هونەرمەندو موزیكژەنی ناودار مامۆستا زرار محەمەد مستەفا كۆچی دوایی كرد
ئەمڕۆ سێ شەممە هونەرمەندی گەورەی كورد و دامەزرێنەری تیپی مۆسیقای پاشای ڕواندز مامۆستا زرار محەمەد مستەفا ماڵئاوایی لە هونەرمەند و هونەردۆستان كرد.
مامۆستا زرار محەمەد مستەفا یەكێك بووە لە مامۆستاو هونەرمەندە پێشەنگەكان و لە سەردەمێكدا خزمەتی هونەری كردووە كە بە دەگمەن میوزیكژەن و ئاوازدانەر لەم دەڤەرەدا هەڵكەوتوون، مامۆستا زرار لە دایكبووی لە ساڵی ١٩٣٧ ی شاری سەركەشی رواندزە و خوێندنی سەرەتایی و دواناوەندی لەو شارۆژكەیە و باتاس و ھەولێر و پەیمانگای مامۆستایانیشی لە شاری باقووبە تەواوکردووە.
مامۆستا زرار لە ساڵی ١٩٥٨ قوتابخانەیەك لە دەڤەری دەربەندی رایات دەکاتەوە و ساڵی ١٩٦١دەگوازرێتەوە قوتابخانەی پاشای گەورە.
لە ساڵی ١٩٧٨ بناغەی تیپی مۆسیقای پاشای گەورەی لە ڕواندز داناوە و دوای دەست بەكاربوونی ئەندامانی تیپەكەو پێشكەش كردنی چالاكییە هونەرییەكان، دەستی كردووە بە كردنەوەی خولی هونەری و مۆسیقا لەسەر دەستی ئەو هونەرمەندە چەندین موزیكژەن پێگەیشتوون، كە ئێستا لە گۆڕەپانی هونەریدا كاردەكەن، لەوانە وەک "ئامانج غازی و چەتۆ نەورۆز و سەید ئەحمەد رواندزی و زۆری دیكەی پێگەیاندووە.
بەداخەوە بە هۆی نەخۆشییەوە ئەمڕۆ 7-12-2021 لە تەمەنی (84) ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.