ستیڤن بلانك توێژەری باڵا لە ئەنستیتیوتی دیراساتی سیاسەتی دەرەكی بۆ گوڵان:   پێویستە ئەمریكا بە ڕووسیا ڕابگەیەنێت كە هەر هەوڵێك بۆ داگیركردنی ئۆكرانیا چارەنووسی دۆڕان دەبێت

ستیڤن بلانك  توێژەری باڵا لە ئەنستیتیوتی دیراساتی سیاسەتی دەرەكی بۆ گوڵان:     پێویستە ئەمریكا بە ڕووسیا ڕابگەیەنێت كە هەر هەوڵێك بۆ داگیركردنی ئۆكرانیا چارەنووسی دۆڕان دەبێت

 

 

ستیڤن بلانك توێژەری باڵایە لە ئەنستیتیوتی دیراساتی سیاسەتی دەرەكی، تایبەتمەندی چەند بوارێكی گرنگە وەك سیاسەتی دەرەكی و كاروبارە سەربازییەكانی ئەمریكا و یەكێتی ئەوروپا. هەروەها شارەزایەكی نێودەوڵەتیی كاروباری ڕووسیا و یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو بوو لە ئەنجومەنی ئەمریكی بۆ سیاسەتی دەرەوە، لە نێوان ساڵانی 1989-2013. هەروەها پڕۆفیسۆری دیراساتی ئاسایشی نەتەوەیی بووە لە ئامۆژگای دیراساتی ستراتیژی لە كۆلێژی سەربازیی سەر بە سوپای ئەمریكا، پێشتریش وانەبێژ بووە لە چەند زانكۆیەك وەك كالیفۆڕنیا، تەكساس، سان ئەنتۆنیو. بۆ شرۆڤەكردنی پەیوەندییەكانی ئەمریكا و ڕووسیا ڕوڵ و پێگەی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و لە وڵاتی سووریا بە تایبەتی، هەروەها پەیوەندیی ڕووسیا بە ڕۆژئاوا و ئەمریكا و چەند پرس و بابەتێكی دیاریكراو گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجام دا.

 

* لە ئێستادا باس لەوە دەكرێت كە ئیدارەی ویلایەتە یەكگرتوووەكانی ئەمریكا بایەخێكی كەمتر بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات و پتر تەركیز و هەوڵەكانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێزە مەزنە نێودەوڵەتییەكان تەرخان كردووە، بە تایبەتی ڕووسیا و چین، تێڕوانینی ئێوە لەم بارەیەوە چییە و چۆن لە پەیوەندیی ئەمریكا بەم دوو وڵاتەوە دەڕوانن؟

- سەرەتا دەمەوێت ئەوە بڵێم كە من پەیوەندیی نێوان ڕووسیا و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە پەیوەندییەكی دژایەتی و دوژمنایەتی وەسف دەكەم و وای لێك دەدەمەوە. ئەوەی پەیوەندی بە وڵاتی چینەوە هەبێت، ئەوەی من بەدیم كردووە و سەرنجم داوە، ئەوەیە كە كاربەدەستانی ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدن زیاتر ڕاشكاون لە بارەی چینەوە، بەڵام هەموو جارێك سیاسەت و ڕەفتار و هەڵوێستەكانی ڕووسیا، ئەمریكا ناچار دەكەن كە دووبارە تەركیزێكی زیاتر لەسەر ڕووسیا بكات. ئێمە دەبینین هەندێ جار بەرپرسان و كاربەدەستانی ئەم ئیدارەیە باس لەوە دەكەن كە ئەگەر ڕووسیا پابەند نەبێت، ئەوا ڕووبەڕووی دەرئەنجامێكی جددی دەبێتەوە، بە بێ ئەوەی سرووشتی ئەو دەرئەنجام و ئاكامە ڕوون بكەنەوە. لەبەر ئەوە لەم ڕوانگەیەوە زەحمەتە بە وردی دەستنیشانی جۆری پەیوەندیی نێوان ڕووسیا و ئەمریكا بكەین، بەڵام هەر وەك لە سەرەتاوە ئاماژەم پێ كرد، من پێم وایە پەیوەندییەكی دژایەتی و دوژمنایەتییە. لەگەڵ ئەوەشدا كۆششێكی جددی و بەرچاو بەدی ناكەین لە لایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەوڵەكانی ڕووسیا و پێم وایە ئەمەش بەردەوام دەبێت.

