه‌یه كه‌وا گه‌لانی عێراق له 2014وه تا ئێستا (كۆتایی 2021) ده‌یده‌ن، ئه‌و خوێنه‌ش كه ده‌ڕژێ له ئه‌ستۆی ئه‌واندایه. ئه‌وان ئه‌وه‌ی له ده‌ستیان هات له دژی كورد كردیان، خراپتریشیان پێ بكرێ، ده‌یكه‌ن.
ئامانجیان ئه‌وه‌بوو له ڕێی داعشه‌وه ڕێ له كامڵبوونی پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بگرن، ده‌توانین بڵێین: هێرشه‌كانی تیرۆریستانی داعش بۆ سه‌ر كوردستان له ساڵی 2014 په‌یوه‌ندیی به خواستی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانه‌وه هه‌بوو، ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین، پرسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان له 2014 به‌دواوه ڕه‌هه‌ندێكی نێوده‌وڵه‌تی وه‌رگرتبوو، چه‌ندین ناوه‌ندی نێوده‌وڵه‌تی كۆنگره و كۆنفرانسیان له سه‌ر دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردستان ده‌كرد، هه‌ر له‌و كاتەدا زۆر سیاسه‌تمه‌داری نێوده‌وڵه‌تییش لایه‌نگریی خۆیان بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ڕاگه‌یاند، ئه‌مانه وایان كرد، ئه‌وانه‌ی كه له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆیی كوردستاندا نین، كار بكه‌ن بۆ وه‌ستاندنی پرۆسه‌كه، بۆ تێكدانی پرۆسه‌كه له ڕێگه‌ی داعشه‌وه هێرشیان كرده سه‌ر كوردستان، بۆیه ده‌توانین بڵێین: ئامانجی داعش به پله‌ی یه‌ك كوردستان و تێكدانی پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بوو.
ئێستاش؛ له دوای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له 10/10/2021 ئه‌نجامه‌كان پێچه‌وانه‌ی ویستی میلیشیاكان و به‌شێك له وڵاتانی ده‌وروبه‌ر بوو، ئه‌وه وایكرد، كه‌وا ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن دوا بكه‌وێت. هه‌ندێ هه‌وڵ هه‌بوو بۆ گۆڕین و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن، ئه‌وه نه‌كرا، كه ئه‌وه نه‌كرا له به‌غدا و هه‌ندێ شاری دیكه‌ی عێراق شه‌قامیان جووڵاند و خۆپیشاندان ده‌ستی پێ كرد، ئه‌وه‌ش ئه‌نجامی نه‌پێكا و خواستی میلیشیاكان و وڵاتانی ده‌وروبه‌ری به‌دی نه‌هێنا، بۆیه هه‌وڵ درا كارتی دیكه به‌كار بهێنرێت، یه‌كێك له‌و كارتانه به‌كارهێنانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعشه، بۆیه سه‌یر ده‌كه‌ین ماوه‌یه‌كه داعش كه‌وتووته‌وه جووڵه و لێره و له‌وێ هێرش ده‌كا و په‌لامار ده‌دا، هێرش و پهلامارهكانیشی زیاتر بۆ سه‌ر گوندی كوردان و سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه‌یه، له هه‌فته‌ی ڕابردوو داعش له ده‌ڤه‌ری گه‌رمیان و ده‌ڤه‌ری مه‌خموور چه‌ندین هێرش و په‌لاماریان ئه‌نجام داوه، ئه‌وه‌تا ده‌بینین له هێرش و په‌لاماره‌كانیان بۆ سه‌ر (كوڵه‌جۆ و گوندی خدرجیجه‌ی بناری قه‌ره‌چووخ و سه‌رگه‌ڕان و قه‌ره‌سالم) چه‌ندین پێشمه‌رگه و هاووڵاتیان شه‌هید و بریندار كردووه، ئه‌و هێرشانه‌ی داعش له‌م كاته‌دا پاڵه‌په‌ستۆیه‌كی میلیشیاكانه بۆ سه‌ر كوردستان، بۆ ئه‌وه‌ی كورد بیر له‌وه نه‌كاته‌وه له پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتووی عێراقدا بچێته هاوپه‌یمانێتییه‌ك كه له به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌واندا نه‌بێت، له هه‌مان كاتدا ئامانجێكی دیكه‌یان ئه‌وه‌یه كورد له‌و ناوچانه‌دا گونده‌كانیان جێ بێڵن، بۆ ئه‌وه‌ی عه‌ره‌بی هاورده بگێڕنه‌وه سه‌ر گوندی كوردان. ئه‌گه‌ر تێبینی بكه‌ین، هێرشی داعش بۆ سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌یه كه شاده‌ماری ئابووریی كوردستانن، ئه‌و ناوچانه‌یان به ئامانج گرتووه كه‌وا ناوچه‌ی كێڵگه نه‌وتییه‌كانن.
