ئێران به‌ته‌واوه‌تی سه‌رچاوه‌ی ئاوی ڕووباری سیروانی وشك كردووه‌

ئێران به‌ته‌واوه‌تی سه‌رچاوه‌ی ئاوی ڕووباری سیروانی وشك كردووه‌

ڕه‌حمان خانی به‌ڕێوه‌به‌ری به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان لە لێدوانێكیدا بۆ دەنگی ئەمریكا ڕایگەیاندووە كە  ئێران به‌ته‌واوه‌تی سه‌رچاوه‌ی ئاوی ڕووباری سیروانی وشك كردووه‌، وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه‌كانی ئاوی عێراقیش چه‌ندین جار داوای گفتوگۆیان له‌ ئێران كردووه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ئاو، به‌ڵام وه‌ڵام نه‌دراونه‌ته‌وه.‌

ناوبراو جه‌ختیشی كردووه‌ ئەگەر بارانیش ببارێت، ئێران سه‌رچاوه‌كانی ئاو به‌رنه‌داته‌وه‌، ناتوانین قه‌یرانی كه‌م ئاوی چاره‌سه‌ر بكه‌ین. هەروەها دەڵێت: ئێرانیش گرفتی كه‌م ئاوی هه‌یه‌، بۆیه‌ هیچ ئاوێك له‌سنووره‌كانیه‌وه‌ بۆ به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان به‌رناداته‌وه.

ڕه‌حمان خانی ئاماژەی بەوەش كردووە كە ته‌مه‌نی به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان 60 ساڵه‌، پار به‌درێژایی ته‌مه‌نی به‌نداوه‌كه‌، كه‌مترین داهاتی ئاوی هه‌بووه‌، چونكه‌ ئه‌و ئاوه‌ی له‌ ئێرانه‌وه‌ ده‌هات، به‌ته‌واوه‌تی بڕدرابوو، ئه‌مساڵیش دوو مانگ به‌سه‌ر وه‌رزی باران بارین تێپه‌ڕیووه‌، 60%ی پار باران باریووه‌ و 40% ئاومان له‌سه‌رچاوه‌كانه‌وه‌ بۆ هاتووه. ‌

به‌ڕێوه‌به‌ری به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان پێشبینی كرد كشتوكاڵ به‌ته‌واوه‌تی بوه‌ستێ، به‌تایبه‌ت ئه‌و زه‌ویانه‌ی پشتیان به‌ڕووباری سیروان و به‌نداوه‌كان به‌ستووه‌، ئەوەشی گوت كە ده‌بێت ته‌نیا بیر له‌ دابینكردنی ئاوی خواردنه‌وه‌ و باخداری و ماڵان بكه‌ینه‌وه‌، كواڵێتی ئه‌م ئاوه‌ش باش نابێت، چونكه‌ ئاستی ئاو داده‌به‌زێت.

 

Top