* ئایا پێتوایە هەوڵ و سزاكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە ئاست ڕووسیادا كاریگەرییەكی ئەوتۆیان نەبووە، بۆیە ئەوەی ڕووسیا ویستوویەتی بۆی چووەتە سەر و بەدەستی هێناوە؟

- من ناڵێم هیچ كاریگەری نەبووە، چونكە هەر خودی هەڵنەگیرسانی شەڕ لەگەڵ ئەوروپادا لەلایەن ڕووسیاوە بەڵگە و سەلمێنەری ئەوەیە كە سڵكردنەوەیەك هەیە لەلایەن ڕووسیاوە، بەڵكو لە بری ئەوە شەڕێكی لۆكاڵییان لە نێو ئۆكرانیادا بەرپا كرد، كە ئێمە دەزانین ئۆكرانیا ئەندامی ناتۆ نییە، بەڵام بەرپاكردنی شەڕ لەگەڵ خودی ئۆكرانیا دەبووە تەحەددییەكی جیددیی ئەمنی و ڕەنگە بە چەشنێك پەرەسەندنی بەخۆوە ببینیایە، یان بە ئاقار و ئاڕاستەیەكدا بڕۆیشتایە كە نەتوانرایە كۆنتڕۆڵ بكرایە. كەواتە لەم ڕووەوە سڵكردنەوەیەك هەیە و ئەم سڵپێكردنەوەیەش شكستی نەهێناوە لە ئاست ڕووسیادا.

* هەر لە پەیوەندی بە ڕێكارەكانی بەرەنگاربونەوەی ڕووسیا لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە ئەوەمان بەدی كردووە كە ئیدارەكانی ئەمریكا پەنایان بۆ سەپاندنی سزای ئابووری بردووە، بۆ ناچاركردنی ڕووسیا بۆ گۆڕینی هەڵوێست و سیاسەتەكان، بە تایبەتی ئێمە لە سەردەمی سەرۆك ترەمپدا بینیمان كە ئەمریكا بۆ بەدیهێنانی زۆرێك لە ئامانجەكانی سیاسەتی دەرەوەی پەنای بۆ ئەم ڕێگاچارەیە دەبرد، ئێوە لەم بارەیەوە چی دەڵێن؟

- لە ڕاستیدا ئەمە گۆڕانكارییەكی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە، بەڵكو بینیمان لە سەردەمی ئیدارەی سەرۆك ئۆباماشدا ئەم شێواز و ڕێگاچارەیە پیادە كرا، بگرە ئیدارەكانی پێش ئەویش، واتە ئەمە ڕەوتێكی بەردەوامی نێو سیاسەتی ئەمریكایە. بەڵام دەبێت ئەو ڕاستیە لە یاد نەكەین، كە دەوڵەتە گەورە و مەزنەكان لە شەو و ڕۆژێكدا و لە ساتەوەختێكدا گۆڕانكاری بە سەر سیاسەتی دەرەوەیاندا ناهێنن، چونكە ئەم وڵاتانە وەك كەشتییەكی گەورە وان و كاتی دەوێت تاوەكو ڕوگە و ئاڕاستەی خۆیان بگوڕن لە نێو زەریادا. لەبەر ئەوە هەمیشە درێژەدانێك و بەردەوامبوونێك بەدی دەكرێت لە سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا و پەنابردنەبەر سەپاندنی سزای ئابوورییش یەكێكە لەو ڕێچكە بەردەوامانە.

* زۆر جار بڕیار بە دەستانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا باس لەوە دەكەن، ڕووسیا ڕۆڵی نانەوەی پشێوی و ناسەقامگیری دەگێڕێت و، بەم شێوەیە دەیەوێت ڕۆڵ و كاریگەری و دەستڕۆیشتوویی خۆی لە سەر ئاستی جیهان برەو پێ بدات، تێڕوانینی ئێوە لەم ڕووەوە چییە؟

- من بە تەواوەتی هاوڕام و پێم وایە ئەمە تاكە ڕێگایە كە ڕووسیا دەتوانێت برەو بە دەستڕۆیشتوویی خۆی بدات لە جیهاندا، كە ئەمە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دەگرێتەوە.

* ئێوە ئاماژەتان بە ڕۆڵی ڕووسیا كرد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كە ئێمە دەزانین ڕووسیا پتر چالاكە لە سووریادا، ئێوە چۆن لە دەستێوەردان و دەستڕۆیشتوویی ڕووسیا دەڕوانن لەم وڵاتەدا؟ ئایا تا ئێستا چ دەستكەوتێكی بەدەست هێناوە و لە چیدا نەیتوانیوە سەركەوتوو بێت؟