ئه‌و هێرشانه‌ی داعش بۆ سه‌ر ئه‌و ناوچانه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ خۆدزینه‌وه‌ی عێراق له جێبه‌جێنه‌كردنی ڕێككه‌وتنه ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كانی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی كوردستان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی جێبه‌جێنه‌كردنی ڕێككه‌وتنه سه‌ربازییه‌كانی به‌غدا له‌گه‌ڵ كوردستان وای كردووه، كه‌وا بۆشاییه‌كی ئه‌منی و سه‌ربازی له نێوان هێزی پێشمه‌رگه و سوپای عێراق دروست بێت، تیرۆریستانی داعش به‌رده‌وام سوودیان له‌و بۆشاییه وه‌رگرتووه و له‌وێوه هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر هاووڵاتیانی سڤیل و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه، مانه‌وه‌ی ئه‌و ڕه‌وشه به‌و شێوازه‌ی ئێستا هۆكاره بۆ دووباره‌بوونه‌وه و به‌رده‌وامیی كرده‌وه تیرۆریستییه‌كانی تیرۆریستانی داعش. بێگومان ئه‌گه‌ر حكومه‌تی عێراق به‌رده‌وام بێت له جێبه‌جێنه‌كردنی ڕێككه‌وتنه سه‌ربازییه‌كانی له‌گه‌ڵ كوردستان، ئه‌وا وه‌ك هاوكارێكی داعش خۆی ده‌نوێنێت.
بۆ له‌م كاته‌دا داعش جارێكی دیكه كورد و كوردستان به ئامانج ده‌گرێت؟ داعش به فه‌رمانی ئاغاكانی ده‌جووڵێته‌وه، بۆچوونی ئاغاكانی داعش ئه‌وه‌یه كه‌وا ئه‌مجاره كورد له پێكهێنانی حكومه‌تی عێراقدا هه‌ڵه‌كانی دووباره ناكاته‌وه، ئه‌مه‌ش ئه‌و ڕاستییه ده‌سه‌لمێنێت كه‌وا به‌ڵێ داعش كارتێكه به ده‌ست میلیشیاكان و به‌شێك له وڵاتانی ده‌وروبه‌ر.
له ڕه‌وشێكی وادا؛ ئێمه‌ی كورد پێویسته به وردی چاودێریی ڕه‌وشه‌كه بكه‌ین و به وریاییه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌كاندا بكه‌ین و، به دوای چاره‌سه‌رییه‌كی ڕیشه‌ییدا بگه‌ڕێین و نه‌كه‌وینه ژێر كاریگه‌ریی هیچ لایه‌ك، بۆ ئه‌مه‌ش پێویسته په‌ند له ڕابردوو وه‌ربگرین و، له سه‌نگه‌ری به‌رگریدا بین و، خۆمان نه‌كه‌ینه قوربانی به‌رژه‌وه‌ندیی هیچ لایه‌ك و به‌ره‌ی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ لایه‌نه دژ به‌یه‌كه‌كانی عێراق نه‌كه‌ینه‌وه، پێویسته سیاسه‌تی خۆپارێزی پراكتیك بكه‌ین، واته به‌رگریكار بین، نه‌ك هێرشبه‌ر.
