په‌روه‌رده‌ سه‌كۆی نمایشی به‌هاكانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌..

په‌روه‌رده‌ سه‌كۆی نمایشی به‌هاكانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌..

دیاره‌ پرسی په‌روه‌رده‌ پرسێكی بنچینه‌یی مرۆییه‌و كورد واته‌نی تاسه‌ر ئێسقان مرۆڤ و په‌روه‌رده‌ مێژوویان وابه‌سته‌یه‌ به‌یه‌كتریه‌وه‌، له‌وساته‌وه‌ی مرۆڤ وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تی خۆی نومایان كردوه‌و نه‌یتوانیوه‌ بێ گروپ و كۆمه‌ڵ و كۆمه‌ڵگه‌كان بژی و ژیانی ده‌سته‌جه‌مغی هه‌ڵبژاردووه‌، ئیتر بونیادی سیستمی پێگه‌یاندنی تاكه‌كانی له‌نێو یه‌كه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا چاندوه‌، به‌مانا یه‌كه‌مجار له‌ بچووكترین یه‌كه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌ خێزانه‌(كه‌ بنچینه‌ی درووست بوون و پێكهێنه‌رو زیندوو راگرتن و مانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگایه‌) پرسی په‌روه‌رده‌ی چاندوه‌و یه‌كه‌م ئه‌ركی كۆمه‌ڵایه‌تی و مرۆیی سپاردبێت به‌ خێزان چاندنی به‌هاكان بووه‌و به‌هۆیه‌وه‌ ژیانی ئاكاری و ئینسانی هه‌ڵبژاردووه‌.
ئه‌گه‌ر بریاربێت په‌روه‌رده‌ بریتی بێت له‌ راهێنانی مرۆڤ هه‌ر له‌منداڵیه‌وه‌ به‌كۆمه‌ڵیك به‌هاو پرانسیپی كۆمه‌ڵایه‌تی و نه‌ریتی و ئاینی تاوه‌كوو له‌گه‌ڵ ژینگه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و سرووشتیه‌كه‌یدا بگونجێت و سازانی له‌گه‌ڵ په‌یدا بكات به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ ژیان و گوزه‌رانی به‌رده‌وام بێت و ئینسیجام هه‌بێت له‌گه‌ڵیان ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه‌ په‌روه‌رده‌ سه‌كۆی نمایشی به‌هاكانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌..
دیاره‌ كه‌لتوور و رۆشنبیری كۆمه‌ڵگاو پۆناغی پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگامان كاریگه‌ری له‌سه‌ر جۆری پێگه‌یاندن و په‌روه‌رده‌ی تاكه‌كان هه‌یه‌ وه‌ك چۆن به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ پێگه‌یاندن و په‌روه‌رده‌ی باش و پێشكه‌وتووی نێو ده‌زگاكۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ به‌ره‌و دونیایه‌ك و ئاسۆیه‌كی گه‌ش و ئارام هه‌نگاو هه‌ڵپێده‌گرێت.
به‌درێژایی مێژوو فه‌یله‌سووفان و بیرمه‌ندان وپیاوچاكان و پێغه‌مبه‌ران هاتوون له‌م سه‌رزه‌مینه‌و له‌نێو ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌ مرۆییه‌ ویستوویانه‌ له‌ رێگه‌ی په‌روه‌رده‌وه‌ مرۆڤایه‌تی و كۆمه‌ڵگه‌كان روه‌و كه‌ناری ئارامی به‌رن -كاتێ هه‌ستیان به‌نادادی و جیاوازی وسته‌م و چه‌وساندنه‌وه‌ كردووه‌-. بۆیه‌ ده‌ست بردنی ئه‌مانه‌ بۆ په‌روه‌رده‌و پێگه‌یاندنی تاكه‌كان سه‌ر له‌نوێ ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنی كه‌ پرسی په‌روه‌رده‌ چه‌نده‌ گرنگه‌و چه‌نده‌ وابه‌سته‌یه‌ به‌بوون و ژیان و مانی مرۆڤایه‌تیه‌وه‌ چه‌نده‌ وابه‌سته‌یه‌ به‌ سه‌قامگیری و ئارامی و ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگه‌كانه‌وه‌.
دیاره‌ جۆری په‌روه‌رده‌و هه‌نگاوه‌كانی په‌روه‌رده‌ و میكانیزمه‌كانی په‌روه‌رده‌و كه‌ره‌سته‌كانی نێو په‌روه‌رده‌كردن ئه‌مانه‌ ئه‌و شه‌كڵه‌ جیاوازانه‌ن كه‌ مۆركی تایبه‌تمه‌ندی به‌ كۆمه‌ڵگه‌كان ده‌به‌خشن، دواتر ئه‌مانه‌ ده‌بنه‌ بریاری چاره‌نووسسازی دیاریكه‌ری جۆری كه‌لتوورو ژیانی كۆمه‌ڵگه‌كان.
