وتەبێژی حزبی ڕاستی فەڕەنسا: دەبێت ڕێگە بدەین پەناخوازان لە سنووری پۆڵەندا لە سەرما بمرن
ئەم لێدوانانەی جولیان ئەدۆول وتەبێژی پارتی یەکێتی نەتەوەیی فەڕەنسا لەسەر ئەو پەناخوازانەی کە لە سنووری بیلاروسیا و پۆڵەندیدان کاردانەوەی بەرفراوانی لە فەڕەنسا لێکەوتەوە.
جولیان ئەدۆول بە نوێنەرایەتیی پارتی یەکێتیی نەتەوەییی ڕاستی لە مافی فەڕەنسا، لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا دەرکەوت، لە وەڵامی پەیامنێرێکی « بی ئێف ئێم تی ڤی» دوو جار دووپاتی کردەوە ئەو پەناخوازانەی کە لە سنوور ماونەتەوە دەبێت لە سەرما بمرن.
جولیان ئادۆل، هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە لە نێوان زیاتر لە 2000 پەنابەر کە لە سنووری بیلاروسیا و پۆڵەندا ڕێگایان لێ گیراوە،"سەدان کەسی مەترسیدارهەن لە نێوانیان بۆ سەر ئەوروپا" دوو جار پەیامنێرەكە پرسیاری لێ دەكات، ئایا هەرچۆنێک بێت ئەم کەسانە بەجێ بهێڵین؟ لە سەرما بمرن ؟ لە وەڵامدا ئەو وتی: "بەڵێ" بەڵێ".
ئەوە تەنیا دوای سووربوونی پەیامنێرەكە بوو، بۆ جاری سێیەم گوتی: " من ناڵێم بمرن، بەڵام دەڵێم هەرچۆنێك بێت، دەبێت لە سنووری یەکێتیی ئەوروپا دووربخرێنەوە، چونکە ئەوان زۆر مەترسیدارن.
ئەو سیاسەتمەدارە لە كاتێكدا ئەو قسەیەی کرد، کە ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤی پۆڵەندا دەڵێن تەنیا لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا لایەنی کەم دوو کەس کە کوڕێکی تەمەن 14 ساڵ و پیاوێكی بەساڵاچوو بەهۆی سەرما لە سنووری نێوان پۆڵەندا و بیلاروسیا گیانیان لە دەستداوە، ئامارەکان دەری دەخەن کە ژمارەی قوربانیان لەم چەند هەفتەی دواییدا لەسەر سنووری نێوان هەردوو وڵات 10 کەسی تێپەڕاندووە.
فەڕەنسا یەکێکە لە دیزاینەری سەرەکی پەیماننامەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمارییەکانی فەڕەنساش زیاتر لە دوو سەدەیە ئەو وڵاتەیان بە "ناوەندی مافی مرۆڤ لە جیهاندا" ناساندووە.
گوڵان: سەردار خەلیل