له‌م ڕووه‌وه زۆر جاری دیكه‌ش باسم له ئه‌زموونی تاڵی كورد له‌گه‌ڵ حكومه‌ته‌كانی عێراق كردووه، لێره‌شدا به پێویستی ده‌زانم ئه‌وه به‌بیر هه‌موو لایه‌ك بێنمه‌وه، كه‌وا ئێمه‌ی كورد ئه‌زموونێكی تاڵمان له‌گه‌ڵ ڕژێمه یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عێراقدا هه‌یه، هه‌ركاتێ عێراق بێ هێز و بێ توانا بووبێت، په‌نای بۆ كورد هێناوه و دیالۆگی له‌گه‌ڵدا كردووه، كه هێز و توانای په‌یدا كردبێت، دژی كورد و خواسته‌كانی وه‌ستاوه‌ته‌وه. ئه‌گه‌ر سه‌یر بكه‌ین له ڕابردوودا ته‌واوی ده‌سه‌ڵاته‌كانی عێراق له سه‌ره‌تای گرتنه ده‌ستی جڵه‌وی ده‌سه‌ڵات جۆره نهرمییهكیان له به‌رامبه‌ر كورددا نواندووه، پاشان كه ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان به‌ره‌و به‌هێزی ڕۆیشتووه، دژی گه‌لی كوردستان و خواسته‌كانی وه‌ستاونه‌ته‌وه. ئه‌وه‌تا كه عه‌بدولكه‌ریم قاسم هاته سه‌ر حوكم له 1958 تا 1961 جۆره نه‌رمییه‌كی نواند، به‌ڵام پاشتر له 1961 له به‌ڵێنه‌كانی په‌شیمان بووه‌وه و ئه‌وه بوو له 11/9/1961 شۆڕشی ئهیلوول به سه‌رۆكایه‌تیی ژه‌نه‌ڕاڵ بارزانیی نه‌مر به‌رپا بوو، ده‌سه‌ڵاتی قاسم ئه‌وه‌ی توانی له كوردكوشتن و هێرش و بۆمباران و سووتاندنی شار و گوندی كوردستان درێخی نه‌كرد، ئه‌گه‌ر نموونه‌یه‌كی دیكه وه‌ربگرین به‌عس له 1968 كه كوده‌تای كرد و ده‌سه‌ڵاتی گرته‌ده‌ست، جۆره نه‌رمییه‌كی نواند و له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تیی شۆڕشی كوردستان ده‌ستی به دیالۆگ كرد و له ئه‌نجامدا ناچار بوو كه ڕێككه‌وتننامه‌ی 11ی ئاداری 1970 مۆر بكات و ڕایبگه‌یه‌نێت و، له 1970 تا 1974 هێمنییه‌ك باڵ به‌سه‌ر كوردستاندا بكێشێت، دواتر له ماوه‌ی ئه‌و چوار ساڵه‌دا كه به‌عس ده‌سه‌ڵاتی به‌ره‌و به‌هێزبوون ڕۆیشت له به‌ڵێنه‌كانی خۆی پاشگه‌ز بووه‌وه و كه‌وته‌وه شه‌ڕی كوردستان و جۆره‌ها پیلانی به‌كارهێنا، هه‌ر له به‌عه‌ره‌بكردن و كیمیابارانكردن و بێسهروشوێنكردن تا ده‌گاته شاڵاوه به‌دناوه‌كانی ئه‌نفال، ئامانجی به‌عس نه‌هێشتنی گه‌لی كوردستان بوو به خاك و خه‌ڵكه‌وه، دوا نموونه‌ش ئه‌زموونی ڕووخانی به‌عسه له 9/4/2003دا، كه به‌عس ڕووخێنرا، ئه‌وانه‌ی ناوی ئۆپۆزسیۆنی عێراقیان له‌خۆ نابوو، خودان پێگه‌یه‌كی ئه‌وتۆی جه‌ماوه‌ری نه‌بوون له‌ناو عێراقدا، كه گه‌ڕانه‌وه عێراق به هاوكاریی وڵاتانی هاوپه‌یمان و وڵاتانی ده‌وروبه‌ری عێراق بنكه و پێگه‌ی خۆیان به‌هێز كرد و، له هه‌موو شتێك‌دا هانایان بۆ سه‌ركردایه‌تیی