مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق دەکات

ئەمڕۆ یەکشەممە 28ی نۆڤێمبەری 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە مارک برایسن ریچاردسن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد .
لە کۆبوونەوەکەدا کە دەیڤد هانت، کونسولی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، دوایین پەرەسەندن و گۆڕانکارییەکانی عێراق دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران تاووتوێ کرا و جەخت لە گرنگیی ڕێزگرتن لە ئەنجامی هەڵبژاردن و دەستکاری نەکردنی کرایەوە .
سەرۆکی حکومەت، ئاماژەی بە چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم دا بە ئامانجی پشت نەبەستن بە تاکە سەرچاوەیەکی داهات و کارکردن بۆ بنیاتنانی ژێرخانێکی ئابووری بەهێز و بوونی هەرێمی کوردستان بە کۆمەڵگەیەکی بەرهەمهێنەر .
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی کێشەی کۆچبەران کرا و پێویستیی هەماهەنگیی و کاری هاوبەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و ڕێگریکردن لە تاوانی ڕێکخراو و کۆچی نایاسایی دووپاتکرایەوە .