بەهۆی كۆرۆنا ملیۆنان منداڵ کوتانی دژ بە سورێژەیان وەرنەگرتووە

بەهۆی كۆرۆنا ملیۆنان منداڵ کوتانی دژ بە سورێژەیان وەرنەگرتووە

بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە بەیاننامەیەكی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO دا بڵاوكراونەتەوە،  نزیكەی بیست و دوو ملیۆن منداڵی ساوا یەکەم کوتانی دژ بە سورێژەیان وەرنەگرتووە. كە گەورەترین ژمارەیە لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا.

لەم رووەوە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و نێوەندی ئەمەریکا بۆ کۆنترۆڵکردن و ڕێگەگرتن لە نەخۆشییەکان ئاماژەیان بەوە كردووە كە بەهۆی پەتای كۆرۆناوە چاودێریکردنی سورێژە زۆر کەمترە لە ڕێژەی 80% كە پێشتر بڵاوكراوەتەوە.

بەڕێوەبەری بەشی کوتان، ڤاکسین و بایۆلۆژی دکتۆر کەیت ئۆبراین لە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی جەخت لەوە دەكاتەوە كە  بەڵگەکان وا نیشان دەدەن مەترسیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان زیاد دەبێت لەسەرتاسەری جیهاندا.

گوتیشی " گرنگە وڵاتان بە زووترین کات دەست بە کوتانی دژ بە کۆڤید-19 بکەن، بەڵام ئەمە پێویستی بە سەرچاوەی زیاتر هەیە تا لەسەر حیسابی بەرنامە کوتانە گرنگەکانی تر نەبێت. پێویستە کوتانە ڕۆتینەکانی تر بپارێزرێن و بەهێز بکرێن، ئەگەرنا، مەترسی گۆڕینەوەینەخۆشییەکی کوشندە بۆ یەکێکی ترمان هەیە."

ناوبراو دەشڵێت: نەخۆشیی سورێژە لە  بیست و شەش  وڵاتدا  بە شێوەیەکی بەرچاو بڵاوبوبۆوە  و پتر لە %84ی  هەموو ئەو حاڵەتانەش لە ساڵی 2020 بوون.

لە چوارچێوەی ڕێنماییەكانیشدا دکتۆر کەیت ئۆبراین  پێی باشە كە دەبێت لە ئێستادا کار بکرێت بۆ بەهێزکردنی سیستمی چاودێری کردنی نەخۆشییەکان، چونكە سورێژە یەکێکە لەو ڤایرۆسانەی کە زۆر بە خێرایی بڵاو دەبێتەوە، بەڵام بە کوتان بە تەواوەتی ڕێگری لێ دەکرێت.

Top