كوردستان ده‌هێنا و سه‌ركردایه‌تیی كوردستانیش له هاوكاری و پشتگیری‌یان درێخی نه‌كرد و ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌و لایه‌نه عه‌ره‌بییه عێراقییانه‌ی كرد، چاره‌كی ئه‌وه‌ی بۆ هێز و لایه‌نه كوردستانییه‌كان نه‌كرد، هێنده به‌پیر ئه‌وانه‌وه چوون، لایه‌نه كوردستانییه‌كانیان په‌راوێز خست، كه ده‌بوو سه‌ركردایه‌تیی كوردستان زیاتر هاوكاری و پشتگیریی لایه‌نه كوردستانییه‌كانی بكردبا و به‌هێزی بكردایه‌ن و ئه‌وه‌ی بۆ لایه‌نه عه‌ره‌بییه عێراقییه‌كانی كرد بۆ لایه‌نه كوردستانییه‌كانی بكردایه، به‌ڵام به‌داخه‌وه وای نه‌كرد، ئه‌وه‌تا بینیمان دوای ڕووخانی ڕژێمی به‌عس لایه‌نه عه‌ره‌بییه‌كان چۆن دژی خواسته‌كانی گه‌لی كوردستان و سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ی وه‌ستانه‌وه و لایه‌نه كوردستانییه‌كانیش چۆن به‌ره‌ڤانییان له ده‌ستكه‌وته‌كانی گه‌لی كوردستان كرد و پشتگیریی سه‌ركردایه‌تیی كوردستانیان كرد. هه‌قه له‌مه‌ودوا سه‌ركردایه‌تیی كوردستان چاو به هه‌ڵوێست و سیاسه‌ته‌كانیدا بخشێنێته‌وه و زیاتر ناوه‌ندی سیاسیی كوردستان ڕێك بخاته‌وه و به‌هێزی بكات و، قسه‌و بیروڕا و بۆچوونی وڵاتپارێز و دڵسۆزانیش به هه‌ند وه‌ربگرێت و به سینگێكی فراوانیشه‌وه به‌پیر ڕه‌خنه و گازنده‌كانی خه‌ڵكه‌وه بچێت و، له خه‌می چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كانی خه‌ڵكدا بێت، ئه‌وه‌ی كه بۆ ئه‌م لاو ئه‌ولای ده‌كات، با بۆ خه‌ڵكی كوردستانی بكات، ئه‌مه واقیعێكه و پێویسته ددانی پێدا بنێین، له‌م ڕه‌وشه‌دا پێویسته ڕاوێژی ته‌واو له نێوان لایه‌نه سیاسییه كوردستانییه‌كاندا هه‌بێت. ئێمه‌ی گه‌لی كوردستان پێویسته سوود له‌و ڕه‌وشه وه‌ربگرین و، په‌یوه‌ندییه‌كانمان له هاوپه‌یمانی شه‌ڕی دژی داعش به‌هێز بكه‌ین و داوایان لێ بكه‌ین، كه‌وا زیاتر هاوكاریی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بكه‌ن و پڕچه‌كی بكه‌ن، ئه‌و ڕاستییه‌شیان زیاتر بۆ ڕوون بكه‌ینه‌وه كه‌وا داعش كۆتایی نه‌هاتووه و، خه‌ڵكێك هه‌یه هاوكاریانه و هه‌وڵده‌دات به‌هێزیان بكات و، دژی ئێمه به‌كاریان بهێنێت. ئێستا دوای هێرشه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی داعش ڕه‌وشه‌كه بۆ ئه‌م مه‌به‌سته له‌باره، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به كرده‌یی ئه‌وه به‌ده‌ركه‌وت، كه‌وا سوپای عێراق سوپایه‌كی تائیفییه نه‌ك سوپایه‌كی نیشتمانی و ناتوانێت ئه‌و ناوچانه بپارێزێت.