- ئەوەی دەكرێت لەم ڕووەوە ئاماژەی پێ بكەین، ئەوەیە كە ڕووسیا هەموو ئامانجە سەربازییەكانی خۆی پێكاوە و بەدی هێنان، بەڵام بێتوانایە لەوەی ئەم سەركەوتن و دەستكەوتە سەربازییانە بگۆڕێت، یان بەكار بهێنێت بۆ گرتنەبەری چارەسەرێكی سیاسی بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕی ناوخۆیی لەو وڵاتەدا. لە دەرئەنجامدا دەبینین ئەو دۆخە پڕ لە دژواری و سەختییەی سووریا بەردەوامە. واتە سەرەڕای ئەوەی ڕووسیا خوازیاری ئەوەیە بزانێت چۆن دەتوانێت ئەم ڕێگاچارەیە بدۆزێتەوە، بەڵام لە ئێستادا نەیتوانیوە هەنگاو بەم ئاراستەیەدا بنێت. كێشەكەش ئەوەیە كە درەنگ، یان زوو ئەم دۆخە لە ئایندەدا دووبارە دەتەقێتەوە، لەبەر ئەوەی چەندین فاكتەر هەن لە نێو سووریادا كە زەمینەی ئەو تەقینەوەیە خۆش دەكەن، ئەوەتا هێزەكانی ئەمریكا لەو وڵاتەدان، ئێران بوون و دەستڕۆیشتوویی هەیە، بە هەمان شێوە ئیسرائیل و ڕووسیا و توركیا بوون و كاریگەری و دەستڕۆیشتووییان هەیە.

* ئێوە لە سەرەتادا ئاماژەتان بەوە كرد كە ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدن خوازیارە پتر ڕاشكاو بێت لە بارەی چینەوە، كە زۆرێك لە شارەزا و كاربەدەست و بڕیاربەدەستانی نێو ئەمریكا ئاماژە بە هێزی هەڵكشاوی چین دەكەن، وەك تەحەددییەك بۆ باڵادەستیی سەربازی و ئابووریی ئەمریكا، خوێندنەوەی ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟

- هیچ گومانی تێدا نییە كە هەڵكشانی هێزی چین مایەی تەحەددی و هەڵوەستەلەسەركردنە بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و، ئەوەی پەیوەست بێت بە ئیدارەی سەرۆك بایدنەوە ئەوا تا ئێستا ئەدایەكی باشیان هەبووە لەم ڕووەوە. ئەوەتا هەنگاوەكانی ئەم ئیدارەیە چینی ناڕەحەت كردووە، چونكە ئیدارەی جۆ بایدن سەرقاڵی بەهێزكردن و پتەوكردنی هاوپەیمانێتییەكانیەتی لە ئاسیا و لە ئێستادا ئەوروپییەكانیش پەرەیان بە پەیوەندییەكانیان داوە لەگەڵ ئاسیادا. واتە لەم ڕووەوە دەستكەوت و بەرەوپێشچوون و پەرەسەندنی باش بەدی هاتوون، هەرچەندە من خوازیاری هاتنەئارای دەستكەوتی زیاترم. بەڵام هەرچۆنێك بێت، پێم وایە ڕێگا و ڕێگاچارەیەكی ڕاست و دروستیان گرتووەتەبەر لەم ڕووەوە.

* دواپرسیارمان پەیوەستە بە پێشبینییەكانتانەوە لە بارەی پەیوەندییەكانی ڕووسیا و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە لە ڕووی باشترین سیناریۆ و خراپترین سیناریۆوە، بە تایبەتی كە لە ئێستادا ڕووسیا هێزی زیاتر لە سەر سنوورەكانی ئۆكرانیا كۆدەكاتەوە؟

- من پێم وایە خراپترین سیناریۆ بریتییە لە بەرپابوونی شەڕ لە نێوان ئەم دوو وڵاتەدا، هەر لەم ڕووەوە پێم وایە كارێكی پێویستە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە سەرۆك پوتین ڕابگەیەنێت كە ئەگەر بێت و ئۆكرانیا داگیر بكات، ئەوا دوچاری دۆڕان دەبێتەوە و چارەسەری دۆخی ئۆكرانیاش ئەوەیە كە ڕووسیا لەو وڵاتە بكشێتەوە و جێی بهێڵێت و، ئەگەر دەیەوێت ئۆكرانیا نەبێتە ئەندامی ناتۆ، ئەوا دەبێت لەو وڵاتە پاشەكشە بكات، واتە تا ئەو كاتەی ڕووسیا بەشێكی ئۆكرانیای داگیر كردبێت، بۆ ئەوەی نەبێتە ئەندامی ناتۆ، ئەو كاتە ئۆكرانیاش بە هەموو شێوەیەك بەرهەڵستی دەكات و وڵاتانی دیكەش بەرهەڵستی دەكەن و، ئەمەش سیناریۆیەكی خراپە ئەگەر ڕوو بدات. لە بارەی باشترین سیناریۆش، ئەوا من پێم وانییە هەڵوێست و سیاسەتی ڕووسیا لە سایەی دەسەڵاتی پوتیندا گۆڕانكارییەكی بەرچاوی بەسەردا بێت.

Top