مەسرور بارزانی پتر لە یەک ملیار دیناری بۆ كڕینی پێداویستیی قوتابخانەكان خەرج كرد

مەسرور بارزانی پتر لە یەک ملیار دیناری بۆ كڕینی پێداویستیی قوتابخانەكان خەرج كرد

بە فەرمانی بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی كوردستان، بڕی یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار بۆ کڕینی پێداویستییەکان بۆ ناوەندەکانی خوێندنی سەر بە وەزارەتی پەروەردە خەرج دەكرێت، لەم ڕووەوە  وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی ھەرێم لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەم هەواڵەی پشتڕاست كردەوەو گوتی:  بەو پارەیە پێنج ھەزار ڕەحلە و پێنج ھەزار وایت بۆرد و ھەزار و ٥٠٠ سۆپا و ٥٠٠ لاپتۆپ بۆ قوتابخانەكان بکڕدرێن.

هاوكات هەر لە چوارچێوەی ئەو بڕە پارە تەرخانكراوە بڕیارە  یەک ملیۆن و ٧٥٠ ھەزار ماسک و شەش ھەزار و ٧٠٠ پاککەرەوە بكڕدرێت.

وەزارەتی پەروەردە لەم ڕاگەیەنراوەدا ئاماژەی بە چۆنییەتیی دابەشکردنی پێداویستییەکان بەسەر قوتابخانەكاندا كردو ڕوونی كردەوە كە پرۆسەی دابەشكردن لەسەر بنەمای پێویستی و بە پێی ژمارەی قوتابیان دەبێت و بەسەر بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان دابەش دەكرێت، هاوكات خوێندنی کوردیش لە کەرکووک لەم پێداویستییانە بێ بەش ناكرێت و پشكی بۆ دەنێردرێت.

Top