پێویسته هه‌وڵ بده‌ین ڕه‌وشی سیاسیی عێراق به هه‌موو كه‌ناڵه بڕیاربه‌ده‌سته‌كانی جیهان بگه‌یه‌نین و ئه‌و ڕاستییه‌یان بۆ ڕوون بكه‌ینه‌وه كه باشترین چاره‌سه‌ر بۆ ده‌ربازبوون له‌م ڕه‌وشه‌ی ئێستای عێراق و بۆ به‌رگرتن له تاكڕه‌وی و دیكتاتۆریه‌ت پێویسته عێراق به كرده‌یی بكرێته سێ ده‌وڵه‌ت، ده‌وڵه‌تێك بۆ گه‌لی كوردستان و ده‌وڵه‌تێك بۆ عه‌ره‌بی سوننه و ده‌وڵه‌تێك بۆ عه‌ره‌بی شیعه دروست بكرێت، ئه‌مه‌ش چاره‌سه‌رێكی واقیعی و گونجاوه بۆ ڕه‌وشی عێراق، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌زموونی زیاتر له هه‌شتا ساڵه‌ی ڕابردووی عێراق ئه‌وه‌ی بۆ سه‌لماندووین، كه‌وا زۆر زه‌حمه‌ته پێكهاته‌كان تاسه‌ر بتوانین له چوارچێوه‌ی نه‌خشه‌ی داتاشراوی عێراقدا بژین، به‌تایبه‌ت ئێمه‌ی گه‌لی كوردستان پێویسته سوود له ڕابردوو وه‌ربگرین و چیدیكه كات به‌فیڕۆ نه‌ده‌ین. ئه‌زموونی كورد له‌گه‌ڵ ڕژێمه‌كانی عێراق ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێت، كه‌وا متمانه به ده‌سه‌ڵاته‌كانی عێراق نه‌كه‌ین، بۆیه پێویسته له ئێستاوه خۆمان بۆ ئه‌و ئه‌گه‌ر و پێشهاتانه ئاماده بكه‌ین كه دێنه پێشه‌وه و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر گه‌لی كوردستان ده‌بێت، له‌م پێناوه‌شدا پێویسته:
1 - ناوه‌ندی سیاسیی كوردستان ڕێكبخرێته‌وه و ئه‌نجومه‌نێكی سیاسی له نوێنه‌رانی ته‌واوی هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان پێكبهێندرێت، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌نه‌كان هه‌ست به به‌رپرسیارێتیی ته‌واو بكه‌ن و ڕۆڵی خۆیان له‌م ئه‌نجومه‌نه‌دا ببینن.
2 - پێكهێنانی بۆردێك له كه‌سانی شاره‌زا و بوێر بۆ دیالۆگ له‌گه‌ڵ به‌غدا، بۆ ئه‌وه‌ی له داهاتوودا ئه‌و بۆرده له ڕێی دیالۆگه‌وه هه‌وڵ بدات، كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا چاره‌سه‌ر بكات.
3 - پێكهێنانی بۆردی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و كاركردن بۆ جووڵاندنی ئه‌نجامی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، به شێوه‌یه‌كی هێمنانه و له ڕێی كۆمه‌ڵێ كه‌سایه‌تیی كوردستانی و دۆستانی گه‌لی كوردستان، كه واده‌كات هه‌موو لایه‌ك بزانن كه‌وا كورد ده‌ستبه‌رداری مافه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كانی نابێت.
