ئۆسترالیا پلان دادەنێن بۆ ئەوەی هەلیکۆپتەرەکانی ئەمریکا لەجیاتی هەلیکۆپتەرەکانی ئەوروپا جێگیر بكات

ئۆسترالیا پلان دادەنێن بۆ ئەوەی هەلیکۆپتەرەکانی ئەمریکا لەجیاتی هەلیکۆپتەرەکانی ئەوروپا جێگیر بكات

 

 

سوپای ئوسترالیا ڕایگەیاند: کە بەنیازە هەلیکۆپتەرەکانی (Black Hawks)ی ئەمریکا لەجیاتی هەلیکۆپتەرەکانی(Taipan)ی ئەوروپی جێگیر بكات، چونکە ئامێرە ئەمریکیەکان زیاتر باوەڕپێکراون.

ئەم بڕیارە کەمتر لە سێ مانگ دوای ئەوە دێت کە ئوسترالیا ڕێکەوتنێکی بۆ کڕینی ژێردەریایی لەگەڵ فەڕەنسا هەڵوەشاندەوە بە قازانجی تەکنەلۆجیای ئەمریکا و بەریتانیا بۆ دروستکردنی ژێردەریایی ناوەکی، ئەمەش تووڕەییەكی زۆری لە پاریس دروست کرد.

سوپای ئوسترالی تا ئێستا 47 هەلیکۆپتەری(Taipan)ی هەیە کە لەلایەن ئێرباسەوە دیزاین کراوە و بڕیار وابوو تا ساڵی 2037 بەکار دەهێنرێت،  هەرچۆنێک بێت کانبرا پلانی هەیە ڕایانبگرێت و 40 هەلیکۆپتەری نوێی کە لەلایەن کۆمپانیای لاکهید مارتینی ئەمریکییەوە دیزاین کراوە بە بڕی 7 ملیار دۆلاربكڕێت.

سکۆت مۆریسۆن سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیاش بەرگریی لەو بڕیارەی کرد و گوتی: ئوسترالیا بەنیازە توانا بەرگرییەکانی بەهێز بکات و هاوکاری نێودەوڵەتی باشی دەبێت بەتایبەتی لەگەڵ ئەمریکادا.

ئەو گوتی زۆر سادەیە (Taipan) ئەو توانایەی نییە  و ئێمەش دەمانەوێت دڵنیابین لەوەی کە هێزە بەرگریکارەکانمان باشترین کەرەستەی گونجاویان هەیە بۆ بەرگریکردن لە وڵات و هەلیکۆپتەرەکانی (Black Hawks) ئەو پێداویستیانە جێبەجێ دەکەن كە ئێمە دەمانەوێت.

پیتەر داتون  وەزیری بەرگری ئوسترالیاش ئاماژەی بەوەدا کە هەلیکۆپتەرەکانی (Black Hawks) زۆر هەرزانترن و جەختیشی کردەوە کە کڕینی هەلیکۆپتەرە نوێکان لە ئەمریکا توانای بەرگرییمان زیاتر دەكات  لە ناوچەکەدا.

بڕیارە سەربازییەکانی ئەم دواییە لە کاتێکدا دێت کە سیاسەتمەدارانی دژە مۆریسۆن بە بەردەوامی ڕەخنەیان لە حکومەتی ئوسترالیا گرتووە کە ملیۆنەها دۆلاریان لە مامەڵەی بەرگریدا خەرج کردووە.

                                                                                    

 

گوڵان: سەردار خەلیل

Top