گومانی تیانیه‌ كه‌ له‌كاری په‌روه‌رده‌یی و پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌دا ئه‌وه‌ی زۆر بنه‌مایه‌، به‌هاكانی كۆمه‌ڵگه‌و چۆنیه‌تی دارشتنی به‌هاكان و دابه‌زاندن و جۆری جێبه‌جێكردنیانه‌. وه‌ك ئاماژه‌مان پێدا بنه‌مای به‌هاكانی هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك له‌سه‌ر جۆری ژیان و كه‌لتوورو رۆشنبیری و دونیابینی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ بۆ ژیان وبوون داده‌رێژرێن یان دارێژراون. كۆمه‌ڵگا دواكه‌وتوه‌كان ئه‌وانه‌ی كه‌ پیاوسالاری و بنه‌مای هێزو جووڵه‌ و چینایه‌تی تیایاندا زیاتر خۆی سه‌پاندووه‌، ئیتر به‌هاكانی زیاتر له‌به‌رژه‌وه‌ندی چینی سه‌رده‌ست و ره‌گه‌زی نێرو خاوه‌ن هێزه‌كاندا ده‌یشكێننه‌وه‌، له‌كاتی دابه‌زاندنیان له‌ پێگه‌یاندنی كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌كردنی تاكه‌كاندا و له‌نێو ده‌زگا كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان ئه‌وانه‌ ده‌رخواردی مناڵ و تاكه‌كان ده‌درێنه‌وه‌. دواجاریش هه‌مان جۆری كۆمه‌ڵگه‌ش به‌ هه‌مان ریتم و نۆرمه‌وه‌ ده‌مێنێته‌وه‌و گۆرانكاری ئه‌رێنی تیا درووست نابێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی كراوه‌ بێت و بوار بۆ ژیانێكی نوێ و تێپه‌راندنی نه‌ریته‌ نه‌رێنی و جوداگه‌ره‌كانی وه‌ك جیایی ره‌گه‌زی و چینایه‌تی و ئه‌تنی بداته‌ دوواوه‌و شكۆیه‌ك بۆ مرۆڤ به‌ بێ جیاوازی بكه‌رێنێته‌وه‌ ئه‌وه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ به‌های باڵا ی مرۆیی باشتر دێنه‌ ئاراوه‌و چه‌كه‌ره‌ ده‌كه‌ن كه‌ مرۆڤ بوون تیایان ده‌بێته‌ سه‌نته‌ر نه‌ك به‌هێزی و چینایه‌تی و تایفه‌گه‌ری و جیاگه‌رایی مرۆیی. لێره‌وه‌ بواری ژیان و گوزه‌ران و جووله‌و گواستنه‌وه‌ی پێگه‌و پله‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان به‌ پێی تواناو بوێری و هه‌وڵی تاكه‌كه‌سی ده‌به‌شرێنه‌وه‌ نه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای شتی تر.
له‌كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراسیدا كه‌بوار بۆهه‌مووتاكه‌كان كراوه‌یه‌و به‌هاكانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ و ئینسانیه‌ت تیایاندا باڵایه‌و ره‌گه‌زو پێگه‌و چینایه‌تی له‌په‌راوێزو دووری كۆمه‌ڵگه‌یه‌،! ئه‌وكات په‌روه‌رده‌كردن ده‌بێته‌ سه‌نگی مه‌حه‌ك بۆ ئاماده‌كردنی تاكه‌كان و دواجار ئاماده‌باشیان بۆ ئاڵ, گۆری كۆمه‌ڵایه‌تی. به‌مانا كاتێك قسه‌ له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌یه‌كی باش و مۆدێرن ده‌كه‌ین كه‌ له‌لایه‌ن خێ.ان و هه‌رده‌زگایه‌كی تری كۆمه‌ڵگه‌وه‌ ببه‌خشرێته‌ هه‌رتاكێك بێ جیاوازی!! كه‌لێره‌دا ئێمه‌ باس له‌ كچ ده‌كه‌ین بێگومان كه‌ ئافره‌تێكی ره‌سه‌ن و به‌رهه‌مهێن و ئه‌رێنی و رۆشنبیر بۆ كۆمه‌ڵگه‌ درووست ده‌بێت.
لێره‌وه‌ تاچه‌نده‌ ئافره‌ت له‌نێو به‌هاكانی كۆمه‌ڵگه‌كه‌یدا وه‌ك مرۆڤ هه‌ژماری بۆ كراواو وه‌ك تاكێكی جیانه‌كراوه‌و بوار بۆ ره‌خساو بۆ ژیان و گوزه‌ران و هه‌ر هیواو خواستێكی ئینسانی و كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌هه‌یبێت بێـت، ئیتر ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌ روه‌و پێشكه‌وتن و دیموكراسی و ئینسانیه‌ت هه‌نكاوی باشی هه‌ڵگرتوه‌و له‌هه‌مانكاتیشدا ئافره‌ و كچ له‌نێو ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا ئاهێكی ئینسانیانه‌ی راسته‌قینه‌ هه‌ڵده‌كێشن و هه‌ست به‌بوونی مرۆیی خۆیان ده‌كه‌ن.

Top