4 - له‌سه‌ر ئاستی نه‌ته‌وه‌یی پێویسته به‌ستنی كۆنگره‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی سه‌رتاسه‌ری بۆ ته‌واوی هێزو لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان بكرێته ئه‌ركێكی نه‌ته‌وه‌یی و به په‌له‌ی ئه‌م قۆناخه‌ی خه‌باتی گه‌له‌كه‌مان و تا ڕۆژێك زووتر ببه‌سترێت باشتره، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین له به‌رده‌م كۆمه‌ڵێ گۆڕانكاریی مه‌زندایه، پێویسته ئێمه‌یش وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی ماف زه‌وتكراو به‌رنامه و كارنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی خۆمان له‌سه‌ر ئاستی نه‌ته‌وه‌یی هه‌بێت، بۆ چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ گۆڕانكاری و پێشهاته‌كاندا، نه‌ك شتی لابه‌لا، بۆ ئه‌مه‌ش پێویسته به زووترین كات كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی ببه‌ستین، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌كه‌وینه دوای خه‌ڵكی دیكه‌وه، به‌تایبه‌ت ئێستا كه‌وا كورد كارتێكی به‌هێزه له گۆڕانكارییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین‌دا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی داخه به‌رنامه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی و یه‌كگرتوومان نییه بۆ چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه‌كاندا.
به‌ستنی كۆنگره‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی له‌م قۆناخه‌ی خه‌باتی گه‌لی كوردستاندا وه‌رچه‌رخانێكی مه‌زن ده‌بێت له دیرۆكی بزاڤی ڕزگاریخوازیی نیشتمانی كوردستاندا و ده‌بێته هۆكاری پێشڤه‌چوونی زیاتری پرسی كورد له‌سه‌ر ئاستی نه‌ته‌وه‌یی و ناوچه‌كه‌و جیهاندا، له هه‌مان كاتدا وره‌به‌خش ده‌بێت بۆ خه‌باتی به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستان، بۆیه پێویسته ئه‌م ئه‌ركه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه دوا نه‌خرێت و، به زووترین كات ئه‌نجام بدرێت، بۆ ئه‌مه‌ش پێویستیمان به ئیراده‌ی به‌هێز و بڕیاری بوێرانه‌ی نه‌ته‌وه‌ییه.
5 - لایه‌نه سیاسییه‌كانی باكوور و ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوای كوردستان، ڕه‌چاوی ڕه‌وشی باشووری كوردستان بكه‌ن و پشتیوانی له باشووری كوردستان بكه‌ن، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هه‌نگاوێك بۆ یه‌كده‌نگیی نه‌ته‌وه‌یی له‌پرسه چاره‌نووسسازه‌كاندا.
6 - دامه‌زراندنی سندوقی داهاتی نه‌ته‌وه‌یی و كۆكردنه‌وه‌ی داهاته‌كانی كوردستان له‌م سندووقه‌دا بۆ ئه‌وه‌ی داهاتی كوردستان بچێته خه‌زێنه‌ی حكومه‌ت نه‌ك خه‌زێنه‌ی حزبه‌كان، پێویسته حكومه‌تی كوردستان چاو به سیاسه‌تی فرۆشتنی نه‌وتی كوردستاندا بخشێنێته‌وه و به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر هه‌نارده‌كردن و فرۆشتنی نه‌وتی كوردستان، بۆ ئه‌وه‌ی له ڕووی ئابوورییه‌وه پشت به خۆی ببه‌ستێت و ببێته خاوه‌ن ئابوورییه‌كی سه‌ربه‌خۆ.
له‌م ڕه‌وشه‌ی ئێستای عێراقدا، پێویسته كورد به یه‌كگرتوویی به‌و شێوه‌یه‌ی كه باسمان كرد كار بكات و، به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی بخاته سه‌رووی هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی دیكه، به‌مه‌ش پێگه‌ی كورد به‌هێزتر و باڵاتر و ئاینده‌شمان ڕۆشنتر ده‌بێت.
ڕۆما - ئیتاڵیا